گەشتە بەهیواکەم
لە درێژەی گەشتەکەمدا، دوای ئەوەی گەیشتمە پۆڵەندا، پوۆتسک، دوو ڕۆژی یەکەم هەستم بە غەریبی دەکرد لەم جۆرە هەڵسوکەتانەی کە خەڵکەکەی ئێرە دەیانکردن. ئەو ڕۆژەی کە گەیشتم، کە لە فڕۆکەخانە هاتمە دەرەوە، سەیری جەوەکەم دەکرد زۆر دڵتەنگکەر بوو. هەورەکان خۆریان شاردبوویەوە، ئەو بەهەشتە نەبوو کە باسیان دەکرد. من لە وارشۆ دابەزیبووم، نزیکی ٢ی نیوەڕۆ بوو، دەبوایە پاسێک یان شەمەندەفەرێک بدۆزمەوە و لە وارشۆوە بەرەو پوۆتسک بەڕێ بکەوم، پێش ئەوەی کە ئێوارەم بەسەردا بێت. ڕێگاکەیش دوو سەعات و نیو بوو، لەوێ لە کۆمەڵە کەسێکم دەپرسی کە شوێنی پاسەکان لەکوێیە و لەکوێ دەردەچێت، کەس وەڵامی نەدەدامەوە. دوای نیو سەعات گەڕان بە دەوری فڕۆکەخانەدا شوێنێکم دۆزییەوە، بەڵام ئەم جارە کێشەم لەوە بوو کەس نەبوو لەوێ پێم بڵێ بە کامە پاس دەبێت بچم. بە بەرنامەی فلیکسبەس کە دووەم جارم بوو بەکاری بهێنم و زانیارییێکی زۆرم لێی نەبوو، بلیتێکم کڕی.
چاوەڕێی پاس بووم و نەدەهات، ئیتر پاسی تری هەمان کۆمپانیام لەوێ بینی، بەهۆی ئەوەی کە دیار بوو من خەڵکی ئەوێ نیم و بە ئینگلیزی و گووگڵ ترانسلەیت دەمویست قسە بکەم، کەس جوابی نەدەدامەوە و ئامادە نەبوون گووگڵ ترانسلەیتیش بەکار بێنن! هەرچۆنێک بێت پاسەکەم دۆزییەوە، لەناو پاسەکە دانیشتم و ماندوویەتیم بەحساب بحەسێتەوە، پیاوێک لە تەنیشتمەوە بوو، بینیم لەسەر مۆبایلەکەی سەیری دیمەنی نەشیاوی دەکرد، لەناو پاس! تۆزێکی پێ چوو دایک و کچێک لە پێشم دانیشتبوون، بینیم کچەکە گەرمایەتی و هەر لەناو پاس جلی سەرەوەی داکەند! لە دڵی خۆم دەموت خوایە شەش مانگ چۆن وا دەڕوات! ئەگەر بمتوانیایە لەو کاتەدا تەلەپۆرت بکەم، ئەوەندە عەزیەتم خواردبوو بەو شتانە، یەکسەر دەگەڕامەوە کوردستان
بەهەرحاڵ ئێوارەکەی درەنگ گەیشتمە داخیلیم، ئافرەتێکی بەتەمەن لە پرسگەی داخیلییەکەم دانیشتبوو، ئەویش ئینگلیزیی نەدەزانی، بەڵام هەستت بەو سۆز و خۆشەویستییە دەکرد کە هەیبوو، هێشتا نەمردبوو؛ یەکەم زەردەخەنە ئەو پێشکەشی کردم و ژوورەکەی پیشان دام. ئیتر ئەو ئێوارەیە کات نەدەڕۆیشت، ٢٤ سەعات بوو هیچم نەخواردبوو، ماندوو بووم و دوو ڕۆژ بوو نەخەوتبووم، دڵ ئۆقرەی نەبوو لەوێ… چوومە مارکێت، زۆر جیاواز بوو، هیچ شتێک لۆگۆی حەڵاڵی پێوە نەبوو، هەموو شتێک پۆڵەندی نووسرابوو. هەرچۆنێک بێت هەندێک میوە و کێکم کڕی، چونکە دڵنیا نەبووم چی حەڵاڵە و چی حەڵاڵ نییە، ئیتر لەگەڵ دەستی خۆم لەوێ بە بیرم هاتەوە، ئەو ئافرەتە لەو هەموو ناخۆشییەی تووشم بوو، زەردەخەنەی بۆ کردم، با شتێکی بۆ ببەمەوە. نازانم بە کەلتووری ئەوان سوپاسی بکەم، بەڵام ئەو میوەیەی کە بۆی دەبەمەوە، ڕێزی پیشان دەدەم.
گەڕامەوە داخیلی و هەندێک شتم پێی دا. سەرەتا زۆر پێی قورس بوو، ئاوا سەیرێکی کردم، چۆن بڵێی پێی ناخۆش بوو و وای دەزانی من خێری پێ دەکەم. کە زانیم وا هەست دەکات، بە هەر جۆرێک بێت تێمگەیاند کە ئەوە لە وڵاتی ئێمە وەکو ڕێز و خۆشەویستی کەسێک دەعوەت دەکەین یان فەرمووی خواردنی لێ دەکەین. ئینجا تا ڕادەیەک پێی قبووڵ کرا. لەوێ تێگەیشتم، کەلتوورە جوانەکانی ئێمە پێناسەی وڵاتی خۆمان دەکەن. شێوازی بیرکردنەوەی هەر وڵاتێک جیاوازە لە وڵاتانی تر. لەوێوە لە مێشکم بابەتی پێناسەکان سەریهەڵدا و لە گوتارەکانی داهاتوودا هەوڵ دەدەم باسی بکەم. لێرە هەر بەڕاستی کەس پەیوەندیی بە کەسەوە نییە و هەرکەس بۆ خۆی دەژیت. پێم وایە ئەگەر من لەسەر جادەکان بکەوم و لە هۆش خۆم بچم، کەس ئامادە نەبێت پەیوەندی بە ئیسعافەوە بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناچار کراون ڕێز لە مرۆڤەکان بگرن. بۆچی دەڵێم ناچارن؟ با بتانخەمە ناو جەوەکەوە.
دوێنێ پیاسەیێکم بە پێ بەناو شارەکەمدا کرد، نزیکی ٣ کاتژمێرێک بە پێ ڕۆیشتم، زۆرم بیر کردەوە. لەوەوە دەستی پێ کرد کە جوانییەکانی ئەم وڵاتەم دەبینی و کەوتە خەیاڵم، کە بەڕاستی ئینسانەکان شارێک گەورە دەکەن؟ یان شارێک ئینسانەکان گەورە دەکات؟ پرسیارێکی قووڵ بوو، دوای نزیکەی نیو کاتژمێر لە گفتوگۆکردن لەگەڵ نەفسی خۆمدا، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کەوا سەنتەرەکە ئینسانە، ئینسانەکەیە گرنگی بۆ شتەکان زیاد دەکات. بە نموونە، پێغەمبەر گیان دروودی خوای لەسەر بێت مەدینەی گەورە کرد؟ یان مەدینە پێغەمبەری گەورە کرد؟ ئەگەر مەدینە ئەوی گەورە کردبایە، دەبوایە هەموو ساڵێک لە یادێکدا، مەدینە پێغەمبەرێکی پێشکەش بە ئینسانییەت بکردبایە، بەڵام وەکو دەبینین کە وا نییە، کەوایە گەورەییەکان ئینسانەکان دەیدەن بە شتەکان. دوایی کەوتمە ناو ئەو بازنە داخراوەی دەڵێت: “ئینسانە عاقڵەکان سەردەمی خۆش دروست دەکەن، سەردەمی خۆشیش ئینسانی بێعەقڵ دروست دەکات، ئینسانی بێعەقڵیش سەردەمی ناخۆش دروست دەکات، سەردەمی ناخۆشیش ئینسانی عاقڵ دروست دەکات.” ئەم سووڕە نزیکەی هەموو ١٢٠ ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە.
خەڵکەکەی ئێرە بە شێوازێکی گشتی زۆر سادەن، ئەوەی کە ناوی ئەوانی بەرز کردووەتەوە ئاستە مەعنەوییەکەیە نەک ڕووکەش و فیزیکییەکەی، کە حوکوومەتەکەیان زۆر کاری لەسەر ئەو بەشە کردووە. هەموو شتێک لێرە بە سیستەم و یاسای خۆی دەڕوات، ڕاستی سەرسامم بەو حوکوومەتەی ئێرە کە چۆن توانیویەتی ئەو هەموو کەسە سادە و ئاست جیاوازانە کۆنتڕۆڵ بکات. ئەسڵەن پێناسەیێکی زۆر گەورەی لە مێشکم گۆڕی، کە ئەوە بوو، بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی سەرکەوتووت هەبێت، سەرەتا دەبێت تاکی سەرکەوتووت هەبێت تا حوکوومەتێکی سەرکەوتووت بۆ دروست ببێت؟ یان دەبێت سەرەتا حوکوومەتێکی سەرکەوتووت هەبێت تا تاکێکی سەرکەوتوو دروست بێت؟
لەناو ئەو پرسیارانەدا گیرم خواردبوو و زۆر لەگەڵ یەک تێکەڵ بووبوون، وەکو ئەوەی چۆن ئێوە لەناو گفتوگۆکەدان. گەیشتمە ئەو بڕوایەی حوکوومەتێکی باشت پێویستە بۆ ئەوەی خەڵکێکی باش دروست بکەیت. لێرە حوکوومەت هەموو کارێکی کردووە کە خەڵک کۆنتڕۆڵ بکات، ئەگەرنا باوەڕ بکەن، کوردی خۆمان لەبەر ئەوەی لە چەند ساڵی پێشوودا لەناو سەردەمێکی ناخۆشدا بووە، کەسان و نموونەی زۆر بەهێز و ورد و بەتوانامان هەیە. باوەڕ دەکەن یان نا، کوردی خۆمان زۆر وریاترن لە نەتەوە تورک و پۆڵەنداییەکان (ئەورووپاییەکان، ئەوەندەی کە بینیومن)، بەڵام لێرە یاسا و ڕێسا و حوکوومەت دەستی بەسەریاندا گرتووە و کۆنتڕۆڵی کردوون و پاڵفەتەی تواناکانیان دەکات، هەموو شتێک لێرە یاسایە…
شوکرانەی خودای دەوێت. خۆشکەیفترین قەومین، نوکتەکانمان، کۆمەڵایەتیبوونمان، هەبوونی خێزان و عیشق و خۆشەویستی لەنێوان هەموومان، هەبوونی کەسانێک لە ژیانماندا کە ناسیاو و نزیکن لێمان، بە زمانی دڵ قسە دەکەین. خوشک و براگەلێک کە هەموومان لەسەر سفرەی عیشق گەورە بووین و چەندین پاروومان لە نوور و مەعریفەت خواردووە، ئەوانە کەسانێکن کە وا دەکەن بەرگەی جیهان بگرم و تەنیایی و غوربەتم کەم دەکەنەوە لێرە کە ڕووبەڕووم بووەتەوە، هەر ئەمەیش بەسە تاکو ئەوەم بە بیردا بێتەوە کە جیهان دەتوانێ جێگای چاکی و باشی بێت. بۆیە تام لەم خۆشەویستییە وەربگرن، تکایە دەست بە زانستەوە بگرن، سەردەمێکی خۆش چاوەڕێمان دەکات.
شەممە
22/2/2025
9:54 AM
پۆڵەندا، پوۆتسک