گەشتە بەهیواکەم - بەشی پێنجەم

نووسینی: ئەحمەد هادی
ئەدەب 2026-01-01 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 22 جار بینراوە

ئەمڕۆ بەیانی کە لە خەو هەستام، ڕۆژەکەم بەم نامەیە دەستی پێ کرد و  تایبەتترین بوو.

پاشخان: 
هاوڕێ مالیزییە وەبەرهێنەکەم JJ کە لە ئیستەنبووڵ ناسیم، لەدوای گەشتەکەی لە ئیستەنبووڵ، بەتەما بوو بچێت بۆ جەددە و پاشان بچێت بۆ عومرە. لەدوای ئەوەی کە لە ئەدەلەر یەکمان بینی، پێش ئەوەی یەک بناسین من تەرکیزم زوو زوو دەکەوتە سەری کە ئەوەندە ئاژەڵ لە دەوری بوون، شووشەیێکی مەشڕووبم لە دەستی بینی دەیخواردەوە، بەڵام شوێنی هاتنەخوارەوەکە سەخت بوو ئەگەر هەر کەسێک تۆزێکیش بێت وریای خۆی نەبوایە، بەردەبوویەوە. بەڵام ئەو کێشەی نەبوو، دیار بوو کحوولەکە زۆر کاریگەریی نەکردبوو، بۆیە سەلامەت بووم لێی کە ٦ سەعات پێکەوە پیاسەمان کرد. لەدوای ئەوەی کە وتی لە منداڵییەوە مامۆستاکەم لێیدام و وازم لەوە هێنا کە ئیسلام لە کەس وەربگرم، هەندێک شتی بەهەڵە وەرگرتبوو، بە نموونە کەوتینە سەر جگەرە و نێرگەلە و سێگا و کحوول و هەریەک لەمانەی تر، باوەڕی وا بوو بۆ کحوول، کە ئەگەر عەزیەتی کەس نەدات و، زۆر نەخواتەوە و کۆنتڕۆڵ لەدەست نەدات، ئەوە خوای گەورە بە گوناح بۆی نانووسێت. ئیتر گفتوگۆیەکی خۆش درووست بوو لەسەر ئەم بابەتە. چووینە دەرگای لۆجیک، چونکە هەردووکمان زۆر قووڵ دەبووینەوە لە لۆجیک، نزیکی سەعاتێک زیاتر گفتوگۆمان کرد، پاشان لە کۆتاییدا وتی: "قەناعەتم بۆ درووست بوو کە ئەگەر بیخۆمەوە گوناحم دەگات." من ئەوەم بە دەستکەوتێکی زۆر گەورە زانی ئەوکات، بەڵام تەسەوڕم نەدەکرد کە ببێتە هۆکاری ئەوەی وازی لێ بهێنێت. بۆچی وا دەڵێم؟ ئێمە دەزانین درۆکردن گوناحە، یەقینیشمان هەیە کە گوناحمان بۆ دەنووسرێت و لە قیامەت لەپای ئەم درۆیە دەبێت باجەکەی بدەین، کێشە جەوهەرییەکە لێرەدا دروست دەبێت کە وابزانیت ئەوەی دەیکەیت گوناح نییە و شتێکی ئاساییە، بۆیە بابەتی مەشرووبەکەیش وا تێگەیشتم، کە زانیی گوناحە بەڵام هەر دەیخواتەوە. هەڵبەتە ڕۆژی دوای ئەوە وتی ئەگەر لە ئیستەنبووڵ ماویت دەمەوێ دەعوەتت بکەم، بەس بەداخەوە کە نەگونجا و نەمتوانی لە خزمەت خولقەکەی بم، تومەز بەداخەوە نەمزانیبوو کە دەیەوێ بابەتی ترم لەگەڵ باس بکات. 

ئێستا:
من ئەو کاتە وتم تۆوێکە با بیچێنم و بچینە ئەم گفتوگۆ لۆجیکییە ئیسلامییە. نەمزانیبوو کە چەند ڕۆژی پێشوو ئاوا هەر لەناو ئەم مشتومڕانە لەگەڵ خۆی ماوەتەوە، ئەمڕۆ بەیانی نامەیێکی بۆم نارد، وێنەی خۆی ناردبوو لەلای کەعبە، وتی دوو جار عومرەم کردووە، لەو ڕۆژەوە زۆر بیرم لە قسەکانت کردەوە، قەراری تەرککردنی بەیەکجاری مەشڕووب و کحوولم داوە، بەڵکو لەو ڕۆژەوە هەر نەمخواردووەتەوە. 

ڕاستی بڵێم، ئەگەر لەم سەفەرە هیچی تر دەستکەوتم نەبێت، ئەمەم بەسە کە لە دوو ڕۆژی یەکەم بەدەستم هێنا. بابەتەکە لەلای من جوانیی دڵی JJیە، ٥٨ ساڵ تەمەنت بێت، لەسەر ڕێچکەیێکی تایبەتی ژیانت ڕۆیشتبێتیت، ئێستا بتوانیت ڕێچکەکەت بگۆڕیت، بە ماددەیێک کەوا ئاڵوودە بووە، ئافەرین بۆ کەسایەتیی ئەو، لەبەر ئەوەی بەربەستی لەبەر خۆی دانەنابوو کە تەبیعەتە و ناگۆڕێت، زۆر بەئاسانی گۆڕیی.
هەندێک جار لە قورئان موناقەشە لەسەر ئایەتەکانی ناسخ و مەنسووخ درووست دەبێت، باوەڕ بکەن ئەمە هێزی قورئانە، چونکە سەرچاوەی سەرەکیی لۆجیکەکەمان لەسەر ئایەتی ناسخ و مەنسووخ دەستی پێ کرد. ئەمە وانەیێکی گەورە بوو بۆ خۆم کە چۆن ئینسان دەتوانێت بەئاسانی خووە خراپەکانی بەیەکجاری تەرک بکات، خۆم خووێکی خراپم هەبوو بەس خۆمم لێ دەدزییەوە، لەسەر دەستی بەهێزی نەفسی JJ منیش تەرکی دەکەم تا ئەبەد.
قەدەر ئەو شتەیە کە هەموو هاوکێشەکان دەگۆڕێت، من لەکوێ و ئەو لەکوێ، تەرککردننی مەشڕووبی کەسێکی مالیزی، کە لە سان فرانسیسکۆ و بەڕیتانیا و مالیزیا ژیاوە و ٧٠%ی وڵاتانی کردووە، بە دەستی کوڕە کوردێکی موسڵمانی سادە بوو کە دەبوایە لە ئیستەنبووڵ یەک ببینین. خودا شاهێدە ئەمەم بۆ خۆهەڵکێشان نییە، ئەسڵەن ئەو کاتەی کە موناقەشەمان دەکرد هەندێک ئایەتم بە خەیاڵدا دەهات و شیم دەکردەوە، کە نەمدەزانی لەکوێوە ئەو ئایەتانە دەکەونە خەیاڵم و چۆن ئەو نموونە وردانەم بۆ دێت، بەڵام کە دەڵێین خودایە گیان، بمانکەیتە ئامرازی خەیری خۆت، خوای گەورە خۆی گوفتەی ڕازیکەری دڵەکان دەخاتە سەر زار.
هەرچۆنێک بێت ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەت بوو بۆ من، متنانەیێکی تر بۆ من درووست بوو، بە چاوێکی زۆر فراوانتر لەچاو دوێنەوە لە دونیا دەڕوانم. زیاتر هەست بە عیززەت و گەورەیی ئیسلام دەکەم، زیاتر هەست بە گەورەیی ئیسلام دەکەم کە چۆن دەتوانین هەموو شتێک کە لە ئیسلامدا هەیە بە لۆجیکی بیانسەلمێنین. 

 • زانکۆکەم ئەمڕۆ ئاگاداری کردمەوە کە تاوەکو ڕۆژی هەینی دەواممان نییە، بۆیە بڕیاڕم دا گەشتێکی خۆش بکەم بۆ دەوروبەر. هاوپێچی ڤیدیۆیش، شاری پوۆسکە لە پۆڵەندا

بمێنن بە شادی
دووشەممە
24/2/2025
9:51 AM
پۆڵەندا، پوۆسک

تاگەکان    
کرێکار ئیلحاد ڕەخنە ڕۆژاوا کتێبی هاوسانی تەلارسازی دەروونی تەکنۆلۆژیا موناجات فێمینیزم قودس سایکس-بیکۆ ئیسرائیل عاشوورا گەشتە بەهیواکەم
ئەدەب
2026-01-01 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 22 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2026 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی