دۆخی غەززە لە سەرووی قسەکردنەوەیە

نووسینی: هێمن خورشید
فیکر 2025-07-26 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 188 جار بینراوە

ئەگەر ماوەیەکە هیچ دەربارەی غەززە نانووسم، لەبەر ئەوە نییە غەززە و ئازایەتی و ئارامگری و چەساوەیی خەڵکی غەززەم لە بیر کردووە، لە سۆنگەی ئەوەوە باسی ناکەم، وا دەزانم دۆخی غەززە لە سەرووی قسەکردنەوەیە، مەسعوود محەمەد دەڵێت؛ هەندێ جار نیوەشەوان، لە گەرمەی نووسیندام، وەها قووڵ دەبمەوە، دەگەمە شوێنێک، دەبینم چیتر وشە بە هانامەوە نایەت، قسە توانای هەڵگرتنی بیرەکانی ناو سەرمی نامێنێت، زمان دەوەستێت..

دۆخی غەززە و ئەوەی لێی کەوتووەتەوە، لەو دۆخانەیە کە زمان ناتوانێت بیگوازێتەوە.

ماوەیەکە چیرۆکەکانی "ئەنفال" دەخوێنمەوە، لێکچوونێکی زۆر لەنێوان ئازاری ئەنفال و دۆخی ئێستای غەززەدا هەیە. تەنیا ئەوەیە ئێستا بە سایەی تەکنۆلۆژیاوە، هەموو دنیا بە دیار مردنی ڕۆژانەی خەڵکی غەززەوە دادەنیشن و هەندێک فرمێسک دەڕێژن و هەندێکیش بە خەیاڵیشیاندا نایەت. وەلێ کەسوکارەکەی ئێمە لەو بیابانانەدا، دوور لە چاوی کامێراکان، بێ ئەوەی کەس ئاگای لە هاواریان بێت، هەندێکیان تەنانەت بێ ئەوەی فیشەکیشیان تێدا خەرج بکرێن، بە زیندوویی کران بە ژێر خۆڵەوە، جگە لە خوا و ئەو ئەفسەرانەی لەوێ بوون، کەس نەیزانی چۆن دوا هەناسەیان دا و کۆتا قسەی کە لە زاریا ندەرچوو چی بوو!

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، کارڵ گۆستاڤ یۆنگ لە وتارێکیدا نووسی؛ خۆشباوەڕ کە وامان دەزانی شۆڕشی زانستی بەرگی دڕندەیی لە بەری مرۆڤ داکەندووە، بوونی ئەو هەموو فەلسەفە و بیرە زانستییانە، نەبوونە ڕێگر لە بەردەم بەرپابوونی دوو جەنگی گەورەی ماڵوێرانکەردا!

غەززە ناونیشانێکە تا دنیا ماوە ناسڕێتەوە، مێژووی نوێ لە پێش و لە پاش حەوتی ئۆکتۆبەر وەکوو یەک نابێت، هەرگیز وەکوو یەک نابێت. ئەو جەنگە دنیایەک شتی دەرخست، پێشتر لە لای زۆرێکمان شاراوە بوون. پێت وتین هاوخوێنی نابێتە ڕێگر لەوەی خوێنساردانە بووەستیت و تەماشای لە برسامردنی هاوخوێنەکەت بکەیت. پێی وتین دەکرێت بەرگی دینت لەبەر بێت، ڕدێنت بستێک درێژ بێت، تەنانەت دەشێت پێشەوای نوێژخوێنانی ماڵی خوایش بیت، کەچی پاساو بۆ دووژمنانی دینەکەت بێنیتەوە و بگرە دەستخۆشیشیان لێ بکەیت کە هاودینەکەت و هاوخوێنەکەت بە ئازارەوە دەکوژن!

پێی وتین لە وڵاتانی ئیسلامیدا، بەشێکی زۆر لەوانەی ناویان لە خۆ ناوە ڕۆشنبیر و کلیلی میدیاکانیان لە دەست دایە، ئەگەر سیخوڕیش نەبن، ئەگەر بە فەرمییش خۆیان نەفرۆشتبێت، ئەوە ئاوەز و ویژدانیان سڕاوەتەوە، دوور و نزیک پەیوەندییان بە گەلەکانیانەوە نییە و تەنیا بە جەستە لە وڵاتەکانیاندا دەژین -ئەگەر بژین-، خەیاڵیان لەوبەری ئۆقیانووسەکانە و مازۆخیانە حەزیان بەوەیە ڕۆژئاواییەکان بێن گەلەکانیان سەر ببڕن. بێدەنگییان چەند دزێوە، دەنگهەڵبڕینیان دوو هێندە ناشیرینە. ئەوان بۆ تۆپینی پشیلەیەک لە شەقامێکی پاریسدا، ئامادەن بێنە سەر شەقام، خۆپیشاندان ساز بدەن و نەفرەت بۆ تیرۆر بنێرن، وەلێ بۆ مەرگی بە ئازاری دەیان هەزار لە خەڵکی وڵاتەکانیان، لە کوندا خۆ دەشارنەوە و پێیان وایە مادام کوژراو مسوڵمانە، ناڕەزایەتیدەربڕین دەبێتە جۆرێک لە عەیبە!

ئەوان ئامادەن لەپێناو سمێڵتاشینی کەسێکی نامسوڵماندا دنیا پڕ بکەن لە هاوار، وەلێ بە دیار سەربڕینی هەزاران مسوڵمانەوە دادەنیشن و موویەکی لەشیان ناجووڵێت، ناوی خۆیشیان دەنێن ڕۆشنبیر!

غەززە پێی وتین ئەوانەی حوکمی وڵاتانی ئیسلام دەکەن، بەتایبەتی عارەبەکان، بەکرێگیراو و بوودەڵەن، سەپێنراون، تاک و تەرایەکیان نەبێت، ئەوانیش ترسنۆک و هیچلەباردانەبوون و جگە لە دروشم و سەرکۆنە، هیچ کارێکیان لە دەست نایەت.

غەززە دەریخست ڕۆژاوا ژیار نییە، ژەهری کوشندەی زەوییە، پێی وتین دروشمی قەبەی مافی مرۆڤ درۆیەکە لەو گەورەتر نەکراوە. داوودەستگای نێودەوڵەتی چەکی دەستی ئەمریکایی و ئەروپاییەکانە بۆ کۆیلەکردنی گەلانی تری سەرزەوی.

غەززە دەریخست مرۆڤایەتی بە دەست کۆمەڵێک سەرسەری و چەقۆکێشەوە گیرۆدەیە. پێویستە شەڕێ هەڵگیرسێت، تەڕ و وشک بسووتێنێت، تا کۆی خەڵکی سەر گۆی زەوی لە تاوانی بەشداریکردن لە کوشتاری میللەتێکی دوو ملیۆنی پاک بێتەوە.

غەززە گوتی بەڵێ دەکرێت هەژار بیت و دوو دەیە بێت گەمارۆی توند درابێتی، دوو ساڵیش بێت شەو و ڕۆژ بۆمباران بکرێیت، نان و ئاوت لێ ببڕدرێت، لە ئاسمان و زەوییەوە ئاگرت بۆ بنێردرێت، دۆستت یەک بێت و دووژمنت هەزار هەزار، کەچی هێشتا خاوەنی دەنگی دلێر و خەباتکاری مینا شێر بیت، کە بە پاتەی دڕاوەوە، بە بۆمبێکی دەستییەوە نوێترین جۆری تانک بتەقینیتەوە، بە برسێتی سەربازی دووژمن بگریت و لە چەک و تفاق دایماڵیت.

غەززە سەرەتای کەوتنی دەیان جۆری دەمامک بوو. سەرەتای گۆڕینی مێژوو و پشکووتنی گوڵی هیوای ڕزگاربوون و ڕەوینەوەی ئازارێکی درێژخایەنی پڕ ئازار بوو....

گەردێک گومانتان نەبێت، ئەگەر یەک کەسیش لە غەززە بە زیندوویی ڕووح دەرنەکات، هێشتایش غەززە سەر کەوتووە، ئاخر خۆڕاگریی غەززە بوو بە جۆرێک لە ئەفسانە دنیایەک ئەفسانەی پێش خۆی پووچاندەوە؛  ئەفسانەی ستەملێکراویی جوولەکە، ئەفسانەی سوپای نەبەزیوی زایۆنی، ئەفسانەی بوونی گەلێک بە ناوی عەرەب، ئەفسانەی ناوەند و دەستگاگەلێکی وەک دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەفسانەی ڕۆشنبیری دژە دین لە جیهانی ئیسلامدا، ئەفسانەی مافی ژن و مافی مناڵ...

لە بەرانبەردا ئەفسانەی نوێی هێنایە بوون: ئەفسانەی خۆڕاگریی گەلێکی بێکەس لەهەمبەر نزیکەی نیوەی گۆی زەوی، خۆڕاگریی مرۆڤ لە هەمبەر تازەترین تەکنۆلۆژیا، خۆڕاگریی ئیمان لە هەمبەر واتەوات، ئەفسانەی نەدۆزینەوەی چەند دیلێک لەناو خاکێکی چەند هەزار کیلۆمەتریدا، لە لایەن ئیستیخباراتی سەدان وڵاتی زلهێزەوە! ئەفسانەی ڕاوکردنی زرێپۆش لە لایەن گەنجی پاتەدڕاوەوە، ئەفسانەی نەبەزینی گەلێکی برسی کە نە زەوییەک ماوە لەسەری بنوون و نە ئاسمانێک بە خۆیانیدا بدەن. ئەفسانەی دەنگی "ئەبوو عوبەیدە": "وإنه لجهاد، نصر أو إستشهاد... والسلم عليكم و رحمة الله وبركاته"!

تاگەکان    
ڕەخنە وەلی ئەمر چیرۆک پەروەردە قەدەر عێڕاق قوتابخانەکانی نوور کتێبی هاوسانی بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن دوعا پارەی ئیلیکترۆنی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین کتێب گەنجان کۆرۆنا
فیکر
2025-07-26 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 188 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی