ئێوە بەراورد بە دۆستان و ناسیاوانتان تا چ ڕادەیەک دەستی نووسینتان هەیە؟ ئایا خۆتان بە کەسێکی قسەخۆش دادەنێن؟ تا چەند دەتوانیت ئەو کاتەی دەتەوێت ئەوانی دی بخەنێنیت؟ شۆفێرییت چۆنە؟ ئەگەر شۆفێرانی کۆمەڵگە بەسەر دە ئاستدا دابەش بکەین تۆ لە کامیاندا دەبیت؟
ئێمە ڕۆژانە چەندین جار ڕووبەڕووی وەها پرسیارێلێک دەبینەوە. لەوانەیە کەس ڕاستەوخۆ ئەم پرسیارانەمان لێ نەکات لێ خۆمان دەیانپرسین و لە زەینی خۆماندا وەڵامیان دەدەینەوە و بەرمەبنای بەرسڤەکەیشمان بڕیار دەدەین.
کاتێک لێکدانەوەی سیاسی دەکەین، وەختێک پێشبینیی بەرزونزمیی ڕەوشی پشکەکان لە بازاڕی بۆرسەدا دەکەین، ئەو ساتەی دەکۆشین پەی بە هەستەکانی ئەوانی دی ببەین و ئاشکرایان بکەین، بۆچوونگەلێکمان لەمەڕ لێزانیی سیاسی و ئابووری و زیرەکیی سۆزداریی خۆمانەوە هەیە، بۆیە متمانە بە بەرداشت و لێکدانەوە و تێگەیشتنەکانی خۆمان دەکەین.
دەیڤید دەنینگ (David Dunning) و جەستن کرووگەر (Justin Kruger) دوو توێژەرن کە لەم بوارەدا کۆڵیویانەتەوە و کۆشیویانە «توانای ئینسان لە هەڵسەنگاندنی تواناکانی خۆیدا» بخەنە ژێر نەشتەری توێژینەوەوە.
کاریگەریی دەنینگ کرووگەر
کاریگەریی دەنینگ کرووگەر بە زمانێکی سادە پێمان ئێژێت: «ئەو کەسانەی لە کارامەییەکدا لاوازن، زۆر جار ناتوانن بەباشی بارودۆخی خۆیان هەڵبسەنگێنن و بە دەربڕینێکی دی، لەم لاوازییەی خۆیان بێئاگان».
ئەم کاریگەرییە لە پەڕجوویەکی سەمەرە و چاوەڕواننەکراو نادوێت، بەڵکوو ئاماژە بە بابەتێک دەکات زۆرێکمان هەم خۆمان ئەزموومانە و هەم لەوانی دییشدا بەرچاومان کەوتووە.
لێ گرنگیی ئەم کارەی دەنینگ و کرووگەر لەوەدایە کە زانیارییەکی گشتییان بە شێوازە زانستییەکان سەلماندووە. توێژینەوەکەی وان دەرگای بە ڕووی ڕێچکەیەکی نوێدا واڵا کرد و توێژەرێلێکی فرە تامەزرۆ بوون لە بوارە جیاوازەکاندا سەرنجی ئەم دیاردەیە بدەن و تاقیبکەنەوە.
ئەوەی ئێمە پێی ئێژین کاریگەریی دەنینگ کرووگەر لە ساڵی ١٩٩٩ لە وتارێکدا بە ناونیشانی (Unskilled And Unaware Of It) بڵاو بووەوە. ناونیشانی وتارەکە بەباشی ناوەڕۆکەکەی ڕوون دەکاتەوە: «کەسێلێکی ناکارامە کە لە ناکارامەیی خۆیان بێئاگان».
ئەوان لەم وتارەدا ئاماژە بە چەند تاقیکردنەوەیەک دەکەن، تێیاندا تواناگەلێکی وەک قسەخۆشی، لۆژیک و توانای بەڵگەهێنانەوە و هەروەها زاڵبوون بەسەر گرامەر و ڕێزماندا هەڵسەنگێندراون.
گشت جارێک لە بەشداربووان خوازراوە توانای خۆیان لە هەریەک لەو بابەتانەدا بخەمڵێنن. جا لەپاڵ ئەم هەڵسەنگاندنەی خۆیاندا خراونەتە ناو ئەزموونێکەوە تا توانای ڕاستەقینەیان دەربکەوێت.
دەنینگ و کرووگەر دەرەنجامەکانی خۆیان بە چەند هێڵکارییەک خستنە ڕوو، لەو سۆنگەوەی ئەم هێڵکارییانە کەمتازۆر لە یەک دەچن ڕێگە بدەن دانیەکیان پێکەوە ببینین:
هەر بەو شێوەیەی لە خوارەوەی هێڵکارییەکەوە ڕوون کراوەتەوە، هێڵە تۆخ و قەڵەوەکە ئاماژە بە بەرداشتی کەسەکان دەکات لەسەر تواناکانی خۆیان، هێڵە کاڵەکەیش ئاماژە بەو خاڵە دەکات کە لە ئەزموونە کردەییەکەدا دەستیان خستووە.
بڕواننە تەوەرە ستوونییەکە، گەر بەشداربووان بەسەر چوار بەشدا پۆلێن بکەین: گرووپێکیان کە لە هەمووان لاوازترن، وا دەزانن کە توانایەکی تا ڕادەیەک بەرزیان هەیە «بەنزیکەیی خۆیان بە تواناتر لە 60%ـی ئەو کۆمەڵگایە دادەنێن کە لێی دەکۆڵرێتەوە».
ڕەوشی تاقمی دووەم و سێیەم کەمێک باشترە. واتا دووریی نێوان توانای ڕاستەقینە و بەرداشتی کەسەکە لە تواناکانی خۆی کەمتر دەکات.
بەشێکی تری هێڵکارییەکەیش (Top Quartile) جێی سەرنجە. ئەو کەسانەی هەر بەڕاست کارامەییەکی زۆریان هەیە، تواناکانی خۆیان بە کەمتر لەوەی هەیە دەژمێرن.
زۆر جار کاریگەریی دەنینگ کرووگەر ئاوا کورت دەکەنەوە:
1- کەسانێک کارامەییەک تێیاندا لاوازە، کەچی لە لاوازیی خۆیان بێخەبەرن و ئاست و توانای خۆیان بە زۆرتر لەوەی هەیە دەخەمڵێنن.
2- کەسانێک توانایەکی بەبڕشتیان هەیە و ئاگاداری ئەم بەهێزییەی خۆیشیانن، لێ لە دڵی خۆیاندا ئێژن بێشک ئەوانی دییش خاوەنی وەها تواناگەلێکن و ئەوەی ئەوانی دی لەوەی لە ڕاستیدا هەیە بە بەرزتر مەزندە دەکەن، هەر بۆیە ناتوانن بەسادەیی ئەوە قبووڵ بکەن کە خودی ئەمان جێیان نێو گرۆی پێسپۆڕە شارەزاکانە.
کرووگەر بەراورد بە دەنینگ کەمتر دەردەکەوێت لێ دەنینگ چاوپێکەوتنێکی زۆری دەربارەی ئەم کاریگەرییە بەجێ هێناوە، هەروەها سوودی لە هاوکاریی توێژەرێلێکی تر بینیوە و وتارگەلێکی هەمەڕەنگیشی بۆ سەلماندن و جەختکردنەوە لە ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان بڵاو کردووەتەوە. بۆ نموونە «کاریگەریی دەنینگ کرووگەر لە زیرەکیی سۆزداریدا».
دەنینگ دیمانەیەکی سەرنجکێشی تەک (Vox)دا هەیە. ئەو لەوێدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەمەرەترین تایبەتمەندیی یانەی دەنینگ کرووگەر ئەوەیە ئەندامەکانی لە بوونەئەندامی خۆیان بێخەبەرن.
بە زمانێکی تر، هەر ئێستا کە ئێوە دەربارەی ئەم کاریگەرییە دەخوێننەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە چەند کەس لە دۆستان و ئاشنایان و هاوکارانتان بە خەیاڵدا هاتوون کە لە بوارێکدا لاوازن، وەلێ خۆیان بەم کەلێنە ئاشنا نین و ئەسڵەن دان بەم کێماسییەی خۆیاندا نانێن! لێ دوورە ئەوەتان بە زەیندا هاتبێت کە «تۆ بێژیت من خۆم لە چ بوارێلێکدا دوچاری کاریگەریی دەنینگ-کرووگەر هاتبم و نەیشزانم؟»
داوێکی دییش هەیە ئەگەری هەیە تێی کەوتبن، دوور نییە ئێستا بەو ئەنجامە بگەن کە «من یەکێکم لەو پسپۆڕانەی گیرۆدەی دەردی خۆبەکەمبینینم و گەرەکە پتر متمانە بە خۆم بکەم و ڕاستییەکان ڕۆشنتر ببینم»!
چۆن بشێین کاریگەریی دەنینگ کرووگەر کاڵ بکەینەوە؟
بەداخەوە هیچ وەڵامێکی سادە و خێرا بۆ ئەم کارە بوونی نییە.
زۆر جار پێشنیار دەکرێت لەوانی دی بخوازیت ڕەخنەت بکەن و ڕاستگۆیانە پێت بێژن تواناکانی تۆ چۆن دەخەمڵێنن.
هەروەها پێشنیار دەکرێت خەیاڵی خۆشی ئەوەی بە ئاستی خوازراو گەیشتوون نەتانخەڵەتێنێت و لە فێربوون بەردەوام بن.
لەوانەیە چارەسەرێکی تریش ئەوە بێت هەردەم چەند کەسێکتان کە هەم فرە لەپێشی ئێوەوەن و هەم زۆریش لە ئێوە کارامەترن لە بەرچاو بێت و بە بەدواداچوونی ئەوان و چالاکی و ئیشەکانیان وێنایەکی کەمتر فریودەر و ڕاستەقینەتر لە پێگەی خۆتان چنگ بخەن.
بۆ چەند ساتێک بکۆشن تۆزێک لە ڕەخنەگرتن لەوانی دی بکشێنەوە و واز بهێنن لەوەی لە زەینی خۆتاندا نموونەگەلێک پەیدا بکەن تا دروستیی قسەکانی دەنینگ و کرووگەریان پێ بسەلمێنن.
تێبفکرن لە چ بابەتێلێکدا تواناکانی خۆتان هەڵە خەمڵاندووە و فامەکەتان ناواقیعی بووە؟ ئاخۆ هیچکات باجی مەزندە ناڕاستەقینە و خەیاڵکردەکانی خۆتان داوە؟
سەرچاوەکان:
- توێژینەوەکە: https://motamem.org/wp-content/uploads/2020/10/Unskilled_and_Unaware_of_It.pdf
- کاریگەریی دەنینگ کرووگەر لە زیرەکیی سۆزداریدا: https://motamem.org/wp-content/uploads/2020/10/dunning-kruger-in-emotional-intelligence.pdf
- گفتوگۆکەی دەنینگ لەگەڵ (Vox)دا: https://www.vox.com/science-and-health/2019/1/31/18200497/dunning-kruger-effect-explained-trump
لە وێبسایتی «متمم»ـەوە وەرگیراوە.