ئیتر بۆ چ کارێکی تریش دەبێت مۆڵەت وەربگرین؟ بۆ چوونە سەرئاویش؟
- چەن پەیڤێکی چەکوشئاسای ئارونداتی لەمەڕ جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە.
* بۆ کوردی: یەحیا خەلیل
ئارونداتی ڕۆی، نووسەر و چالاکوانی ناسراوی هیندی، لە دەنگە هەرە نەترس و کاریگەرە ئەدەبی و سیاسییەکانی هیند و جیهانە؛ نووسەرێکی ڕێزلێگیراو و خاوەن چەندین خەڵاتی باوەڕپێکراوە، لەوانە، خەڵاتی بووکەری بردووەتەوە و لە ڕیزبەندیی سەد دەموچاوی کاریگەری گۆڤاری «تایم»دا دەبینرێت.
ئەو لە کۆتاییی دانیشتنێکدا کە لە دەهلیی نوێ بۆ ناساندنی کتێبە تازەکەی ڕێک خرابوو، لەبارەی شەڕی دژ بە ئێران، داگیرکەریی ئەمریکا و ڕۆڵی هیند لەم پێشهاتانەدا؛ دوا.
ئەوەی خوارەوە دەقی قسەکانی ئارونداتییە.
- هەڵبەت دەزانم ئەمڕۆ ئێمە لێرەدا کۆ بووینەتەوە تا لەبارەی کتێبی «دایکەماری دێت بۆ لام»ەوە بدوێین. بەڵام ئاخۆ دەکرێت ئەم ڕۆژانە تەواو بکەین و لەمەڕ شارە جوانەکانی تاران، ئیسفەهان و بەیرووت، کە لە ئاگردا دەسووتێن؛ شتێک نەڵێین؟ بە هەمان هەناسەی ڕاشکاو و بێپەروای دایکەماریی خۆمەوە، دەمەوێت سوود لەم سەکۆیە وەربگرم تا شتێک لەبارەی هێرشی بێهۆ و نایاساییی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ئێران بڵێم. ئەم هێرشە، هەڵبەتە، درێژەی هەمان کۆمەڵکوژیی ئەمریکا و ئیسڕائیلە لە غەززەدا.
هەمان کۆمەڵکوژی هەمیشەیین بە هەمان دەفتەرۆچکەی ڕێنمایی هەمیشەییەوە. کوشتنی ژن و منداڵان. بۆردومانی نەخۆشخانەکان. وێرانکردنی شارەکان بە بۆردومانی زەمینی و دواتر، ڕۆڵی خۆکردنەقوربانی.
- بەڵام ئێران غەززە نییە. گۆڕەپانی ئەم جەنگە دەکرێت هێندە بەرفرەوان ببێت کە تەواوی دنیا بگرێتەوە. ئێمە لە ئاستانەی کارەساتی ئەتۆمی و داوەشانی ئابووریداین. هەمان ئەو وڵاتەی کە هیرۆشیما و ناگازاکی بۆردومان کرد، دەکرێت خۆی بۆ کاولکردنی یەکێک لە کۆنترین شارستانەتییەکانی جیهان ئامادە کردبێت.
هەلی ترمان دەبێت تا لەمەڕ ئەم پرسەوە بدوێین، بۆیە بهێڵن ئێستا بەڕوونی و ڕاشکاوی ئەمە بڵێم، من لە سەنگەری ئێراندام. بێ هیچ پێچوپەنایەک. هەر حکوومەتێک کە پێویستی بە گۆڕانە، بە نموونەی حکوومەتی ئەمریکا، ئیسڕائیل و خودی ئێمە، دەبێت خەڵکەکەی بیگۆڕن، نەک بە دەستی هێزێکی داگیرکەری زەبەلاح، درۆزن، فێڵباز، قیرسیچمە، تاڵانکەری سەرچاوەکان و بۆمبهاوێژ. هاوبەشەکانیان هەوڵ دەدەن زۆردارانە هەموو جیهان بکێشنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.
