گەشتە بەهیواکەم-بەشی دووەم

نووسینی: ئەحمەد هادی
ئەدەب 2025-10-05 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 486 جار بینراوە

ڕۆژێک بەسەر گەیشتنم بە شاری ئیستەنبووڵدا تێپەڕیوە، ئەو غوربەتەی کە تەسەوڕم دەکرد بۆ ماوەیێک لەسەر دڵم بمێنێت و هەست بە بێتاقەتی بکەم، سوپاس بۆ خودا کاریگەرییێکی وای نەماوە. هەڵبەتە دووەم جارە دێمەوە بۆ ئیستەنبووڵ، بەڵام ئەمەیان تایبەتە، زۆر هەوڵ دەدەم وردەکارییەکان ببینمەوە. بەر لەوەی کە باسی ئیستەنبووڵ بکەم؛ دەمەوێت بوێرانە وەڵامی کۆتا پرسیاری نووسینی پێشووم بدەمەوە. 
ئایا ئەمە پاداشتی خوداییە بۆ هەر چاکەیێک کە کردبێتم و ئەم پرۆگرامەی پێ بەخشیم؟ یان سزای ئەو گوناحانەن کە کردوومن؟ لەبەر ئەوەی وەڵامەکەی لێمان دیار نییە، دەبێت ئەگەر بۆ حاڵەتەکان دابنێین. گریمان تۆڵەی گوناحەکانمە، دەبێت چی بکەم؟
سەرەتا تۆبەیێکی مەردانەی دەوێت، پاشان دوعایێکی مەردانەیشی دەوێت، ئینجا دەبێت خۆم بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە ئامادە بکەم کە دێتە پێشم و هەوڵ بدەم بۆ باشە بیقۆزمەوە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە بەهیواوە دەژیین و مادام بۆم ئاسانتر بووە لەوەی چاوەڕێم دەکرد، ڕەحم و پاداشتی خودایە، دەیشکرێت دوعاکانمی قبووڵ فەرمووبێت و منی کردبێتە ئەداتی خەیری خۆی، یەکەم بەرەنگاربوونەوەم لەوەوە دەست پێ بکات کە بەتەنهام لەوێ (بۆ ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگادار بوون، ئەگەری زۆر بوو لە وارشۆ کولیەکە وەرگرم کە کورد لەوێ هەیە، بەڵام کەوتمە شارێک کە زۆر توندن لە مەسیحییەت و هیچ کوردێکی لێ نییە)، بە ئاماژەی دەبینم بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو خەڵکانە تێکەڵ بم و خزمەتەکە بگەیێنم، دەیشکرێت تاقیکردنەوەی ئیمان و ئەعمالمان بێت، فرسەتێک بێت بۆ ئەو کاتەی کەوا لەو بوارەی کە خۆم بە دوایەوە پێش بکەوم.
هەرچۆنێک بێت یەقینم وایە کە خوای گەورە بەمەبەست منی ناردووە، یەقینم وایە!
چیرۆکێکی ڕاستی خۆشم بیر هاتەوە لەسەر یەقین. دەگێڕنەوە جارێک ئافرەتێک دەچێتە لای زانایێکی ئایینی، دەڵێت چەند دوعا دەکەم کە زێڕم زۆر بێت بەس خوای گەورە پێم نادات. ئەو مامۆستایە زۆر عاقڵانە جارێ وازی لە بابەتە سادەکە هێناوە کە ئامانجی بەدەستهێنانی زێڕە، بەڵکو دەیەوێت نێوانی ئەو ئافرەتە و خوای گەورە ڕاست بکاتەوە، دەڵێت: "پێویستە بەیەقینەوە بپاڕێیتەوە."، ئافرەتەکە زۆر ئینکاری دەکات لەسەر ئەوەی کە بەیەقینەوە پاڕاوەتەوە. مامۆستاکە دەفەرموێت: "زۆر باشە، من دوعات بۆ دەکەم کە بەیانی بەقەد شاخێک زێڕ لەبەر ماڵتان بێت و ببێتە هیی تۆ، بەس دەبێ یەقینت هەبێت کە قبووڵ دەبێت و هیچ شک و گومانێکت نەبێت کە ڕاست دەرنەچێت." خۆر هەڵدێت و ئافرەتەکە سەیری بەر پەنجەرەکە دەکات، دەبینێت هیچ لە گۆڕێ نییە، دەڵێت: "هەر خۆم دەمزانی شاخێک زێڕم پێ نادەن."
زۆر جار ئاگاداری خۆمان نیین و تێدەکەوین بەوەی وا دەزانین کە یەقینمان هەیە بە خوای گەورە، بەس لەوانەیە وەکو ئەو ئافرەتە تەنیا گوتەی سەر زار بێت، وەلێ دڵی گەرەکە.
زۆروتن قورئان خۆشە و هیوادارم ئامانجەکەم پێکابێت، خوا یارم بێت، تاقیکردنەوەکە بۆ من و بۆ هەموو خۆشەویستان کە هەریەکەیان بە جۆرێک دەکەونە ناویەوە، بە بەرزترین پلە بیبڕین. ڕێگاکانی گەیشتن بە خودا زۆرن، وەکو فیلمی (مارومولک) دەڵێت، ڕێگاکانی گەیشتن بە خودا بەقەد ژمارەی مرۆڤەکانە، هەندێکیان لەناو موسڵمانان دەگات بە خودا، هەندێکیان تا لەناو موسڵمانانە ڕێگای ڕاست نابینێتەوە و لەناو بێباوەڕاندا دەیبینێتەوە، هەندێکیان لە مەدرەسەی ئیخوانا، هەندێکیان لە تەکیەکاندا، هەندێکیان لە سەلەفییەتدا. خوای گەورە بمانگەیێنێت بە ڕێگا ڕاستەکە. 
اللهم آمین

سێشەممە
18/2/2025
لەناو کەشتی بەرەو دوورگەی Adalar  (بویوکئەدا)، ئیستەنبووڵ، تورکیا
12:56 PM

تاگەکان    
تەکنۆلۆژیا کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین دەروونناسی 4 خولەک فەلسەفە فیلم عیرفان ڕەخنە ژن جنۆکە شەعبان ئیسرائیل خێوەتگە کتێب کۆرۆنا
ئەدەب
2025-10-05 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 486 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی