ڕاڤەیەکی نوێ بۆ چەند ئایەتێکی قورئان لە بابەتی هەڵکشان و داکشانی دەسەڵاتی بەنی ئیسرائیلدا!

نووسینی: هێمن خورشید
فیکر 2025-09-22 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 291 جار بینراوە

بابەتی "بەنی ئیسرائیل" پانتاییەکی زۆری لە قورئاندا گرتووە، بە ڕادەیەک پەیامبەرەکەیان "مووسا" زیاتر لە "١٣٠" کەڕەت لە قورئاندا ناو براوە. گرنگیدانی قورئان بە بابەتی جوولەکە، ئەوەندە زەقە لە چاو دەچەقێت، چیرۆکی مووسا و ڕزگارکردنی جووەکان لە دەست فیرعەون و دواتر دروستکردنی بتێک لە شێوەی گوێرەکەدا لە غیابی مووسادا، پاشان سەرگەردانبوونی ئەو گەلە لە بیاباندا بۆ ماوەی چل ساڵ و دواتر هەڵکەوتنی گەنجێکی ئازا بە ناوی تالووت و ڕێبەریکردنیان بەرەو سەرکەوتن... لە کەس شاراوە نییە...

ئەمە جگە لە دەیان وردە چیرۆکی وەک مانگاسەربڕینەکە و ماسیگرتنی ڕۆژی شەممە...

باسی یووسف و براکانیشی کە کوڕانی ئیسرائیلن لەو لاوە بووەستێت. چیرۆکی داود و سولەیمانیش کە دوو پەیامبەر و دوو پاشای ئەو گەلەن هەروەسا...

گرنگیدان بە بەنی ئیسرائیل لە ئاستێکدایە، سوورەتێکی قورئان بەو ناوەوەیە. سوورەتی "ئیسراء"، ناوێکی تری "بەنوو ئیسرائیل"ە.

ئەوەی دەمەوێت لەم کورتە بابەتەدا باسی بکەم، نە باسی مێژووی ئەو گەلەیە و نە باشی و خراپییان، بەڵکوو باسی داهاتووی ئەوانە بەگوێرەی پێشبینییەکانی قورئان.

چەند ئایەتی سەرەتای سوورەتی ئیسرا ئەو باسە ورد دەکاتەوە.

ئایەتەکان بەم شێوەیەن

لە کتێبەکانی ڕاڤە "تەفسیر"دا، هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ئەو ژانرەوە لەناو ئەدەبیاتی ئیسلامیدا، چەند بۆچوونێک دەربارەی ئەو ئایەتانە دووبارە بوونەتەوە، پوختەی بۆچوونەکان ئەوەیە بەنی ئیسرائیل دوو جار لە مێژوودا دەبن بە خاوەنی دەوڵەت و بەرز دەبنەوە، هەردوو جارەکە ڕووبەڕووی ڕووخان دەبنەوە، کەڕەتی کۆتایی هەرچییەکی دروستیان کردووە تەختی زەوی دەکرێت و بە با دەچێت.

دوای دروستبوونی قەوارەی "ئیسرائیل" لە ساڵی ١٩٤٨، زیاتر ئاوڕ لەو ئایەتانە دراوەتەوە و جەختیان کراوەتە سەر.

ڕاجیایی ڕاڤیاران "موفەسیرەکان" لەسەر بابەتی دوو جار بەرزبوونەوەکەیە. زۆرینە وای بۆ چوونە بەرزبوونەوە "علو"ى یەکەم ڕابردووە و بووەتە بەشێک لە مێژوو، هەندێک وای دەبینن ئەو بەرزبوونەوەیە لە دەوڵەتی یەهوودادا کە ئێستا نەماوە، بەرجەستە بووە.

ڕاڤیاران زیاتر جەختیان کردووەتە سەر بەرزبوونەوە "علو"ی دووەم، چونکە کۆتاییەکەی هێشتا نەهاتووە، نزیکەی هەر هەموویشیان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو بەرزبوونەوەیە لە قەوارەی ئیسرائیلدا کە کۆتاییەکەی بە ڕووخانێکی گەورە تەواو دەبێت، بەرجەستەیە.

تا ئێرە شتێکی نوێمان نەگوتووە. لێرە بە دوا ڕای خۆم دەخەمە ڕوو، کە پێم وایە ئەگەر بەوردی لەسەری بووەستین، هەموومان پێی قایل دەبین.

ڕاستییەکەی ڕاڤەکاران چەند هەوڵیان داوە "علو"ی یەکەم ببەستنەوە بە ڕابردوویەکی دوورەوە، سەرکەوتوو نەبوونە، چونکە ئەو دەوڵەتانەی دەیانەوێت بیانکەن بە نموونەی ئەو بەرزبوونەوەیە هیچیان ڕاست دەرناچن، ئاخر نە بەڵگەیەک هەیە بەوەی ئەو دەوڵەتانە ئەوەندە دەستدرێژیکار و دڕندە بووبن، نە کۆتایی ئەو ئایەتەیشی باسی کۆتایی ئەو بەرزبوونەوەیە دەکات، باسی ڕووخانی دەوڵەتەکەیان دەکات! "فجاسوا خلال الدیار"! کەی واتای ڕووخان دەدات؟

بڕواننە واتای "جاسوا" لەناو هەندێ تەفسیری خاوەن سەنگدا:

تەبەری (الطبري): "جاسوا" أي دخلوا بين مساكنكم يتتبعونكم بالقتل والسبي.

واتە: هاتنە ناو ماڵەکانتانەوە شوێنتان کەوتن بۆ کوشتن و بەدیلگرتن!

ئیبن کەسیر (ابن كثير): أي كسّروا البيوت وقتلوا من فيها، فساروا في خلال الديار لا يتركون شيئًا إلا أهلكوه.

"دیوار یان دەرگا"ی ماڵەکانیان شکاند و کێی تێدا بوو کوشتیان، بەناو وڵاتدا ڕەت بوون و هەرچییەکیان بەردەست کەوت تێکوپێکیاندا!

زەمەخشەری (الزمخشري): أي ترددوا وسط الديار يطلبونكم طلبًا شديدًا.

بەناو وڵاتدا گەڕان و هاتن و چوون، بە ئاڵداغ بەدواتاندا دەگەڕان!

بەکورتی "جاسوا: من الفعل "جاس" أي تردّدوا وتجوّلوا للبحث، وقيل بمعنى طافوا يتتبّعون ويقتلون ويفسدون.

خلال الديار: أي وسط البيوت والمساكن، في كل أرجائها.

فالمعنى: أنهم دخلوا البيوت والمدن وأخذوا يتفقدونها ويتتبعون أهلها للقتل والأسر والتدمير".

هێشتایش "جاسوا" هیچتان بیر ناخاتەوە؟

ئایا ئەو وێنەیە ڕێک وێنەی ٧ی ئۆکتۆبەر نییە؟

[فَإِذَا جَاءَ وَعْدُ أُولاهُمَا بَعَثْنَا عَلَيْكُمْ عِبَادًا لَّنَا أُولِي بَأْسٍ شَدِيدٍ فَجَاسُوا خِلَالَ الدِّيَارِ وَكَانَ وَعْدًا مَّفْعُولًا]

واتە: "هەرگا ئێکەم لەم دوو هەلانە هاتەبەر، چەند عەبدێکی هەرە ئازای خۆن ناردنە سەر، گش وڵاتیان لێ ئاژنین. ئەم بڕیارەش جێ بەجێ بوو". (قورئانی پیرۆز بە کوردی، هەژار).

کۆمەڵە بەندەیەکی توند و بەگوڕ، دەچنە ناو کووچە و کۆڵان و ماڵەکانیانەوە، بە دوایاندا دەگەڕێن، لێیان دەکوژن و لێیان دیل دەکەن، بەخێرایی ئەو کارە دەکەن و دەگەڕێنەوە!

ئایا ئەمە ڕێک وێنەی حەوتی ئۆکتۆبەر نییە؟! وێنە لەوە ڕوونتر دەکێشرێت؟

بینا لەسەر ئەم بۆچوونە، کۆی حیکایەتەکە لە بنەوە هەڵدەتەکێت و دەگۆڕێت.

کورت و پوخت و ڕاشکاوانە، من بە تەواوی باوەڕم وایە، دروستبوونی قەوارەی زایۆنی تا ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هەڵکشان "علو"ی یەکەمە، حەوتی ئۆکتۆبەری بەدیهاتنی ئایەتی "فَجَاسُوا خِلَالَ الدِّيَارِ"ە. بەڵگەی پاڵپشتیکەریش ئایەتی دوای ئەوەیە کە واقیعیش بە ڕوونی پشتگیریی دەکات:

[ثُمَّ رَدَدْنَا لَكُمُ الْكُرَّةَ عَلَيْهِمْ وَأَمْدَدْنَاكُم بِأَمْوَالٍ وَبَنِينٍ وَجَعَلْنَاكُمْ أَكْثَرَ نَفِيرًا.]

واتە: "لە پاشان کارێ وامان کرد، ئێوە لەوان بەهێزتر بن؛ هەژماریشتان فرەتر بێ و بە دارایی و زاروزیچیش یارمەتیمان پێ گەیاندن". (ڕاڤەی هەژار).

ئایەتەکە بەڕوونی دەڵێت دوای ئەو ڕووداوە هێزتان بۆ دەگەڕێنینەوە و داشتان بەسەریاندا سوار دەبێت و لە پێشتر زیاتر خەڵک وە هاناتانەوە دێن! واتە بە شێوەیەک سەرەتای دروستبوونی قەوارەکەیشتان وڵاتانی دنیا ئاوها بە دەنگتانەوە نەهاتبن!

ئایا دوای حەوتی ئۆکتۆبەر جیهان بە زۆرینەی دەنگ هاوسۆزی ئیسرائیل نەبوو؟

ئێ دواتر؟ بڕواننە وردیی ئایەتەکان:

[إِنْ أَحْسَنتُمْ أَحْسَنتُمْ لِأَنفُسِكُمْ وَإِنْ أَسَأْتُمْ فَلَهَا ۚ...

واتە "ئەگەر چاکەتان کرد، چاکەی دەگەڵ خۆتان دەکەن؛ ئەگەر خراپەیشتان کرد، یەخەی خۆتان دەگرێتەوە...

...فَإِذَا جَاءَ وَعْدُ الْآخِرَةِ لِيَسُوءُوا وُجُوهَكُمْ وَلِيَدْخُلُوا الْمَسْجِدَ كَمَا دَخَلُوهُ أَوَّلَ مَرَّةٍ وَلِيُتَبِّرُوا مَا عَلَوْا تَتْبِيرًا]

هەر کاتێکی بەڵێنی پاشین هاتە جێ، دیسان دەنێرینە سەرتان، ڕووتان ڕەش کەن و بیشچنە ناو مزگەوتەوە -وەک پێشتر ئەوانی تر چوون-، هەر چێکییەکیشتان ڕۆ ناوە، لە بێخەوە دەری بێنن!

ڕەنگە ئێستا دیمەنەکە ڕوونتر بووبێت:

٧ی ئۆکتۆبەر کۆتایی قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی ملهوڕانە و ستەمکارانەی جووان بوو، کە دەبێتە کۆتایی "علو"ی یەکەم.

ئەم شەڕ و کوشتارەی ئێستایش کە دوو ساڵە بەردەوامە بەرزبوونەوە "علو"ی دووەمە کە سەرەتا جیهان هەموو بە دەنگ ئیسرائیلەوە چوو، وەلێ ئەو نەیزانی سوودی لێ وەربگرێت و وەک چۆن هەمیشە وا دەکات، بە فێڵ خۆی وەک ستەملێکراو پیشان بدات، بەڵکوو ئەمجارە بەڕوونی کەڵپەی پیشانی دنیا دا و پەلاماری چەندین وڵاتی دا و شەست هەزار بنیادەمی کوشت... واتە هەڕەشەکەی خودای گوێ لێ نەگرت، کە وابێ چارەنووسێکی شووم چاوەڕێی دەکات...

ڕەنگە هەر ئەو بەندانەی لە ٧ی ئۆکتۆبەر سنووریان بڕی و لە پەرژین و بەربەستەکان پەڕینەوە، هەر بە خۆیان یان بەشێکیان یان هاوڕێ و هاوڕێبازەکانیان بچنە مزگەوتی ئەقساوە و ڕووی زایۆنیستەکان ڕەش کەن، هەرچەند ئێستایش کردوویانە!

بەڵگە زۆرن وەک مانگ پێمان پیشان دەدەن، ئەو قەوارە سەپێنراوە بەشێکی زۆر لە وڵاتەکانی دنیا دەستیان لێ بەر داوە، ئەوەیشی ماوە و تا ئێستا هەر پشتیوانی لێ دەکات، تەنیا لەسەر کات وەستاوە و ناتوانێت تا سەر وەک ئێستا پشتی بگرێت.

ئەم ڕاڤەیە، گەرچی ڕوونە و لەبەرچاوە، کەچی تا ئێستا یەک کەس بە لایدا نەچووە.

تاگەکان    
ئازادی عیرفان حزبی ئیسلامی پۆدکاست زانست یاری گەڕان سۆفیگەری باران ئایا سۆفیا تەوبە سۆشیاڵ میدیا جەنگی هۆشیاری بوونەوەری ئاسمانی مانا
فیکر
2025-09-22 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 291 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی