*کاتێک گەیشتینە ئاوایی ساریتا تازە خۆر هەڵاتبوو و ڕۆژ هەناسەی دەدا، هەر کە گەیشتینە یەکەم دەرگا ڕاستەوخۆ لێمان دا. دوای ئەوەی بۆمانیان کردەوە و لەو ژوورەی بۆ میوانیان ئامادە کردبوو داڵدەیان داین، لەتاو ئازار و ماندوویی، چەشنی مردوو کەوتینە سەر زەوی و زۆری نەخایاند چووینە نێو قووڵایی خەوێکی شیرینەوە. ئەم هیلاکییەمان سەیر نییە، چونکە بەدرێژایی شەو بە پێ ڕێمان کردووە، بەسەر شاخێکدا سەر دەکەوتین و دواتر شۆڕ دەبووینەوە بۆ نێو دۆڵێک و ئینجا بە تاشەبەردێکدا هەڵدەزناین، تا گەیشتینە ئەم لادێیەی کە لە ئاوەدانی هەڵهاتووە و ملی ناوەتە دۆڵە کاکیبەکاکییەکانی ڕۆژهەڵاتی لوبنانەوە تا ئەم لووتکەیەی، کە لە دابڕان و بەرزیدا هاوتای نییە و لەنێوان زەوی و ئاسماندا بزر بووە، دۆزیوەتەوە و ڕێک هاتووە بەسەریەوە نیشتووەتەوە.
کاتێک بەئاگا هاتین دیتمان خەڵکەکە زۆر بە بینینی ئێمە دڵخۆشن و فرە پێیان سەیرە کە ئێمە ئەم هەموو ڕێیەمان بڕیوە و هاتووین بۆ لایان. هەندێک پرسیارمان لێ کردن و بەم شێوەیە دەرگای قسە و باس کرایەوە. زانیمان پێشتر هیچ نەناسێک بۆ شارەکەیان نەهاتووە -مەبەستم ئەوەیە پێیدا هەڵنەزناوە-. ئەوان بە ترس و وریاییەوە لەگەڵمان دەدوان، کاتێک باسی ڕەچەڵەکی خۆمان بۆ کردن و خۆمان پێ ناساندن، قەیرێک ئارامی کەوتە دڵیانەوە، لێ دوای ئەمەیش هەر وەڵامی پرسیارەکانمانیان نەدەدایەوە و دەیانوت مامۆستا دەزانێت. «ئێمە وەرزێرین و لێتان ناگەین، بەڵام ئەگەر مامۆستا بێت...». کاتێک مامۆستایان گۆ دەکرد، دەتوت گەلێکن و باسی پاشا مەزنەکەیان دەکەن؛ چاویان لە خۆشەویستیدا دەدرەوشایەوە و دەنگیان وەک ڕێزێک نزم دەبووەوە. من پێم سەیر بوو کە مامۆستای دێیەکە -ئەو کەسەی وانەی پێ وتوون- ئەم پێگەیەی لایان هەیە، چونکە ئێمە وا ڕاهاتووین کە جووتیاران، سەربازی ناوچەکەیان لە مامۆستاکەی لا گەورەتر و گرنگتر بێت. بۆیە وتم: ئەرێ بانگی ئەم مامۆستا بەڕێزە ناکەن تا چاومان پێی بکەوێت؟!
کە ئەم قسەیەیان بیست شڵەژان، دەیانڕوانیە یەکتر و نیگایان ئاڵوگۆڕ دەکرد، باوەڕدار کفر دەبیستێت چی لێ دێت، ئەمانیش ڕێک وایان لێ هاتبوو. بێدەنگییەکە درێژەی کێشا، ناچار پرسیارەکەم دووبارە کردەوە، خاوەنماڵەکە لە حاڵێکدا کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستبووە گەڕ بۆ ئەوەی تووڕەییەکەی جڵەو بکات و میوانەکەی ئازار نەدات، هاتە قسە و وتی: مامۆستا سەردان دەکرێت، سەردان ناکات!
وەختێک گوێم لەم قسەیە بوو، سوکناییم بۆ هات و وتم: کێشە نییە؛ ئێمە بە زیارەتکردنی خۆمان شکۆمەند دەکەین، گەر بمزانیبایە وایە، لێم نەدەخواستن بانگی بکەن؛ دەی هەستن با بچین بۆ لای.
هەستان و هەندێک لەو تووڕەیی و شڵەژاوییەی قسەکەی من تووشی کردبوون، ڕەویەوە. دەستمان کردە ڕێبڕین و هەڵزنان بە ڕێگا باریک و پێچاوپێچەکانی دێیەکەدا. من ئەم «مامۆستا»یەم بە خەیاڵ وێنا دەکرد و لە وێنەی ئەو مامۆستایانەی بە لاوی ناسیمبوون بترازێت هیچی ترم بە مێشکدا نەدەهات، ئەوە نەبێت -هێندەی دیارە- ئەم ئەوەندە فێڵباز و کڵاوچییە توانیوێتی جووتیارەکان فریو بدات و بە جۆرێک کڵاوی خستوونەتە سەر، وایان زانیوە شتێکی فرە گەورەیە و هیچیش نییە.
تا کە گەیشتینە لووتکەی شاخەکە، بینیمان ماڵێکی لێیە لە گشت ماڵەکانی دێیەکە بەرزترە و کانییەکە کەوتووەتە خواریەوە، بە دەوری خانووەکەیشیدا باخچەیەکی جوان هەیە. چووینە ژوورەوە، بینیمان ماڵەکە فەرشێکی پاک و ناوماڵەیەکی -لەوانەی لە شارەکاندا هەیە- تێدایە، هەروەها خەزێنەیەکی پڕ لە کتێبی لێ بوو، لە نزیکی کتێبخانەکەیش مێزێکی بچووک هەبوو، هەندێک پەڕە و پێنووسی لەسەر بوو، کتێبێکیش، کە هەر لە یەکەم بینینەوە زانیم «الإحیاء»ـی غەززالییە، سوێند بەخوا وا نازانم هیچ شتێکم هێندەی ئەوە پێ سەیر بووبێت. هەندێک لەوێدا ماینەوە، پاش ماوەیەک پیاوێکی ڕیشسپی هاتە ژوورەوە، عابایەکی دابوو بەسەر شانیدا، لەژێرییەوە جلێکی سپیی خاوێنی پۆشیبوو کە دیار بوو هیی پیاوماقووڵانە. بە زمانێکی پاراو بەخێری هێناین و دەستی کردە دواندنمان. جووتیارەکان وەک دەرخستنی ڕێز و گەورەیی، هەر لای دەرگاکەوە دانیشتن و لە مامۆستا نزیک نەبوونەوە و وا کپ بوون ئێژیت باڵندە لەسەر سەریان هێلانەی کردبوو.
پیاوە ڕیشسپییەکە دەستی کردە قسە و منیش هەر وا تێیم دەڕوانی و مێشکمم دەگوشی تا بیرم بێتەوە ئەم ڕوخسارەم لە کوێ دیوە؟ وەختێک ئەم کارەم درێژەی خایاند، هەستی پێ کرد. وتی: کوڕی خۆم، چیتە؟ وتم: قوربان وا دەزانم دەتناسم. پێکەنی و وتی: کوڕی خۆم، منیش دەتناسم، مەگەر تۆ ساڵی 1918 لە خوێندنگەی بازرگانی نەبوویت؟
هەندێک ڕامام و دەڵێیت جارێکی تر منداڵ بوومەوە و بیستوسێ ساڵ گەڕامە دواوە و لەوێوە، لە مامۆستای خۆشەویستم، مامۆستا عەبدولواسیعم دەڕوانی، هیچم پێ نەکرا ئەوە نەبێت هاوار بکەم: مامۆستاکەم! کەوتمە سەر دەستەکانی تا ماچیان بکەم، ئەویش دەستی بە پشتمدا دەهێنا و ماچی توێڵی دەکردم، هەرکێ لەوێ بوو فرمێسک بە چاوانیدا هاتنە خوار.
ئەو مامۆستایەی کە بیست ساڵ پێش ئێستا قوتابخانەی جێ هێشت و مووچەکەیان بڕی و دوای ئەوە ئیتر هیچ هەواڵێکمان لێی نەبیست و وامانزانی مردووە، هێشتا زیندووە و لە دێی ساریتا کە دەکەوێتە حەلحەلەی ئاسمانەوە دەمێنێتەوە؟! ئەمە شتێکی یەکجار سەمەرەیە.
دوای ئەوەی ئەو جۆشوخرۆش و جموجەڵەی ئەم غافڵگرییە سەیرە خستییە نێو دانیشتنەکەوە دامرکایەوە و کەش هێور بوویەوە، وتم: مامۆستای عەزیز، دوای ئەم هەموو گۆڕانکارییەی ڕۆژگار بەسەرمدا هێناویەتی چۆنت ناسیمەوە؟
وتی: لای من نەگۆڕاویت، هەر لە یەکەم نیگاوە بیرم کەوتیتەوە. مەگەر تۆ کاتێک شەڕ کۆتایی هات و تورکەکان شامیان چۆڵ کرد تا شەریفی تێ بێت، پۆلی پێنج نەبوویت؟ مەگەر لە کورسیی یەکەم، لەتەنیشت پەنجەرەکەوە دانەدەنیشتیت و «سەرری»یشت لەپاڵدا نەبوو؟ سەرری ئێستا لە کوێیە؟ وتم: نازانم قوربان، دوای ئەو ساڵە چیتر نەمدییەوە. مامۆستا ڕیشسپییەکە بەنەرمونیانی و بەنیازی ئامۆژگارییەوە، بەو زمانەی وەختی خۆی منی منداڵی پێ دەدواند -کە هێشتایش لە فکرم نەچووە-، وتی: ئەی بۆچی کوڕی خۆم؟ بۆ سەر لە برایانی خوێندنگات نادەیت؟ باشە ژیان فێری نەکردوویت کە دۆستایەتیی خوێندنگا باشترین و پتەوترین جۆری هاوڕێیەتییە؟ خوا چاکت بکات کوڕی خۆم.
مامۆستا ڕۆچووە ناو بیرکردنەوەوە، ئینجا وتی: کوڕی خۆم، دەزانیت مامۆستا هیواخوازە هەرگیز خوێندکارەکانی گەورە نەبن و یەکەم جار بە منداڵی چۆنی دیون، هەر وا لێیان دەڕوانێت؟ ئیتر با بووبنە پیاوێکی گەورەیش! ئێستا من لە تۆدا هەر ئەو کوڕەی ڕحلەی یەکەمی تەنیشت پەنجەرەکە دەبینم، ئیتر بزانە ئازارێکی چەند بەسوێیە مامۆستا ببینێت خوێندکارێکی بووەتە بەڕێوبەری. عەدنان دەناسیت؟
وتم: عەدنان کێیە؟
وتی: نە، ئەو تەک ئێوەدا نەبوو، ئەو لە ئێوە بچووکتر بوو. ئەم عەدنانە یەکێک بوو لە بچووکترین و خۆشەویستترین خوێندکارەکانم. ڕۆژگار کردییە چاودێری ئەو خوێندنگایەی منی لێ بووم، ئەو دیمەنە بهێنە پێش چاوت کە ئەو بانگم دەکات و بە دانیشتنەوە پێشوازیم لێ دەکات و فرمانم پێ دەکات. جارێکیان لێیشم تووڕە بوو، چونکە ئەو ڕێزەم نەنواند کە شایەنی ئەوە. ئاخر چۆن ڕێزی لێ بگرم -کوڕی خۆم- لە کاتێکدا من ناتوانم لەسەر کورسییەکەی بێ لە عەندنانێکی منداڵی قژخەنەیی هیچی تر ببینم؟! چۆن ڕێزی لێ بگرم؟ ڕێز لە کوڕی خۆم بگرم؟! خوا لێی خۆش بێت. خوا لێی خۆش بێت، عەزێت و ئازارێکی زۆری دام. مامۆستا کاتێک بینیی خوێندکارەکانی پشتی لێ هەڵ دەکەن یان وا دەردەخەن کە نایناسن یاخود لە بانەوە لێی دەڕوانن، سیخێک لە جەرگی دەچەقێت. ئەمە هەر ئەو منداڵانەن ئێستا خۆیان لەم پێ گەورەترە! مامۆستای داماو، نازانێت منداڵ هەمیشە بە منداڵی نامێنێتەوە...! نە، هەر ناتوانێت وێنای ئەمەیش بکات.
مامۆستا بڕێکی تر کپ بوو، تا جارێکی تر وتی: تۆ هەردەم پەنجەت بەرز دەکردەوە. بینیت؟ لە فکرم نەچوویت. مامۆستا چۆن خوێندکارەکانی لە بیر دەکات لە کاتێکدا ئەوان بەشێکن لە یادگارییەکانی و یادگارییەکانیش خودی ژیانن؟
دواتر لێی پرسیم: ئەی تۆ ئێستا چی دەکەیت؟
پێکەنیم و وتم: مامۆستام.
وتی: ئای داماو، کوڕی خۆم بۆ ئەم پیشەیەت هەڵبژاردووە؟
وتم: قوربان بەم نزیکانە وازی لێ دەهێنم؛ ڕۆیشتوومەتە ناو کاری دادگاوە.
وتی: وا دەزانیت دەتوانیت؟ ئەو قوتابیانەی خۆشم ویستن و دڵی خۆمم پێ بەخشین نەیانناسیمەوە... ئێستا هەر لە خەیاڵیشیاندا نەماوم. یەکێکیان چییە سەریان لێ نەدام. هەموو جۆرە نکۆڵییەکم لێ بینین، بەڵام هێشتایش خۆشم دەوێن و ئاواتەخوازم گەر بکرایە جارێکی تر لە باوەشم بگرتنایە. ئای چەند ژانێکی بەئازارە باوک ببینێت کوڕەکەی وا پشتی تێ دەکات وەک ئەوەی هەر نەیناسێت! لەوانەوە هیچ خێرێک بە من نەگەیشت، سەرەڕای ئەمەیش من پێم خۆشە جگە لەوان کەسی تر پێ بگەیەنم و ئەوەی لە ڕووح و ژیانم ماوە، بڕژێنمە ناخی منداڵێلێکی تازەوە، دەزانم چارەنووسی ئەمانیش لە هیی ئەوان باشتر نابێت، بەڵام ئیتر ئەمە بەڵای پیشەکەیە. پیشەیەکە ئازار نەبێت هیچی تێدا نییە، وەلێ خاوەنەکەی دەینۆشێت و نەمان و لەدەستدانی، دەیخاتە ناڵە. ڕێک چەشنی ئالوودەبوویەکی «کۆکایین»، ئەو خەریکە وردە وردە ژیانی دەکرمێنێت، کەچی ئەم هەر وازی لێ ناهێنێت. گەر نەیشبێت، بیری دەکات و شوێن بە خۆی ناگرێت. ئەرێ ئەمە زۆر سەیر نییە؟
من وەختێک بە لای خوێندنگای ئاواییەکەدا گوزەر دەکەم و گوێم لە دەنگی فێرخوازان دەبێت، وانە لە شوێنی وانەبێژەوە پاتە دەکەنەوە یان سروودێک دەچڕن، هەر لەوێدا دڵم دەکەوێتە خورپە و ئیرەیی بەو مامۆستایە دەبەم کە منداڵەکانی لێ بردووم! کوڕی خۆم سەیرت لەمە نەیەت. بڕۆ لەو جووتیارە بپرسە کە زەوی شەق دەکات و تۆوەکەی تێدا دەچێنێت و چاوەڕێی نەمامێکی لاوازە... هەر کە چەکەرەیشی کرد، پەیمانی پێ دەدات بەباشی ئاوی بدات و خزمەتی بکات. دواتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ درێژییەکەی دەپێوێت، ئەو نەمامە ئەندازەی یەک نووکەدەرزی چییە، نییە خاڵی بێت لە هیوا و ئاوات و ترس و بەزەیی ئەو وەرزێرەی بە گشت هەست و سۆزی خۆی خزمەتی دەکات و لە گۆزەی تەمەن و ئاوی ژیانی دەکاتە بنی. تا کاتێک نەمامەکە گەورە بوو و باڵای کشا و لقەکانی بۆی بوونە سێبەر و گوڵەکانی بەدەوریدا شۆڕ بوونەوە و بەرهەمەکەی پێ گەیشت، ناچارە بیفرۆشێت. هەر شەو و ڕۆژێکە، دواتر بە دەستی یەکێکی ترەوە دەیبینێت. لێی بپرسە کە لەو دارانە دەڕوانێت و ئەو یادگارییانەی تەکیدا هەیەتی و ئەو گشت شەو و ڕۆژەی پێوەی خەریک بووە و ئەو هەموو ڤین و ئاواتەی بۆی هەیبووە بیر دەکەوێتەوە، چەند ئازار دەچێژێت و چۆنچۆنی بەندی دڵی پارچە پارچە دەبێت؟ ئەمە بۆ کۆمەڵێک دار؛ بێگیانێلێکی خاڵی لە عەقڵ و ژیری، ئەی ئیتر من چۆن بم کە کۆمەڵێک مرۆڤم پەروەردە کرد و دواتر پشتگوێیان خستم و هەرچیی هەست و خۆشەویستیم هەیە لەبیریان کرد..... نە لە بیرم کردوون و نە دڵم لە ڤینیان کەندووە!
کوڕی خۆم، ئەم قسانە وەک دەردەدڵییەک نەبووایە، بۆتم نەدەکردن و سەرتم پێیان نەدەئێشاند. من لەم دێیە دوور لە دنیایەدا بەتەنیا دەژیم، نازانم چۆن ئەوباقیی ڕۆژەکانی ژیانم بەسەر ببەم. من گلەیی لە بێزاری دەکەم و تاقەتی نووستنیشم نییە، جگە لەو ئەستێرەیەی کە چاودێریی دەکەم و ئەم یادگارییانە، هیچی ترم نییە و زۆر جاریش ئەم بیرەوەرییانە لەسەر دڵم قورس دەبن، تا دڵم لەنێوان ئێستایەکی بێتام و ڕابردوویەکی بابردوودا، ون دەکەم.
نا کوڕی خۆم، زۆر لەسەر ئەم پیشەیە سوور مەبە، گەر دەتوانیت، وازی لێ بهێنە، ئەمە بەڵایە نەک ئیش، مردنێکی لەسەرخۆیە نەک ژیان. مامۆستا ئەو شەهیدە نەناسراوەیە کە دەژیێت و دەمرێت و کەس هەر ئاگایشی لێ نییە، خەڵکیش بۆ خەنین بە قسەخۆشەکان و گەمژەییەکانی نەبێت، بیریان ناکەوێتەوە.
....
ئێوارە گەڕاینەوە، بە دۆڵەکاندا دادەگەڕاین و بە کەژەکاندا هەڵدەزنانین، لە ساریتا دەرچووین. هێشتایش قسەی مامۆستاکەم لە گوێمدا دەزرنگایەوە و لەو دەشتە چۆڵ و کپەدا، زۆر بە بەهێزی و بە دەنگێکی بەرز، دانەبەدانەیانم دەژنەفت. بەڵام خەڵکی نایبیستن، خۆ گەر گوێیشیان لێی ببێت، حەز ناکەن تێی بگەن!
-------------------------------------
* ساڵی 1941 بڵاو کراوەتەوە.
- وەرگێڕانی ئەم چیرۆکە پێشکەشە بەو مامۆستایەی هەمیشە قەرزاریم و تا بمێنم، لە بەردەستیدا هەر ئەو تازەلاوەم کە یەکەم جار ناسیم، مامۆستا «شڤان ئیبراهیم».