پرسیار: لەم سەردەمەی ئێمەدا دیاردەیەک سەری هەڵداوە؛ ئەویش ئەوەیە کەسانێک وا خۆیان دەردەخەن کە پسپۆڕییان لە چارەسەرکردنی نەخۆشیدا هەیە بە قورئان، بە گومانی خۆیان دەتوانن چارەسەری هەر نەخۆشێک بکەن لە ڕێگەی خوێندنی ئایەتێکی تایبەت لە قورئان بەسەر نەخۆشەکەدا، ڕاستیی ئەم کارە لە شەرعدا چۆنە؟
وەڵام: الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وعلى آله وصحبه ومن تبع هداه.
گومانی تێدا نییە ئەم دیاردەیە لە زۆرێک لە وڵاتاندا بڵاو بووەتەوە، وتاربێژان و نووسەران لە وتار و نووسینەکانیاندا باسیان لێوە کردووە، ئێزگە و تەلەفزیۆنەکانیش ئەم بابەتەیان بڵاو کردۆتەوە و، بەڵکو هەندێک کەناڵی ئاسمانییش ئەم بابەتەیان لە بەشێک لە بەرنامەکانیاندا پەخش کردووە، ئەم دیاردەیەیش دیاردەی چارەسەری نەخۆشییە بە قورئان.
خەڵکانێک هەن بە گومانی خۆیان بوونەتە پسپۆڕ لە چارەسەرکردنی نەخۆشی بە قورئان، بەڵکو بە ئاشکرا نۆرینگەی (چارەسەرکردن بە قورئان)یان داناوە، خەڵکیش سەردانیان دەکەن و دەچن بۆ ئەم نۆرینگانە بۆ ئەوەی بە قورئان چارەسەری نەخۆشییەکانیان بۆ بکەن.
ئێمە بڕوامان بەوە هەیە کە قورئان ڕێنماییکەر و شیفایە وەکو خوای پەروەردگار دەفەرمووێت: (قُلْ هُوَ لِلَّذِينَ آَمَنُوا هُدًى وَشِفَاءٌ وَالَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ فِي آَذَانِهِمْ وَقْرٌ وَهُوَ عَلَيْهِمْ عَمًى أُولَئِكَ يُنَادَوْنَ مِنْ مَكَانٍ بَعِيدٍ){فصلت:٤٤}، هەروەها دەفەرمووێت: (وننزِّلُ مِنَ الْقُرْآَنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ وَلَا يَزِيدُ الظَّالِمِينَ إِلَّا خَسَارًا){الاسراء:٨٢}.
بەڵام، شیفا لێرەدا بە واتای چی دێت؟ مەبەست شیفای جەستەیە؟ بە مانایەکی تر مرۆڤ هەر کات تووشی سکئێشە و چاوئێشە بوو، یاخود ئازارێک لە جەستەیدا پەیدا بوو دەبێت چی بکات؟ بڕوات بۆ ئەم نۆرینگەی قورئانانە یان سەردانی پزیشکێکی تایبەت بەو نەخۆشییەی بکات؟
ئەوەی لە ژیان و سوننەتی پێغەمبەری خوادا (دروودی خوای لێ بێت) بینیومانە، ڕێنماییکردنە بۆ زانستی پزیشکی و دەرمان، هەروەک دەفەرمووێت: (شیفا لە سێ شتدایە: خواردنی هەنگوین، یاخود کەڵەشاخ، یاخود سوتاندن؛ واتە چارەسەر بە ئاگر). سێ جۆر دەرمانی باس کردووە: یەکێکیان لە ڕێگەی دەمەوە دەخورێت، یەکێکی تریان جۆرێکە لە نەشتەرگەری کە مەبەست لە بریندارکردنێکی سووکی پێستە بۆ ئەوەی خوێنی خراپی لێ بێتە دەرەوە، لەگەڵ سووتاندن (ئەم سووتاندنە بۆ وەستاندنەوەی خوێن و هەندێک بابەتی تر لە کۆندا بەکار هاتووە.) کە ئەمەیش چارەسەرێکی سروشتییە.
پێغەمبەری خودایش (دروودی خوای لێ بێت) هەم خۆی چارەسەری وەرگرتووە و هەم فەرمانی بە هاوەڵانیش کردووە چارەسەر وەربگرن، تەنانەت بە هەندێک لە هاوەڵانی (ڕەزای خوا لە هەموویان بێت) دەفەرموو: (بڕۆن بۆ لای حارسی کوڕی کیلدەی سەقەفی)، کە هەر لە سەردەمی جاهیلییەوە لەناو عەرەبدا پزیشکێکی بەناوبانگ بوو، پێغەمبەری خوا ئامۆژگاریی دەکردن بچین بۆ لای، تەنانەت جارێکیان دوو پیاوی پزیشک لە تایەفەی (بەنی ئەنمار) هاتنە خزمەتی، ئەویش فەرمووی: (أيكما أطب؟)، واتە: کامتان شارەزاتر و زاناترن لە پزیشکیدا؟ ئاماژەیان بۆ یەکێکیان کرد و، ئەویش فەرمانی کرد کە ئەوەیان سەرپەرشتیی چارەسەری نەخۆشەکان بکات، واتە مسوڵمان هەر چەند بۆی کرا دەبێت بە دوای کارامەترین و باشترین پزیشکدا بگەڕێت.
هەروەها لە فەرموودەیەکی تردا دەفەرمووێت: (هەر نەخۆشییەک خوای پەروەردگار ناردبێتی بێگومان چارەسەرەکەیشی ناردووە، ئەوەی زانیبێتی زانیویەتی و ئەوەیشی پەیی پێ نەبردبێت نەیزانیوە). ئەمەیش هیوایەکە بۆ نەخۆشان کە بە دوای چارەسەری نەخۆشیەکانیاندا بگەڕێن، هەروەها هیوایەکیشە بۆ دکتۆرەکان کە هەوڵی دۆزینەوەی دەرمانی هەموو جۆرە دەردێک بدەن، بەم واتایەیش هیچ نەخۆشییەکی سەخت نییە کە نە ئێستا و نە لە داهاتوویشدا دەرمانی نەبێت، بەڵکو چارەسەری هەموو نەخۆشێک بەردەستە، تەنها ئەوەیە هەموو چارەسەرەکانمان نەدۆزیوەتەوە جارێ، خۆ گەر چارەسەرەکان بەپێی نەخۆشییەکان بوون، ئەوا دەبنە هۆکاری نەهێشتنی نەخۆشییەکە بە فەرمانی خوا. کاتێک پرسیاریش لە پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لێ بێت) کرا، وتیان: (ئەی پێغەمبەری خودا، ئەو چارەسەر و پارێزانەی کە بەکاریان دەهێنین و ئەنجامیان دەدەین هیچ شتێک لە قەدەری خوای پەروەردگار دەگۆڕن؟ فەرمووی: ئەوانیش بەشێکن لە قەدەری خوای پەروەردگار). واتە نەخۆشییەکان لە قەدەری پەروەرگارەوەن و چارەسەرەکانیش بە هەمان شێوە بەشێکن لە قەدەری پەروەردگار.
کەواتە ئیدی بۆ نەخۆشی بە قەدەری خوا بزانین بەڵام چارەسەر بە قەدەری ئەو نەزانین؟ ئەمیان و ئەویشیان هەر قەدەری خوان، ئێمە قەدەرێک بە قەدەرێکی تر لا دەبەین و ڕەت دەکەینەوە، ئەمە سوننەتی پەروەرگارە کە قەدەرەکان بە یەکتری لا دەچن، قەدەری برسێتی بە قەدەری خواردن لا دەبەین و، قەدەری تینوێتی بە قەدەری خواردنەوە لا دەبەین و، قەدەری دەردیش بە دەرمان. ئەمە ڕێگای ئیسلامە و، بەم هۆکارەیش زانستی پزیشکی لەناو مسوڵماناندا بڵاو بووەوە و، لە شارستانیەتی ئیسلامیدا زانستی پزیشکی پێشکەوتنی گەورەی بە خۆوە بینی، مسوڵمانان پێشەنگ و مامۆستای جیهان بوون لە پزیشکیدا و، لەسەر ئاستی جیهان کۆمەڵێک ناوی پرشنگداریان لێ ناسرا، وەکو ئەبوبەکری ڕازی و، ئیبن سینا و، ئیبن ڕوشد و، زەهراوی و، چەندین زانای تری مسوڵمان، کتێبی ئەم زانایانە بە جیهاندا بڵاو بووەوە وەکو (الحاوي) ڕازی و، (القانون)ی ئیبن سینا و، (الکلیات)ی ئیبن ڕوشد و، (التصريف لمن عجز عن التأليف)ی زەهراوی. بەڵکو هەندێ لە زانا فەقیهەکان پزیکیش بوون، ئیبن ڕوشد خۆی فەقیهـ بوو و خاوەنی کتێبی (بداية المجتهد ونهاية المقتصد) بوو لە فیقهی بەراوردکاریدا، فەخرەدینی ڕازی خاوەنی کتێبگەلێکی بە ناوبانگە لە تەفسیر و ئوسوڵ و زانستی کەلام و جگە لەوانەیش. دەڵێن شۆرەتەکەی لە زانستی پزیشکیدا کەمتر نەبوو لە شۆرەتەکەی لە زانستە دینییەکاندا، ئیبنو نەفیس دۆزرەوەی سووڕی خوێنی بچووک (الدورة الدموية الصغيرة) بە یەکێک لە فوقەهای شافیعی دادەنرێت و، تاجەدینی سوبکی لە کتێبی (طبقات الشافعية)دا وەکو یەکێک لە فەقیهە شافیعییەکان ناوی هێناوە. لەبەر ئەوەیش کە مسوڵمانان لە کەوندا شوێن سوننەتە خواییەکان کەوتوون، بۆیە پشتیشیان بە زانستی پزیشکی بەستووە و، شوێن ئەو جادوو و نوشتانە نەکەوتوون کە لەناو میللەتەکانی تردا باو بووە و، پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لێ بێت) بە بەشێک لە شیرک لە قەڵەمی داون.
ئەوە ڕاستە کە ئیسلام دەرمانی ڕۆحیی بۆ داناوین، وەکو پەناگرتن بە خوا و دوعاکردن، مرۆڤ دەتوانێت ڕوقیەی شەرعی بۆ خۆی و نەخۆشەکەی بخوێنێت و بڵێت: ( اللهم رب الناس أذهب الباس اشفه وأنت الشافي لا شفاء إلا شفاؤك شفاء لا يغادر سقما)، یاخود (أرقيك والله يشفيك)، یاخود بەو شێوەی حەزرەت (دروودی خوای لێ بێت) ڕوقیەی بۆ حەسەن و حوسەین دەکرد و دەیفەرموو: (أعيذُكُما بِكلماتِ اللَّهِ التَّامَّةِ ، مِن كلِّ شيطانٍ وَهامَّةٍ ومن كلِّ عينٍ لامَّةٍ)، ڕوقیە و پەناگرتن و زیکر و دوعا دروستن، بەڵام ئەمانە دەبێت لە تەنیشت هۆکارە مادییەکانەوە بن کە دەبنە تەواوکەر و بەهێزکەری هۆکارە ڕۆح یەکە. بەڵام هەر ئەوە بەس نییە کەسێک بڕواتە لای یەکێک و ئەویش پێی بڵێت: من قورئان یان موعەویزاتەکان یان ئایەتەلکورسیت لەسەر دەخوێنم و، ئیدی بەوەندە ئیکتیفا بکات، ئەمە چۆن بە تەنها بەسە بۆی ئەگەر ئەو بە دەست نەخۆشی ئەندامێکیەوە بناڵێنێت؟ پێویستە چارەسەری ئەو ئەندامەی بکات، یاخود گەر نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هەبێت دەبێت چارەسەری ئەو ڤایرۆسە بەکار بهێنێت، ئەمە ئەو یاسایەیە کە ئیسلام دایناوە و مسوڵمانانیش لەگەڵیدا ژیاون، ئێمە نەمان بینیوە یەکێک لە هاوەڵان ماڵەکەی کردبێتەوە و بڵێت: من پسپۆڕم لە چارەسەرکردن بە قورئاندا، تەنانەت پێغەمبەری خواش (دروودی خوای لێ بێت) شتی وای نەکردووە، بەڵکو ئەو پزیشکی و چارەسەرکردنی کردووە بە یاسا بۆ ئێمە، بەو شێوەیەی کە خەڵکی پێی ڕاهاتوون.
لە ڕاستیدا قورئانی پیرۆز ئاماژەی بەوە کردووە هەندێک خواردن شیفا و دەرمانی تێدایە، وەکو هەنگوین، کە دەفەرمووێت: (يَخْرُجُ مِنْ بُطُونِهَا شَرَابٌ مُخْتَلِفٌ أَلْوَانُهُ فِيهِ شِفَاءٌ لِلنَّاسِ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَةً لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ){النحل:٦٩}. بەڵام هەندێک هەن نۆرینگەیان کردۆتەوە، بۆ نموونە وەکو ئەوەی بیستومانە لە قاهیرە، فڵانی کوڕی فڵان چارەسەر بە قورئان دەکات، کەسانی گێل ئەوانەی باوەڕ بە هەر شتێک دەکەن کە دەوترێت دەڕۆن بۆ لایان و، بە عەقڵی خۆیان هیچ هەڵناسەنگێنن، بە قسەی لوس هەڵیان دەخەڵەتێنن و، ئەوانیش پارەکە دەدەنە بە ناو شێخ و مەلاکە کە بە گومانی خۆی خەریکی چارەسەرکردنی ئەمانەیە بە قورئان، یاخود جن لە لەشیان دەردەهێنێت، زۆر جاریش شتی ئابڕوبەر دەبینین، وەکو لێدانی توند و ئەو بابەتانە. هەندێک لە ڕۆژنامە و ناوەندە هەواڵییەکان ئەوەیان بڵاو کردۆتەوە کە کەسانێک هەبوون مردوون لە ژێر دەستی ئەم جۆرە کەسانەدا و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، ئەمانە هیچی فڕی بەسەر ئیسلامێکی دروستەوە نییە، بەڵکو دەنگونجێت کە کەسێک سیحر و ئەو بابەتانەی بەرامبەر کرا بە ئستیعازە و زیکر و ڕوقیەکان چارەسەری بکەین، ئەم شتانەیش دەبێت ناسراو بن و خەڵک تێیانبگات، بۆیە بە مەرج گیراوە دەبێت ڕوقیە بە زمانی عەرەبی بێت، نەک بە زمانێک کە تێینەگات (مەبەست ئەوەیە ئەو شتانەی بە ناوی دوعاو ئایەتەوە دەیخوێنێتەوە بە زمانی عەرەبی بێت وەکو خۆی، نەک بە زمانێکی تر بیخوێنێت و فێڵێک لە بابەتەکەدا ڕوو بدات)، یاخود بە پیتی لێکپچڕاو بینووسێت و نەزانین چی تێدایە، هەروەها بە مەرجیان گرتووە ئەو دوعایانە بە ناوی خوا و سیفاتەکانیەوە بکرێت و، هیچ بابەتێکی شیرکیاتی تێدا نەبێت، ئەمە ئیسلام ڕێگەی پێداوە. بەڵام ئەو دیاردانەی خەڵکی دایان هێناوە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی ئیسلام نییە و، هاوەڵان و پێشینی ئەم ئوممەتە لە باشترین سەدەکاندا ئەنجامیان نەداوە، بەڵکو داهێنراوێکە خەڵکی لەم سەردەمەدا دروستیان کردووە، هەموو داهێنراوێکی بێ بنەماش گومڕاییە و، هەموو گومڕاییەکیش سەرئەنجامەکەی ئاگرە. ئیسلام ئەوەی بۆ کردووین بە یاسا کە لە هەموو کارێکدا بگەڕێینەوە بۆلای پسپۆڕانی ئەو بوارە، پرسیار لەوان بکەین و فتوا لەوان وەربگرین، جا لە کاروباری دیندا بێت یاخود دونیا، وەکو خوای پەروەردگار دەفەرمووێت: ( وَلَا يُنَبِّئُكَ مِثْلُ خَبِير){فاطر:١٤}، هەروەها دەفەرمووێت: (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ){النحل:٤٣}. لە کاروباری ئەندازیاریدا دەگەڕێینەوە بۆ لای پسپۆڕانی ئەندازیاری، بۆ کاروباری پزیشکی و دەرمانیش دەگەڕێینەوە بۆ لای دەرمانساز و دکتۆرەکان و، هەر پزیشکەیش و پسپۆڕی تایبەتی خۆی، لە کاروباری دینییشدا دەگەڕێینەوە بۆ لای زانایانی دینیی باوەڕپێکراو. قورئان شیفایە: کەواتە، مانای قورئان شیفایە چییە؟ لێرەدا دەڵێین: لە ڕاستیدا قورئان خۆی واتای ئەو شیفایەی ڕوونکردۆتەوە کە لە هەنێک لە ئایەتەکاندا بە ڕەهایی هاتووە، ئایەتێکی تر ڕەهایی ئەم ئایەتەی بەرتەسک کردۆتەوە و، خوای پەرەوەردگار دەفەرمووێت: (يا أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءَتْكُمْ مَوْعِظَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ وَشِفَاءٌ لِمَا فِي الصُّدُورِ وَهُدًى وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ){يونس:٥٧}. ئایەتەکە ڕوونی کردۆتەوە کە قورئان شیفایە بۆ دەروونمان، شیفای شک و دوودڵی و دڵکوێری و، خەم و ناڕەحەتی و، ترس و سترێسە؛ بۆیە یەکێک لە دوعاکانی پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لێ بێت) ئەمە بوو کە دەیفەرموو: (اللهم اجعَل القُرآنَ ربيعَ قلبي ونورَ بصَري وجِلاءَ حُزْني وذَهابَ همِّي)، هەموو ئەم بابەتانەی کە دوعاکەی بۆ کردوون بابەتی مەعنەوین نەک مادی، پەیوەندییان بە دڵ و سنگەوە هەیە نەک بە جەستە و ئەندامەکانەوە. خوای پەروەردگار قورئانی بۆ ئەوە دانەبەزاندووە چارەسەری ئەندامەکانمانی پێ بکەین، بەڵکو خەڵکی بەپێی ئەو سونەنە خواییانە چارەسەری نەخۆشییەکان دەکەن کە پەروەردگار لە کەوندا دایناون و، قورئان ڕوونی کردۆتەوە کە یاسا و ڕێسایەکن گۆڕانکارییان بە سەردا نایەت.