سنووری نێوان ئەوین و ڕق - ڕۆژنووسەکانی پاڤیسێ و ڕق لە ئافرەت

نووسینی: ئازاد حسێن وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا وەهیبی
فیکر 2025-09-03 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 346 جار بینراوە

«مەرگ دێت و چاوەکانی هەر ئەوانەی تۆن»، ئەمە دەستپێکی کۆتا شیعرە کە هۆزانڤان و ڕۆماننووسی ئیتاڵیایی چیزاری پاڤیسێ پاش ئەوەی کچە ئەمریکاییە ڕۆڵگێڕەکەی هاوڕێی جێی هێشتووە نووسیویەتی، تا دوای ئەوە لە هوتێلێکی هەرزانی ڕۆمادا خۆی کوشتووە. پاڤیسێ دوای خۆی هەندێک ڕۆمان و شیعر و کۆڵێک خەم و مشتێک کاغەزی جوانی لێ جێ ماوە کە ڕۆژەکانی خۆی تێدا نووسیونەتەوە.

بەدرێژایی ڕۆژنووسەکەی بەڕوونی لەوە ئاگەدار بووم کە چۆن بەرانبەر مێ هەست و سۆز و میزاجی دەشڵەژێت و دەربارەی ئەم مەسەلەیە چ غەیرەیەکی توندی هەیە. بیرم بۆ ئەوە چوو کە دەشێت وی لەبەر هۆکارگەلێکی سۆزدارانە و قورسیی باری غەیرە لەسەر دڵی کۆتایی بە ژیانی هێنابێت. لەم نووسینەدا ناخوازم کەسێتیی وی شیکار بکەم، لێ ئەوەی تەواو سەرنجی ڕاکێشام قووڵیی ئەو شێوازەیەتی کە پێی گوزارشت لە هەست و دۆخە دەروونییەکانی خۆی دەکات، چون ئەو لە بەرجەستەکردنی حاڵە دەروونییەکان و دانپێدانانی ڕاستگۆیانەدا نموونەیەکی دانسقەیە، مرۆڤێکە توانیوێتی خودی خۆی سەرنجی هەڵکشان و داکشانە سۆزەکی و شڵەژانە ڕووحییەکانی بەرانبەر جیهان و خەڵکی بدات.

پاڤیسێ جارێک نووسیویە: «بنیادەم ناکارێت لە دەستی کەسێتییەکەی هەڵبێت: کینەلەدڵ بەرانبەر ئافرەت، وا بووم و هێشتایش وام، کێ باوەڕ بەمە دەکات؟» من تا ڕادەیەک باوەڕ دەکەم، گەر هەندێک ڕابمێنین دەتوانین پاساوەکانی ئەم کینەیەی بەرانبەر مێ فام بکەین، وێڕای قووڵیی ئەو پەیوەندییە وجوودییەی لە بونیادی مرۆڤ و لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا هەیە، بەڵام ئەم پەیوەندییە وجوودییە لای جۆرێک ئادەمیزاد دوچاری تەنگژەگەلێکی دەروونی دەبێتەوە، بەتایبەت لای ئەو کەسێتییانەی لە جۆری ئارمانگەرای گۆشەگرن، لای فەیلەسووفە گەورەکان و هۆزانڤانە مەزنەکان و جگێک لە دینداراندا بەتایبەت مەسیحییەکان، وەک کەمێکی تر ئاماژەی پێ دەدەم.

خۆماک -غەریزە- فشارێکی یەکجار دڵڕەقانە دەخاتە سەر هەندێک یان بگرە زۆرینەی دەروونەکان، هەر وەک چۆن مەیلێکی سرووشتیی لەناخداچەقیویش مرۆڤ دنە دەدات تا لەتەک ئەوانی دیدا تێکەڵ ببێت و بیاندوێنێت و پەیوەندییان لەگەڵدا درووست بکات بەتایبەت تەک ڕەگەزی بەرانبەردا. ئەم مەیلە تاقەتپڕووکێنەیش لە جێبەندێکدایە تەواو دژی خواستی ئازدی و سەربەخۆیی و بەخۆبەسندەکردن دەوەستێتەوە وەک پاڤیسێ ئێژێت، بەم شێوەیە ململانێیەکی سەخت لەنێوان پاڵنەرە سرووشتییەکان و ئارمانگەرایی ئەخلاقی یاخود میزاجی یان عەوداڵبوون بۆ سەربەستیی وجوودی دەخولقێت.

بۆیە کابرا دەیەوێت لە قاڵبێکی باڵای نموونەییدا بژیت، تەنیا بێت و مەرایی بۆ کەس نەکات و ناچار نەبێت سۆز بۆ هیچ ئادەمیزادێک دەرببڕێت و زەبوونی دەستی پێویستی نەبێت. پاڤیسێ زۆر بەڕوونی دەنووسێت: «تاقە یاسای ژیانی پاڵەوانانە ئەوەیە تەنیای تەنیای تەنیا بیت. هەرکات توانیت تاقە ڕۆژێک بەسەر ببەیت بەبێ ئەوەی لە تاکە ڕەفتار یان بیرێکتدا گریمانەی ئامادەبوونی ئەوانی دی بوونی هەبێت یان چاوت لە ڕوانینی دیتران بێت ئەووەخت دەشێیت بە خۆت بڵێیت پاڵەوان».

بەڵکوو تاکمانەوە کامەرانییەکی گەورە یان باوبەزێنی پێ دەبەخشێت، لە چەندین شوێنی ڕۆژنووسەکەیدا ئەمەی پاتە کردووەتەوە، بۆ نموونە دەڵێت: «گشت شەوێک دوای ئەوەی ئیشت لە فەرمانگە کۆتایی پێ دێت و سەردانی باڕی گەڕەکەکە دەکەیت و گشت برادەرەکانت دەڕۆنەوە بۆ ماڵ، ئەو شادییە تۆفانییە ژیێنەرە بەوەی جارێکی تر تەنیا کەوتوویت دەردەکەوێت، ئا ئەمە شتە چاکە ڕاستەقینەکەی ئەمڕۆیە».

سەرەڕای ئەمە ئەو بەکردەیی ناتوانێت لە کیانی مرۆیی خۆی دەربچێت و لە ناخیدا مەیلی بۆ مێ هەیە، بە شێوازێکی ڕەوانبێژانە ئەم مانایە دەدرکێنێت و دەنووسێت: «کتومت بە پێچەوانەی ئەوەوە کە فێری بووین، تا کاتێک گەنجین خفەت بۆ تاکە ژنێک دەخۆین، لێ وەختێک گەورە دەبین بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو ژنان خەمبار دەبین». لێ ئەو مێیەی ئەو دەیەوێت مێیەکە ئەم بشێت بەتەواوی ببێتە خاوەنی، وەک جەستەی خۆی کە تەنیا مەرگ دەتوانێت لێی جیای بکاتەوە.

ئەو تامەزرۆیە لەگەڵ ویدا تەنیا بکەوێت و لە تەواوی بوون و گێتی داببڕێت وەک چۆن دەتوانێت لەتەک جەستەی خۆیدا وەها کارێک بکات، دەخوازێت هەست بکات تەواو بەسەریدا زاڵە و دەسەڵاتی بەسەر گشت شتێکی ویدا هەیە، ویست و دەسەڵاتێکی پاک و بێگەرد وەک چۆن دەکۆشێت ئەمە لەتەک خۆیدا بئەزموێت، بۆ ساتێکیش بەرگە ناگرێت لەوە بفکرێت کە ئەگەری هەیە ئەم کچە ڕۆژێک لەبەر کەسێکی تر جێی بهێڵێت. ئەم بیرۆکەیە لای ئەو غەیرەیەکی تێپەڕ نییە، بەڵکوو تۆقینێکی وجوودییە لە خودی ژیان.

لە ڕۆژانەکەیدا نووسیویە: «کەسێک کە تەنانەت لە پەنتۆڵی یارەکەیشی غەیرە نەکات ئەوینەکەی تەواو ڕاستگۆیانە نییە». بگرە ئەمە مۆتەکەی دەورانی تازەلاویی ئەو بووە: «ئەو شتەی بەپەنهانی لێی دەترسین زۆر جار هەر ئەوەیە ڕوو دەدات. کاتێک لاوێکی کەمتەمەن بووم لەوە زەندەقم چووبوو کە کچێکم خۆش بوێت و یەکێکی دی بیخوازێت. زەینم لەسەر ئەم تێفکرینە ڕاهێنابوو، ئەوەتە حاڵیشم ئەوەیە وا دەیبینیت!»

ئەم شکستە تاڵە لە پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان وێنا نموونەییەکانی خود دەربارەی شێوەی خەیاڵکردی پەیوەندییەکان و ناچارییەکانی واقیع و کۆتەکانی سرووشت -لەتەک نەبوونی چوارچێوەیەکی مێتافیزیکیدا کە ڕەفتار و باوەڕەکانی تاک ڕێک بخات- سەر دەکێشێت بۆ پەستبوون لە دۆخی ئینسان بەتەواوی و ڕقبوون لە ئافرەت وەک ئەو لایەنە مەحاڵەی کە بەرجەستەکەری فریوێکی نەگریس و نەفرەتییە و لەبەرانبەر پاکی و سافی یان سەربەخۆیی یان هەڵفڕینی وجوودیدا دەبێتە لەمپەر.

بۆیە هەڵوێستی ئەو دەربارەی ژن لەم دۆخە ئاڵۆزەدا ئێژیت دژوەستانەوەی خودی ئاتاجی یان داڕشتە و پێکهاتەی ژیانە، دژوەستانەوەی لاوازیی شاراوەیە لە دەروونێکی هەستیاردا، دژوەستانەوەی ئەو کەموکورتییەیە کە گیرۆدەی ئەم جیهانە دەبێت. لە کۆتا ڕۆژەکانیدا پاڤیسێ دەنووسێت: «ئینسان لەبەر ئەوینی ئافرەتێک خۆی ناکوژێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی خۆشەویستی -هەر خۆشەویستییەک- بەبێ پەردە نەگبەتی، لاوازی، پووچی و نەمێنیی مرۆڤ ئاشکرا دەکات».

لێکۆڵەرێک سەرنجی هەڵوێستی قەشە مەسحییەکانی لە مێژوودا بەتایبەت لەمەڕ ئافرەتەوە داوە و خستوویەتییە ژێر نەشتەری توێژینەوەوە. زۆرێکیان دەربارەی بەسووکڕوانین لە جەستە -لەم جێبەندەیشدا مێ هێمای جەستەیە- و بەمەزنهەژماردنی چێژە عەقڵی و پەتییەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی تێڕوانە فەلسەفییە یۆنانییەکەوە.

هەر وەک تێبینیی ئەوەیشی کردووە ڕابردووی زۆرینەیان تژی بووە لە پەیوەندیی یاساغ -بۆ نموونە ئۆگەستین-، ئەو وا لە ئافرەت دەڕوانێت کە هۆکاری هەڵە گەورەکە و دوورکەوتنەوەیە لە خوداوەند، جا هاتووە لە ڕێگەی هێما سەرەکییەکەی شەڕەوە -کە لە ئەفسانە مێژووییەکەدا حەوا نوێنەرێتی- تۆڵە لە ڕابردووی دەکاتەوە.

هەروەها ناتوانین کاریگەریی ئەو میکانیزمە دەروونییە ناسراوە پشتگوێ بخەین کە ڕق و قینی زۆر بەوە لێک دەداتەوە زۆر جار زادەی هەرەسهێنانی خواستێک و مەیل و تامەزرۆییەکی بەتینە کە تێر نەکراوە، بۆیە تۆڵەسەندنەوە لە شکستێکی بکوژ لەهەنبەر مێدا دەگۆڕێتە ڕق، ئاخر ئەم برینە وێنەی مرۆڤ لە بەرچاوی خۆی دزێو دەکات و لە زەینیدا لاوازی و زەلیلی جێی پاڵەوانی و بەهێزی دەگرێتەوە، چونکە ئەم هەستانەیش یەکجار ئازاردەرن نەستی مرۆڤ وەک جۆرێک تۆڵەسەندنەوەی دەروونیی ناوەکی، پۆشاکی قینیان لەبەر دەکات تا جارێکی تر هەست بە هێز و دەسەڵات بکات. 

ئیتر ئەم ناکامییەیش چ لەبەر هۆکارگەلێکی ئایینی بێت کە ڕێگە بەم پەیوەندییە نادات لە جێبەندێکی دیاریکراودا نەبێت -وەک حاڵەتی قەشەکان-، یان لەبەر پاساوگەلێکی فەلسەفەیی ئایدیاڵیستی، یاخود لەبەر هۆکارگەلێکی وجوودی -وەک ئەوەی پاڤیسێ-، هەروەها زۆر جار ئەم هۆکار و پاساوانە تێکەڵ دەبن و پێکدا دەچن. 

تاگەکان    
تەکنۆلۆژیا یاری یادەوەری ئابووری زانکۆ ئەیاد قنێبی ڕەزا بابایی بوووژانەوە فەرهەنگ نیشتیمان ڕەخنە گەڕان شیعر تەلارسازی کوردستان
فیکر
2025-09-03 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 346 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی