لە مندا کەسێکی پێوەنووساو دەگریێت
ئەو منەی لە بێشکەوە لەتەکمایە
ئەو منەی لەگەڵ مندا
هەتاکوو گۆڕ لەگەڵمایە.
زامێکە وەک خەنجەر
یا خەنجەرێکە هەروەک زام
هاوعومری خوێنە لە دڵدا
هەورێکە بارانی
هەورێک وەک بێژی گریانی سەدان ساڵی لە گەروودایە
هەورێک لە مندا
بێحەسانەوە دەبارێت
شەوانی بارانی
ئەو بە دەنگی گریانەوە دڵپڕانە دەخوێنێت
ڕووبارێکە بێ دەسپێک و بێ کۆتایی
بە دەنگەدەنگی گریانی لە بێسنووریی دەشتدا دەڕانێت
پیرێک حەکایەتخوێنە
کە لە منداڵییەوە ئێمەی لەگەڵ خۆیدا دەبرد
بۆ باخی خەڵکانێکی چاوبەگریان
بەڵام چ باخێک؟ دۆزەخێک کە لەوێدا
هەرسات گوڵێکی نەشکۆفاو دەژاکێت
مەلێکە باڵخوێنین
کە لەژێر پەڕی چاوانیدا
داخداری بەردەبارانگەلە
ئەو لە هەوای میهرەبانیدا باڵ دەڕازێنێتەوە
- کەینێ میهرەبانی دێتەوە؟
- نا، میهرەبانی
دەس پێ دەکاتەوە.
لە عەهدی ئادەمەوە
تا من کە هەردەم
خەم دەدەمە دەم خەمەوە
ئەو خەمڕەوێنی خەمڕەوێنەمان بە گیان خوێند
لە ڕێ و ناڕێوە
لەم چەرخەوە بۆ ئەو چەرخ ئاشقانە؛ بۆ کن ئەو هەڕامان کرد
ئەو دڵڕاکێشی حیلەبازە
گشت ڕۆژێ سەبرێکی زیاتری دەوێ لە ئاشق
لەبۆ دیدار گیانی پێشتر دەوێ لە ئاشق
ئەوجار ڕوویەک کە دەینوێنێت
یاخۆ چاو و برۆیەکی پەریئاسا
نایناسنەوە
چ ڕۆڵێکی پێ نادەن
دڵ دەتارێنن لەو چون ترسێک کەوتووەتە ئاوێنەی تارەوه
هەرگیز نەهاتە سەر زمانم قسەیەکی دڵنەخواز
بەڵام چیم وت؟ هەرچیم وت، ئاخ
پێی پەیڤین لەنگە و دەستی واژە کورت
لە منەوە بۆ من دەیان فرسەخ ڕێیە
خامۆشم بەڵام
خەریکم گوێ بۆ ئاوازی خەمی خۆم هەڵدەخەم
وەختێک کەسێک گۆرانی دەچڕێت
دەبێت خۆی کپ بکات
خەم فووی لە حەکایەتێکی تازە کردووە
گشت ئێرە دەبێ ببێ بە گوێ:
- ئازار لە ناوەوەی ئینساندایە!
ئەو پیرە شیرینکارە تاڵئەندێشە
ڕاستی وت، «ئەرێ بنیادەمت لە دنیای خاکەوە چنگ ناکەوێ»، بەڵام لەم زندانی تاسە و ئاتاجییەی خۆدا
هەرگیز لە تواندایە بسازێنی ئاخۆ دنیایەکی دی؟
یاخۆ بنیادەمێکی دی...؟
ئەی خەم! وێڵی کە بەسەرهاتی خوێنبارێن!
لە دڵدا چەشنی چەقۆ دەنیشێت ئەم پەیڤە بەڵام
ئەمن دیومە پیاوانێکی زۆر خۆیان پایە و شکۆی ئادەمی بوون و
لە مەزنایەتیی ڕۆح بۆ سەر پایە و شکۆی ئادەمی گەلێکیان خستووەتە سەر.
- ئەرێ وەها بوون
ئەو زەینڕۆشنانەی دەستی مەرگیان لە گەردنی خۆیاندا کرد بە چڵەگوڵ و
لە هەڵدێری نەبوونەوە هەتا بوونی هەتایی پردیان لەبۆ مەرگ ساز کرد
ئەی خەم! ئەتۆ لەگەڵ ئەم گرۆی پرسەدارانەدا هەتا کوێ یارییان دەکەیت؟
ئیتر بە بیری هیچ کەسێکدا نایەت
سەرەتای ئەم ڕێگە ترسێنەرە
ئاوەهایش لە بیری هەمووان دەچێتەوە چیرۆکی ئێمە!
لەگەڵ ئێمە و دوور لە ئێمە ئەو دڵخوازی قەدیمە هەر جوانە
بەڕێگاوەبوونە چارەنووسی ئێمە.
لە ڕۆژی پیرۆزی گەیشتندا
دەبێت پێوەنووساو بخوازیت.
ئەی خەم! ئەمن نازانم
ڕۆژی گەییشتن ڕۆژی کامی کێ دەبێت
بەڵام لەم کابووسە خوێناوییەدا
لە خواروخێچیی ئەم شەوە بنبەستەدا
بڕوانە چەن گیانی هێژا لەدەس چوون!
زامێکە وەک خەنجەر
خەنجەرێکە هەروەک زام
ئەو منەی لەتەک مندا
پێوەنووساوانە دەگریەت
لە مندا کەسێک بەشێنەیی دەگریەت.