#8 گەشتە بەهیواکەم
ئەو جیاوازییانەی لەنێوان مرۆڤەکاندا دروست دەبن، سەرچاوەکەی لە جیاوازیی پێناسەکانەوەیە. مرۆڤ بێ ئەوەی ئاگادار بێت، پێناسەی بۆ شتەکان داناوە. بۆ نموونە کە دەڵێین شووتی؛ ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ شتێکی شیرین و سوور دەچێت کە هاوینان لەبەر پانکە و موبەریدەدا دەیخۆین. کە باسی چایی و گوڵەبەڕۆژە دەکەین، ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ دانیشتنە خێزانییە گەرمەکان دەچێت. ئەم پێناسانە دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازییان هەبێت، بە شێوازێکی تر بڵێم دەکرێت بەرکەوتەی جیاوازمان لەگەڵ ئەم بابەتەدا هەبووبێت و بیری جیاواز بەرهەم هاتبێت. بۆ نموونە کە باسی جەژن دەکرێت، من نوێژی جەژنانم دێتە بەرچاو لەگەڵ چێشتی بەیانییان. دەکرێت تۆ دەستماچکردنی دایک و باوکت بێتە بەرچاو، یاخود چوکلێت و فستقت بێتەوە یاد.
بۆ هەندێک لە بابەتەکان دەکرێت نەریتەکانمان یان ئاییەنەکەمان پێناسەکانمان بۆ دروست بکەن. بابەتی بەخشین و دەعوەت و فەرموولێکردن لە خواردن، هەموو کات لای ئێمەی کورد و موسڵمانان، ئەجر و پاداشتی هەیە و ڕێزگرتنی بەرانبەرە، کە شتێکت پێیە و فەرموو لەوەی تەنیشتت دەکەیت. ئێمە وا نایێتە بەرچاومان کە ئەو نییەتی بۆیە پێی دەدەین، بەڵکو پێی دەدەین لەبەر ئەوەی دەکرێت لەم لەحزەیەدا حەزی لێ بێت، یان دەکرێت لەبەر خۆشەویستی بێت و بە زمانی حاڵ پێی بڵێیت، من لەوەی کە تایبەتە بە خۆم بە تۆی دەدەم. دابونەریتەکان وەکو گوتم دەکرێت کاریگەریی ژینگەکەی لەسەر بێت، بۆ نموونە ئەوەم گوێ لێ بووە کە دەڵێن، لە ئێراندا ئەگەر بەبێ ئاگاداری بچیتە سەردانی ماڵێک و کاتی نانی نیوەڕۆ بێت، لەبەر ئەوەی زووتر ئاگادارت نەکردوونەتەوە، بەشی تۆیان لێنەناوە، فەرمووت لێ ناکەن بۆ ئەوەی نان بخۆیت، چونکە بەشی خۆیەتی. ناتوانین بڵێین هەڵەیە یان ڕاستە، دەزانم ئێستا لە خەیاڵی خۆتدا دەڵێیت چەند ناشرینە و چەند ڕەزیلییە... بۆچی؟ لەبەر ئەوەی پێناسەکەی لە خەیاڵی ئێمەدا بەو شێوازەیە. بەڵام هەر لە خەیاڵی هەمان کەسدا بابەتەکە هەبوونی مافە و زۆر ئاساییە، بەڵکو میوانەکەیش بە لایەوە ئاساییە چونکە دەزانێت بابەتەکە چۆنە و چاوەڕوانیی نییە لە بەخشینی کەسەکە. هەمان بابەت لای تورکەکان، جیاوازترە. ئەسڵەن وای پێ خۆشە کە لەکاتی ئامادەکردنی خواردندا هەر بە کەرەستەکانی خاوەنماڵ لە دروستکردنی خواردنەکەدا هاوکاریی بکەیت. کە دێیتە ئەم بەرەی ئەورووپایش، شتەکان زۆر جیاوازتر دەبێت، لێرە ئەسڵەن دەعوەت و دەعوەتکاریت نییە، شتێک نییە بە ناوی بەخشین لە بەشەکەی خۆت، چونکە لەناو نەریتەکەیاندا باو نەبووە. نەک بەس ئەوەی کە نییە، پێیشیان ناخۆشە.
سەرەتاکانی ڕەمەزان بوو، لە داخلییەکەمدا هەستم کرد چەند موسڵمانێک هەیە. لێرە کێشەی گۆشتی حەڵاڵمان هەیە و دەست ناکەوێت، بۆیە دەبێت بچیتە شاری تر تا دەستت دەکەوێت، گەر دەستیشت بکەوێت نرخەکەی گرانە. ئەلحەمدولیللا من لە سەرچاوەیێکەوە بۆم هاتبوو. چەند موسڵمانێکم دەناسی کە هەریەکەو لە نەتەوەیەک بوون، سەلامێکی سادەمان هەبوو، ئێوارەیێک بوو من گۆشتم لێدەنا، ئەو موسڵمانە هات و کەوتینە قسەکردن، گوتی نزیکی ٢٠ رۆژە گۆشتم نەخواردووە، لەبەر ئەوەی دەستم نەکەوتووە و گفتوگۆ بوویەوە.
شەو نامەم بۆ نارد، وتم بەیانی ئێوارە هەرچی موسڵمانی داخلییەکە هەیە دەعوەتی منن، چاوەڕێ بووم زۆریشیان پێ خۆش بێت، کەچی بە زمانێکی زبرەوە جوابی دایەوە و وتی سوپاست دەکەم پێویست ناکات. هەستم دەکرد غەڵەتم کردووە و نەمدەزانی لەکوێدا کردوومە، تومەزە لای ئەو دەعوەتکردن شتێکی ئاسایی نییە و خواردن تەنها بە کەسی فەقیر دەدرێت، لەو ڕۆژەوە زۆر سەلامیشم لێ ناکا! دەڵێن چاکەی سەربەخۆ سەری ساحیبی دەخوات. بۆیە ئەوەم باس کرد، کە بە پێناسەی ئێمە ئەوپەڕی ڕێزگرتنە لەوانمان گرتووە، بەڵام دەبینیت بە پێناسەی خۆیان بەپێچەوانەیە.
بیرمە کە تازە پۆلی شەشم تەواو کردبوو، ڕۆژێکیان شتێکم بیست، کە دەیوت من دەستم کردووە بەوەی گشت ئەو شتانەی کە لە منداڵییەوە فێریان بووم بەبێ ئاگایی و وەک پێناسە لەناو مێشکمدا چەسپیوە و ژینگەی دەوروبەرم پێناسەکەی پێ داوم، بە هەموویاندا دەچمەوە و خۆم پێناسەی بۆ دادەنێم بە تێگەیشتنم لە ژیان و ڕێگای ژیانی خۆم، نەک هیی کەسانی تر.
یەکێک لەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێت و باوە؛ ئایا حەمماس بکوژە؟ ئەو هەمووە خەڵکەی خۆی بە کوشت داوە؟
بابەتەکە دووبارە کێشەی پێناسەکانە لای ئێمە، بەداخەوە قسەیێکم بیست کە لە دڵی دام، بەڵام حەقیقەتیشم تێیدا بینی، دەیوت ئێمەی کورد، چونکە دینداریمان وەکو میرات بۆ ماوەتەوە، لە قووڵایی بابەتەکان زۆر تێنەگەیشتووین. بە جۆرێکی تر بیڵێم: پێناسەکانمان، هەمان پێناسەی قورئان نین. بەڕاستییش هەمان هەست دەکەم، ئەسڵ وایە ئینسانی موسڵمان، پێناسەی مردنی لا ئەوە بێت کە مردن کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکێکی نوێیە بۆ ژیانێکی هەمیشەیی.
کەواتە بوونی مردن لای ئێمە نیعمەتە، چونکە سەرەتایێکە بۆ بینینی خوای گەورە و ئەو هەموو ناز و نیعمەتانەی کە پێمان دەبەخشێت. بەڵام بەداخەوە لای بەشێکی ئێمەی کورد پێناسەی مردن بەو شێوازە نییە، بەڵکو وەکو کەسێکی بێباوەڕ قسە دەکەین، وەک ئەوەی ئەوان فەوتان و ڕۆیشتن. بێئاگاین لەوەی پێناسەی مردن لای خەڵکانی غەززەی بەشەڕەف و حەمماسی بەغیرەت، ئەوەیە کە دەڵێن، (وإنە لجهاد نصر أو استشهاد)، چونکە پێناسە ڕاستەکە هەر بەڕاستی لای ئەوانە.
ئەوانەی پێناسەی قورئانی جێبەجێ دەکەن، ئەگەر لە دونیایشدا بەسەر کافراندا سەرنەکەون، خۆ بە بەهەشت دەگەن و شەهیدن! خۆ ئەگەر بەڵگەیشت دەوێت بۆ ڕاستبوونی ئەم بابەتە، پێم وایە ئەو ئایەتانە کافین بۆ ئەوەی ئەو پێناسە سەقەتانە بگۆڕن کە وەرمانگرتوون و بە میرات بۆمان ماوەتەوە، بەڵکو کاتی ئەوەیە قورئان پێناسەمان بۆ بکات. ﴿وَلَا تَقُولُوا لِمَنْ يُقْتَلُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتٌ بَلْ أَحْيَاءٌ وَلَكِنْ لَا تَشْعُرُونَ: بەوانەی لە ڕێی خوادا دەکوژرێن مەڵێن مردوون، بەڵکو زیندوون، بەڵام ئێوە هەستیان پێ ناکەن.﴾ ﴿وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ: وا مەزانن ئەوانەی لە ڕێی خوادا کوژراون مردوون، بەڵکو زیندوون لە لای پەروردگاریان و ڕۆزییان پێ دەدرێت.﴾
ئەمە پێناسەی سەرکەوتن و مردنی غەززەی خۆڕاگرە، نەک حاشا بڵێین حەمماس بە کوشتیان دەدات.
گرنگە بزانین سەرچاوەی پێناسەکان لەکوێن و تا چەند ورد و تەواون، ڕاست بن بۆ ئێمەی موسڵمانی کورد. یەکەم جار دینەکە پێناسەکە قبووڵ بکات، پاشان کلتوورەکەمان پێناسەکە قبووڵ بکات، بەمە دەوترێت پێناسەیێکی تەواو. هەر ئینسانێک مافێکی هەیە بەپێی تێگەیشتنی خۆی لە ژیان و ئایین پێناسەکانی خۆی دروست بکات، بەڵام ئەمە نابێت لە سنووری شەرع و کەلتوری ڕەسەن دەرچێت، بۆ نموونە: ئەگەر کەسێک حەزی لە چوکلێت بێت لە جەژن، نابێت ئەمە بە هەڵە ڕەچاو بکرێت و پێویستە ڕێگا بۆ ئەو ئازادییە هەبێت، چونکە هیچ زیانی بۆ تۆ نییە و پەیوەندییێکی ڕاستەوخۆی بەسەر تۆوە نییە.
هەرچی ئەوەی کە بابەتە لاوەکییەکانن، بۆ نموونە باوەڕبوون بە پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایکبوون و باوەڕبوون بە تەخەڕووج و هەزاران شتی تری هاوشێوە، شتانێکن کە پێناسەی لای تاکەکان دەگۆڕێت و هۆکارن بۆ دەوڵەمەندبوون و بەرەوپێشچوونی نەتەوەکە. ئەو بابەتە ئەو ڤیدیۆیەم دێنێتەوە خەیاڵ کە دکتۆر هونەر باسی کەسانی نوێخواز و کەسانی ڕەسەن دەکات، ڤیدیۆیێکی زۆر بەچێژە و دەکرێت سوودی لێ ببینین، لینکەکەی دادەنێم.
تاکە شتێک کە ماوەتەوە و هەر جارێک کە سەیری دەکەم دەستکاریی پێناسەکانی مێشکم دەکات، بەرنامەکانی ئەحمەد شوقەیرین، بەڕاستی زۆر پێشنیازی دەکەم سەیری بکەن. دەکرێت بۆ زیاتر ئاشنابوون بە بابەتەکەم، ١٠ بابەت هەڵبژێریت و لێی بکۆڵیتەوە بەر لەوەی کە بیریان لێ بکەیتەوە پێناسەکەیان چۆن بووە و دوایی کە بیرت لێ کردنەوە، پێناسە نوێییەکە بنووسیتەوە.
https://youtu.be/_WfbraaxX-w?si=XUZmHZqqRKEi5KoT
https://youtu.be/PdaH1bZHjSg?si=Rq4c4cilVPAAx4Ys
پۆڵەندا، پوۆتسک
20/3/2025
پێنجشەممە
3:30 AM