ئەوانەی شارەزای مێژووی سەت ساڵی ڕابردووی ناوچەکەن، دەزانن سەرەتای کاری تیرۆریستی و تەقینەوە و توندوتیژی لەم ناوچهیهی ناو نراوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ یەکەم جار لە هەگبەی ئەوانەوە هاتووەتە دەر کە ئێستا نەیارەکانی خۆیان بەو ناتۆرانە تۆمەتبار دەکەن. لە زانستی دەروونناسیدا چەمکێک هەیە پێی دەگوترێت پرۆجێکشن (Projection) واتە شتێک کە لە خۆتدا هەیە و سوور دهزانیت دزێوه، دەیدەیت بەسەر ئەوانی تردا و دواتر ڕهخنهی لێ دهگریت، پرۆجێکشن شێوازێکی بەرگریی ناکامڵە.
با بگهڕێینهوه بۆ مێژوو و بزانین کاری تیرۆریستی لە لای بزووتنەوەی زایۆنیزم پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل چۆن بووە؟
بەر لە ڕاگەیاندنی قەوارەی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨، واتە سەردەمی ئینتیدابی بەریتانیا لەسەر فەلەستین (١٩٢٠ - ١٩٤٨)، چەندین گرۆی نیمچەسەربازی و چەکداریی زایۆنی دروست بوون.
هەندێک لەم گرۆیانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیان پەنایان بردە بەر توندوتیژی، هێرشی چەکداری و ئەو کارانەی ئێستا لە جیهاندا بە "تیرۆریزم" ناو دەبردرێن. بزووتنەوەی زایۆنیزم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لەسەرزەمینی فەڵەستیندا، پەنای بردبووە بەر دروستکردنی میلیشیا و باندی چەکداری.
ئامانجی ڕێکخراوەکانی زایۆنیزم لەو هەنگاوە، شکاندنی دوو نیشان بوو بە تیرێک؛ واتە لێدان بوو لە دوو بەرە له یهک کاتدا: یەکەمیان، دەسەڵاتی ئینتیدابی بەریتانیا -بۆ ناچارکردنیان بە کشانەوە و گۆڕینی سیاسەتەکانیان-، دووەمیشیان، دانیشتووانی ڕەسەنی فەلەستین -بۆ تۆقاندن و ناچارکردنیان بە کۆچکردن و جێهێشتنی زێدی خۆیان-.
دیارترین ئەو ڕێکخراوانەی ئەندازیاری تیرۆر و تەقینەوە بوون بریتی بوون له:
هاگانا(Haganah): گەورەترین و ڕێکخراوترین گرۆی سەربازی بوو. نوێنەرایەتیی ڕەوتی "سەرەکی"ی زایۆنیزمی دەکرد، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زۆر دڕندانەی ئەنجام دا. هەر ئەم گرۆیە دواتر بووە ناوک و بڕبڕەی پشتی سوپای ئیسرائیل.
ئێرگون (Irgun): بە "ئیتسل"یش دەناسرا. ڕێکخراوێکی ڕاستڕەوی توندڕەو بوو، لە هاگانا جیا بوویەوە و دواتر لەلایەن "مهناحیم بێگین"ەوە -کە دواتر بوو بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل- سەرکردایەتی دەکرا.
لیحی یان باندی شتێرن (Lehi / Stern Gang): توندڕەوترین باڵی زایۆنیزم بوو، لە لایەن ئەبراهام شتێرنەوە دامەزرا و دواتر "ئیسحاق شامیر" -ئەمیش دواتر بوو بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل- سەرکردایەتیی کرد.
وێستگە و تەقینەوە هەرە دیارەکانی ئەو قۆناغه:
یەکەم: تەقاندنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان (ساڵانی سییەکان)؛ لە سەردەمی شۆڕشی گەورەی عەرەب لە فەلەستین "١٩٣٦-١٩٣٩"، هەردوو ڕێکخراوی ئێرگون و شتێرن ستراتیژیی دانانەوەی تەقەمەنییان لە ناو جەرگەی شوێنە قەرەباڵغەکاندا گرتەبەر بۆ تۆقاندنی هاووڵاتییە مەدەنییەکان، لەوانە:
تەقینەوەکانی بازاڕی حەیفا (١٩٣٨): چەکدارانی ئێرگون چەندین بۆمبیان لە ناو بازاڕی سەوزەفرۆشانی شاری حەیفا تەقاندەوە، کە بوونە هۆی کوشتنی دەیان هاووڵاتیی فەلەستینی.
تەقینەوەکانی قودس و یافا: بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل و عەرەبانەکان و دانانیان لە بازاڕەکانی قودس و یافا، لەگەڵ بەکارهێنانی بۆمبی کاتژمێری. ئەمەیش بە یەکێک لە یەکەمین ئەزموونە مێژووییەکانی داهێنانی "ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادهنرێت.
دووەم: بەئامانجگرتنی هەژموون و بوونی بەریتانییەکان:
کاتێک بەریتانیا لە ساڵی ١٩٣٩ "پەڕاوی سپی"ی بڵاو کردەوە کە تێیدا کۆچی جوولەکەکانی بۆ فەلەستین سنووردار دەکرد، ڕێکخراوە زایۆنییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر بەریتانییەکانیش چڕتر کردەوە:
تیرۆرکردنی لۆرد مۆین (١٩٤٤): چەکدارانی باندی "شتێرن" لۆرد مۆین، وەزیری بەریتانیایان بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قاهیرەی پایتەختی میسر تیرۆر کرد.
تەقاندنەوەی هۆتێلی کینگ دەیڤد "٢٢ی تەممووزی ١٩٤٦": یەکێکە لە بەناوبانگترین هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەو سەردەمە. ڕێکخراوی "ئێرگون" بە سەرکردایەتیی مهناحیم بێگین، تەقەمەنییەکی زۆری خستە ناو دەفرەکانی گواستنەوەی شیرەوە لە ژێرزەمینی هۆتێلی کینگ دەیڤد "شا داود" لە قودس، کە بارەگای ئیدارەی مەدەنی و سەربازیی بەریتانیای تێدا بوو. تەقینەوەکە باڵی باشووری هۆتێلەکەی بەتەواوی خاپوور کرد و ٩١ کەس (لە بەریتانی، عەرەب و جوولەکە) بوونە قوربانی.
شەوی پردەکان "١٩٤٦": ئۆپەراسیۆنێک بوو لەلایەن هاگاناوە ئەنجام درا، تێیدا ١١ پردیان خاپوور کرد کە فەلەستینیان بە وڵاتانی عەرەبیی دراوسێوە دەبەستەوە، ئەمەش بە مەبەستی پچڕاندنی هێڵەکانی گەیاندن.
ڕفاندنی دوو ئەفسەرەکە (١٩٤٧): ڕێکخراوی ئێرگون دوو ئەفسەری بەریتانییان ڕفاند و لە ناو دارستانێکدا لەسێدارەیان دان، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە لەسێدارەدانی چەکدارە زایۆنییەکان لەلایەن دەسەڵاتی بەریتانیاوە. ههر بهوهندهیشهوه نهوهیستان، بەڵکو تەرمی هەردوو ئەفسەرەکەیان بۆمبڕێژ کرد تا بەو سەربازە بەریتانییانەدا بتەقنەوە کە دەهاتن بۆ هەڵگرتنەوەیان.
سێیەم: کۆمەڵکوژی و تۆقاندنی گوندە فەلەستینییەکان "١٩٤٧ - ١٩٤٨": لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی بەریتانیا و دەرچوونی بڕیاری دابەشکردنی فەلەستین، ستراتیژیی بزووتنەوەی زایۆنیزم گۆڕا بۆ پاکتاوی نەتەوەیی و ڕەگەزی -کە بە پلانی دالێت ناسراوە-، بە مەبەستی چۆڵکردنی گوند و شارەکان لە دانیشتووانە ڕەسەنەکهی:
کۆمەڵکوژیی دێر یاسین "٩ی نیسانی ١٩٤٨": هێزێکی هاوبەشی هەردوو گرووپی ئێرگون و شتێرن هێرشیان کردە سەر گوندی دێر یاسین لە ڕۆژئاوای قودس. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانه زیاتر لە سهت هاووڵاتیی مەدەنیی فەلەستینییان -زۆربەیان ژن و منداڵ بوون- بێباکانە گولـلەباران کرد. دەنگۆی ئەم کۆمەڵکوژییە بە ئەنقەست وەک ئامرازێکی جەنگی دەروونی بەکار هێنرا بۆ تۆقاندنی دانیشتووانی گوندەکانی تر و ناچارکردنیان بە هەڵاتن!
