ڕۆژی سێشەممە، چووم بۆ دوورگەی ئەدەلەر، ئیتر "مەنجەڵ گەڕا سەرقاپی خۆی دۆزییەوە"، دوای گەڕان و چەند پیاسەیێک، ئازیزێکی مالیم ناسی، مالیزی. هەڵبەت بە تەمەن گەورە بوو، ٥٨ ساڵ بوو، بەڵام خۆش مەشرەب و مەجلیس بوو. لە چەند مەوقیفێک بینیم تەنیایە و سەگ و پشیلە لە دەورین، سوتفەی کرد و سەیرم کرد پێم گوت عیلاقەیێکی خۆشت هەیە لەگەڵ ئاژەڵان، فەرمووی بەڵێ، دیاربوو حەزمان بە قسە بوو و دەستی بەوە کرد بۆ کوێ دەڕۆی، وتم لە کۆتایی ئەو ڕێگایە پاسێک هەیە دەچمە ئەوێ و ئەویش بە هەمان شێواز بۆ ئەوێ دەچوو. لەدوای خۆناساندن، گەیشتینە لای پاس، وتم تۆ دەتویست بە پاس بڕۆیت؟ ئەویش وتی بەڵێ، ئەی تۆ؟ وتم ڕاستی حەزم لێ بوو بە پێ بێت. وتی دوورە؟ وتم سەعاتە ڕێیێکە، قەرار بوو قەدەرمان وا بێت پێکەوە بە پێ بچین.
هەڵبەتە ئەو کارەکتەرە دەبێتە بەشێک لە نووسینەکانم و شتی زۆری لێوە فێر بووم، لە نووسینەکانمدا لەوانەیە بە JJ بیرتان بهێنمەوە. وەبەرهێنەرێکی دونیادیدە بوو. لە سانفرانسیسکۆ، بەریتانیا و مالیزیا ژیابوو، بەبەردەوامییش گەڕانی هەبوو. خێزاندار بوو و پێنج کچ و هاوسەرێکی هەبوو، بەڵام بەهۆی کار و کەسابەتەوە، هەر یەکەو لە وڵاتێک بوون بۆ بازرگانی و خوێندن، ئەویشیان ناردبوو بۆ ئەدەلەر، تاوەکو لە مانگی نۆ، JJ شارەزای شوێنەکە بێت؛ بۆ ئەوەی گەشتی بۆ بکەن. لەوانەیە نەتوانم باسی هەموو مەوقیف و باسەکان بکەم لەگەڵی، چونکە نزیکەی ٦ سەعات بەڵکو زیاتر بەبەردەوامی لە موناقەشەدا بووین. ئیسڕائیل و فەڵەستین، پێگەیشتنی گەنج، خێزانداری، ماڵداری، پەروەردەکردنی منداڵ، ئازادیی منداڵ، لۆجیکی ئیسلامی، بابەتی ئیمانی، لۆجیکی شەرعی، عێڕاق و کوردستان، چات جیپیتی، گوگڵ ماپس، کارکردن و پارەپەیداکردن چێشتی مجێوری گفتوگۆکەمان بوون.
هەڵبەتە ئینسانێکی کراوە و بەئەزموون بوو، لەوانەیە هەریەک لەو باسانە بەناڕاستەوخۆیی لە فکری نووسینەکانی داهاتوومدا ڕەنگ بداتەوە، بەڵام لەم جارەیان باسی یەک شتتان بۆ دەکەم کە کاریگەریی زۆری لەسەرم بەجێهێشت.
JJ وتی من دین لە هیچ کەسێک وەرناگرم، قورئانەکە خۆی نەبێت. پرسیارم کرد کە باکگراوندی گەیشتن بەو ئەنجامە چییە؟ تۆزێک وەستاو و پاشان وتی: "تەمەنم ١١ ساڵ بوو، ٣ جار پرسیارم لە مامۆستاکەم لە مزگەوت کرد لەسەر حوکمێکی قورئان، مامۆستاکەم نازانم وەڵامی پێ نەبوو، یان نەیدەویست وەڵامم بداتەوە، ئیتر زللەیێکی لێ دام. لەو کاتەوە چۆن وازم هێنا لەوەی دین لە خەڵک وەرگرم، لەگەڵ کەس دەستم پێ نەکردەوە."
لەوانەیە لێدانەکە سادە بووبێت، بەس دابڕاندنی کەسەکە بۆ ماوەی ٤٧ ساڵ کاریگەرییەکەی گەورە بووە. ناکرێت هەرگیز بە لێدان و هاوارکردن و تووڕەبوون و ترساندن پرسیارەکان کپ بکرێن، چونکە دەتەقنەوە، خۆ هۆکاری کودەتایش کپکردنی خۆپیشاندانە…
خۆشبەختانە دوایی ئەوەم بۆ باس کرد، وتم حکوومەتی تورکی زۆر هەوڵ دەدات جیلێکی تەندروست دروست بکاتەوە، لە گشت ئەو مزگەوتانەی کە بە ملیۆنان دۆلاریان تێ دەچێت، ڕێگە بە گشت منداڵان دەدات بێن تۆپانێی لەناو بکەن و ڕاکەڕاکیان تێدا بکەن! یان دێن سکەیتبۆردیان لەناو دەکەن! بەڵکو هەر ئەوە نا، سەیر کە بەشێکی زۆر لە حەوشەی مزگەوتەکانی کردووەتە ڕێگا بۆ ئەوەی خەڵک و منداڵ بەناویدا بڕۆن و بیریان بێت و خۆشەویست بێت و شوێنی یادگاری بێت لەلایان. گشت بانگدەرەکانی لە ئەوپەڕی دەنگخۆشی و زانیاریدان لە مەقامەکاندا. ئەمانە گشتیان هۆکارن بۆ ئەوەی کە جیلێک دروست بکاتەوە دەست بە مزگەوت بگرێتەوە. دوێنێ بۆ نوێژی بەیانی لە مزگەوتی فاتیح بووم، چەند منداڵێک هاتبوون قورئانیان دەخوێندەوە و مەجلیسیان دروست کردبوو، هەر لەوێیش بینیم بەبەردەوامی ئاسایشی لێیە تاکو کەس خۆی لە منداڵەکان تووڕە نەکات!
بەتەواوی هەست پێ دەکەیت کە ئیش لەسەر ئەوە دەکەن ڕزق لە بەیانیانە، دوای نوێژی بەیانی دوکانەکان دەکەنەوە. فێر بوونە ئەو چەند لاپەڕە قورئانە بخوێننەوە و ڕۆژانە دەستیان پێوەی بێت.
لە کۆتاییش هاوڕێ مالییەکەم دەعوەتی کردم بۆ ماڵی خۆی لە مالیزیا، خوا تەمەنمان باقی بکات سەردانی دەکەم لە وێستەگەیێکی تری ژیاندا.
پێنجشەممە
2:21 AM
20/2/2025
بۆڵو (گەشتی فڕۆکەکەم لە ئیستەنبووڵ-ئەنقەڕە ڕۆژی پێنجشەممە سەعات ٨:٣٠ی بەیانی دەبوایە بگەم، پاشان ترانزێت بوو بۆ ئەنقەڕە-وارشۆ سەعات ١٠:٣٠ی بەیانی دەردەچووم. بەهۆی ئەوەی عەسر لە ئیستەنبووڵ بەفرێکی زۆر سەیر هەڵیکرد، گەشتەکەی ئیستەنبووڵ-ئەنقەڕەم رەفز بوویەوە، بەڵام ئەوەی ئەنقەڕە-وارشۆم وەکو خۆی مایەوە و ڕەفز نەبوویەوە، بەناچاری و بەخێرایی بە پاس ڕاگەیشتم بۆ ئەوەی بچمە ئەنقەڕە. ڕۆژێکی لەبیرنەکراو بوو، شەمەندەفەرەکان هەموویان داخران، فڕۆکە ناوخۆییەکان هەموویان وەستان، پاسەکان هەموویان پڕ بوون و نرخیان فڕیبوو، نیگەرانییەکی زۆرم هەبوو کە پێش کاتی خۆی بە ئەنقەڕە نەگەم…)