ستەم لە قورئان دەکەین

نووسینی: محەمەد سلێمان سەنگەسەری
فیکر 2026-11-16 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 144 جار بینراوە

ستەم لە قورئان دەکەین ئەگەر تەنها ئەو ئایەتانە بخەینە بەرچاوی خەڵکی کە باسی سزا و ئەشکەنجەی دۆزەخی تێدا دەکرێت، وەکچۆن بە هەمان شێوە ستەمە ئەگەر تەنها ئەو ئایەتانە لەبەرچاوی خۆمان خەست بکەینەوە کە بەڵێنی کەیف و خۆشیی تێدایە بە بەهەشت و باخوباخاتەکانیەوە.

قورئان دەیەوێت مرۆڤ ببێتە بوونەوەرێکی هاوسەنگ، بزانێت کە هەم خاوەنی خودایەکی ذي الطول و الغفور و الرحيم ‍ـە و، هەم ئەو خوایەش القهار و شديد العقاب و شديد العذاب ‍ـە، هەم خاوەنی سۆز و میهرەبانییەکی بێسنوورە، هەم سزا و تۆڵەیەکی توند و قورسیشی هەیە؛ هەرکام دیوەی بخەیتە لاوە، وێنایەکی نادرووستت بۆ درووست دەبێت و -پەنا بە خوا- خوایەکی ناکامڵت دێتە بەرچاوان.

پێغەمبەرانیش کە ئەولیای خوا بوون و، نزیکترین مرۆڤەکان بوون لە مەقامی باڵای خودا، بەم جۆرە کامڵە خوای خۆیان ناسیوە، ئەوەتا خوای گەورە بۆخۆی لە وەسفی خاوخێزانی پێغەمبەر زەکەریادا دەفەرموێ: (إِنَّهُمْ كَانُوا يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَبًا وَرَهَبًا ۖ وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِينَ) واتا: ئەوان پەلەپەلیان دەکرد لە ئەنجامدانی کاری چاک، تا بە زۆرترین ڕابگەن. هەروەها لە ئێمە دەپاڕانەوە و هەردوو دیوەکەی ئێمەیان لێ دیار بوو، هەم (رغبة)‍ـیان هەبوو لە بەرانبەر ئەو خوایەی بەسۆز و میهرەبانە تا پروشەیەک لە دەریای بەخششەکانی خۆیان پێ ببەخشێت، هەم لە هەمان کاتدا (رهبة)‍ـیشیان هەبوو، دەترسان و دەسڵەمینەوە لەو خوایەی کە سزایەکی بەئێش و قورسی هەیە. ئا بەم جۆرە بە تەواوی وجوودیانەوە داهاتبوونەوە بۆ خوای خۆیان، ملکەچیی خۆیان ڕاگەیاندبوو.

ئنجا خوای گەورەش لە وەسفی شێوازی دوعا و عیبادەتی بەندە نزیکەکانی خۆیدا دەفەرموێ: (يَدۡعُونَ رَبَّهُمۡ خَوۡفٗا وَطَمَعٗا)، ئەوان کە داوا لە خوا دەکەن، بە دوو ئاڕاستە دەڕوانن؛ لەلایەکەوە ترسیان هەیە لە خەشم و غەزەبەکەی، لە لایەکەی تریشەوە ئومێدیان بەرزە، چاوەڕوانی زۆرن لە خوای خۆیانەوە! 

 

جا قورئان وەک یەک پاکێج وایە، بۆیە بە پارچەپارچەکردنی، یان خەستکردنەوەی چوار-پێنج ئایەت لەسەر حسابی ئایەتەکانی تر، ئەوا کۆی گشتیی وێنەکەت لێ وون دەبێت و سەرت لێ دەشێوێت. 

با خوانەخواستە وەک ئەو گرۆیەی بەنوئیسڕائیلمان لێ نەیەت کە خودا گلەیی لێ دەکردن لەوەی بڕوایان بە بەشێکی کتێبەکە هێنابوو و بەشەکەی تریان داپۆشیبوو و خۆیان لێ غافڵ کردبوو: (أَفَتُؤمِنونَ بِبَعضِ الكِتابِ وَتَكفُرونَ بِبَعضٍ).

تاگەکان    
تەکنۆلۆژیا حەج دیزاینی زیرەک پۆدکاست یادداشتەکانی سوهرابی سپێهری عێڕاق کۆرۆرنا عەبدولکەریم سرووش قورئان حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی پارەی ئیلیکترۆنی یادەوەری سۆفیگەری گەنجان زانایان
فیکر
2026-11-16 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 144 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2026 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی