یەکێک لەو شتانەی کە هەتا لە کوردستان بووم، دۆست و خۆشەویستان زۆر باسیان دەکرد و دەیانفەرموو، وریای دینەکەت بە و لەوێ ڕەمەزانت دەکەوێتە ناوی و مزگەوتی لێ نییە و قورسە و هەر یەک لەمانە، باسی سەر زار و زهنی ناو فکران بوون…
هەڵبەتە ئەو کاتە دەموت، تەسەوڕ دەکەم خۆشترین کاتم بێت بۆ دینداری و بەڕاستییش تاوەکو ئێستا وایە. زۆر گرنگە ئینسانەکان لە مەوقیفەکان مۆفەق بن، بەڵکو دەتوانم بڵێم ئینسانەکان بە مەوقیفەکان دەپێورێن. بە نموونە هاوڕێیەکت نایناسیت تا مەوقیفی لێ نەبینیت. ئەم حەدیسەی پێغەمبەر گیانیش کە دەفەرموێت لە سەفەر و لە مامەڵەکردنی بازاڕی دەتوانیت هاوڕێکانت هەڵبسەنگێنیت هەر هەمان بابەتە. بە ڕای من لە دیندارییشدا خوای گەورە لە مەوقیفەکان زۆر زیاتر ئەجر و پاداشت و سزات بۆ دەنووسێت، لەوەی کە لە کاتێکی ئاسایی بیت. بە نموونە یارمەتیدانی هەژاران لە کاتی نەبوونیتدا، شانازیکردن بە دینەکەت لەناو مەجلیسێکدا کە دژین.
گوناحکردن لە کوردستان قورسترە لەچاو گوناحکردن لێرە، بەهۆی کۆمەڵگا و چاودێرییە توندەکەی، زۆر جار دیندارییەکەمان لەبەر خەڵک و بنەماڵە دەکەین، نەک لەبەر خودا. بەڵام لێرە، هەست دەکەم کە زیاتر ئازادم بۆ ئەوەی دیندارییەکەم بە ڕاستی و پاکی بەجێبهێنم و، تەنها مەبەستم لێی قبووڵکردنی خودا بێت.
چەند ساڵە پەروەردەی دەست مزگەوتم، هەرگیز بەقەد ئێستا تامم لە دینداریم نەکردووە، چونکە بەڕاستی ئەوە دەبینم ئەوەی دەست بە ئیسلامەوە بگرێ چەندە بەعیززەتە، چەندە نەفسبڵند و بەکەڕامەتە، ئەمینی دەستی موسڵمان و ناموسڵمانە. هەرگیز بەقەد ئێستا تامم لە تەڕاویحەکانم نەکردووە و دڵم بە ئەزکار و ویردەکان نەبووەتەوە. وای بۆ دەچم، ئینسان لێرە دەتوانێت تێستی ئیمانی خۆی بکات و بزانێت لە دونیا ئیمانەکەی بایی چەندە و تا کوێی دەگەیێنێت، نەک لە ترسی قسەی خەڵکی و خێزانی بێت.
مرۆڤەکان بۆ ئەوەی خاوەن بڕیاڕ و ویست و فکری خۆیان بن، پێویستیان بە هەبوونی مەبدەء و مەنهەجە، لە کاتی نەبوونی هەر یەک لەمانە لەگەڵ ڕەشەبای زەمانە بەلادا دێت و لەگەڵ خۆی ڕایدەکێشێت. لە مەجلیسێکی گەورە بووم پێش ئەوەی کە سەفەر بکەم، چەند کەسانێکی (دەسەڵاتداری دونیا)ی تێدا بوو. ئەوانە عەکسی مەبدەء و بیرۆکەکانی من بوون و، هەرچەندە ناتوانم بڵێم موسڵمان نەبوون، بەڵام لەگەڵ موسڵماناندا زۆر خۆشمەشڕەب نەبوون. چەند جارێک وەکو رابواردن تەعلیقیان لێ دام، بەس زۆر بەوە تێکچووبوون کە بەهێمنی دانیشتم و بە ناوی خودا قسەم کرد و کۆتاییم پێ هێنا. ئەمە وەک پەندێک بوو بۆم کە مرۆڤ نابێت مەبدەء و بیر و فکری خۆی بگۆڕێت بۆ خاتری ڕازیکردنی دڵی کەسانی تر، لە کاتێکدا ئەوانەی تری لەوێ بوون، زۆر لەلام سەیر بوو کە چۆن مەوقیفیان گۆڕا کە بینییان ئەوان بەو شێوازەن و مەبدەئی خۆیان دانا بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەوان.
ئەم گەشتەم، تەنها سەفەرێکی کاتی نییە، بەڵکو هۆکارێکە کە متمانەیەکی زۆرم بۆ دروست بووە. زۆر زیاتر دڵنیا بوومەوە کە دەستگرتن بەم دینە دەتگەیێنێت بە کوێ، ڕوانینمی بۆ دونیا زۆر گۆڕیوە، لەم گەشتەدا شوێنەکان و کەسایەتییەکان زۆر کاریگەرییان لەسەرم دروست کردووە. بەتایبەت هۆکاری گواستنەوە گشتییەکان کە چۆن مەزبووتت دەکەن و دەتبەستنەوە و پابەندت دەکەن بە کات. زۆر بەئومێد بووم بۆ خەڵکی کوردستان کە زۆر عاقڵ و وریاترین لەچاو خەڵکانی ئێرە، بەس بەداخەوە کە بۆمان نەڕەخساوە لە ئاستی وریاییماندا بژین.
هاوڕێ مالیزییەکەیشم گەیشتبوویەوە مالیزیا و نامەیێکی بۆ ناردم، وتی چاوەڕێم بتبینم بێیت و هەندێک موناقەشەی تر بکەین. دیارە سوورە لەسەر دیدارمان، دەبێت ئەم دیدارەی لەگەڵ ڕێک بخەمەوە. ئەم ماوەیەیش هەر گەڕانم بووە لەناو ٣ شار و لەلای چەند دۆست و ئازیزێکی تورک دەعوەت بووم، لە خزمەتیان بووم و زۆر شتی جوانم لێیان بینی. موناقەشەی زۆرمان دەکرد و گۆڕانکاریی زۆر لە هزری هەردوو لادا ڕووی دەدا، هەموو شتێک بە بیری میانڕەو و نەرم و لەسەرخۆیی چارەسەر دەبێت. خۆشەویستی و دیاریی زۆریان پێ بەخشیم، سوپاسیان دەکەم.
لە زانکۆکەیشم کۆبوونەوەیێکمان کرد، جەدوەلمان بۆ دانرا، هەڵبەتە جەدوەلی گشت قوتابییەکانی ترم لەلا بوو، تەنها ئیی من حەفتەی دوو ڕۆژ دەوامە، ئەوانەی تر دەوامەکانیان زیاترە. زیاتر تێگەیشتم لەوەی کە خوای گەورە منی بەمەبەست لێرە داناوە و ئامانجێکی گەورەتری پێ داوم، کە سەرەکیترینیان خزمەتکردنی بیر و فکری خۆمە…
سوپاسی گشت ئەو ئازیزانە دەکەم، کە هەواڵیان دەپرسیم لە بێدەنگبوونم و خەمی خۆیان بۆم دەربڕی. ڕەمەزانتان قبووڵ و هیوادارم کە هەموومان لەم گەشتەدا بتوانین خۆمان بدۆزینەوە و لە ئامانجەکانی ژیانمان نزیکتر ببین.
سێشەممە
1:41 AM
4/3/2025
پوۆتسک، پۆڵەندا