ڕەفتارێکی هەڵە و سەد ڕەنگدانەوەی ئازاردەر

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2022-12-02 کۆمێنت 971 جار بینراوە

دەمێکە بە دەست حاڵەتێکی ئازاردەرەوە گیرم خواردووە و چارەی دەردەکەم بە لاوە گەلێ سەختە، وەختێ لە وردەکارییەکانی ژیانی خۆیشم ڕادەمێنم، هەر جارەو بۆ هۆکارێکی جیاواز و لابەلای دیکەم گەڕاندووەتەوە؛ هێندێک جاریش وە ئەستۆی سروشتی خۆمم خستووە و وام لە قەڵەم داوە ئەو گرفتەم بۆ پاڵنەرێکی خۆڕسکیی لەمێژینەی خواکرد دەگەڕێتەوە و دیارە هەر بەم شێوەیە گووراوم؛ کەچی ڕۆژێکیان وەک بڵێیت یەکێک بە پڵتۆکێک خەبەرم بکاتەوە، ئاوڕم لە خوویەکی خراپی لەمێژینەی خۆم دایەوە و هەستم کرد ڕیشەی دەردەکەمم دۆزیوەتەوە، هەرچەندە پێدەچێت لەو بۆچوونەمدا نەمپێکابێت، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەو ڕەفتارە خراپەی خۆمم تا هەنووکەیشی لەگەڵدا بێت، بە زەقی هەست پێ کردووە.

من هەردەم لە کاتی باسکردنی بابەت و قسەیەکی جیددی، یان گێڕانەوەی وێستگەیەک لە وێستگەکانی ژیاندا، قسەکەی خۆمم تێر نەدەکرد و بە کۆتایی ڕشتەی بیروبۆچوون و ئامانجی کۆتایی قسەکانم نەدەگەیشتم، بەو واتایەی وەک چۆن کەسێک ئاوازێکت بۆ بچڕێت و لە چەند شوێنێکدا هەست بە نامۆیی لە بەرزی و نزمیی تۆنی ئاوازەکەدا بکەیت، هێندێ جار بە جێگایەکی گێڕانەوە دەگەیشتم کە دەبوو درێژەی پێ بدەم و قسەی دیکەی لەبارەوە بکەم، توانستی گوتنی قسەی زیاتریشم لەو بارەیەوە هەبوو و باشیش هەستم بە پێویستیی ئەو قووڵبوونەوەیە دەکرد و تەواو ئامادەسازیم بۆ کردبوو؛ کەچی گشت جارێک تووشی هەمان پچڕان و تێکچڕژان و لادانی ناوەخت دەبووم و زنجیرەی قسەکانم بە کەموکوڕی و نەگەیشتوویی دەگەیاندە جێگایەک کە مانای پڕاوپڕی نەدەدا بە دەستەوە.

توومەز من لە تەواوی ژیانمدا ئەو خووە خراپە بەسەرمدا زاڵە کە کارەکانی دیکە و وردەواڵەکانی تری نێو ژیانم، بە نیوەناچڵی دەکەم و هەردەم هێشتا کارێکم بە خاڵی کۆتا نەگەیاندووە، بە پەرۆشەوە پڕ دەدەمە کارێکی دیکە و دەیان ئیشی کەڵەکەبووی گرینگم بە سەرەتایەکی جوان و گەرموگوڕەوە دەست پێ کردووە، کەچی بە کۆتاییەکی دیار و بەسوودم نەگەیاندووە. 
با زوومی کامێراکەم بخەمە سەر عادەتێکی دووبارەبووەوەی ژیانم کە وا هەست دەکەم کاریگەرییەکی دیار و بەرچاوی لە ڕیشەداکوتاندنی ئەم برینەمدا هەبووە، ئەویش تەواونەکردنی ئەو کتێبانە بوو کە بۆ خوێندنەوە دەستم بۆ دەبردن؛ هەردەم ناونیشانێک کاری تێ دەکردم و قۆڵم بۆ خوێندنەوەی هەڵدەماڵی، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆم ڕادەستی ناونیشانەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یوتیوب و چی و چی دیکە دەکرد، گشت ڕۆژێ ناونیشانی کتێبێکی پێویست و گرینگی ترم بەرچاو دەکەوت و بە لامەوە گرینگتر خۆی دەنواند، بۆیە دەستم لەوەی دوێنێ هەڵدەگرت و شوێن ئەمەی ئەمڕۆ دەکەوتم، دەبینم وا چەند ساڵێ تێپەڕیوە و من هێشتا ناونیشانێکم لەمسەر بۆ ئەوسەر خەتم نەکردووە!

وەختێک دێمەوە نێو کایەیەکی دیکەی ژیانم کە بەخشینی قسە و زانیاری و بیروبۆچوونەکانمە، دەبینم ئەو خووە هەڵەیەی کە لە کاتی وەرگرتن و هەڵمژینی زانست و زانیارییەکاندا تووشم بووە و بە شێوەیەکی پچڕپچڕ و نیوەچڵ بەڕێوە چووە، بە هەمان شێوە لە کاتی گوفتار و لێکدانەوە و دەربڕینەکانیشمدا ڕەنگی داوەتەوە و جڵەوی ئاڕاستەکردنی گرتووم!

 تەواوی ڕەفتارەکانی ژیانمان، لە کایە وردەکانی دیکەی تەمەنماندا ڕەنگ دەدەنەوە، هیچ کار و هەڵسوکەوت و بەرپەرچدانەوە و ڕەفتار و گوفتارێکمان بە فیڕۆ ناچێت و هەر لەم دونیا کاتی و تەواوبووەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، سێبەرەکەی بە دوامانەوە دەبێت و ئاڕاستەمان دەکات.
بۆیە تۆی مرۆڤ پاکێجێکی تەواویت، هیچ شتێک نییە لە ژیانتدا کاریگەریی لەسەر لایەنێکی دیکەی ژیان و کەسایەتی و فیکر و دەربڕین و گوتار و کردارت نەبێت، دەبێت خۆت وەک گشتێک وەربگریت کە بەشبەش ناکرێیت!

سیفەتی زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی بچووکترین نیعمەتی ژیاندا، کاریگەریی لەسەر تەواوی لایەن و کایە وردەکانی تری ژیانت هەیە، ئیدی هەستی پێ بکەیت یاخود نا، ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام ناکرێت شەووڕۆ بە دیار فیلمی هۆڵیوود بکەیتەوە و چەمکی حەرام و حەڵاڵ، چێژ، سەرکەوتن و شکست، دونیا و قیامەت، ئارەزووە سکێسییەکان، مەیلە سێکسییە جۆراوجۆرەکان و دەیان بیرۆکە و ڕەفتاری دی وەک جاران هەڵبسەنگێنیت.
بێگومان کاریگەرییان لەسەرت دەبێت و لە خۆیاندا دەتتوێننەوە، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی نەرێنییش کاریگەرییان لەسەرت نەبێت، دڵنیا بە لەوەی، لە خەمڵاندن و تێڕوانین و دونیابینییەکانتدا ڕەنگ دەدەنەوە.

من تەنیا دەمەوێت یەک شت بڵێم و هیوادارم پەیامەکەم بگات، ئەوەی دێتە ناو تۆوە لە بینین، بیستن، چەشتن، وێناکردن، دەستلێدان، دەوروبەر بە هەموو مانایەکەوە، بچووک بێت یان گەورە، زۆر بێت یاخود کەم، تۆخ بێت یان کاڵ، بە تەنیا وەک خشتێک ناچێتە ناو بینایەکەوە، بەڵکو وەک دڵۆپێک یان هێندێ جار مینا تاڤگەیەک دەڕژێتە نێو زەریایەکەوە و بە چواردەوری خۆیدا بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە زەریای دەروون و ئەمڕۆ بێت یاخود سبەی، کاری خۆی دەکات و تام و ڕەنگ و بۆنی خۆی هەر دەردەخات!

کەوایە، تا دەتوانن سیستمی پاڵفتەکردنتان پتەو بکەن و بە ئاگایی و وردییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو زانیاری و بەرکەوتنانەدا بکەن کە لە دەوروبەرەوە بەرەو ناوەوەی ئێوە دێت، چونکە ئەگەر جوان لە بێژنگی نەدەن و پاک و پیسی نەکەن، فەوزا و هەرکێبۆخیی و فەرهەنگی زاڵ ئاراستەتان دەکات و بە دەم بای سەرمایەداری و تێڕوانینی زاڵ و ترێندە جیهانییەکان و مۆدێلی بێکۆتای بازرگانان و پووچگەرایی سەردەمی هیچی و پووچییەوە وەک پەڕێک هەڵبەز و دابەزتان پێ دەکەن.

قەت وا تێنەگەیت دەمەوێت پێت بێژم، چاوت دابخە و وەک نەعامە سەر بە کۆشتدا بکە، نا نا، پێت دەڵێم تا دەتوانیت دەفری ناخ و دڵ و مێشکت بە جوانی و چاکە و پاکی و سافی لێوانلێو بکە، تا دەکرێت بە مەنهەجێکی ورد و ڕیشەیی و پتەو خۆت لە قاڵب بدە، دەست بۆ بونیادنانی ڕیشەیی خۆت ببە؛ ئەوجا بە ئاگاییەوە ڕێگە بە چوونەژووەرەوەی دەوروبەرت بدە؛ پاشان بە فلتەری سرووشی خودایی لە بێژنگیان بدە و بە بیانووی زۆری و بەربڵاوی و واقیعی زاڵەوە، سازش لە ئاست نەنگی و نامۆیی و چێژگەراییەکاندا مەکە.

تا دەتوانن کاتەکانی ژیانتان بە چاکە پڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە کایەکانی دیکەی ژیاندا، بەرهەمەکەی بچننەوە و ڕێگای سەرفرازیی قیامەتتان بۆ ئاسان بکات.

شتەکان دەچنە ناو یەکترەوە و جێ بە یەکتر لەق دەکەن، واتە گەردێک قەبارەیەک داگیر دەکات و تەکەتسکێ بەو گەردەکانی دیکەی ناوەوەی ئینسان دەکات و شەکڵێکی نوێی پێ دەبەخشێت، پێدەچێت ئەم پرۆسەیە چەندین ساڵ بخایەنێت، بەڵام هیچ گەردێک بە خەسار ناچێت و جێگای خۆی قایم دەکات؛ هەڵبەتە بە لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندە مرۆییەکانی دیکەی مرۆڤ وەک لەبیرچوونەوە و سنوورداربوون و غەریزە و... هتد.

تەنانەت دوای تەواوبوون لە خوێندنەوەی ئەم نووسینە، ئێستا تۆی ئازیز باشتر هەست بە ڕەنگدانەوەی ئەو خووە خراپەی من دەکەیت، ئەوەتا لەم بابەتەیشدا کە دەمەوێت بەڵگەسازیی بۆ هەمان ڕەفتار بکەم، هێشتا ناتوانم خۆم لەو ڕەفتارەم قوتار بکەم و وا خەریکم بە لادان و پچڕانە کاتییەکانی ڕشتەی نووسینەکە، دیسانەوە تۆی هێژایش تووشی ژانەسەر دەکەم.
لە بابەتی «ئەو وەختەی شەپۆلەکانی ناخ پێکدا دەدەن»دا، زیاتر لەسەر ئەم قسانە ڕۆیشتووم.

تاگەکان    
شەهید نیشتیمان دوعا کتێبی هاوسانی قودس فەرهەنگ تەوبە شەڕ فەڵەستین جنۆکە مێژوو شیرک عاشوورا یاسا دیزاینی زیرەک
فیکر
2022-12-02 کۆمێنت 971 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی