تەنیا پارچە کاغەزێک نەبوو!

نووسینی: محەمەد سلێمان سەنگەسەری
ئەدەب 2025-12-27 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 231 جار بینراوە

هێشتا گەلێک تابلۆی تەژی بە جوانی لەنێوماندا ماون، وەلێ گەرەکیەتی وەک ئاوی نێو بیر هەڵیانبێنجین.

ئەمڕۆ دۆستێکم سەرگوزەشتەیەکی خۆشی بۆ گێڕامەوە، لەسەر زاری ئەوڕا وەک خۆی دەیگێڕمەوە:

"ئەمڕۆ کە لە دەوامی زانکۆ تەواو بووم و هاتمە گەراج تاوەکو بچمەوە نێو سەیارەکەم، لەوێ چاوم کەوتە سەر پارچە کاغەزێک کە لەسەر جامی پێشەوەی سەیارەکەم دانرابوو؛ بە خەتێکی جوانیش لەسەری نووسرابوو: «ئەوە ڕەقەمی منە (****). ئەمن لە سەیارەکەی تووم دایە. لە دەعامییەکەم دایە.» تیلەچاوێکم سووڕاند و هەمدیس بینیم کاغەزێکی تریش بە دەسکی دەرگەیەکەوە هەڵواسراوە و ئەمیش لەسەری نووسراوە:
«ڕەقەمەکەم: (****). سەیید محەممەد.».
سەیرم لێ هات، ئی خەڵک گەر جارێک یەکێک خۆی لێ بدات، ئەوەی من دوو کەس لە هەمان ڕۆژ خۆیان بە سەیارەکەمدا کێشاوە.
لەوە سەیرتریش ئەوە بوو وەختێ چووم سەیری دەعامییەکەم کرد –بەو پێیەی لە یەکێک لە کاغەزەکانەوە زانیبووم خۆی بە دەعامییەکەدا کێشاوە–، بۆم دەرکەوت دیارە نەک لە هەمان ڕۆژ، بەڵکو هەردووکیان خۆیان بە هەمان شوێنیشدا کێشاوە!"
جا دەیگوت سەربردەی ئەم ڕووداوە عەنتیکەیە لەلایەک، بەڵام ئەمن شتێکی دیکە بە خەیاڵمدا دەهات:
باشە ئەم دوو بەڕێزە نەیاندەتوانی گوێی "ویژدانی خۆیان کەڕ کەن و بەبێ ئەوەی کاغەزی ئاگادارکەرەوە بۆ من بەجێ بهێڵن، تێی تەقێنن و بڕۆن؟ باشە ئەوەی یەکەمیشیان قەینا، بەس خۆ گومانم نییە ئەوەی دووەمیان کە خۆیشی پێدا کێشاوم، بینیویەتی یەکێکی تریش لەپێشدا هەمان حاڵەتی ئەمی هەبووە و کاغەزەکەی ئەوی بەرچاو کەوتووە، خۆ دەیتوانی بڕوا و ئەوکات کەتنەکەی خۆیشی لە ئی یەکەمدا بزر دەبوو! ئەی شتێکی تر بۆ ناڵێی؛ ئەو پێداکێشانە چونکە زەرەرێکی کەمی پێ کەواندبووم، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمن بەبێ بینینی ئەم کاغەزانە دەرفەت و سەلیقەی ئەوەم نەدەبوو بەدوایدا بچم، داخوا کێ وای لەم سەیارەیەی من بەسەر هێناوە.
کەچی سەرەڕای هەموو ئەم هێنان و بردنە، لە سەروو ئەو فەزا بەرفراوانەیش بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی قەرەبووی زیانەکەی من، هەردووکیان بەدوای یەکدا کاغەزیان بۆ بەجێهێشتووم! 
من بیر دەکەمەوە دەبێ ئەوە چ ئیمان، ویژدان، میهرەبانی، ڕەندی و پیاوەتییەک بێت لەنێو خەڵکی موسڵمانی هەولێرییاندا ماوە، وا پەلیان دەکێشێ بۆ ئەوەی هەڵوێستی وا مەردانە بنوێنن! ئەمە دیمەنێکی بە قەبارە گچکە و وەلێ بە بەها زۆر گەورەیە بۆ من، چون سەرڕاستی و ڕاستگۆیی خەڵکە ڕەسەنەکەی هەولێرم نیشان دەدات! ئەو خەڵکەی سەرەڕای دنیایەک هەوڵ و تەقەڵا بۆ داتەپاندن، داپڵۆساندن، نسکۆ و شکستی بەها باڵاکان تێیاندا، کەچی هەر لەسەر ڕێبازی ڕەسەنایەتیی کوردەواریی موسڵمانانەی خۆیان ماون."

دڵڕفێنیی تابلۆی ئەم دیمەنە زیاتر بوو لەلام؛ کە دواتر لە نامەیەکدا پێی گوتم:
"زەنگم بۆ هەردوکیان کرد، دەرچوو هەردوکیان تەمەنێکیان هەبوو... کۆڵێک داوای لێبوردن و خەجاڵەتییان بۆ کێشام، هەر بەڕاستی منیان شەرمەزار کرد. کورە تەنانەت باسیان کرد کە هەریەکیان سەروو سەعاتێک چاوەڕێیان کردوومە، ئێه‍ بەشکم وەدیار کەوم. دە وەرە جا! خوا خێری زانکۆ بنووسێ، کەنگێ ئێمە زوو تەواو بووینە!"

بە قسەی یەکێکیان کۆتایی بە سەربردەی ئەمڕۆی ئەم دۆستەم دەهێنم، کە گوفتارێکی ئەوەندە شیرن بووە، کار گەیشتبووە ئەوەی گوێی دۆست تامی لێ بکات، ئەگەرچی دەڵێن گوێ عاید بە تامکردنی قسان نییە... 

ئاوا هاتبووە دوین: 
"بابە جیان، ئەمن بەخۆم ڕۆژانە لەناو مشکیلەحەلکردنێمە، جا ئەتو چت دەوێ لە خزمەتتدامە بەخوای. بەسەر هەردوو چاوی مامی خۆت."

محەممەد سلێمان سەنگەسەری

تاگەکان    
مانا عێڕاق نوێژ وەچەخستنەوە پۆرن ڕانانی کتێب جنۆکە مێژوو خێوەتگە مۆدێرنیتە خوێندنەوە فەرهەنگ ئایا سۆفیا سەرفیترە پارەی ئیلیکترۆنی
ئەدەب
2025-12-27 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 231 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی