شاعیرێکی فەڵەستینی لە وەڵامی پرسیارێکمدا پێی گوتم:
«لە شیعری مندا نان نییە؟
ئێ ئاخر خۆ لە ماڵەوەش نیمانە.»
لە فەڵەستین، وەختێ منداڵ داوای نان دەکات، دایکی ناڵێت:
نیمانە.
پێی دەڵێت: نەڕۆی.
ئاخر ڕۆیشتن بۆ نان، ڕۆیشتنە بەرەو پیری مەرگ.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
منداڵێک دەفتەرۆکەیەکی هەبوو.
نە شیعرێکی تێدا نووسرابوو، نە وێنەیەکی تێدا کێشرابوو.
بەو دەستوخەتە شەڕەپشیلەیە هەر یەک ڕستەی لێ نووسیبوو:
«ئەمڕۆ نان نەبوو، شایەد سبەی...»
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
منداڵێک گوتی:
«نان چییە؟»
دایکی گوتی:
«حیکایەتی ڕۆژگارێکە کە هێشتا ئینسان بووین.»
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
پیرەژنێک پێی گوتم:
هەتا هاتم چیرۆکێک بۆ نەوەکەم بگێڕمەوە...
چیرۆکەکەی تەواو بوو.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
منداڵێک گوتی:
«لە خەوما هەڵفریم...
سبەی هەستام قاچم نەمابوون.»
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
کیژۆڵەیەک سەری بردە بن گوێی برا بچکۆلەکەی و پێی گوت:
«برسێتی زۆر بەئازارە، بەڵام لە بێدەنگیی دنیا بەئازارتر نییە.»
گوتم، «خانێ، گوێم لێ بوو.»
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
منداڵێک کە لێم پرسی، «چەند ساڵیت؟» گوتی «پێنج.»
بەو پێنج ساڵە تەنیا دوو جۆری نانی ناسیبوو:
نانی ویشک، نانی نەگەیشتوو.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
هیچ شاعیرێک هەتا ئێستا نەیتوانیوە ئەم وێنەیە بنووسێتەوە:
مەلۆتکەیەکی کاسەسەر شکاو
لە ئامێزی دایکیدا کە پێش ئێستا هەناسەی وەستا.
ئەم شیعرە، لە هەرچی خوازەی ئەدەبیاتە لەعنەتیترە.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
کوڕیژگەیەک، بە ئەنگوستی خۆڵەمێشی، لەسەر دیوار نووسیبووی: «بابە گوو بە نان! نانمان ناوێت، بەس با باوکم بگەڕێتەوە...» چ ڕستەیەک... نقورچەیەک کە دەبوو دنیا لە خەو ڕاپەڕێنێت، بەڵام نا. دنیا وەها نەخەوتووە بە هیچ شتێک بێدار بێتەوە.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
لە ڕۆژژمێری غەززەدا، ڕۆژی «نان»
هەمیشە سبەینێیە.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
کچیژگەیەک لەسەر داوای من چەمەدانەکەی خۆی بۆ کردمەوە،
نە کراسێکی تێدا بوو، نە بووکەڵەیەک،
کفنێکی قەدنەکراو و هیچی دی.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
بەبێ پێشەکی
دەنگی دام: «فرمێسکەکانم دەسڕیت؟»
ئاوڕم لێ دایەوە
منداڵێکی هەردوو دەست پەڕیو بوو.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
لە غەززە چوومە ژێر چادرێک. منداڵێک، وێنەیەکی کێشابوو و پێی نیشان دام: یەک نان، یەک گۆڕ، مەلێکیش لە کاتی فڕیندا. گوتی: «ئەوە باوکمە کە چووبوو نانمان بۆ بێنێتەوە.» سەرم لەسەر وێنە هەڵگرت و چاوم لێ کرد: هەموویان بە چاوی خوێن تێزاو، بەبێدەنگی چاویان لە من کردووە. هەموویان وێنەکەیان دیتبوو. هەموویان چاوەڕوانیی ئەو نانەیان چێشتبوو کە باوکیان بڕیار بوو بیهێنێتەوە.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
دایکێک لە وێرانەیەکدا، لەتێک نانی ویشکی لە دەسماڵێک پێچابوو،
نە خۆی دەیخوارد، نە دەیدایە کەس. دەیگوت: «ئەو نانەم هەڵگرتووە بۆ ڕۆژێک کە هیچ کامێکمان نەماوین، هەتا لای کەم شوێنەوارێک لە ئینسانبوونمان بمێنێتەوە.»
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
خۆراک گەیشتە ئۆردووگا. سەد نەفەر بەرەو ئەوێ بزووتن. چەند خولەک دواتر، سەد نەفەر خۆڵ و خوێن بوون. هارد و خۆڵ لێک جیا نەدەکرانەوە. منداڵێک هێشتا کیسەی هاردی توند لە باوەش بوو. بە زگی برسی مردبوو و... دنیا هەروا، وەک شاعیری بێهەڵوێستی وشەگێ، بێدەنگی دایگرتبوو.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
جیهان بانگەشەی پێشکەوتن و شارستانەتی دەکات. وەلێکانێ هێشتا ناتوانێت بەرایی لە برسێتی بگرێت. ناتوانێت ڕێی لە برسا مردنی کەسانێک بگرێت کە هەر تەنیا نانیان دەوێت. پێشکەوتن چ گەوادییەکە ئەگەر لە بەرابەر لە برسا مردنی منداڵێک ئاوا کەڕ و کوێر و لاڵ بن؟
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
لەم دنیایەدا، کەسانێک هەن بە دەست زگی تێرەوە دەناڵێنن ـــ چەند کیلۆمەتر بە پێ دەڕۆن تا بێنەوە سەر خۆ؛ کەسانێکیش هەن لە برسا مردوو... چەندان کیلۆمەتر ڕادەکەن بە شوێن نرخی ژەمێک ناندا. ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات، لە برسا مردن نییە، مردنە بە برسێتییەوە. مردنێک کە دەبینرێت، دەبیسرێت، بەڵام هەستی پێ ناکرێت. ئەمە، ئاخرین جینایەتی شارستانێتییە: ئاساییبوونەوەی کارەسات
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
کیژۆڵەیەک دەستی برینداری خۆی پێ نیشان دام و گوتی: «نانم پەیدا کرد، بەس براکەمم ون کرد.»
هەتا تێم نەگات بە کوردی پێم گوت:
ئەمە هەمان دانوستان و مامەڵەی باوی سەدانساڵەی دنیای ئێمە کوردەکانە:
مامەڵەی «نان» بە «گیان».
نان ببە و... گیان بدە.
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
لە ماڵێکی نیوەسووتاودا، پیرەژنێکی تەنیا بۆ خۆی دانیشتبوو. نەوە تاقانەکەی بۆ تیکەنانێک مردبوو. دەیگوت: «ئەی بریا بمردباینایە و ئارەزووی نانمان نەکردبایە... ڕەنگە هاتبایەوە! ڕەنگە ئێستا زیندوو بایە...» پیرەژن نەیدەوێرا نان بخوات. دەیگوت نەوەک من دەم لە نان بدەم، هەواڵی کوژرانی کەسێکی دی بێتەوە گەڕەک. چ ترسنۆکێک دوای خوێندنەوەی ئەم دێڕانە باسی بێلایەنبوونی خۆی دەکات؟