- ئێران بەرەنگاریان بووەتەوە، بەڵام هیند سەری داخستووە و چووەتە دواوە. من لەم هەموو ترسنۆکی و بێناوەڕۆکییەی دەوڵەتەکەم شەرمەزارم. ئێمە ڕۆژانێک وڵاتێکی هەژار بووین لەگەڵ خەڵکانێکی زۆر هەژاردا، بەڵام نەفسمان بەرز بوو. بەشکۆ بووین. ئەمڕۆ بۆ وڵاتێکی دەوڵەمەند گۆڕاوین لەگەڵ خەڵکێکی زۆر هەژار و بێکاردا کە بەجێگەی خواردنی نانی ڕاستەقینە، وەڕزی، درۆ و ژەهریان دەرخوارد دەدەن. شکۆمان نەماوە. جوامێریمان لەدەس داوە. مەگەر لە فیلمەکانماندا.
- ئێمە چ خەڵکانێکین کە دەوڵەتەکەمان، وەختێک ئەمریکا سەرانی دەوڵەتانی تر دەڕفێنن و تیرۆر دەکەن، تەنانەت ناتوانن لە ڕوویاندا بوەستن و ئیدانەی بکەن؟ ئایا حەزمان لێیە هەمان ڕەفتار بەرانبەر ئێمەیش بکرێت؟ هەر ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئێمە چەن ڕۆژێک پێش هێرشی بنیامین نەتەنیاهوو بۆ ئێران، گەشتی ئیسڕائیلی کردووە و ئەوی لە باوەش گرتووە، چ مانایەکی هەیە؟ هەر ئەوەی دەوڵەتی ئێمە چەن ڕۆژێک پێش ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا باجەکانی ترامپی بەنایاسایی بناسێنێت، پەیمانێکی بازرگانیی هەناسەبڕیان لەگەڵ ئەمریکادا واژۆ کردووە کە جووتیاران و پیشەسازیی چنینی ئێمەی هەڕاج کردووە، چ مانایەکی هەیە؟ هەر ئەوەی «مۆڵەت»مان پێ دەدەن نەوتی ڕووسیا بسێنین، چ مانایەک هەڵدەگرێت؟ ئیتر بۆ چ شتانێکی تریش دەبێت «مۆڵەت» وەربگرین؟ بۆ سەرئاوچوون؟ بۆ وەرگرتنی یەک ڕۆژ پشوو؟ بۆ دیدەنیی دایکانمان؟
- ڕۆژانە سیاسەتمەدارانی ئەمریکایی، بە نموونەی دۆناڵد ترامپ، بەئاشکرا گاڵتە و سووکایەتیمان پێ دەکەن و، سەرۆکوەزیرانی ئێمە هەر بەو بزە ناسراو و پووچەیەوە بۆیان دەسێنێتەوە و، دیسانەوە درێژە بە باوەشەکانی دەدات. لە ترۆپکی کۆمەڵکوژیی غەززەدا، دەوڵەتی هیند هەزاران کرێکاری داماوی هیندی بۆ ئیسڕائیل نارد تا شوێنی کرێکارە فەڵەستینییە دەرکراوەکان پڕ بکەنەوە. ئەمڕۆ، لە حاڵێکدا کە ئیسڕائیلییەکان بۆ پەناگەکانیان دەڕۆن، وا بڵاو دەکرێتەوە کە کرێکارانی هیندی مۆڵەتیان پێ نادرێت بڕۆنە ئەو پەناگانەوە. ئەمە ئیتر چ دۆخێکە؟ چ کەسێک ئێمەی بۆ ئەم دۆخە نزمە، شەرمهێن و وەڕزکەرە بردووە؟
- بڕێک لە ئێوە لە بیرتانە کە سەردەمانێک چۆن گاڵتەمان بەو چەمکە زێدەڕۆیەی کۆمۆنیزم، یانی «سەگی دەسەمۆی داگیرکەر» دەهات! بەڵام ئێستا، بە بڕوای من، ئەم دەربڕینە پڕاوپڕ بۆ ئێمە دووراوە.
مەگەر لە فیلمە هیچ و ژەهراوییەکانماندا کە پاڵەوانانی سینەمایی لەوێدا بەخۆنازانە دەڕۆنە پێش، لەم جەنگە خەیاڵییەوە بۆ ئەو جەنگی خەیاڵی دەیبەنەوە، گێژن و زیادلەئەندازە ماسوولکەیی و، بە تووڕەیی بێهوودەیان و ئەو سەرە پڕ لە گووەیان، تینوویەتییەکی لەبننەهاتوومان بۆ خوێنڕێژی دەرخوارد دەدەن.
* سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە، سایتی تەرجومانە.