کۆمەڵکوژیی هۆتێل سهمیرامیس "کانوونی دووهمی ١٩٤٨": ڕێکخراوی هاگانا هۆتێل سهمیرامیسی لە گەڕەکی قەتەمۆن لە قودس تەقاندەوە، بە بیانووی ئەوەی چەکداری عەرەبی تێدایە. لە ئاکامدا ٢٦ هاووڵاتیی مەدەنی کوژران، باڵیۆزی ئیسپانیایش لەناو قوربانییەکاندا بوو.
چوارەم: تیرۆرە نێودەوڵەتییەکان
تیرۆرکردنی کاونت فۆلک بێرنادۆت "ئەیلوولی ١٩٤٨": سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕووداوە چەند مانگێک دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕووی دا، بەڵام درێژکراوەی هەمان ئەو بیرکردنەوەیە بوو. باندی "شتێرن" نێوەندگیری نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە قودس تیرۆر کرد، تەنیا لەبەر ئەوەی پڕۆژەیەکی ئاشتیی پێشکەش کردبوو کە پێیان وا بوو پێچەوانەی تەما فراوانخوازییەکانیانه.
پارادۆکسێکی مێژوویی
خاڵی جێسەرنج و تێڕامانە ئەوەیە؛ زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوانەی لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لە لایەن بەریتانیا و حکوومەتەکانی ترەوە خرابوونە لیستی "تیرۆریستە داواکراوەکان"ەوە "وەک مهناحیم بێگین و ئیسحاق شامیر"، دواتر بوونە سەرکردەی سیاسی و پۆستی سەرۆکوەزیرانی قهوارهی ئیسرائیلیان وەرگرت. هەرچی چەکدار و بکوژەکانی ناو ئەو میلیشیایانەیش بوون، ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکە لە ئایاری ١٩٤٨دا، تێکەڵ کران و قاڵبێکی یاساییان لەژێر ناوی "سوپای بەرگریی ئیسرائیل" (IDF)دا پێ درا.
دوای دامەزراندنی ئیسرائیل
کاتێک قهوارهی ئیسرائیل لە مانگی ئایاری ١٩٤٨ ڕاگەیەندرا، حکومەتی کاتیی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بن گۆریۆن بڕیاری دا تەنیا یەک سوپای نیشتمانی هەبێت. بهوهیش گرووپەکانی ئیرگون و لەحی هەڵوەشێنرانەوە و زۆربەی چەکدارەکانیان تێکەڵ بە "سوپای بەرگریی ئیسرائیل (IDF) کران. سەرکردەی ئەم گرووپە توندڕەوانە دواتر چوونە ناو پرۆسەی سیاسیی ئیسرائیلەوە و پارتە ڕاستڕەوەکانیان دامەزراند "وەک پارتی هێرۆت کە دواتر بوو بە پارتی لیکود". هەردوو سەرکردەی ئیرگون "مەناحیم بێگن" و لەحی "ئیسحاق شامیر" چەند دەیەیەک دواتر بوون بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
گهرای زایۆنیزم
ئێستایش ههر گرۆیهکی توندڕهو له ههرکوێیهکی دنیا پهیدا ببێت، بهتایبهت ئهو گرۆیانهی له دوای ٢٠٠١هوه لهژێر ناوی ئیسلامدا لهم ناوچهیه پهیدا بوون، بۆنی ئهو دهستهوتاقمه زایۆنییانهی پێش ١٩٤٨یان لێ دێت و لهوانهوه ئیلهام وهردهگرن، ئهگهر فرمانیشیان لێوه وهرنهگرن!
وشیاری چارهسهره
ههرکهسێک مێژوو نهخوێنێتهوه و ئاگاداری ڕیشهی بابهتهکان نهبێت، بهئاسانی دهبێته نێچیری میدیای فریودهر و قهڵهمبهدهستی بهکرێگیراو وهک بهشێک بهو کهناڵ و کهسانهی پارهی زۆری ئهم خهڵک و خاکهیان به گهروودا دهکرێت و خهریکی سیخوڕین، ههربۆیه پێویستمان به گهڕانهوهیه بۆ ڕیشهی دهردهکان!