گەشتە بەهیواکەم - بەشی حەوتەم

نووسینی: ئەحمەد هادی
ئەدەب 2026-01-24 کۆمێنت 6 خولەک بۆ خوێندنەوە 116 جار بینراوە

ئەو چەند رۆژەی پێشوو، باوکم شەوێکیان تەلەفۆنی کرد و لەدوای ئەحواڵپرسین، فەرمووی: ها گیانی بابە، هیچ هەست بە غەریبی و بێتاقەتی ناکەی لەوێ؟ وەڵامەکەم بەو شێوازە بوو: وەڵڵا بابە لێرە ئەوەندە کاتت هەیە، ئەگەر بتەوێ بێتاقەت بیت کاتت هەیە و ئەگەر بتەوێ دڵت خۆش بێ کاتت هەیە، هەموویشی بەدەستی خۆتە. سەردەمی کۆڕۆنا کە ئێستا سەیری دەکەین نیعمەت بوو، ئەو کاتە ٣٤ کتێبم خوێندەوە، ئێ لەو کاتەوە تا ئێستا ئەوەندە کتێبەم نەخوێندووەتەوە. ئەوەندەی ئەو کاتە لەناو یەک تێکەڵ بووین و یەکمان دەبینی، بە ئێستا و بە پێشوویش قەت وا نەبووبوو. ئەو کاتە پێمان ناخۆش و ئیزعاج بوو، بەس لە چاوی ئێستامانەوە نیعمەتە و پێمان خۆشە کە ساڵانە دووبارە بێتەوە. لێرەیش هەمان بابەتە، دەتوانم لە کونجی ژوورەوە دانیشم، چوونەدەرەوە و خۆشی لە خۆم حەرام بکەم و هەر بیرم لای ناخۆشییەکانی سەفەرەکە بێت، هەر مینگەمینگم بێت و جەوی ئێوە و خۆیشم لێرە تێک بدەم، دەیشتوانم گەڕانی خۆم بکەم و ئەو کاتەی کە ئێستا لەبەردەممە بیقۆزمەوە بۆ زۆر شتی تر کە چەندین مانگە مەجالم نەبووە بۆ خۆم و ئیجبارەن تاخیرم کردوون، خەریکی نوێژ و تاعەتی خۆم بم بەتەنها بۆ خۆم، هەڵبژاردەکە لە دەستی مندایە. وایە من حەزم بە ژیان لە ئەورووپا نییە و نامەوێ ژیانی تاهەتاییم لێرە بێت، بەس ئینسان وایە کە هەست دەکەیت کاتییە ئەو بابەتە، دڵت خۆش دەبێ و دەزانیت ڕۆژێک دێت دەگەڕێیتەوە شوێنی خۆت. کە لێم دەپرسن کولیەت پێ خۆشە؟ ڕاستە قورسی هەیە و ماندووبوون و جەوتێکچوونی هەیە، بەس پێویست ناکات بەو دیوە سەیری بکەم، دەکرێ بەو دیوەی کە هیوابەخشە سەیری بکەم و بڵێم کاتێکی خۆش لەگەڵ برادەران بەسەر دەبەیت و کەسی ئازیز دەناسیت لەوێ و شوێنی خزمەتکردنی خۆت و خەڵکە، دەتوانیت سوود لەو پەیوەندییە نوێیانە ببینیت و لەگەڵیشیدا تۆزێک فێری عیلمی نوێ دەبین، کە باشترە لەوەی ئەوەیش نەکەین. 

دوو بابەت هەن کە زۆر جار تێکەڵیان دەکەین: تەنیایی و تەنیابوون. دانەیێکیان نیعمەتە و دانەیێکیان نیقمەت. تەنیابوون ڕێبازی پێغەمبەران و پیاوچاکان و صاڵحان و عارفان و زانایانی گشت بوارەکان بووە، هۆکاری قاڵبوونەوە و وردبوونەوە بووە، بابەتەکە بریتی بووە لەوەی کە لەڕووی فیزیکییەوە دوور بیت لە خەڵکی، وەلێ ئازیزانت لە ڕووحت نزیک بوون ئەگەر مەودای فیزیکییشتان زۆر بووبێت. بەڵام هەرچی بابەتی (تەنیایی)ە، بابەتێکە لەنێو هەزاران کەسدا بیت، هەست بە نەبوونی کەس دەکەیت، کەسێک نییە گوێ بۆ قسەکانت بگرێت و خەتەرە. زۆر کات ڕاتدەکێشێت بۆ خەمۆکیبوون.

سایەق تەکسییەک کە لەگەڵی سەردەکەویت و تا دادەبەزیت باسی ژیانی خۆیت بۆ دەکات، لە زۆربڵێیی نییە، بەڵکو لە نەبوونی کەسێکە کە ڕۆژانە قسەی لەتەکدا بکات و دەردەدڵی بۆ بکات. نەخۆشە دەروونییەکان، زۆربەی کات چارەسەرەکانیان تەنها بەوەیە کە دکتۆرەکە گوێی بۆ دەگرێت، وەکو دکتۆرێکی دەروونی باسی دەکرد و وەلێ ئێستا ناوەکەیم بیر نییە، دەیوت ٥٥ دەقە نەخۆش قسەم بۆ دەکات، من لە ٥ دەقەی کۆتایی تەنها پشتگری بۆ قسەکانی دەردەبڕم، دەبینم نەخۆشەکە دڵی زۆر خۆشە و هەست دەکەیت کۆسپەکەی لەسەر دڵی نەماوە. بە هەمان شێوازی چیرۆکەکەی چیخۆفیش کە باسی کارەکتەری ئایۆنا دەکات.

خەریکی نووسینی ئەم بابەتە بووم و ئەم شیعرەی کاک ئەحمەدی موفتیزادەم بیر هاتەوە کە دەفەرموێت: 
لە جەرگەی جامی یارانی گیانی
تۆم نەبێ هێشتا خۆم پێ تەنیایە
تۆم هەبێ تەنیا لە ئینفیرادی
پێم جەمە هەرچی خۆشیی دنیایە

مامۆستا ئەحمەدی موفتیزادە ساڵانێکی زۆر لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە، ئەو زانیویەتی کە زیندان هۆکارێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەی، واتا دوورکەوتنەوەیێکی (تەنیابوون)، بەڵام وای بیر کردووەتەوە کە زیندان شوێنێکە بۆ نزیکبوونەوە لە خودا، (تەنیابوون)ە ، دوعا و زیکرکردن و بیرکردنەوە لە مەخلووقەکانی تاوەکو زیاتر بیانناسێت و ئەو هەموو شاکار و وردبوونەوانەی بەرهەم بوون…
ئێمە پێویستمان بە تەنیابوونی بێ تەنیاییە، ئەوەی کە لەم ئەورووپایە دەیبینم، مردنی ڕۆحەکانە، نەبوونی گوێگرێکە کە کەسێکی (تەنیا) قسەی بۆ بکات و دەردەدڵی بۆ بکات. باوەڕ بکەن ئەو ئەورووپایەی باسی دەکەن، نە ئەو پێشکەوتووەن، نە ئەو کەسە موسەققەفانەن، لێرە زۆرینەی خەڵکی هەست پێ دەکەیت کە نەخۆش و ماندوون…
ئێمەی موسڵمان ئەو کێشەی تەنیاییەمان نییە ئەگەر بەڕاستی دینداری بکەین و بیکەینە سیستەمی ژیانمان، نەک باری سەر سەرمان. چونکە بەڕاستی ئەگەر ئینسان دڵی بە خوداوە بەند بێت، هەموو کات ڕەبتێکی هەیە لەگەڵ ئەو و لە گشت کاتێکدا هەست دەکات کە کەسێکی لەگەڵدایە.

خوا گیان بە ڕیا بۆمانی نانووسێت ئیشەڵڵا، لە دوعاکانمدا هەندێک جار سوعبەت دەکەم و نوکتە دەگێڕمەوە! چونکە یەقینم وایە خودایێک لەسەرمە کە گوێ بۆ خۆشی و ناخۆشییەکانم دەگرێت، ئیتر چۆن تەنیایی دەمگرێ؟ 
یاڕەببی خوایە گیان، تۆش هاوڕێیەتیی ئێمە قبووڵ بکەیت و هاوڕێی ڕێگای نێردراوەکەت بین.

ئەو چەند رۆژەی پێشوو لە شارێکی زۆر تایبەتی پۆڵەندا بووم ناوی گدانسک بوو، کە هاوسنوور بوو لەگەڵ سوید و ڕووسیا و بێلاڕووس، یەکەم شار بووە کە جەنگی جیهانیی دووەم تێیدا ڕووی داوە و یەکەم تەقەی لێ کراوە. شارێکە ئەگەر ڕۆژێک ڕێت کەوتە ئێرە، شایەنی سەردانیکردنە، بۆ بینینی ئەو کەشوهەوا و سروشتە جوانەی و بینینی مۆزەخانە تایبەتەکەی و چەندین شتی نایابی تر. خەڵکەکەی ئێرە جیاوازتر بوون لە خەڵکی گشت شارەکانی تری پۆڵەندا، زۆر کراوەتر بوون، ئینگلیزییەکەیان زۆر باشتر بوو، ڕووخۆش بوون و شێوەیان لە ئیتاڵیاییەکان دەچوو. 

پلانی ڕۆژەکەم لە پوۆتسک وایە، بەیانیان زوو هەڵدەستم، بە قورئان و کتێب و گوتارنووسین دەست پێ دەکەم، پاشان خەریکی کۆرس دەبم، ئینجا دەبێتە دەمەو نیوەڕۆ ئەگەر ئیسراحەتێکم کرد باشە، ئەگەر نا پیاسەیێک، هەر نا درێژە بە کۆرسەکەم دەدەم. لەدوای نزیکی سەعات سێوە، بەرە بەرە خەریکی حازرکردنی خواردن دەبم بۆ ئێوارە، خۆشترین کاتی ڕۆژەکەیە. نانەکەم دەخۆم و سەیری بەرنامەکانی ئەحمەد شوقەیری و (غیث) یاخود چەند محازەڕەیێک دەکەم. پاشان نوێژ و تەڕاویح، تا نزیکی ١٢ی شەو، پاشان دەخەوم. ئەو چەند ڕۆژەی کە کولیەم هەیە بەیانییەکان کاتەکەی دەگۆڕێت، هەوڵیشم داوە هەموو کۆتایی حەفتەکان لە سەفەر بم و شوێنی نوێ ببینم و تاقی بکەمەوە…
ئەم ڤیدیۆیەی کە دایدەنێم لەنێو تراموەییم بۆ ئەوەی بچمە کەنار دەریا بۆ خۆرهەڵاتن لە شاری گدانسک.
هەروەها ڤیدیۆی ئەم سەفەرەیشم لەگەڵیدا داناوە.


گدانسک، پۆڵەندا
9/3/2025
5:52 AM
یەکشەممە

 

کلیک لەسە ئەم نووسینە بکە بۆئەوەی بەشەکانی تری بابەتەکە بخوێنیتەوە.

تاگەکان    
وەرزش پەروەردە بووژانەوە مۆدێرنە قودس قوتابخانەکانی نوور فیکر زانایان یادداشتەکانی سوهرابی سپێهری کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین گەڕان کورد ئەیاد قنێبی #پیری تەنیایی
ئەدەب
2026-01-24 کۆمێنت 6 خولەک بۆ خوێندنەوە 116 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2026 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی