ئەو وەختەی شەپۆلەکانی ناخ پێکدا دەدەن

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2022-05-12 کۆمێنت 12 خولەک بۆ خوێندنەوە 990 جار بینراوە

مرۆڤ هەبوویەکی تێکئاڵاوی جیانەکراوەی بەشبەشنەکراوە، کاتێک دێینە خزمەتی مرۆڤ، نابێت وەک باڵەخانەیەک لێی بڕوانین کە لە کۆمەڵێک خشتی لەسەر یەک هەڵچنراو ڕۆنرابێت؛ نا، دەزانم لە ڕوویەکەوە لەوە دەچێت و زۆر جاریش بەو شێوەیە دەشوبهێنرێت، لێ ڕاستییەکەی مرۆڤ کتومت لە گەردیلە تێکئاڵاوەکانی نێو زەریایەکی بێ بن دەچێت کە گشت تاکەکانی لەنێو یەکدا لێکئاڵقاون. ئەگەر مرۆڤ پەرداخێک ئاو بێت، کردار و بیرکردنەوە و ڕەفتار و شێوازی ژیان و دانیشتن و هەڵسان، خەوتن و خواردن و خواردنەوە و سەیرکردن و چاوداخستن، بینین و بیستن و تەواوی جووڵەکانی دەوروبەر، دەبنە خوێ و شەکر و گشت توخم و گەردیلەکانی لەناو مرۆڤدا دەتوێنەوە و جیاکردنەوەیان لە ئاوی نێو پەرداخەکە زیاتر لە مەحاڵەوە نزیکە وەک لە واقیع.

لەوانەیە کەسێک بڵێت دوو ئینسان، جمکێک کە لە ڕووی ڕووخسار و زۆربەی تایبەتمەندییە جەستییەکانەوە بە موو لێک جیاواز نین؛ کەچی کاردانەوە و دەرهاویشتەی ڕەفتار و کردار و بیرکردنەوەیان بۆ دەوروبەر، وەک ئاسمان و ڕێسمان لێک دوورن؛ کەوایە ئەوە شتەکانی دەوروبەر نین کە ڕۆڵیان لە داڕشتنی ئێمەدا هەیە، بەڵکو ئەوە ئێمە خۆمانین کە خۆمان دادەتاشین.

ئەم قسەیە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستی تێدایە، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت، ئەو خودەی ئێستا خەریکی داڕشتنی خۆیەتی؛ دیسانەوە پەروەردەی دەستی هاندەر و کاریگەرییەکانی دەوروبەرە؛ بۆیە هەردەم ئینسان حەوجێ بە قاڵب و پاڵاوتەیەکی دروستە تا هاوردەکراوەکانی دەوروبەری پێ بپاڵێوێت و بەو شێوەیە کەڵکیان لێ وەربگرێت کە خزمەتی پەیام و ئامانج و پرەسنیپەکانی دەکەن، ئاخر ئەگەر قاڵبێکی تۆکمە و ڕیشەدار و بەهێز لەسەر بنەمای مەعریفە و ئیمان و خوێندنەوەی واقیع دروست نەبووبێت، ئەو کاتە هەر ڕۆژەو لە ئاوازێک دەخوێنین و قەتاوقەت دامەزراوی کە خواستێکی لەمێژینەی ئینسانییە، میوانمان نابێت. ئیدی بەو شێوەیە دەگلێین کە ئەمەریکا و ڕۆژاوا بە گشتی، لە سۆنگەی مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەوە، گلان. ئیدی ناجێگیری دەبێتە تاکە پرەنسیپی جێگیر. واتە ئێمەی مرۆڤ ناسنامە و بوون و قەوارەی خۆمان ڕادەستی پێشهات و زانیاری و شەپۆلەکانی ڕۆژگار دەکەین و هیچ شتێکمان هیی خۆمان نابێت، لە سەرەتاوە وا دەزانین ئەوە خۆمانین حوکمی خۆمان دەکەین و جێگای خودایەتیی خودامان بۆ خۆمان گرتووەتەوە، بێئاگا لەوەی جگە لە کۆیلایەتیی تەواوی چرکە و ساتەکانی ژیان بەوەی لە هەناویانەوە چی دێتە گۆڕێ، چ شتێکی دیکەمان حاسڵ نەکردووە.

ئێمەی مرۆڤ دەبێت خاوەنی قاڵبێکی دامەزراوی تۆکمەی نەگۆڕاو بین، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ناسنامەی ژیان، مردن، ڕەگەز و دیرۆک و ڕەچەڵەک و مرۆڤبوونمان پارێزراو بێت و ئەوەنە بە بێماڵی و بێحاڵیەوە تەپاوتل نەکەین.

لە سەرەتاوە ویستم هێندێ قسەی دی بکەم، کەچی سەرم لە شتی دیکەوە دەرچوو، دەی قەیناکە دوور نییە قسەکانم پێوەندییان پێکەوە هەبێت. من دەخوازم بڵێم: وا نەزانن شێوازی ژیان لە بچووکترین شتەوە تا گەورەترینی، کاریگەریی لەسەر داڕشتنی خۆت و بیروبۆچوون و چارەنووسی مرۆییت نابێت.

وا خەیاڵ نەکەیت ئەو وێنە جووڵاوانەی لە ڕێگای پەنجە کەڵەتەوە بەسەریاندا تێدەپەڕیت، تۆ سەرلەنوێ داناڕێژنەوە. لەوانەیە بڵێیت من مەکینەی داڕشتنەوەی زانیاری و شتە هاوردەکراوەکانم بە هۆی خوێندنەوە و ئایین و فەلسەفە و چی و چیی دیکەوە بەهێزە و خۆم دەزانم چۆن سوودیان لێ دەبینم، یاخوا بەو شێوەیە بیت کە خۆت دەیڵێیت، لێ بێگومان بە لەوەی ئەو شتانەی بەر تۆ دەکەون و وا دەزانیت تۆ ئەوان بەکار دەهێنیت، ئەوانیش ڕۆڵیان لە ئاڕاستەکردن و داتاشینی مەکینەی هەڵسەنگاندن و تێڕوانینی تۆدا هەیە. بۆیە تا دەکرێت لە ئاست بینین و بیستن و چەشتن و تەواوی وەرگرەکانتدا بە ئاگادارییەوە مامەڵە بکە و هیچ هاوردەکراوێکی دەرەوەی خۆت و تەنانەت ناوەوەی خۆیشت، بە کەم سەیر مەکە!

نییەتی تۆ بۆ وەرگرتنی شتەکانی دەوروبەر و کەڵکلێوەرگتنیان بەگوێرەی نیازی خوازراوی خۆت، گەلێ گەلێ گرینگە و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت؛ لێ بیر لەو کاتە بکەرەوە کە شتەکە لە نیازەکەی تۆ گەورەتر و بەهێزترە و هەژموونی ئەو، تۆ هەڵدەلووشێت! ئەو وەختەی بە کەشتییەکەوە لەنێو زەریادا شەپۆلەکان دەبڕیت، ئەوە تۆیت کە سوود لە ئاڕاستەی با و جووڵەی شەپۆلەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت دەبەیت، بەڵام هێندێ جار شەپۆلەکان لە کەشتییەکەی تۆ زەبەلاحتر و بەهێزترن و ژێرەوژوورت دەکەن. ئەی وەختێ بە تاقی تەنیا و بە ڕزگارکەرێکی نایلۆنەوە، یان بەلەمێکی بچووکی کون-کونەوە، ملی زەریا بگرینە بەر، چی دەقەومێت؟! وا هەست ناکەیت زۆربەمان بە ناخێکی بۆش و بیرێکی سەراوی و تفاقێکی زۆر هیچەوە خەریکین بێپەروایانە زەریای دەوروبەر تەی دەکەین؟! ئەو ساتەی خنکاوین، لەنێو زەریادا هەست بە خنکانەکەمان ناکەین، ئاخر وا بووین بە بەشێک لە زەریا و بە دەم شەپۆلەکانەوە دێین و دەچین و هەڵدەبەزین و دادەبەزین و ناتوانین خۆمان ببینین.

خاڵێکی گرینگ هەیە، دەبوو لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێ بدایە، بێگومان غەریزە و فیترەت و هەستەوەر و توانستە عەقڵی و جەستەییەکانی خۆیشمان، ڕۆڵێکی فرە کاریگەر دەگێڕن؛ ئەی ئەوە نییە هێندێ جار وەختێ هاندەرەکان جەخت لەسەر غەریزە دەکەنەوە و هار و شێت و شەیدای دەکەن، ئینسان جگە لە غەریزەی هەڵپەداری، نکارێت شتێکی دی ببینێت. بڕێک جاریش ئەوە قاڵبە دینی و مەعریفی و هۆشیارییەکەیە کە هاوردەکراوە غەریزییەکان لە چوارچێوە دەدات و پاک و پیسیان دەکات و هەر شتێک دەخاتەوە جێگای گونجاوی خۆی، کەوایە ئامادەییە لەمێژینە مرۆییەکانی خۆیشمان، هەم وەک ئاڕاستەکار و هەم وەک ئاڕاستەکراو زۆر گرینگن، بەڵکو لەوە بایەخدارترن کە بیریان لێ دەکەینەوە.

من ئەم هەموو شێر و ڕێوییەم دەزانیت لەپێناو چیدایە؟! ئەگەر تا ئێستاکە لە وڕێنەکانم قەڵس نەبووبێتیت و هاودەمم بووبیت، هەست دەکەم شتێکت بۆ دەرکەوتووە؛ من دەخوازم جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بکەمەوە، هیچ شتێک بە کەم نەزانین، نە توانست و ئامادەییە بنیادەمییەکانی خۆمان، نە ژینگە و توانستە بەدەستهاتووەکان، نە هەستەکان، نە شاشە و نە پێکەنین و نە گریان و نە تووڕەبوون و نە و نە...هتد. گشت شتێک ڕۆڵی لە گشت شتێکی دیکەی گیان و ژیان و دەروونماندا هەیە. قەت نەکەیت وێنەیەکی تێپەڕ، سڵاوێکی گەرم، دیمەنێکی جوان و شیرین، ئاگرێکی بڵێسەدار، هاوینێکی تاقەبتپڕووکێن یان زستانێکی کەلەتەزێن، بەهارێکی سەوز یان پاییزێکی گەڵاڕێزان، هۆنراوەیەکی مانادار یان پەخشانێکی قووڵی بێدارکەرەوە، چیرۆکێکی کورت یاخود گۆرانییەک کە ئینسانمان یاد بخاتەوە، بە کەم سەیر بکەیت.

وەختێک دونیایەکی گریمانەیی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی گشتی، یان کاتێک شێوازی ژیانی خەڵکی، پووچێتی و بێناوەڕۆکی و بێپەیامی تێدا زەق دەبێتەوە و دۆخێکی هیچ و لەباردانەبوو دەخوڵقێنرێت، وا نەزانیت کاریگەرییەکانی تەنیا لە سنوورێکی دیارکراودا لەنگەر دەگرن و ئیدی تەواو دەبڕێتەوە...نەخێر، ئەو دۆخە هەر تایبەتمەندییەکی هەبێت، هەمان تایبەتمەندی لە حەمکەیەک ڕەهەندی دیکەدا ڕەنگ دەداتەوە کە بۆ ئێمە وا دەردەکەوێت بە خوێی چێشتیش بە یەکدی ناگەنەوە. بۆ وێنە: وەختێک هیچ و پووچی و بێمانایی بەسەر فەزایەکی دیاریکراودا هەژموون پەیدا دەکات، دوور نییە ئەو دۆخە بۆ کایە فیکرییەکانیش بپەڕێتەوە و لادانێکی مرۆیی ترسناک لە بیروباوەڕی خەڵکیدا بێنێتە کایەوە. کابرا بە درێژایی ژیانی لاپەڕەکانی دوو کتێبی لەبارەی فەلسەفە و زانست و ئایینەوە هەڵنەداتەوە، کەچی دوای ماوەیەک سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی جاران دەفکرێت و دەئاخڤێت و قسەی سەرسووڕهێنەڕ فڕێ دەدات، خۆ هیی ئەوە نییە مەعریفەی زیادی کردبێت، نەخێر...ئەگەر بە کۆڵانەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا پیاسەیەکی پێنج دەقەیی بکەیت، بۆت ڕوون دەبێتەوە ئەو کەسە ماوەیەکی زۆر نییە، لایک یان فۆڵۆوی بڕێک ئەککاونت و پەیجی فەیسبووکی کردووە، کە جگە لە ڕەواجدان بە پووچێتی و بێپەیامی و بێمانایی، کارێکی دیکەیان پێ شک نایەت. ئەگەر لەم سەردەمەدا، کەسێکی مولحیدت بینی، بەر لەوەی لێی بپرسیت چی دەخوێنیتەوە، لێی بپرسە تەماشای چ فیلمێکی سینەمایی یان زینجیرەیی یاخود چ ئەنیمی و ئەنیمەیشنێک دەکەیت؟!

ئیلحاد بە سرووشتی خۆی، سەری بنیادەم لە بێمانایی و هیچێتی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون و بیانوویەکی دروست و عەقڵانیی ژیانەوە دەردەکات _هەڵبەتە ئەگەر ئیلحادێکی ڕاستەقینە بێت_ بۆیە بڵاوکردنەوەی هەر پووچێتییەک کە تۆ بە کەم لێی دەڕوانیت، بە ڕاستەوخۆ بێت ناڕاستەوخۆ، خزمەتکردنی ئەو تێڕوانینەیە.

چەندێکمان دی بەر لەوەی پێ بنێنە نێو زانکۆوە، خاوەن دڵێکی نەرم و چاوێکی پڕ لە مانا و جوانی و دەروونێکی ئارام بوون، کەچی پاش چەند مانگێک، تۆ بڵێ چەند ساڵێک؛ لێوێکی ڕەش، دڵێکی ڕەق، چاوێکی تاوانبار و دەروونێکی تەنگ و دژوار بوو بە ئاگر و بەر بوو لە ڕووخساریان. خۆ زۆربەی ئەمانە نە خوێندوویانەتەوە و نە زۆر تێفکریون، بەڵکو زۆربەیان تەنیا کەوتوونەتە نێو شێوازی ژیانێکی نوێوە کە ئامادەی نەبوون. یان دروستتر وایە بڵێین قاڵبێکی هێندە تۆکمە و بەهێزیان نەبوو بەرگەی شێوازی ژیانێکی سەپێنراو بگرێت، بۆیە بە شوناس و بیروباوەڕ و تەواوی تایبەتمەندییەکانیەوە، خۆی ڕادەست و بە قوربانی دەکات.

دڵنیام ئێستا کەسێک لای خۆیەوە تانەم لێ دەدات و دەڵێت: باشە خۆ بەپێچەوانەیشەوە دەشێت ڕوو بدات، کەسێک بەر لە پەیداکردنی هاوڕێیەک، ژوورێکی بەشی ناوخۆیی، یان هەر هاندەر و ژینگەیەکی دی، دەشێت بە دەست کۆمەڵێک سیفەتی خراپ و کاولکەرەوە بناڵێنێت؛ کەچی دواتر پاش دۆزینەوەی ئەوان، خۆی لە ترۆپکی جوانی و پەیامداری و ماناداریدا ببینێتەوە...هیچ قسەیەکم نییە بیخەمە سەر ئەم سەرنجە، تەنیا ئەوە نەبێت، زۆر ڕاستە و هەر هەمان حەقیقەت دەسەلمێنێت.

تۆ بیرت لەوە کردووەتەوە بۆچی خودای دلۆڤان، تەواوی بەرنامەی ژیان و شێوازی بیرکردنەوەی بۆ ئامادە کردووین؟! باشە قەت لەوە ڕاماویت ئینسانێکی عاقڵی باڵغی بێدار بۆ دەبێت پێنج فەڕز نوێژ بکات یان کە پارەی هاتە دەست، زەکات و هەژاران لە بیر نەکات، یاخود لە ساڵێکدا لانی کەم مانگێک شێوازی ژیانی بە تەواوی وەربچەرخێنێت؟! ئەی ئەم هەموو زیکر و ویرد و بەیانیان و ئێواران و خەوتن و خواردن و خواردنەوە و هەڵسان و دانیشتنە لە پای چی؟! کەسی وا هەیە دەڵێت: دین چۆن دەبێت هێندە خۆی لە وردترین کاروبارەکانی ژیانی ئینساندا هەڵبقورتێنێت؟! ئەوەی بەم شێوەیە بیر بکاتەوە، لە کرۆکی ئینسان هێشتا حاڵی نەبووە...هێشتا ئەوەندە باڵەمەلە فێر نەبووە، تا لە کەناری زەریای بێبنی مرۆڤدا مەلە بکات... جارێ لەوە نەگەیشتووە کە مرۆڤ هێندە ئاڵۆزە، چرکەیەک جێی بهێڵیت، زۆر زۆرە! هەر چەندە ئەوانەی وەک ماددە لە مرۆڤ دەڕوانن و تەنیا بە خواستە ماددییەکانی بنیادەم قایل دەبن و جگە لە چێژ، بایەخ بە ڕەهەندەکانی دیکەی مرۆڤ نادەن؛ لە ڕووی کردارییەوە لە ئێمە باشتر لەو تایبەتمەندییە مرۆییە حاڵی بوونە، ئاخر ئەوەتا لەم سەردەمەی خۆماندا، کایەیەکی ژیانی ئینسانیان نەهێشتووەتەوە، ماددە و سامان و سەرمایە و چێژ و خێرایی و ڕاکەڕاک حوکمی نەکات... ئەو هێندە لە خەمی چرکە و خولەک و ڕۆژە‌کانی ژیانی تۆدایە، ڕێگا نادات بۆ چرکەساتێک لەگەڵ خۆتدا بیت و تەنیاییەکی ئارام میوانت بێت، بەڵکو تەنیاییەکانیشت بەو خواست و ئاژاوە و گەڕەلاوژە و قەرەباڵەخییانە پڕ دەکاتەوە، کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات.                  ‌

پەیامی خودا وەک چۆن ئەگەر خۆتی ڕادەست بکەیت، قاڵبی بیرکردنەوە و مامەڵەت بە جارێک ژێرەوژوور دەکات؛ بە هەمان شێوە خۆت ڕادەستی هەر جۆرە بیرکردنەوە و ئارەزوویەکی دیکەیش بکەیت، دیسانەوە بەبێ ئەوەی خۆت ئاگات لێ بێت، بەو ڕێگایەدا پێ هەڵدەگریت و هەنگاو دەنێیت کە مەیل و بایەخەکەت دەیەوێت. ئیدی لێرەوەیە کە زۆرێک لە جیاوازییەکان دێنە کایەوە و بەشێک لە گومڕاییەکان دروست دەبن، بەو مانایە نا کە هەموو جیاوازییەک گومڕایی بێت؛ نا، بەو واتایەی ئێمە هەموومان دیلی دەستی بایەخ و سەرچاوەی بڕیار و کانگای تێڕوانینەکانمانین. ئێمە وەک مرۆڤ لە هەر بوونەوەڕێکی دی پتر حەوجێ بە پەروەدرگارمانین، ئاخر ئەگەر بۆ چرکەساتێکیش چییە، بمانداتە دەستی خۆمان، دوور نییە نەک هەر خۆمان، بەڵکو جیهانێک بە شوێن خۆماندا وێران و تەفروتوونا بکەین.

"يا حي يا قيوم، برحمتك أستغيث، أصلح شأني كله، ولا تكلني إلى نفسي طرفة عين: ئەی ئەوەی کە هەمیشە زیندوویت و تەواوی شتەکانی دی بە تۆوە وەستاون و جێگیر و دامەزراون، پەنا بۆ بەزەیی خۆت دێنم و لێت دەپاڕێمەوە، هەر خۆت تەواوی کاروبارەکانم بۆ چاک بکە و بۆ چاوترووکانێکیش چییە، مەمدەرە دەست خۆم."

من لە دڵەوە بڕوام وایە، نەک هەر شتەکان و ئێمەی مرۆڤ کاریگەرییەکانمان لەسەر یەکدی هاوتەریبن، بەڵکو تەواوی بوون، بە هەمان شێوە کاریگەریی لەسەر یەکدی هەیە؛ ئەگەر من باش بم، ڕۆڵی لە دەوروبەر و تەواوی بوونەوەرانی دیکەدا هەیە و بە پێچەوانەیشەوە هەر ڕاستە. هەرچەندە ئەمەیان کەمێک سەلماندنی زیاتری پێویستە، بەڵام لێرەدا تەنیا وەک دەرەنجامێک بەسەری دەکەمەوە و وەک قەناعەتێک دەیخەمە ڕوو، ئاخر وا هەست دەکەم ئێمە و تەواوی گەردوون، کاریگەریی ڕاستەوانەمان لەگەڵ یەکدیدا هەیە.

بوونی خراپە و ناشیرینی و زوڵم لە هەر پارچەیەکی ئەم زەوییەدا هەبێت، بۆ تەواوی گۆی زەوی مایەی سەرشۆڕی و چەرمەسەری و خراپەیە...ئەمە خەمخۆریی ئایینی ئیسلام لە پەیامی فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە، ئیدی لە هەر گۆشەیەکی ئەم سەرزەوییەدا بێت، پشتڕاست دەکاتەوە. ئیسلام ئەو پەیامە گشتگرە جیهانییە هەتاهەتاییەیە کە بە جوانترین شێواز، هەم ئینسانی لە پێش چاوە و هەم گەردوون، هەم جەستە و هەم ڕووح، هەم زەوی و هەم ئاسمان، هەم ژیان و هەم مردن، هەم دەرەوە و هەم ناوەوە...ئاای ئیسلام چەندە مەزنیت، چەندە مەزن!

هەمیشە ئەوەی لە ئێمەی مرۆڤەوە دیارە، زۆر زۆر کەمترە لەوەی لێمانەوە پەنهانە؛ ئەوە بۆیە هەرگیز ناتوانین لە ڕێگای هەست و خوست و زانست و دانایی و تەواوی تفاقە مرۆییەکانمانەوە پێشبینیی سەداسەدی ڕەفتار و تێڕوانینەکانی بنیادەم لە سۆنگەی کاریگەرییەکانی ژینگە و دەوروبەر و پەروەردە و هاندەر و هاوردە و دەرکردە و خودی مرۆڤەوە بکەین، ئاخر دەشێت کاریگەرییەکان بە پێچەوانەی پێشبینییە نوقسانەکانی ئێمەوە، ڕاستەوانە دەرنەچن و تەواو هەڵگەڕاوە خۆیان بنوێنن.

بۆ وێنە: چەندین جار ئەوە ڕوو دەدات، لە ڕێگای تاوانێکەوە کەسێک چەندین پلە بەرز دەبێتەوە و ئەزنەکێک دەدات، بە ئەندازەی چەندین ساڵی تەمەن بەرەو ئاڕاستەی پێچەوانەی تاوانەکە وەریدەچەرخێنێت. بەو دیوەکەی دیکەیشدا هەر ڕاستە، دەکرێت بنیادەمێک لە ڕێگای کۆمەڵێک چاکە و عیبادەت و جوانییەوە هێندە دڕندە ببێت و بەرەو دۆڵی ناشیرینی و خراپە و چڵێسی غلۆر ببێتەوە، چاوەکان لە ئاستیدا واقوڕماو بمێننەوە.

ئاای چەند جوانی ناشیرینی لێ کەوتەوە و چەند تاوان چاکە، چەند چاکە دڕندەیی لێ ڕوا و چەند خۆشەویستی ڕقی لێ چێ بوو. دەشێت لە قووڵایی زۆنگاوی دزێوی و ترسناکی و ڕق و خراپەدا، لووتکەی چیای جوانی و بێوەیی و ئەوین و چاکەمان لێ بێنێتە کایەوە!  مرۆڤ لە کرۆکدا بوونەوەرێکی پێشبینینەکراوە، بۆیە ئێمەی مرۆڤی لاوازی چاوەڕواننەکراوی هەمیشە جووڵاو کە تا ئەو کاتە پێشبینییەکانمان لەبارەی مرۆڤەوە دروستن، چاوەڕێی گشت شتێکی لێ بکەین؛ کەوایە لە تەواوی دروستکراوانی دیکەی گەردوون پتر ئاتاجی خودای دلۆڤانین. ئەو پەروەرێنەی خۆمان لە ئاستیدا لە لووتکەی لاوازی و بێدەسەڵاتیدا دەبینینەوە و بەوپەڕی دڵنیاییەوە لێی دەپاڕێینەوە، کاریگەرییەکانمان بە ئاڕاستەیەکدا بۆ بشکێنێتەوە، خۆی پێی باش و دروست و جوان بێت. ئاخر ئێمە تەنیا لە ڕوواڵەتی سنوورداری تەسکبینی مرۆیی خۆمانەوە لە شتەکان دەڕوانین و دەوروبەر هەڵدەسەنگێنین، بۆیە لە تەواوی چرکەساتەکانی ژیانماندا هەمیشە و هەتاهەتایە حەوجێ بە ئەو ئافرێنەرە بێسنوورە هەتاهەتاییە هەرهەبووەین تا بە شێوەیەک ڕێنموونیمان بکات، لە کۆتایی ڕێگاکەدا بە خێر و جوانی و گەورەیی بۆمان بگەڕێتەوە. پەروەردگار دەفەرموێت: «اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ».

تکایە نەکەیت وا لێم بگەیت، من بانگەشە بۆ ڕێژەگەرایی و هەرکێ بۆخۆیی دەکەم، نەخێر...من لە ڕیشەوە تەواو پێچەوانەی ئەو جۆرە تێڕوانینەم، تەنیا دەمەوێت ئەو حەقیقەتە بە گوێی خۆم و تۆی هێژادا بدەم؛ ئێمە لە ڕوانگەی بینینی مرۆیی سنووردارمانەوە شتەکان و کاریگەرییەکان هەڵدەسەنگێنین و بڕیاریانیان لەبارەوە دەدەین و کارێکی خراپیش ناکەین بەگوێرەی ئەو زانین و بینین و شتەی لێمانەوە دیارە، پێشبینیی خۆمان بکەین، لێ تا ئەو ڕۆژەی ماوین، پێویستمان بە کۆمەکیی ڕوانگە سرووشی و قورئانییەکە دەبێت؛ تا لە چاویلکەی وەحیی خوداییەوە بەگوێرەی تێگەیشتنی کورتمان بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاو بنێین کە ئەو لێمانی دەوێت؛ هەرچەندە هێشتا ئەمەیش ناتوانێت بەو ئامانجە مەزنە خوازراوەمان بگەیەنێت، ئەگەر یارمەتی و پشتیوانیی خودا خۆی نەبێت...دەبێت لە ناخی دڵەوە هاوار لە ئەو بکەین، تا هەردەم کۆتاییەکانمان لە خزمەتی خێر و جوانی و پاکی و چاکیدا لەنگەر بگرێت نەوەک بە پێچەوانەوە.

خۆشەویست دەفەرموێت: «اللَّهُمَّ إِنَّا نَعُوذُ بِكَ مِنْ أَنْ نُشْرِكَ بِكَ شَيْئًا نَعْلَمُهُ، وَنَسْتَغْفِرُكَ لِمَا لَا نَعْلَمُهُ».

تاگەکان    
جوانی خوێندنەوە نوێژ بوومەلەرزە بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن ڕانانی کتێبب ئایا سۆفیا دەروونی بووژانەوە کۆیلایەتی پۆرن جنۆکە چەواشەکاریی لۆژیکی یاسا چەواشەکاریی_لۆژیکی
فیکر
2022-05-12 کۆمێنت 12 خولەک بۆ خوێندنەوە 990 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی