تەرازوو دوو لای هەیە، بۆ ئەوەی ڕێکی بخەیت، دەبێت بەردێک لەملا و بەردێک لەولا، کیلۆیەکی لەملا و کیلۆیەک لەولا دابنێیت؛ بۆ ئەوەی هاوسەنگ ببێت. واتا قورسیی هەردوولا وەکو یەک وا بن و ڕێک بن. کیلۆیەک تەماتە دەکڕیت؛ سەیر دەکەیت دوو تەماتە قورسترە، یان دەبێت تەماتەکان لاببەیت، یان دەبێت چارەکە کیلۆیەک بخەیتە لاکەی تر، بۆ ئەوەی قورسایی هەردوو لای تای تەرازووەکە وەک یەکی لێ بێتەوە. شتێک کە هاوسەنگە، واتا هەردوو لایەکەی وەکو یەکە، نە لەسەر حسابی ئەم لەو دەخۆیت، نە لەسەر حسابی ئەو لەم دەخۆیت؛ ئەمە هاوسەنگییە.
مرۆڤ پێکهاتەیەکی تێکەڵە. تۆ لە ئێستادا کە مرۆڤێکی عاقڵیت، لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی خاوەن سۆزیت. زۆر جار ئەم دوو هەستە لە ڕووکەشدا ئاڕاستەیان پێچەوانەیە. کاتێک کەسێکی نزیکت دەمرێت؛ ناو دڵت ئاگری تێ بەردەبێت، حەز دەکەیت شین و شەپۆڕ بکەیت، هەڵبەز و دابەز بکەیت، بقیژێنیت، بگەیت بە هەرکەس بیکەیت بە هاوار و قیژە. ئەمە پاڵنەرێکە لە ناوەوە وات لێ دەکات.
لە هەمان کاتدا هێزێکی ترت تێدایە، کە پێت دەڵێت: "گشت کەسێک دەمرێت؛ ئیتر ئەم قیژوقاژە چییە؟ بە قیژوقاژ کەس زیندوو نابێتەوە، هەرچەند خۆیشت ماندوو بکەت. دوای ماوەیەک، خۆت ڕادێیت بە دۆخەکە. بەسەرسوڕمانەوە دەڵێیت: باشە من لەبەر چی وام لە خۆم کرد؟" ئەمە پێی دەگوترێت عەقڵ.
وشەی (عقل) چاوگە لە زمانی عەرەبیدا. (عَقَلَ) واتا: ڕەشمەی کرد یان بەستییەوە. (عقال) بە واتای ڕەشمەی وشتر و ئەسپ دێت. (عقال)، کە (عگال)یشی پێ دەگوتریت؛ بە شتێکی ڕەش دەگوترێت کە لە جلوبەرگی عەرەبیدا لەسەر سەر دادەنرێت، (عگال) -کە زیاتر بە عەگاڵ ناسراوە لای کورد- لە (عقال)ەوە هاتووە، واتا: بەستەرەوە، یان بەستەر.
خوا ئاوەزێکی سست و لاوازی پێ داویت، ڕەشمەیەکە زۆر بەهێز نییە، سۆزێکیشت هەیە هەر وەک گای شێت وایە. دەبێت بەم تاڵە مووە، ئەو گایە شێتە کۆنتڕۆڵ بکەیت. ئیتر یان دێیت نانی ئەم گایە کەم دەدەیت، بۆ ئەوەی لاواز بێت و پەتەکە دەرەقەتی بێت، یان ئەم گوریسەی دەستت هەوڵ دەدەیت پەتی تری بە دەوردا بئاڵێنیت و بەهێزی بکەیت. چونکە گوریسەکە لە زیاد و کەمیدایە، هەر وەک ڕیشەی دار؛ دەکرێت ئاوی بدەیت، ئەستووری بکەیت و بەهێزی بکەیت.
گرنگترین شت لە ژیانی ڕۆژانەتدا کە بەڕاستی ئەرکە لەسەرت ئەنجامی بدەیت، ئەوەیە کە هاوسەنگیی ئەم دوو هێزە لە خۆتدا بپارێزیت. با ئاوەزت وات لێ نەکات کە بە ناوی ئەوەی مرۆڤێکی عەقڵانییت؛ سۆز، خۆشەویستی و خەفەتخواردنت نەمێنێت. نە سۆز و دڵناسکییشت وات لێ بکات پەت ببڕیت و ئاوەز لە دەست بدەیت و ئیشی ناحەز و ناپەسەند بکەیت.
بەگشتی ئەوانەی لە بواری ئایینیدا کار دەکەن، دابەش دەبن بەسەر دوو گرووپ و قافڵەدا:
یەکەم: خەریکی ئامۆژگاریی خەڵکن، بەڵام هەر خەریکی گریاندنیانن. فەرموودەی هەڵبەستراو فێری خەڵک دەکەن. شوێنکەوتووانیشیان دەست دەکەن بە هاوار و شین و شەپۆڕ. بەڵام دوایی وە هۆش دێنەوە و دەزانن ئەوەی کردوویانە ئاوەزپەسەند نەبووە. باسی ڕیوایەتێکی درۆ دەکات و دەڵێت: "فڵان خواناس وای کرد و فڵان سۆفی وای کرد"؛ کە ناچێتە عەقڵی هیچ کەسێکەوە، هەر شتی وا نابێت!
بەمە خەڵک دەگەوجێنێت، دوای ماوەیەک خەڵکەکە هەمووی وەک یەک نامێنێت؛ بڕێکیان ژیر دەبن و ئاستی مەعریفییان زیاد دەکات، کاتێک ئەو قسانەیان بیر دەکەوێتەوە، هەست دەکەن گێل بوون. ئەنجامەکەیشی زۆر جار ئەوەیە کە لە دژی ئایین دەوەستنەوە، چونکە ئایینیان لە مێشک و دەمی ئەو کابرایەوە وەرگرتووە. هەر وا دەزانن ئایینەکە بەم جۆرەیە!
دووەمیان: تاقمێکن کە وردەشتیی عەقڵیی قووڵ باس دەکەن، بەڵام خەریکە هیچێک بۆ لایەنی سۆز ناهێڵنەوە.
ناتوانیت خەڵک تەنیا بە ئاوەز و عەقڵ تێبگەیەنیت؛ هەر بەڕاستی ناتوانیت. تۆ ناتوانیت لە شەڕێکی وەکو شەڕی داعشدا لەسەر فەلسەفەی جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی قسە بکەیت. کە دەڵێیت ئەگەر شەڕ ڕووبدات و داعش ئەمناوە بگرێت، دایک و خوشک و کچەکانتان ئەتک دەکات؛ یەکسەر خەڵکەکە مووی گرژ دەبێت.
خۆ داعش نەگەیشتووەتە ئەم ناوچەیە تا وای لێ بکات، بەڵام بەم جۆرە نەبێت، خەڵک بەئاسانی گەرم ناکرێت وای لێ بێت چەک هەڵبگرێت. چیی بۆ ڕوون دەکەیتەوە! ئەگەر هەر جەخت لە ئاوەز بکەیتەوە، کابرا ناتوانێت شەڕ بکات. دەبێت فوو بە لاکەی تردا بکەیت.
جارێک گوێم لە بەرنامەیەکی مامۆستا سەیید ئەحمەد پێنجوێنی بوو؛ کابرایەک پەیوەندیی کرد وتی: "مامۆستا، مەلاکان ئیش لەسەر هەستوسۆزی خەڵک دەکەن!" مامۆستایش فەرمووی: "ئینجا چییە؟ تۆ عاتیفەت نییە؟ بەشەر نیت؟ خوا وای لە مرۆڤ کردووە کە خاوەن سۆزە و ئەمانیش ئیش لەسەر ئەو بەشەی دەکەن." مامۆستا سەیید ئەحمەد یەکێکە لەو مامۆستایانەی کە زۆر کار لەسەر ئاوەز دەکات، بەڵام ئەو وەڵامە، وەڵامێکی عاقڵانە بوو. یانی وەک ئەوەیە بڵێیت عاتیفە هیی کەر و شتە، بۆچی دەتەوێت بەمە من بگریت؟ یان بڵێیت کابرا برسییەتی و دەیەوێت بە نان و ئاو بیکات بە عایدی خۆی! ئاخر بەشێکی پێداویستیی ژیان نان و ئاوە، خۆ نەهاتووە بە پیسی بیکاتە عایدی خۆی تا پێت سەیر بێت بڵێیت "خۆ قالۆنچە نیم! دەتەوێت بە فڵان شت من ڕاکێشیت." پێویستیی خۆتە، قەیدی چییە؟
مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە هەندێک جار، سۆز و عاتیفە وەک عەیبە باس دەکرێت. هەر وەک کافرەکان دەیانگوت: "ئەم پێغەمبەرە چییەتی؟ چۆن پێغەمبەرێک خواردن دەخوات و بە ناو بازاڕدا دێت و دەچێت وەک خەڵک عادەتی؟" لەبەر چی نان نەخوات؟ ئەویش بنیادەمێکە و پێویستی بە خواردن و خواردنەوە هەیە.
بەشێک لە خەڵکی ڕەخنە دەگرن و دەڵێن فڵان کەس خەریکە بە شیعر خەڵک هەڵدەخەڵەتێنێت! شیعریش بەشێکە لە هەستی بنیادەم؛ هەر بۆیە لە مێژوویشدا کاریگەریی زۆر بووە، بەڵام ئەوکات ترسناک دەبێت کە بە قسەی ناعەقڵانی ئەوەندە فوو بەملادا بکەیت؛ کە دوای چوار ڕۆژ بە پرسیارێک هەڵدەوەشێتەوە. وەک کابرایەک کە گوتی: "ئیمامی عەلی باوەشی کرد بە زەویدا تا ناوکی بەرزی کردەوە." کابرایەکیش لە لایەکی ترەوە گوتی: "ئەی پێی لەکوێ بوو؟"
جاری وا هەیە عاتیفەی خەڵک بە جۆرێک بەرز دەکەیتەوە، کابرایەک پرسیارت لێ بکات، شتەکەت نامێنێت. پاراستنی میانڕەوی گرنگە. خوای گەورە بە جوانترین شێوە ئەمەمان بۆ دەخاتە ڕوو؛ لە باسی کافراندا دەفەرمووێت: (لهم قلوب لا یعقلون بها). دڵگەلێکیان هەیە کە عەقڵی پێ وەرناگرن. واتا تۆ دەتوانیت ماددەی دڵت بکەیتە عەقڵت؛ هەر خودی دڵەکە بکەیتە عەقڵ.
مەحوی دەفەرمووێت:
سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکەتاڵم بۆ چییە!
دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چییە!
دڵ کە هۆشی تیا نەبێت شووشەیەکی بەتاڵە، عەقڵیش جۆشی تیا نەبێت کاڵەکێکی تاڵە، بە کەڵکی چی دێت؟ دەبێت دڵت پڕ لە هۆش بێت، سەرت پڕ لە جۆش و خرۆش بێت. واتا بیانکەیت بە یەک، وا بیانکەیت بەیەکدا خۆت سەرت لە خۆت سووڕ بمێنێت: من لە یەک کاتدا بۆ ئەوەندە عاقڵ و خاوەن دڵیشم!
پێغەمبەران -ئەگەر جائیز بێت بڵێین- لە یەک کاتدا فەیلەسووفێکی شاعیرن، بەپێچەوانەیشەوە شاعیرێکی فەیلەسووفن. پڕاوپڕن لە عەقڵ و دەرکی فەیلەسووف، پڕاوپڕن لە هەست و شعووری شاعیران. تۆ هانی ئەم گەنجە هاوتەمەنانەی خۆت دەدەیت لە یەک کاتدا دەستێکیان بەسەر دڵیانەوە بێت، دەستەکەی تریشیان کردبێت بە سێبەر بۆ چاویان بۆ ئەوەی بتوانن بە عەقڵیان دوور ببینن.
چی بکەین بۆ پاراستنی ئەم هاوسەنگییە؟
١- دەرککردنی ئەوەی ئەم دوو لایەنە هەردووکیان پێویستن، وات لێ دەکات هیچکامیان فەرامۆش نەکەیت؛ چونکە تۆ کاتێک بۆ پۆلی دوازدە ناخوێنێت، لەبەر ئەوەیە وا دەزانیت گرنگ نییە. هەر کە ئەم هەستەت لا درووست بوو کە پۆلی دوازدە گرنگە، ئەوکات خۆت بەبێ ئەوەی بزانیت هەوڵ دەدەیت.
کەسێک لە پاڵتدا دەکەوێت؛ دەڵێیت: "هەستە هەستە هیچ نییە"، سەیر دەکەیت دەستی شکاوە، یەک سات ئەو هەستەت بۆ درووست بوو: ئەمە بەڕاستی لێی قەوماوە. ناتوانیت وەک جاران پێبکەنیت و بڵێیت هەستە فشە مەکە، دەشێوێیت، ڕەنگت تێکدەچێت، ڕادەکەیت، سەیارە دێنیت، دەیبەیت بۆ فریاکەوتن.
ئەم گەنجە کە ئەو هەستەی بۆ درووست بوو کە بەڕاستی عەقڵ و دڵ وەکو یەک پێویستن، ئەو کاتە ناتوانێت گرنگی بە یەکێکیان بدات و بەوەی تری نەدات. واتا یەکەم شت بۆ ئەوەی هاوسەنگی بپارێزیت، دەبێت هەستی گرنگیی هەردووکیانی لا بخوڵقێنیت.
۲ـ سەرچاوەی عەقڵیمان هەیە و سەرچاوەی عاتفیمان هەیە؛ قورئان لە یەک کاتدا هەردووکیەتی. فڕین بە باڵی قورئان و سوننەت، وات لێ دەکات خۆت بەبێ ئاگایی خۆت -ئەگەر لە قورئان و سوننەت لانەدەیت- زۆر ورد و زرنگ دەبیت.
ئەگەر دیسان دروست بێت بڵێم، قورئان مەیلی بە لای عەقڵانییەتەکەدا زیاترە، لەبەر ئەوەی دەقێکی زۆر چڕ و پوختە، دەبێت لە سێبەریدا ئەوەی تر هەڵکڕێنیت. لە فەرموودەدا بە لای دڵ و عاتیفەکەدا ڕیوایەت زۆرترە. هەمووی لە سێبەری قورئان و فەرموودە دروستەکاندا هەیە، بەڵام بە ڕووکەش دەڵێیت ئەوە چییە؟! بێجگە لە بواری تەسەوف، ئایەتێکت بۆ دەهێنن و دەڵێن ئەم ئایەتەیش وا دەڵێت. ئەمە ڕێگایەکی تری دەستگرتنە بە قورئان و فەرموودەی ساغ و دروستەوە.
۳ـ کتێبی عیلم دەخوێنیتەوە، بەڵام بە عیلم لە خۆت بایی نابیت. لە بەرنامەی چەشنی چرادا، بەدرێژی ئەوە باس کراوە ـکە ئیشەڵڵا چاکی بکەم ببێت بە کتێب، نازانم چەند ساڵی ترـ بەڕوونی گوتراوە کە مەغرووربوون و لەخۆباییبوون بە عیلم، خۆی بێعیلمییە، مەغرووربوون بە عەقڵ خۆی بێعەقڵییە.
دەبێت وریا بیت ئاگات لە عیلمی تازە هەبێت، بەڵام وا نەزانیت کە پیرۆزە. قسەی قۆڕ دەکەن و دوای سەد ساڵی تر دەڵێن ئەوە هەڵەیە. لە بەرانبەریشەوە دەستت وا بە عیرفانی ئیسلامییەوەیە، بە ئەدەبیاتی ناسک و جوانەوە، بە خوێندنەوەی تراژیدیاوە، بە خوێندنەوەی کۆمێدیاوە، ئەمانە دڵت دەگرێینن، هەروەها دەیخەنێنن.
لەناو مێژووی ئیسلامیدا جمهووری زانا دیارەکان، کە هاوسەنگیی ئەم دووانەیان پاراستووە، فێرگەی ئیخوان بەم جۆرەیەیە.
ئیمام بەننا دەفەرمووێت: "دعوتنا سلفیة صوفیة: بانگەوازی ئێمە سەلەفییەکی سۆفییانەیە." سەلەفییەت سەیری ئەم سەلەفییانەی خۆمان مەکە دڵ ڕەقن، مەدخەلیی ئێستا واتا بێعەقڵی و بێدڵی، قوتابخانەی سەلەفی لە مێژوودا قوتابخانەیەکی عاقڵترن، ئەوەندە لە فکری ئەوەن مەنهەجت هەیە، ئەمەت وا نەبوو، کێ وتی وایە؟ بەڵگەت چییە؟ بورهانت چییە؟ چۆن ئەمەت وا کرد؟ ئەمە جائیز نییە ئەمەیان لە عیادەتدا ناگونجێت. نایەڵن دڵیان جەو بیگرێت لە خەت دەربچێت.
ئەهلی تەسەووف زیاتر ئەهلی دڵن دەتوانی سۆفییەک بە فەرموودەیێکی لاواز دوو سەعات بخەیتە گریان، دواییش سەیر دەکەیت فەرموودەکە ئەسڵ و ئەساسی نییە، هەر لە خۆوە گریاوە، بەڵام دڵیان ئامادەیە.
ئیمام بەننا دەفەرمووێت: بانگەوازی ئێمە تێکەڵەی ئەمانەیە. واتا لە هەمان کاتدا دڵمان لە جۆش و خرۆشدایە؛ نایشهێڵین لە دەست دەربچێت و پەتی عەقڵی پێوە نەمێنێت. بە سەوڵی عەقڵ خەریکین بەلەمی دڵمان لەناو دەریای بووندا ئاڕاستە دەکەین.
نموونەیەک لە ئەوانەی لە یەک کاتدا یاری دڵ و عەقڵن لەم سەردەمەی خۆماندا؛ ئیقبالی لاهوورییە. دکتۆر هێمن، لە کتێبی فووکردن لە خۆڵەمێشدا، لە باسی زیکر و فیکرەکەدا -پێم وا بێت- باسی ئیقبالی کردووە. ئیقبالی لاهووری فەیلەسووفێکی گەورەی غەریبدیدەی شارەزا لە فەلسەفە و ژیاری خۆراوایە. لە هەمان کاتدا شاعیرێکی گڕگرتووی دڵڕۆشنی شەیدا و سووتاوی مەولانای ڕۆمییە، کە لە دیوانەکانیدا هاتووە بەجوانی بە باڵی دڵ و عەقڵ بەرەو لای خوا دەفڕێت.
پرسیار: لە نموونەکاندا زیاتر دڵت گەورەتر نیشان دا و عەقڵ بچووکتر، بەلەمەکە دڵە و سەوڵەکە عەقڵ، ئاژەڵەکە دڵە و ڕەشمەکە عەقڵە، هۆکاری ئەمە چییە؟
دەستت خۆش بێت، کە دەگوترێت عەقڵ هەر وەک گوتم، یەعنی بەستەر، لە ڕووکەشدا وەکو بارستایی بچووکترە و هێزی ئەوەی هەیە کە کۆنتڕۆڵی شتێکی زۆر زەبەلاح بکات. کەشتییەکی گەورە بە سوکانێکی بچووک ئاڕاستەکەی دەگۆڕدرێت. هەر خودی ئەوەی کە گەورە و بچووکی بە قەبارە و بارستایی بزانیت، عەقڵ خۆی قبووڵی ناکات. عەقڵ پێت دەڵێت هێشتا باش نەکەوتوویتەتە ژێر کۆنتڕۆڵ، ئەگەرنا دەتزانی گرنگیی لە کیلۆمیتر و ئەوانەدا نییە، لە کاریگەریدایە.
دەتوانیت فیلێک بە پەتێکی ئاسایی بگریت. جاری وا هەیە ئەو پەتە بەس ڕەمز و نیشانەیە. بەناوبانگە ئەوانەی کە لە سێرکدا فیل دەهێنن، لە پێشدا بە گوریسی گەورە بەستوویانەتەوە و وردە وردە وایان لێ دەکەن یەک تاڵە داوێک یان تیرەیەک بکەن بە ملیدا و، دەتوانێت بڕوات. چونکە وا دەزانێت ئەمە بەستوویەتییەوە، بەڵام تۆ هەستێکی بۆ دروست دەکەیت کە تۆ لەژێر کۆنتڕۆڵدایت، تۆ هیی خۆت نیت. ئەگەر ئەم هەستە دروست بوو، ئەگەر تاڵەموویەکیش بێت دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، چونکە قەبارە گرنگ نییە.
مرۆڤ ئەوەندەی ژیانی بە سۆز و عاتیفە دەڕوات، ئەوەندە بە عەقڵ ناڕوات. تۆ ڕۆژانە پەیوەندییت لەگەڵ دایکتدا ئەوەیە دەستی ماچ دەکەیت و بیری دەکەیت و... جار جار بیر دەکەیتەوە دایکت قوربانیی داوە بۆت. کەچی هەر دەڵێیت: چیی کردووە تا من خزمەتی بکەم؟ ئەگەرنا هەر سۆزە تۆی بەستووەتەوە بە دایکتەوە. جاری وا هەیە ئەگەر تۆزێک عەقڵت هەبێت و بیری پێ بکەیتەوە؛ دەڵێیت: "ئەمە چییە؟ بۆ خۆشیی خۆی منی هێناوەتە دونیاوە." ئەگەر وریا نەبیت عەقڵ جاری وا هەیە ئیشەکە تێک دەدات.
عاتیفە خۆی زۆر جار جوانە، کێشەی نییە، بەڵام لە یەک شوێندا لابدات، پێویستی بە عەقڵەکەیە کە بێت و بیگرێت. بۆیە قەبارەیەکی زۆر گەورەی ناوێت. ژیان بە شێوەی سرووشتی، دڵ زیاتر بەڕێوەی دەبات، هەڵیدەسووڕێنێت و دەیجووڵێنێت، تۆ تەنها دەبیت بە شتێکی ساکار.
تایەی ئۆتۆمبێل، زۆر زل و گەورەن. ئەو ئستۆپەی کە هەتە، شتێکی زۆر بچووک و سووکە لە ڕووکەشدا. سوکان قەبارەی لە چاو هەموو ترۆمبێلەکە زۆر بچووکە. تۆ بەم دووانە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت دەکەیت. بە سوکانەکە ئاڕاستەکەی دەگۆڕیت و بە ئیستۆپەکەیش کە لە هەندێک شوێندا، کە شوێنی تۆ نین، پێی پێدا دەنێیت تا بووەستێت.
عەقڵ ڕێک ئەمە ئیشیەتی، ئاڕاستە بۆ تۆ دەگۆڕێت. لە هەندێک شوێنیش دەتوەستێنێت تا نەڕۆیت. ئەوەندەی تریش کە بۆدی و قاڵبەکەی تۆیە، دڵتە ئاڕاستەی دەکات. ئیتر ئەویان جورعەی کەم کەم دەخەیتە ناو باسەکەوە بۆ ئەوەی تەنها هاوسەنگی بپارێزیت، ئەگەرنا، وەکو کیلۆیەک ئاسن و لۆکە وایە لە کیلۆدا، هەردووکیان هەر کیلۆیەکن، بەڵام لە شکڵ و قەبارەدا لۆکەکە فەردەیەکە و ئاسنەکەیش پڕی مشتێکە. عەقڵ ئاوا ئیشی خۆی دەکات. ژێراوژێر، دزاودز، ئیشێکی گەورە دەکات ئەگەر تێکی نەدەیت. مرۆڤی وا هەیە، عەقڵی هەر بەیەکجاری شێت دەبێت، عەقڵێکی مەغۆلی هەیە. ئەوە فەقیرە و هیچی پێ ناکرێت. هیی وایش هەیە دڵی وشک بووەتەوە. بۆیە دەبێت زیاتر ئاوی بدەیت. عەقڵ نەیەت بۆ ناوەوە، بهێڵە جارێک، هەر تۆزێک پەل بوەشێنێت، بکرێتەوە و ئازاد بێت، دوایی بیوەستێنە.