نامەکەی شێخ قەرەزاوی بۆ کچەکەی

نووسینی: د. یووسف قەرەزاوی وەرگێڕانی: قانع خورشید
ئەدەب 2026-01-13 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 202 جار بینراوە

ئەگەر شێخ و پێشەوامان، زانای پایەبەرز دکتۆر یوسف قەرزاوی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە ژیاندا بمایە، بێگومان بە هەمان شێوەی "عولا"ـی کچی، نامەیەکی بۆ "عەبدولڕەحمان"ـی کوڕی دەنارد، کە بە ستەم و دەستدرێژی بەند کراوە، وەک چۆن کاتێک "عولا" لە لایەن رژێمەکەی سیسییەوە بەند کرا و لێکدابڕانێکی دوور و درێژ کەوتە نێوان خۆی و باوکە زانا و پێشەواکەی، شێخ لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەم نامە کاریگەرەی بۆ نووسی، کە ئەمە بەشێکە لە دەقەکەی:

"کچە شیرینەکەم عولا: ئەی جەرگگۆشەکەم، مایەی خۆشی و شادیی دڵم، بەری دڵ و دەروونم.. کچەکەم، ئەوەی هەموو دڵم هیی ئەوە، لە دڵمەوە هەموو خۆشەویستییەک بۆ ئەوە، لە خۆشەویستیشمەوە هەموو ڕاستگۆییەک، و لە ڕاستگۆییشمەوە هەموو دڵسۆزییەکم پێشکەشی دەکەم.

خۆشەویستم.. ماوەیەکی دوور و درێژە لە زیندانی زۆرداراندایت، ڕۆژانی ستەمیش بۆ ستەملێکراو چەندە درێژ و سەختن! تەنانەت ڕۆژێک وەک ساڵێکە. بە ویستی خودا ئەم ڕۆژانەی ستەم کۆتاییان دێت و تۆ و هاوسەرەکەیشت بە سەلامەتی و سەرکەوتوویی دەگەڕێنەوە ناو کەسوکار و ماڵەکەتان.

تۆ پێت وابوو لە گومانی ئەو قەومە بەدووریت، کە هەر بە ڕاستییش لێیان بەدووریت، لە خاکێک جگە لە خاکی ئەوان لە دایک بوویت، لە خوێندنگە و زانکۆیەک جگە لە هیی ئەوان خوێندوتە، لە دیوانی جگە لە دیوانی ئەوان دامەزراویت، ئیتر ئەوان چییان لە تۆ دەوێت؟

تۆ هاوسەر و دایک و نەنکیت، ژنێکی ئاشتیخوازیت، فەرمانبەری باڵیۆزخانەی وڵاتەکەتیت و هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوانیت، هیچ پەیوەندییەکت بە کارەکانی ئەوانەوە نییە و سەرقاڵی سیاسەتیش نیت.

ئاخۆ بۆچی ئاوا بە ڕەقی مامەڵەت لەگەڵدا دەکەن؟ بۆچی ئەم بەندکردنە تاکەکەسییە لە ژوورێکی تەنگ و تاریکدا کە شەو و ڕۆژی تێدا جیا ناکرێتەوە؟ بەڵکو لە بنەڕەتدا بەندکردن بۆچی؟ لە کاتی دادگاییکردندا ناوزڕاندن لە ڕۆژنامە و هەواڵەکاندا بۆچی؟ بێبەشکردن لە مافە سەرەتاییەکان و ڕێگریکردن لە سەردان و چاودێریی تەندروستی و دەرمان بۆچی؟! نە گوناهی گەورەت کردووە، نە هیی بچووکیش، بە لای گوناهی ئایینی و دونیاییشدا نەچووی، بەشداربووی خۆپیشاندان و سەرکێشییش نەبووی، چەندین ساڵ تێپەڕی، تۆ دەچوویت و دەهاتیتەوە، سەفەرت دەکرد و دەگەڕایتەوە، کەسێک وشەیەکیشی پێ نەدەوتیت، ئیتر ئەمڕۆ چی ڕووی داوە؟

هەر وەک ئەوەی لەناکاو وەبیریان هاتبێتەوە تۆ کچی قەرزاوییت!

کچم، باوکیشت هەموو تەمەنی لەنێو خەڵکیدا بە نزیکی لە ئایین و فێرکردنی ئایینەوە بەسەر برد، وەک فەقیهـ و موفتی، وەک بانگخواز و مامۆستا و شاعیر و نووسەر. نە خیانەتی لە ئوممەتەکەی کرد، نە پەیامەکەیشی بزر کرد، لە ژیانیدا درۆی لەگەڵ نەکردن، لەو کاتەوەی خەڵکی ناسیویەتی تا تەمەنی نەوەد ساڵیشی تێپەڕاند.

هەموو کیشوەرەکانی دونیا گەڕا، سەردانی وڵاتە گرنگەکانی کرد، لە هیچ دۆزێکی ئەم ئوممەتە دانەبڕا و لە هیچ ئەرکێکی مسوڵمانان سستیی نەنواند. جا ئەگەر ئەمە بە دڵی ئەوان نییە، چونکە نە ئیسلام و ئوممەتەکەی، نە شارستانیەت و ئایین و کەلتوورەکەیان بە لاوە گرنگە، ئەی تاوانی تۆ چییە؟ بۆچی تۆ سزا دەدەن؟ یان بۆچی لە وێنەی تۆدا باوکت سزا دەدەن؟!

دادگایی باوکتیان کرد، لە کاتێکدا ئەوان تەنها وەک بەشداربووی کۆبوونەوە گەورەکانی ئەزهەر دیویانە، کە سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان و ژمارەیەک لە دامەزراوە زانستی و بانگخوازییەکان و، ئەندام و شارەزای کۆمەڵە فقهییە گەورەکان بووە.

کاتێک ئەو تۆمەتانەیان دایە پاڵی، ئەندامی دەستەی گەورەزانایان و کۆمەڵەی توێژینەوە ئیسلامییەکانی میسر بوو، پاشان کاتێک بینیی بۆ گفتوگۆکردنی ئەو کارەساتە گەورانەی بەسەر میسردا هاتووە کۆ نابنەوە، دەستی لە هەردووکیان کێشایەوە، ئیتر بە جێی هێشتن و گەڕایەوە بۆ ئەو نیشتمانەی کە هەڵیبژاردووە. کەواتە بۆچی بە تۆمەتێکی سەیر دادگایی دەکەن؟ گوایە ئەو لە تەمەنی سەروو هەشتا و پێنج ساڵیدا -لەو کاتەدا- لە هەڵکوتانە سەر زیندانەکان و دەرهێنانی زیندانییەکاندا بەشدار بووە، لە زیندانێکدا کە هەرگیز ناوی نەبیستبوو تا کاتێک ئەم تۆمەتەی بیست، کە پێشتریش نە لە میسر و نە لە قەتەر لێی ئاگادار نەکرابووە.

ئەوان ڕق و کینەی خۆیان لە ئافرەتێکی ئازاددا جەم کردەوە، ویستیان تێکی بشکێنن و زەلیلی بکەن، بەڵام خودا ویستی خۆیان تێک بشکێنێت و زەلیلیان بکات، خودای گەورە بە چاوەکانی خۆی کە هەرگیز ناچنە خەو، دەیپارێزێت و لە پەنای خۆی دەگرێت کە زوڵمی تێدا ناکرێت.

عولای کچم، ویستی خودا وا بوو لە ناوەکەتدا پشکت هەبێت (عولا واتە بەرز و بڵند)، پلە و پایەت لە دونیا و دواڕۆژدا بەرز بکاتەوە و تەرازووی چاکەکانت قورس بکات، بە دڵنیاییەوە تۆ لەو کونجی زیندانە تەنگەدا پلە و پایەت زۆر بەرزترە لەو ستەمکارەی لە کۆشکە بەرزەکەیدایە، تۆ لە لای خودا و لە دڵی بەندەکانیدا خۆشەویستتریت لەو.

چەندین مسوڵمان و ئیماندار لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زەوییەوە داوای لێخۆشبوونت بۆ دەکەن، دوعات بۆ دەکەن، بۆ تۆ و خوشک و برا ستەملێکراوەکانت دەپاڕێنەوە بەوەی کورتهێنانێکی نزیک و تۆڵەیەکی بەپەلە لە ستەمکارانتان ببینن، بێگومان ئەم دوعایانە نە لە دونیا و نە لە قیامەتیشدا بەفیڕۆ ناچن.

بۆیە چاوڕوون و ئاسوودە بە، لێوبەخەندە بە، تۆ و هاوسەرەکەیشت، دڵنیا بن دوعایەکی چاک کە لە دڵی ستەملێکراوە تەنگپێهەڵچنراوەکانی زیندانەوە دەردەچێت، شایستەی ئەوەیە دونیای ستەمکاران بهەژێنێت و نائومێد و ڕسوایان بکات، پەروەردگاریشت لەوەی دەیکەن بێئاگا نییە، بە زوویی ئەوانەی ستەمیان کردووە دەزانن بۆ کوێ دەگەڕێنەوە.

کچەکەم عولا قەرزاوی: ساڵێکی تەواو تێپەڕی و ئێمەیش چاوەڕێی ویژدانێکین لایەک بکاتەوە، نوستوویەک بێدار بێتەوە. بەندکراوێک ئازاد بێت و مردوویەک زیندوو بێتەوە!

ساڵێک تێپەڕی و تۆ لە ماڵ و ڕۆڵەکانت، لە نەوە و باوکت، لە خوشک و برایانت دووریت.. لە زیندانێکی تاکەکەسیی تەنگدا، کە کەمترین مافی تێدا نییە، بە ئەنقەست لە هەموو کاروبارێکدا تەنگت پێ هەڵدەچنن، بۆچی؟ تەنها لەبەر ئەوەی کچی قەرزاویت و هەڵگری ڕەگەزنامەی قەتەریت؟! کەواتە دەبێت لە کەسایەتییە لاوازەکەی تۆدا تۆڵە لە قەرزاوی و قەتەر بکەنەوە!

کچەکەم، وێنەت لە خەیاڵم و یادت لە هۆشم دەر ناچێت، لە دوعا و نوێژ و خەڵوەتەکانمدا داوا لە خودا دەکەم: لە دەست ئەو قەومە ستەمکارە ڕزگارت بکات، هەرچەندە منیش وەک هەر باوکێکی تر هەست و سۆزم دەبزوێت، ئازار دڵم دەگووشێت، دڵم دەسووتێت و چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن؛ هەر کاتێک ئەو هەموو ترس و ئازارەم بیر دەکەوێتەوە کە بە ستەم و دەستدرێژی دەیکێشیت، بێ ئەوەی تاوان یان گوناهێک، بێ ئەوەی هەڵە یان سەرپێچییەکت هەبێت. ئا بەم شێوەیە مرۆڤی بێتاوان لە میسردا پەلکێشی قووڵایی زیندانەکان دەکرێت و فڕێ دەدرێتە تاریکاییەکانییەوە!

ئەرێ لەم ژیانەدا بانگی کێ بکەین تا دادپەروەری بۆ مەزڵووم بکات و دەستی ستەمکارەکەی بگرێت؟! بگرە لەم گەردوونەدا داوا لە کێ بکەین، نەک تەنها بۆ ئەوەی تۆڵە بۆ لاواز و بێدەسەڵات بکاتەوە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەی دەستی زەبر و ئەشکەنجە لێی بووەستێت یان کەمێک هێمن بێتەوە؟!

کچم، ئەگەر داواکردن و پاڕانەوە لەوانە سوودی هەبوایە ئەوا لێیان دەپاڕامەوە، بەڵام ئەوان دڵڕەق و جەرگبەردینن، خودا ڕەحمەتی لە دڵیان و جوامێریی لە ئەخلاقیان دەر کردووە، بەڵام من پەنا بۆ ئەو خودایە دەبەم کە هەرچی دەسەڵاتی ئاسمانەکان و زەوی هەیە بە دەستی ئەوە، هەر ئەویشم بەسە وەکیلم بێت.

داوا لە هەموو مرۆڤێکی ئازادی ئەم جیهانە دەکەم، ئەوەی لە توانایدایە ئەنجامی بدات بۆ ڕزگارکردنی تۆ و دەیان هەزار زیندانی تر کە بە ستەم و دەستدرێژی لەگەڵتدا بەند کراون. سکاڵا تەنها بۆ خودایە و هیچ هێز و توانایەک نییە جگە لە هێز و توانای خودای بەرز و مەزن! تۆ و هاوسەرەکەیشت دەسپێرم بەو خودایەی کە سپاردەکانی لا ون نابن.

تاگەکان    
ڕۆژاوا بەنوقورەیزە ئازادی خاڵبەندی ئەیاد قنێبی ئایین خێوەتگە بیروباوەڕ دوعا نامە عیرفان دیمانە نیشتیمان جوانی چارەسەر بە قورئان
ئەدەب
2026-01-13 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 202 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2026 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی