گەشتە بەهیواکەم-پێشەکی

نووسینی: ئەحمەد هادی
ئەدەب 2025-09-28 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 567 جار بینراوە

گەشتە بەهیواکەم

پێشەکی:

ئەم چەند مانگەی پێشوو لە Exchange Programێک وەرگیرام، کە خۆم لە بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری - قۆناغی سێیەم بووم، لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر؛ بۆ درێژەپێدانی خوێندنی ئەمساڵم لە زانکۆی The Mazovian University in Płock لە بەشی ئەندازیاری زانیاریی تەکنەلۆژی لە وڵاتی پۆڵەندا.

تێبینی: پۆڵەندا وڵاتێکی مەسیحین، کاثۆلیکین، سەر بە یەکێتیی سۆڤییەتی ئەورووپان، ڕێژەی کورد لە گشت پۆڵەندا بەپێی سەرچاوە مەزندەکراوەکان ٠.٠٠١%ـە، بە واتایێکی تر بڵێم لە سەد هەزار کەس، یەک کەس کوردە. ٠.٠٠١٥%یشی موسڵمانە.

دەستپێک

لەو ماوەی پێشوو زۆر پرسیار لە مێشکم گەڵاڵە بوون. ئەوانەی کە لە ژیانی کەسیم نزیکن، دەزانن کەوا کەسێکی کۆمەڵایەتیم و سوپاس بۆ خودا هەموو کات دۆست و خۆشەویست و ئازیزانم هەن. یەکێک لە بۆچییە گەورەکانی کە لەدوای کۆتا ماڵاوایی لە دایک و باوکم کردم و ڕاستەوخۆ ڕووبەرووم بوویەوە، ئەوە بوو کە ئایا بەڕاستی ئەوە پێویستە و ئەسڵی ژیانە کە کەسانێک بەجێ بێڵیت ئازیزتر بن لە ڕووحت؟

هەڵبەتە ئەم پرسیارە بناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو حەفتە بەر لە ئێستا، بەڵام ئینسان زەعیف و بێتوانەیە، وەکو زۆر لەو شتانەی تری کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبنەوە نەدەوێرام وەڵامی بدەمەوە و ئەسڵەن بیر لە پرسیارەکەیش بکەمەوە، بەس وا دیارە ئێستا کە نزیکەی ٧ بۆ ٨ مانگی تەنهاییم لەپێشە، کاتیەتی بیر لەو بۆچییانە بکەمەوە کە نەموێراوە هەرگیز بیریان لێ بکەمەوە.

غوربەت چییە و بۆچی ڕوودەدات؟ ئێمە بۆ خۆمان دەژین یان بۆ دەوروبەرمان؟ ئەگەر بۆ خۆمانین، بۆچی پێویستمان بەوەیە لەگەڵ دەوروبەردا بژیین؟ ئەرێ بەڕاست بڕیارە ڕاستەکەم داوە کە بۆ ماوەیێکی درێژ ئەو هەموو شتە بەجێ بێڵم؟ نیعمەتەکانی کە هەستیان پێ ناکەم چین؟ ئەرێ من چەند بەهێزم تا بتوانم بەسەر سەختییەکان ڕێ بکەم؟

بیرمە لە منداڵی، ئەو کێشانەی کە لە تەمەنی بچووک دەهاتە پێشم و پێم حەل نەدەکران، ترسم نەبوو؛ چونکە باوکم هەبوو و ئەو هێزە مەعنەوییەم هەبوو کە هەموو کێشەیێک تووشی ئینسانەکان دەبێتەوە ئیللا باوکم دەتوانێت حەلیان بکات. تەمەن هات و ڕۆیشت و تێگەیشتم کە وا نییە، بەڵام هەموو کات هێزێک بوو بۆ من، کە بەو بیرەوەرییەی منداڵیم دەگەڕامەوە خزمەت بیر و هۆشم و دەموت: "دەیکەم، بوو باشە، نەبوو بابە بۆم حەل دەکات و فکرەی پێیە."، ئای باوکە گیان چەند گەورەیت.

کێشەی من لەوە سەری هەڵداوە، ئەگەر ئەم جارە کێشەم هەبێت کەوتوومەتە واقیعێک کە بەڕاستی باوکم ناگاتە لام و دەبێت خۆم باوکایەتی بۆ خۆم بکەم. لەدەستدانی هێزی مەعنەوی هەموو کات کێشەیە. لە مێژوودا هاتووە، کە لە سەردەمی پێغەمبەر گیان دروودی خوای لەسەر بێت، لە یەکێک لە جەنگەکاندا، شەو پێغەمبەر گیان خەوی بینیوە و ژمارەی کافرەکانی زۆر کەمتر پیشان دراوە لەچاو ڕاستیی جەنگەکە؛ هەر بەڕاستییش لەو جەنگەدا سەر کەوتن!

کاتێک پێغەمبەر موحەممەد دروودی خوای لەسەر بێت و ئەبووبەکر خوای گەورە لێی ڕازی بێت، لە مەککە هەڵهاتن، قوڕەیشییەکان بەدوایانەوە ڕۆیشتن. ئەوان خۆیان لە ئەشکەوتی (الثور) شاردەوە، لە کاتێکدا قوڕەیشییەکان لە دەرەوە بە دوایاندا دەگەڕان. ئەبووبەکر خوای گەورە لێی ڕازی بێت، کە لە ترسدا بوو، بەسەبری فەرمووی: "ئەی پێغەمبەری خوا، ئەگەر سەیری خوارەوە بکەن ئێمە دەبینن!"

پێغەمبەر گیان دروودی خوای لەسەر بێت بە ئارامی و متمانەوە وەڵامی دایەوە: "خەفەت مەخۆ؛ بەڕاستی خوا لەگەڵمانە." "إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَى وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ"

هەرچەندە مەترسی نزیک بوو لە پێغەمبەر گیان دروودی خوای لەسەر بێت، کەچی پڕ بوو لە هیوا و متمانە بە خوا. بە شێوەیەکی سەیر، دوژمنان نەیاندەتوانی سەیری ناو ئەشکەوتەکە بکەن و، ئەو دووانە بەسەلامەتی گەیشتنە مەدینە؛ سەنتەری بڵاوبوونەوەی ئیسلام کە بەهێزتر بوو و گەشەی کرد. متمانە بە پلانی خوا بکە، چونکە ئەو هەمیشە لەگەڵ ئەوانەیە کە باوەڕیان هەیە. بابەتەکە هەبوونی مەعنەوییەت و هیوایە، لەوانەیە بە هیوایەکە شتێک نەگۆڕێت، بەڵام هیچ نەبێت نەفسییەتت ئارامتر دەبێت.

پاشان دەچمە تاریکییێک کە نازانم پشتی چۆنە:

 1. دووربوون لە خێزان و دۆست.

 2. دووربوون لە هاودینی خۆت.

 3. دووربوون لە هاوفکر و هاوقەومی خۆت.

 4. دووربوون لە گشت ئەو بیروباوەڕانەی کە باوەڕت پێ بوون.

لێرە دەکەومە ئەو واقیعەی بەڕاستی ڕەحمی خودا، جوهدی کەسیی خۆت، دوعای ئازیزانتە، تاکە شتانێکن کە یاوەرتن لەم سەفەرە. نازانم چی چاوەڕێم دەکات، بەڵام پشت بە هیوا دەبەستین و وای دەبینم، مادام تا ئێرە گەیشتووم، دەبێت خوای گەورە مەبەستی بێت کە بەم شوێنە بگەم.

جارێک من لەوە ماومەتەوە کە ئایا ئەمە پاداشتی خوداییە بۆ هەر چاکەیێک کە کردبێتم و ئەم پرۆگرامەی پێ بەخشیم، یان سزای ئەو گوناحانەن کە کردوومن؟ لەبەر ئەوەی وەڵڵامەکەیمان لێ دیار نییە، دەبێت ئەگەر بۆ حاڵەتەکان دابنێین.

گریمان تۆڵەی گوناحەکانمە، دەبێت چی بکەم؟ وەڵامەکەی هەڵدەگرم بۆ دانیشتنی داهاتوو…

دووشەممە

17.2.2025

12:52 AM

دوو کاتژمێر لە چاوەڕوانیی فڕۆکەی هەولێر-ئیستەنبوڵ، دوو کاتژمێری ونبوو.

تاگەکان    
ئەیاد قنێبی فەلسەفە عاشوورا جوانی گەشتە بەهیواکەم چەواشەکاریی_لۆژیکی حزبی ئیسلامی گفتوگۆ جنۆکە فەلەستین گەڕان یاسا وەچەخستنەوە وەلی ئەمر تەوبە
ئەدەب
2025-09-28 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 567 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی