دوایین قومی ئەم پیاڵە

نووسینی: فەرەیدوون موشیری وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2025-08-16 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 145 جار بینراوە

هەموو دەپرسن
چی لە ورتەورتی تەماویی ئاودایە؟
چی لە دەنگەدەنگی دڵبەریی گەڵادایە؟
ئەوە چییە لە گەمەی ئەو هەورە سپییەدا؛
لەسەر ڕووی ئەم شینە ئارامە بڵندەدا؛
کە وەها تۆ دەباتە قووڵایی خەیاڵەوە؟
ئەوە چییە لە خەڵوەتی بێدەنگیی کۆترەکاندا؟
ئەوە چییە لە کۆششی بێئەنجامی شەپۆلەکاندا؟
چی لە خەندەی پیاڵەدایە؟
کە تۆ چەندین سەعات
حەپەساوانە تێی دەڕوانی؟
نە بە هەور
نە بە باران
نە بە گەڵا
نە بە ئەم شیناییە ئارامە بڵندە
نە بە ئەم خەڵوەتە بێدەنگانەی کۆترەکان
نە بە ئەم ئاگری سووتێنەرەی کە خزاوەتە پیاڵەوە
من بیر لەم ڕستەیە ناکەمەوە
من، ڕازونیازی درەختەکان، سەروەختی تاریکوڕوونی بەیان
سەمای بۆنی گوڵە یەخ لەگەڵ بادا
هەناسەی پاکی گوڵە خاشخاش لە سینگی کێوەکاندا
وتووێژی پەڕەسێلکە لەگەڵ بەیانیدا
نەبزی هەمیشەیی بوون لە گەنمجاڕدا
هاتوچۆی ڕەنگ و تازەیی لە سەرگۆنای گوڵدا
هەمووی دەژنەفم، دەبینم
من بیر لەم ڕستەیە ناکەمەوە
من بیر لە تۆ دەکەمەوە
ئەی سەراپا هەموو باشی
تاقوتەنیا بیر لە تۆ دەکەمەوە
هەموو کات
گشت جێیەک
بەهەرحاڵ ئەمن هەبم بیر لە تۆ دەکەمەوە
تۆ ئەمە بزانە، تەنیا تۆ بزانە
تۆ وەرە
تۆ لەگەڵ مندا بمێنەوە، تەنیا تۆ بمێنەوە
بەجێگەی مانگ لە تاریکایی شەودا ئەتۆ بدرەوشێ
من بە فیدای تۆ، لەجێی هەموو گوڵان تۆ پێبکەنە
ئێستا ئەم منە کە هەمدیسان گرفتارە بە تۆوە
ئەتۆ لەم مووە درێژە گوریسێکی لێ ساز کە
تۆ بیگرە
تۆ گرێی دە
تۆ بخوازە
وەڵامی پەرەسێلکان، تۆ بیدەوە
چیرۆکی هەوری هەوا، تۆ بیخوێنەوە
تۆ لەگەڵ مندا بمێنەوە، تەنیا تۆ بمێنەوە
لە دەماری جامی بووندا تۆ بجۆشێ
من تەنیا هەر ئەم هەناسە دواقومی گیانمە
دوایین قومی ئەم پیاڵە ئەتۆ کۆتاییەکەی بنۆشە.

تاگەکان    
بووژانەوە شەڕ دوعا قودس فەلەستین حزبی ئیسلامی کورد لۆجیک ئەنیمی شەهید فیکر زانکۆ کتێبی هاوسانی دیمانە نوێژ
ئەدەب
2025-08-16 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 145 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی