دەستپێک
لە زۆربەی ئەو چیرۆک و داستان و مێژوو و ڕۆمان و گێڕانەوە کەسی و گشتییانەدا کە دەیانخوێنمەوە، ناتوانم پرسیاری مانا پەراوێز بخەم. چی وا لەو کەسانە دەکات بەیانیان لە جێگاکانیان دەربپەڕن؟ چۆن سەرەڕای ئازار، درێژە بە ڕێبڕین دەدەن؟ چۆنچۆنی تەنگژەکان تێدەپەڕێنن؟ لەکوێوە هیوا و گەشبینی چنگ دەخەن؟ لەم جیهانە سامناکەدا کەسی پووچگەرا بۆچ خۆی ناکوژێت؟ تاکی بێدین چۆن و بۆچی هەوەس و ئارەزووەکانی جڵەو دەکات؟
حەز دەکەم دەرگای لێکدانەوەی ڕەفتارەکانی مرۆڤ تا دەکرێت واڵا بکەم و بە دوای ئەو تامەزرۆییە کپەدا بگەڕێم وا بنیادەم بۆ ئاسمان هەیەتی. چۆن لە دڵێلێکی بەبەردبوو و دەروونگەلێکی بەبیابانبوودا کە قەت پرشێک ئیمانیان بەر نەکەوتووە، بێدەنگ دەبێت؟
لەم نووسینەدا دەکۆشم ئەم پرسیارانە تاوتوێ بکەم و بە پێوەری تاقیکردنەوەیەکی تیۆری لە بواری هونەردا هەڵیانبسەنگێنم. چون ئێمە لە سەردەمێکداین تێیدا بەکاربردنی هونەرە سەردەمییەکان بەهۆی ئامێرە پەیوەندییەکانەوە بە شێوەیەکی بێپێشینە زۆر بووە. بۆیە لەم ڕۆژانەدا هیچ سەیر نییە ببینیت لاوێک بەردەوام لە کۆڵێک زنجیرەی درێژدا ڕۆچووبێت -بە ڕێژەی مامناوەندی چل کاتژمێر بۆ تاکە زنجیرەیەک-، ئینجا بچێتە سەر لیستێکی درێژی ڕۆمانێلێکی عەرەبی و وەرگێڕدراو و بیانخوێنێتەوە و ئاگادار بێت لە سەیرکردنی لیستی دیارترین فیلمە پێشنیازکراوەکانی ساڵی پێشوویشدا کەمتەرخەمی نەنوێنێت، هاوکات لیستێکی ئەنیمیی یابانیی گوڵچنکراو و ئەنیمەیشنیشی لە بەردەستدا بێت. ڕەنگە ڕۆژانەیش بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بەدەم ڕێکردنەوە گوێ بۆ مۆسیقا دڵخوازەکانی، چ هیی ڕۆژهەڵات و چ هیی ڕۆژاوا، ڕابدێرێت.
لەم ڕۆژە سەختانەدا ئەمە ڕەفتارێکی دیار و زەقە. ئا لێرەوە دەبێت ئەو پرسیارەمان لا بورووژێت: تۆ بڵێیت ڕازی ئەم ڕووکردنە لەڕادەبەدەرە لە هونەرەکان و مەسرەفکردنیان بەم شێوازەی لە جیهانی ئەمڕۆدا سەری هەڵداوە چی بێت؟ ئاخۆ پەیوەندیی هونەری هاوچەرخ چییە بە ئایینەوە و هونەر چۆنچۆنی دەتوانێت مانا بە بوون ببەخشێت؟
هونەر و ئایین لە مێژوودا
ئەدیبی یۆنانیی «ناباو» نیکۆس کازانتزاکیس «م: 1957»[1] یەکێکە لەوانەی بە تەواوی توانا هەستی و مرۆییە ڕێتێچووەکانەوە ژیاوە. ئەو نەیتوانیوە لە ڕێگای دینی ڕاستەقینەوە بە حەقیقەت بگات و بە نیازی دۆزینەوەی ئاسۆگەلێکی سەرووئینسانی، زیاتر لەوەی ئەم ژیانە بچووکە ڕێی پێ دەدات، لەنێو هەندێک ڕووحانییاتی تێکەڵوپێکەڵدا سەری لێ شێواوە. لە ژیاننامەکەیدا نووسیویە: «زیاتر لە مەی و خۆشەویستی، لە بیرەکان خەڵەتێنەرتر، ئەوە توانای هونەرە بۆ هەڵفریواندنی مرۆڤ و ئەوەی وای لێ بکات لە بیر بکات.»
نەمتوانی خۆم لەم برووسکە ڕاڤەئاسایە قوتار بکەم و بینیم لێکدانەوەیەکە، بۆ تێگەیشتن لە هەندێک لەوەی ئێستا دەگوزەرێت یارمەتیدەر دەبێت. مەی، بێهەستبوونێکی کاتییە بۆ هەڵاتن لە سەختییەکانی ژیان و خۆشەویستییش هەروەها. بگرە ڤین لە ئاستی دەروونی و سۆزداری و بە شێوەیەکی گشتی لە هونەرەکاندا وەک خەزێنەیەکی ستراتیژی دەخرێتە ڕوو کە مرۆڤی هاوچەرخ دەشێت لە بەرهەمهێنانی مانادا پشتی پێ ببەستێت و ئەو پاساوەیە کە پاڵ بە ئادەمیزادەوە دەنێت، خۆ گەر چێژیش لە ژیانی نابینێت، هیچ نەبێت درێژەی پێ بدات.
لێ هاوکات بەهایەکی گرانی هەیە و ئەمەیش وا دەکات وازلێهێنانی لای ژمارەیەکی فرە و فراوانی جیلی نوێ، بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بێت. بۆیە هونەرەکان، مۆسیقا و گشت هونەرە بیستراوەکان و سینەما و هونەرە بینراوەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە و هونەرە نووسینەکییەکان، ڕۆمان و هۆنراوە و شیعر؛ هەم قووڵییەکی پتریان هەیە و هەم توانایەکی زیاتریش لەوەی فەرامۆشکردنێکی درێژخایەن بە مرۆڤی نوێ ببەخشن، ئەمەیش ڕۆچوون لە وردەکارییەکانی ژیاندا ئاسانتر دەکات و قەیرێک قورسیی باری پرسیارە وجوودییەکانی لەسەر سووک دەکات. ئێمە بۆچی لێرەین؟ پێوستە چی بەجێ بهێنین؟ بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین و کامەیە سەرەنجام؟
پێش ئەوەی درێژە بە ڕامان لە کۆڵینەوەی بیریار و شیکاران بدەم، دەبێت ئەوە بڵێم ئەوەی ڕابرد ناکاتە ئەوەی کاتی قسەکە تەنیا تایبەتە بە گەشەسەندنی هونەرەکانەوە، چون هونەر وەک ڕەفتارێکی مرۆیی لە مێژووی ئینساندا ڕیشەدارە. ئەوەتا لە شارستانەتیی یۆنانیدا هونەرەکان پەرەیان سەندووە و لە ئایینی گاورەکاندا ئایکۆنە کەنیسەییەکان[2] بڵاو بوونەتەوە و لە ماوەگەلێکی مێژوودا کەنیسە پاڵپشتیی هونەری وێنەکێشانی کردووە. هەر وەک چۆن مۆسیقای ئایینی برەوی پەیدا کردووە، تا کار گەیشتووەتە ئەوەی لاهووتیی پڕۆتێستانتی، ئێرنست ترۆوێڵچ وتوویەتی: «باڵاترین شتێک ئایینزای پرۆتێستانت لە بواری وێناکردندا بەرهەمی هێنا، لە هونەری مۆسیقادا بوو، بەتایبەت ئەوەی باخ «م: 1750» بەرهەمی هێنا بەهێزترین گوزارشتی هونەری بوو بۆی.»
هەروەها فەلسەفەی ئیلاهییات وا لەم دەرکەوتە هونەرییانە دەڕوانێت -ئایکۆنەکان، مۆسیقا، ئاوازەکان و تا دوایی- کە بریتین لە شێوازێلێک لە پەیوەندیی نێوان ڕەها «خوا» و سنووردار «ئافرێنراو»، پەیوەندیکردنیش بە ڕەهاوە لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی کۆمەڵێک ئاماژەوە دەبێت لە وێنەگەلێکی ماددیدا، لەم ڕێیەوە لە چرکەساتی جوانیدا ئاگایی دەریچەیەک دەدۆزێتەوە تا لە ڕەها بڕوانێت.
گەر ڕیشەکانی ئەم مشتومڕە فەلسەفییەمان لە ئایینی مەسیحییەتدا واز لێ هێنا و ڕوانیمانە یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەو باوەڕە دەربارەی پەیوەندیکردن بە ڕەهاوە لەنێو تاقمە ئیسلامییەکاندا، دەبینین سەماعی سۆفییەکان لە وێناکردنی چۆنێتیی پەیوەندیکردن بە خواوە هەمان پێشینەی فەلسەفیی مەسیحییەکانی هەیە.
عەلی عیززەت بیگۆڤیچ بەوە وەسفی تەسەووف دەکات کە بریتییە لە «بەگاورکردنی» ئیسلام، ئەوەتا هەندێک لە سۆفییە پاشینەکان سەماع و سەما و غەزەلخوێنییان کردووەتە یەکێک لە کەرەستەکانی گەیشتن بە خوا و ڕێگایەک بۆ پاڵفتەکردنی دڵ. لەمەیشدا بڕێک لە فەلسەفەکارانی مینا ئیبن سینا، هاوڕایان بوون. بگرە لای سۆفییە پەڕگرەکان ڕێگەپێدان بە ڕوانین لە ئافرەتی جوان و تێکەڵاویکردنی لاوانی بێموو و تێفکرین لە جوانییە ماددییەکەیان ڕێگایەکە بۆ چەشتنی جوانیی خوایی، یان هەندێکیان وەکوو تەجەللیی جوانیی خوداوەند لێیان ڕوانیون؛ یاخود بڕێکیان دوورتریش ڕۆیشتوون و باوەڕیان بە حلوول و ئیتتیحاد هەبووە، پاک و بێگەردی و بڵندی بۆ خوای مەزن لەم کفرە گەورەیە.
لە «الرسالة»یشدا ئەبوو قاسمی قوشەیری بە سەنەدی خۆی لە جونەیدەوە دەگێڕێتەوە لێیان پرسیوە: «باشە مرۆڤ بۆچی ئارامە، کەچی کاتێک گوێی لە سەماع[3] بوو دەشڵەژێت؟ وتی: خوای گەورە کاتێک لە پەیمانی یەکەمدا گەردیلەی دواند و وتی: «مەگەر من پەروەردگاری تۆ نیم؟ وتی: بەڵێ.»، شیرینیی بیستنی ئەم قسەیە چووە نێو ڕووحەکانەوە. بۆیە کاتێک گوێیان لە سەماع دەبێت، دەبزوێن.» لێرەدا لە ڕێگەی ئەم لێکدانەوە مێتافیزیکییە ئاڵۆزەوە تێبینیی پەیوەندیی ئەزموونی جوانی وەک کردەیەکی بەرهەست و هەنگاونانی بۆ ئاستێکی ڕووحانیی بێگەرد، دەکرێت.
ئەوە تەنیا سۆفییەکان نەبوون کە کۆشیویانە کاریگەریی هونەر و جوانییەکان لەسەر ئینسان ڕاڤە بکەن، بۆ وێنە ئیبن تەیمییە کاتێک دژی ئەهلی تەسەووف دەچێتە نێو پیلەکە و مشتومڕەوە و دامێنی شەریعەت لەم بیدعانە پاک دەکاتەوە، ئاماژە بە ناوەڕۆکی ڕووحانیی ئەم هونەرانە دەدات. دەڵێت: «دەنگەکان کاریگەرییەکی یەکجار گەورەیان لەسەر دەروون هەیە، ناخ بێنیاز و تێراو دەکەن. تەنانەت وتراوە: هەر لەبەر ئەمە ناو نراوە «غِناء»، چونکە دەروون دەوڵەمەند و بێپێویست دەکات». ئیبن قەییمیش بە سوودبینین لە مامۆستاکەی ئیبن تەیمییە و لە غەزالییش درێژە بەمە دەدات و دەڵێت: «ئەو دەروونانەی هەستیار و نەرمونیانن، کاریگەریی دەنگ و وێنە لەسەریان لە کڵپەسەندنی ئاگرێک بەر ببێتە وشکەدار خێراترە، تا کار دەگاتە ئەوەی هەندێک جار ئەم دەنگ و وێنانە وەک توێشوو و خۆراکی ڕووحی بەکار دەهێنن.» بۆیە سەماع یان مۆسیقا و جوانیی جەستەیی بۆ ڕووح، وەک خۆراکن بۆ جەستە.
جادووی هونەری ڕووحی
گەر بێینە سەر مێژوویش دەبینین لە هونەری هاوچەرخدا چەشەیەکی نوێ و مەیلێکی تازە وەک دەرهاویشتەیەک بۆ ئەو ئەزمەیەی لەو وەختەوەی مرۆڤ پێی خستووەتە نێو نوێگەرییەوە قۆڵی لەنێو قۆڵیدا بووە، قیت دەبێتەوە. کۆمەڵناسی بەریتانیایی ئۆستن هێرینگتن لێکدانەوەیەکی کۆمەڵناسانەی گرنگ بۆ ڕۆڵی هونەر لە سەردەمی نوێدا دەخاتە ڕوو: «بێشک هونەر لە فەرهەنگی نوێدا بووەتە جێگرێکی عەقڵی بۆ ئەرکەکانی سەرهەڵدان کە لە کۆمەڵگەکانی جاراندا ئەفسانە و ئایین بەجێیان دەهێنان. هەروەها تا ڕادەیەک دەکرێت بگوترێت هونەری نوێ ناوەڕۆکی بیروباوەڕە ئەفسانەیی و ئایینییەکانی لەو تاقە شێوەیەدا پاراستووە کە دەشێت بە ئاوەز لە کۆمەڵگەی نوێدا بەرگرییان لێ بکرێت.»
ئەو باوەڕی وایە هونەری نوێ «باوەڕە ئەفسانەیی و ئایینییەکانی ئازاد کردووە بەوەی گۆڕیویانێتی بۆ دۆخگەلێک تایبەتن بە ئەزموونی جوانییەوە و لافی دروستیی مەعریفەیی و ئەخلاقی لێ داڕنیون.» هەروەها ئاماژە بەو لێکدانەوە و شیکارە ئایدیۆلۆجیانەیش دەدات کە ئەفسانە و هونەر دەخەنە ڕیزی ئایینەوە، ئیتر چ بەو مانایەی هونەر دەفری پارێزەری دینە و دەربڕینێکی باڵایە بۆی، یان بەو واتایەی کارە هونەرییەکان هەڵکشاون بۆ ئاستێک کە مامەڵە تەک شتێلێکی وەک باسە دینییەکانیشدا دەکەن؛ جا هونەر بووەتە ئامانجی گرۆیەکی پیرۆز کە سرووتگەلی خۆی هەیە و خاوەنی هونەرمەند و قەشەگەلێکی بەناوبانگە، هەروەها ڕەنگدانەوەی خۆیشی هەیە و لە کۆمەڵێک کەسایەتی و ئاهەنگدا دەردەکەوێت -بۆ نموونە ئاهەنگی ئۆسکار-.
ئەم مامەڵە مێتافیزیکییە لەتەک هونەردا کە تیۆدۆر ئەدۆرنۆ ناوی ناوە «ئایینی هونەر»، لە سەدەی نۆزدەدا «ئامرازێکی بۆ مامەڵەکردن لەتەک جێکەوتەکانی ڕیشەکەنبوون و بێهیوایی و ئەزمە ئیمانییەکان کە لە هەگبەی عەقڵانییەتی زانستی و تاکگەرایی ئابووریدا بوون، دوای سەرهەڵدانی عەلمانییەت و پیشەسازی» پێشکەشی جەماوەرە ئەورووپاییەکانی چینی ناوەڕاست کرد.
ئاخر دوای ئەوەی «جیهان لە سیحر داڕنرا» بەپێی دەربڕینە بەنێوبانگەکەی ماکس وێبەر، هەر دەبووایە بۆ ڕزگارکردنی نوێگەری لە وشکەعەقڵ و گەڕاندنەوەی پەڕجوو بۆ جیهانێکی بێبەشکراو و هەوڵێک بۆ خولقاندنی مانا لە گێتییەکی بەتاڵ و تۆقێنەردا، قیمەت بۆ هونەر و مۆسیقا بگەڕێنرایەتەوە.
یەکێکی دی لەوانەی ئاماژەیان بەمە کردووە بیریاری نەمسایی ئێرنست فیشەرە «م: 1972» لە کتێبێکیدا بە ناوی «گرنگیی هونەر». هەروەها مامۆستای مێژووی ئایینەکان و ئایینناسیی بەراوردکاری جۆن پرایمەر جەخت لەوە دەکاتەوە ئەزموونی ڕۆژاوا لەم ئاڵشتکاری یان پڕۆسەی جێپڕکردنەوەیەدا کە هونەری کردووەتە جێگرەوەی ئایین، تایبەتە بە خۆی. دەڵێت: «دیارە هونەر لە ڕیزی دەستەبژێرە ئەورووپاییە ڕۆشنبیرەکاندا جێی ئایینی گرتووەتەوە. ئەم جێنشینییەیش لە جێبەندی گەشەکردنی جیهانی ڕۆژاوادا دوای سەردەمی نوێگەری بە شتێکی نموونەیی و گونجاو دەژمێردرێت و ناکرێت هیچ نیشانەیەکی لە دەرەوەی ئەرووپادا بەدی بکرێت.»
هونەر وەک ئایینێک
ئەم تێڕوانینە لە هونەر و هێما و ئامرازەکانی وەک نوسخەیەکی جێگرەوە بۆ ئایین یان وەک جۆرە قەرەبوویەک سەرنجی فەیلەسووفی فڕەنسایی ئێدگار مۆرانی بۆ تاوتوێکردنی دیاردەی «ئەستێرەکانی سینەما» ڕاکێشاوە. ئەو لە گرتەیەکی سەرنجکێشدا دەربارەی دیاردەی «تۆسین» -ئەستێرە ژن و پیاوەکانی سینەما- دەڵێت: «ژنەئەستێرەکان لەوە دەرچووە تەنیا ستایش بکرێن و پەسن بدرێن، بەڵکوو بوونەتە پڕۆژەیەک بۆ پەرستن و بە چواردەوری ئەوانەوە تۆوی ئایینێکی نوێ چەکەرە دەکات، ئەم دینە لە سەرتاسەری جیهاندا شوێنکەوتووی دەبێت. ئەوانەی هاتوچۆی هۆڵە تاریکەکان دەکەن هیچیان بێباوەڕ یان کافر نین، ئاهەنگە سینەماییەکانیش ڕێک مینا جەژنێلێکی پیرۆزن کە تێیاندا ئەستێرە بەنیازی بەشداریکردن لە جەژنی سەرکەوتنیدا دادەبەزێت. گۆڤارەکان، وێنەکان، یانەکان، بۆنەکان، میهرەجانەکان و هەموو ئەمانە دامەزراوێلێکی بنچینەیین بۆ پەرستنی ئەستێرەکان.»
ئینجا مۆران لە کتێبەکەیدا «ئەستێرەکانی سینەما» نموونەگەلێکی هەمەڕەنگ لەو نامانە ڕیز دەکات کە کۆمەڵێک جەماوەری سەرسام بۆ هونەرمەندە دڵخوازەکانیان نووسیویانە و تێبینیی ئەو دەربڕینانە دەکات کە بۆنی ئایین یان پەرستنیان لێ دێت. نامەوێت زۆر لەسەر ئەمە بچم، ئەمە تەنیا ئاماژەیەکە بەم جۆرە لێکدانەوە جێسەرنجانەی لەم بارەیەوە هەن.
ناوەوەی هونەر، دەرەوەی جیهان
خۆ گەر بیشمانەوێت بە دوای بنچینە تیۆرییەکانی ڕەوتی جوانیگەرایی نوێدا بڕۆین دەگەڕێینەوە بۆ شۆپنهاوەر «م: 1860» -بەگوێرەی ئەوەی ئارنۆڵد هاوزەری مێژوونووس دەیڵێت- کە لە فەلسەفە ڕەشبینانەکەیدا باوەڕی وایە ژیان لە جەنگێکی خەماویی پڕ لە چەرمەسەری و ناخۆشی بترازێت چیی دیکە نییە و ئەم پووچییەی ژیانیش ڕیزپەڕێک زیاتری نییە کە ئەویش لە هونەردا خۆی حەشار داوە، چونکە هونەر ئاسوودەییەکی کورتمەودا پێشکەشی ئازارەکانمان دەکات. ڕۆماننوسی بەناوبانگ گۆستاڤ فلۆبێر «م: 1880» ڕاستەوخۆ گوزارشت لەم مانایە دەکات و دەڵێت: «ژیان بە ڕادەیەک تۆقێنەرە کە بەرگەگرتنی بە خۆلێدوورگرتنی نەبێت ئەستەمە، ئەم دوورکەوتنەوەیەیش بەدی نایەت، بە ژیان لە جیهانی هونەردا نەبێت.»
نووسەری ئیسپانیایی بیرتیژیش ئێرنێستۆ ساباتۆ «م: 2011» باسی ئەوە دەکات لەم ماوە مێژووییەدا کە جیهان تێیدا گلاوەتە ئەزمەیەکی تاڵەوە و لەهەنبەر ئەم دووکەرتبوونە قووڵەدا وا مرۆڤی هاوچەرخ گیرۆدەی بووە «هونەر وەک ئامرازێک بۆ ڕزگارکردنی تەنیایی قوت دەبێتەوە.» وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر مانای ڕزگارکەربوونی هونەری نوێ ساباتۆ پێی وایە ڕۆمانی قووڵ ناتوانێت مێتافیزیکی نەبێت، «ئاخر لەپشتی پەستانی گرفتە خێزانی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە کە پیاوان تێیدا لە ململانێدان، هەردەم پرسە ڕیشەییەکانی وجوود بوونیان هەیە: بێتاقەتی و سینەتەنگی و مەیل بۆ دەسەڵات و حەپەسان و ترس لە مەرگ و ڕەهاویستی و عەوداڵبوونی ژیانی هەمیشەیی و یاخیبوون بەرانبەر مەحاڵەکانی وجوود.»
ئەم قسانەی ئەو لەتەک بیردۆزەکەی بۆ لێکدانەوەی سەرهەڵدانی ڕۆمانی نوێ، هاوئاهەنگ و تەبان. سەرهەڵدانی ڕۆمان -وەک ئاماژەی پێ دەدات- هاوکاتە لەگەڵ ئەو قەیرانە قووڵەی پاش کۆتاییهاتنی چاخی نێوەڕاست دامەنگری ئەورووپا بوو، بەدیاریکراوی لە سەدەی سێزدەدا کاتێک ئیمپڕاتۆرییەت و پاپایەتی و چەرمەسەرییەکانیان تووشی داڕووخان هاتن، ئەو ساتە ئینسان ئامادەی قبووڵکردن و وەرگرتنی جۆرێکی نوێی دەربڕین -واتا ڕۆمان- بوو، «بەم شێوەیە ئەم جۆرە ئەدەبییە سەرسووڕهێنە دێتە بوون، ئەم جۆرەی سرووشتی مرۆڤ لە جیهانێکدا دەپشکنێت کە خوا تێیدا ئامادە نییە یان بوونی نییە یاخود گومان لە بوونیدا هەیە. لە سێرڤانتسەوە تا کافکا بابەتی گەورەی ڕۆمان ئەمە دەبێت.»
تا ئێرە ڕەنگە ڕوویەکی ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان ئایین و هونەرمان لە فەرهەنگی نوێدا بۆ ڕوون بووبێتەوە.
هونەر وەک ئەزموونێکی ڕووحی
ئێستا دەتوانین بڕۆینە سەر لێکدانەوەیەکی تر کە هیی کڵایڤ بێڵە، ئەو زۆر بەوردی پەنجە دەخاتە سەر ئەم پەیوەندییە و سەرەتا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هونەر پەیوەندییەکی پتەوی بە ژیانی سۆزەکی و ویژدانییەوە هەیە و ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە دۆخێک لە گوڕوتینی باڵا، هەروەها هونەر -وەک ئەو دەڵێت- لە قووڵاییە ڕووحییەکانی سرووشتی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر وەک چۆن هونەر بۆ ژیانی ڕووحی پێویستە لە هەمان کاتدا دەرهاویشتەیەکیشە لە دەرهاویشتەکانی.
هەروەها ئێژێت: «هونەر و ئایین دوو دەریچەن لە ڕێگایانەوە مرۆڤ لە ڕووداوی ڕووکەشی هەڵدێت و دەگاتە وەجد، لەنێوان شادمانیی هونەری و کەیفخۆشیی دینییشدا پەیوەندییەکی خێزانی هەیە. بێگومان هەم ئایین و هەم هونەر سیمایەکن لە سیماکانی هەستی ئایینیی مرۆڤ، گەر مەبەستمان لەمە هەستکردن بێت بە واقیعی کۆتایی.» ڕۆماننوس و بیریاری ئیسپانیایی م. دی ئوناموونۆ «م: 1936» کاتێک لە «برسێتی بۆ نەمری» دەدوێت پتر ئەم مانایە قووڵ دەکاتەوە، ئەو هەستە ڕیشەدارە لەناخداچەقیوەی ئینسان پاڵ دەنێت تا لە چاوگی باوەڕی ئایینییەوە هەڵبگۆزێت و تینوێتییەکەی بشکێنێت. ئینجا درێژە بەم هزرە دەدات و بەرەو فەلسەفەی هونەر دەچەرخێت و ئێژێت: «ئێمە لە هونەردا بە دوای لاساییەکی ناتەواودا دەگەڕێین بۆ هەمیشەییبوون. خۆ گەر ڕووح لەهەنبەر جوانیدا ئۆقرە دەگرێت و ئاسوودە دەبێت و دەبووژێتەوە، ئەوە لەبەر ئەوەیە ئەم دڵەڕاوکێیە تامەزرۆییەکەی ئۆخژن ناگرێت و تینووێتییەکەی ناشکێت، هەروەها چون جوانی، پیشاندەری هەربووی هەمیشەییە، تەجەللیی خوداوەندە لەنێو شتەکاندا.»
ئەدیب و فەیلەسووف و بێباوەڕەکان چەندین جار لەو هەڵچوونە ڕووحانییە قووڵە دواون کە بەرانبەر هونەرە هەمەڕەنگەکان بۆیان دەستی داوە. بۆیە نووسەری پووچگەرا ئێمیڵ سیوران دەڵێت: «مۆسیقای باخ تاکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بوونی ئەم گەردوونە هەڵە نەبووە.» هەروەها ئەدیبی ناودار سۆمەرست موام «م: 1965»، ڕێک کاتێک دێتە سەر ئەم مشتومڕە جێباسەی لەمەڕ پەیوەندیی هونەر و ئایینەوە هەیە هەمان مانا دەدرکێنێت: «وا ڕووی داوە لە هەندێک بۆنەدا وەختێک تابلۆ یان پەیکەرێکم تەماشا دەکرد یاخود گوێم لە مۆسیقایەکی دیاریکراو دەگرت، لە دەروونمدا هەستێکی وەها قووڵ هەڵدەئایسا بەو دەربڕینانە نەبێت وا سۆفییەکان بۆ باسکردنی یەکگرتنیان لەتەک خوادا بەکاریان هێناوە، ناتوانم گوزارشتی لێ بکەم. هەر لەبەر ئەم هۆیە بەردەوام وتوومە ئەم هەستکردنە بە یەکانگربوون لەتەک حەقیقەتێکی باڵادا تەنیا موڵکی دینداران نییە و دەشێت بە ڕێگەی تر جگە لە ڕۆژوو و نوێژ، پێی بگەین، بێشک ئەمەیش هەر لە خۆیدا چێژ و خۆشییە.»
هونەر وەک وەڵامێکی ناتەواو
کاتێک کازانتزاکیس -وەک سەرەتا ئاماژەم پێ دا- و جگە لەویش باوەڕیان وایە هێزی هونەر بە لەبیربردنەوە، توانای زاڵبوونی بەسەر پرسیاری مانای بووندا هەیە، هەندێکی تر ڕایەکی زۆر ڕیشەییتر و جیاواز لەمە دەخەنە ڕوو. بۆ نموونە فەیلەسووفی بوونگەرای ڕووسی ئەلێکساندرۆڤیچ پرێداییڤ «م: 1948» تێڕوانینێکی جیاوازی ڕەخنەییانە دەخاتە ڕوو و تێیدا دان بە شکستی مرۆڤ لەهەنبەر ئازار لەم دنیا ساردوسڕ و بەرانبەر ڕووحە تەنیاکان دڵڕەقەدا، دەنێت. دەڵێت: «ئاشکرایە «من» هەوڵی وردوخاشکردنی تەنیایی دەدات، ئەمەیش بە شێوازێلێکی جۆراوجۆر: مەعریفە و سێکس و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەر. وێڕای دروستیی باوەڕبوون بەوەی ئەم هەوڵانە باری قورسی تەنیایی نەختێک سووک دەکەن، لێ هیچ یەک لەم ئامرازانە ناکارن بەتەواوەتی بۆڕی بدەن، چونکە هەموویان سەر بۆ بابەتیبوون دەکێشن، لە کاتێکدا «من» ناتوانێت بە «من»ـەکەی تر بگات لە باری مامەڵەی ناوەکیدا نەبێت. لێ لە کۆتایی گشت ئەو ڕێگانەدا تەنیا ئەو شتە دەبینیت کە بەزەیی بە کەسدا نایەت، ئەویش کۆمەڵگەی بابەتییە.»
دژیەکی لە دنیابینیدا
ئێستا دەڕۆمە سەر ڕوویەکی تری پارادۆکسەکە لە گۆشەی سرووشتی وەرگرتنی ویژدانی و مەعریفەیی بەرهەمە هونەرییە ڕۆژاواییەکانەوە. دەکرێت بوترێت گرفتەکە تەنیا لەم ڕۆچوونە بەنجکەرە باوەی نێو هونەرەکان و بەدواداچوونی بەرهەمی کۆمپانیا سەرمایەدارەکان لە گۆڤارە بینراو و بیستراوەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ئەوەی قوڕەکە خەستتر دەکاتەوە ئەو دژیەکی و تاسان و شڵەژان و هەستکردن بە نامۆیی و خۆسەرکۆنەکردن و ئەودوای ئەم جۆرە هەستانەیە کە تووشی ئەو بینەرە عەرەب و موسوڵمانانە دێن وا لەم بەرهەمە ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتییانە دەڕوانن، لەو بوارە هونەرییانەدا وا باسمان کردن. ئەمەیش لەبەر ئەوەی ئەم بەرهەمانە لێوڕێژن لە بەها و بیر و ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆجیی نوێگەرانە. بۆیە جیهانبینیی بینەری ئاسایی ڕووبەڕووی شێوازێلێکی دژیەک و باوەڕێلێکی تێکەڵپێکەڵ دەبێتەوە.
جیهانبینییش زاراوەیەکی فەلسەفی و هونەرییە، لە بوارە فەلسەفییەکان و لە ڕەخنەی ئەدەبیدا دەنگەشەیەکی هەمەڕەنگی لەسەر هەیە، لێ من لێرەدا بە شێوەیەکی سەرەتایی بەکاری دەبەم و وەک لووسیان گۆڵدمانی ڕەخنەگر دەڵێت: «گشت کارێکی ئەدەبی یان هونەریی گەورە، بریتییە لە دنیابینییەک.» توێژەرێکی دییش ئاماژە بەمە دەدات و ئێژێت: «تێگەیشتن لە بنیادەم تەنانەت لە ئاستە کردەیی و ماددییەکانیشدا، بەستراوە بە فامکردنی ئەو مانا فەرهەنگییە گەورانەوەی دەوریان داوە.»
جا بەم پێیە نووسەری چیرۆک یان سیناریۆ یا شیعرنووس یان مۆسیقار یاخود هەرکەسێکی تر لەوانەی لە بواری هونەردا کار دەکەن، هەر هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان تێڕوانینێکیان بۆ جیهان هەیە. ئەوان لە کۆمەڵێک ژینگەی جیاوازدا گەورە بوون، هەروەها پەروەردە و فێرکردنەکەیشیان لە ڕووی فەرهەنگییەوە هەر سەر بەو ژینگەیە و کۆمەڵگەیەکی تایبەتە و، لە جێبەندێکی ئایینی یان نائایینیی دیاریکراودا پێگەیشتوون. ئینجا دوای گشت ئەمانە پەنجەمۆری خۆیشیان، کە لەم جێبەندەدا پێی تایبەت دەبن، دەخەنە سەری. هەر بۆیە گشت بەرهەمە هونەرییەکانیشیان بە شێوەیەک لە شێوەکان ملکەچی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانەن.
کەواتە ئەم بیر و ناوەڕۆکانەی تاکی موسوڵمان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات بێڕیشە نین و لە دڵی ژینگە و کۆمەڵگە و فەرهەنگ و دینێکی جیاوازەوە هەڵقوڵاون، ئەویش گشت ئەمانە وەردەگرێت و دەرەنجامیش ئەم جیهانبینییە جیاوازانە تێک دەگیرێن و پێکدا دەدەن و بگرە هەندێک جار تا ئاستی دژییەکییش دەچن. دەرەنجامیش مامەڵەکردن لەگەل ئەم وێنا و نموونە بیانیانەدا سەر دەکێشێت بۆ پارچەپارچەبوونی ناسنامە و شڵەژانی ڕووحی و شیزۆفرینیای ویژدانی و سەرلێشێوان و گێژیی مەعریفی.
ئەگەری هەیە بگاتە بەو خاڵەیش وا توێژینەوەیەک تێبینیی کردووە. ئەو کۆڵینەوەیە قڵیشانەکانی یادگەی جەماوەر لە یەکێک لە قۆناغەکانی نوێگەریی ڕۆژاوادا خستووەتە ژێر چاودێرییەوە. «دووفاقیی دەروونی بەتایبەت لای دانیشتووانی شار لە سەدەی نۆزدەیەمدا، ئەوانەی هێشتا بیریان مابوو ژیان لە جیهانی پێش نوێگەریدا چۆن ماددی و مەعنەوی بوو. ئەم دووکەرتبوونە هەستییەیش سەری کێشاوە بۆ سەرهەڵدانی ئەوەی کەسەکە وا هەست دەکات هاوکات لە دوو جیهاندا دەژی.»
ڕۆمان و سینەمای هاوچەرخ ژیان بە شێوەیەکی ماددیی پووچ دەخەنە ڕوو کە تێیدا باسکردنی سەرەنجامی مێتافیزیکی قبووڵکراو نییە، بەڵکو هەرچی هەیە گەردوونێکی ساردوسڕی بێڕووحە و تێیدا هیچ یاسایەک لە هێزی زاڵ و تۆڵەسەندنەوەی هەڕەمەکی بترازێت، سەردار نییە. گەردوونێکی پووچ کە ئەوینێکی بەگوڕوتین یان ناکام، هەروەها شوێنکەوتنی حەز و ڕەدوونانی خەون و سەرکەوتن بەسەر شەڕی ناڕوون و هەوڵدان بۆ داهێنانی مانا لە خودی وجوودەوە لە ڕێگەی وردەکارییە بچووکەکانی ڕۆژانەوە دوور لە گێڕانەوە گەورەکانی مینا خوا و دواڕۆژ و ئەرک و چاوەڕوانیی پاداشت، ئەمانەی لێ دەربچێت، هیچ شتێکی تر تێیدا مانای نییە. هونەری نوێ خاڵییە لە سۆزی خوایی و بەزەیی پەروەرێن، تێیدا سەختی و نەهامەتییەکان بریتین لە شەڕگەلێکی هەڕەمەکیی لەپڕ کە خەڵکی بەبێ ئەوەی هیچ توانایەک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان شک ببەن، دەهاڕێت. تاک لەنێو هونەری نوێدا شوێنی شکۆمەندی دەکەوێت و باوەڕی بە خۆی هەیە نەک خوا و بەردەوام منەی سبەینێیەکی دنیایی «باشتر» دەکات و بێوچانانە دەبزوێت تا جارێکی تر ناسنامەی خۆی بنیات بنێت و پێناسەی بکاتەوە.
بەدواداچوونێکی دی
ئاوا گەیشتینە کورتەیەکی ڕیشەیی. لەوەی ڕابرد قووڵیی ئەو ڕەهەندە ڕووحییەم ڕوون کردەوە کە هونەرەکان لە ناخی مرۆڤدا دەیهێننە بوون، هەروەها ئەوەیشم خستە ڕوو کە هونەرە هاوچەرخەکان سەرەڕای ئەمە، تێڕوانینی وەرگری موسوڵمان بۆ جیهان و گەردوون و ئیمان ڕووبەڕووی دژیەکیگەلێکی گەورە دەکەنەوە. هەر ئەمەیشە وامان لێ دەکات ئاگاداری ئەو موسوڵمانانە بین وا گیرۆدەی بەکارهێنانی ئەم هونەرانەن. ئاخر دڵ هەر لە بنچینەوە بۆ پەرستنی خوای گەورە بەتەنیا و خۆشویستنی وی و ترس لەو و هیوا بەو و تامەزرۆبوونی ئەو درووست کراوە و ئەم ڕووحانییاتە دەستکردانەی نێو بواری هونەریش، پاکیی دڵ دەلەوتێنن و ئارامییەکەی دەشێوێنن و لە چاکە ئایینییەکانی دوور دەخەنەوە و لە پێگە ڕووحییە پاڵفتەکان لە ڕێگای بەرەوخواچووندا، بێبەشی دەکەن. خۆ گەر ئەمەی دەست بخستایە، بێگومان ڕووناکییەکەی ئەو سەرگەرمکەر و بەنجکەرە کاتییانەی بەتەواوی بیر دەبردەوە.
بۆیە ئیبن تەیمییە بەکاربردنی ئەم هونەرە بیستراو و بینراوانە لە ژینگە خاڵی لە ئیمان و ڕۆچوو لە تاوانەکاندا بەوە لێک دەداتەوە کە هەوڵێکی شکستخواردووە بۆ خۆگێلکردن و بیرخۆبردنەوە و تێپەڕاندنی ئازارەکانی دووری لە بەندایەتی بۆ پەروەردگار. ئەو -بەڕەحمەت بێت- دەڵێت: «بێشک کوفر و تاوانەکان ئازارێلێکی هەنووکەیی و هەمیشەیی وایان هەیە مەگەر تەنیا خودا ئەندازەیان بزانێت. ئەوە بۆیە دەبینیت خۆشییەکانی زۆرێک لەو کەسانە یان عەقڵ ناهێڵێت یاخود دڵ غافڵ دەکات. ئیتر چ مەیخواردنەوە بێت یا دیمەنێکی سەرگەرمکەر یاخود مۆسیقایەکی شڵەژێنەر و لەم جۆرە شتانە».
تەنیا خوا پشتیوان و هاریکارە.
[1][1] لەنێو کەوانەکاندا و لەتەنیشت پیتی «میم» ساڵی مردنی نووسەر یاخود بیرمەندەکان نووسراوە.
[2] وێنە و هێما پیرۆزەکانی کڵێسا.
[3] ئاواز و گۆرانی.