گەشتێک بە نێو مێشکی هەژاراندا... ئایا بەڕاست بێبەشی لە زیرەکیمان کەم دەکاتەوە؟

نووسینی: ئایە مەمدووح وەرگێڕانی: کاوان کامەران
فیکر 2025-07-04 کۆمێنت 9 خولەک بۆ خوێندنەوە 35 جار بینراوە

"هەریەک لەو کێشانەی هەژاری درووستیان دەکات، یەکێکی دیکە بەرهەم دەهێنێت، ئەمەی دیکەیش لە لای خۆیەوە ڕێخۆشکەرە بۆ کێشەیەکی دیکە و، لە کۆتاییدا دەگەین بە زنجیرەیەکی بێکۆتا لە ئەنجامی وێرانکەر."

ئێریک جنسن بۆمان دەگیڕێتەوە چۆن پرسیارکردن لەبارەی ئازارچەشتنی هەژارانەوە سەری قاڵ کردبوو، دەڵێت: "نەمدەتوانی تێبگەم چۆن هەژاران توانای ئەوەیان نییە خۆیان لە بازنەی هەژاری ڕزگار بکەن. وامدەزانی ئەگەر هەژاران هەوڵێکی زیاتریان بدایە، یاخود هەلێکی زیاتریان لە بەردەمدا بوایە، بەم سادەییە دەیانتوانی سەرکەوتن بە دەست بهێنن."([1])، چونکە هەژاری دەردێک نییە بە بۆماوەیی لە جیناتەوە بمێنێتەوە، هەروەها بۆچوونێک نییە بەسەر تاک و دەوڵەتەکاندا بسەپێنرێت، کەواتە چی وا دەکات بۆ چەندین ساڵی دورودرێژ کۆمەڵێک تاک و دەوڵەت لە قوڕی هەژاریدا بچەقن و، هەندێک کات وەک بێکۆتا دەردەکەوێت؟

لێکۆڵینەوەی زۆر هەن هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەدەن و لە هەوڵی پێشکەشکردنی چارەسەرن بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، بەڵام لێکۆڵینەوە تا ڕادەیەک نوێیەکان پێمان دەڵێن: "هەژاری خۆراکی خۆی دەدات"؛ ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارگرانییە دەروونییەی دەگمەنی -واتە دەگمەنیی ئەو هەلە بەردەستانەی دەوری ژیانی هەژارانی داوە- کاریگەریی لەسەر مێشکی مرۆڤ هەیە، بە شێوەیەک دەبێتە هۆکاری لاوازیی درک، ئەمەیش لە کۆتاییدا وا لە هەژار دەکات خراپترین بژاردە هەڵبژێرێت، لە ئەنجامیشدا بەردەوامی بە بازنەی هەژاری دەدات، کە خۆی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە.

بەم شێوەیە، هەژاری لە خودی خۆیدا دەبێتە دیوارێکی نەبڕ لەبەردەم هەوڵەکانی زاڵبوون بەسەر هەژاریدا، ئەمەیش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی هەندێک بڕیاری ماددی بدرێت کە باری سەرشان قورس بکات و دۆخەکە خراپتر بکات، وەک کڕینی بلیتی یانەسیب، یاخود وەرگرتنی قەرز بە ڕێژەی سووی بەرزەوە. ئەم بڕیارانە لە پێشتردا دەگەڕێنرانەوە بۆ کەسایەتیی ئەو تاکانەی داهاتیان سنووردارە و ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژیان و کەمی خوێندنیان، بەڵام مامۆستای زانستە ڕەفتارییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ ئۆنج شاھ تێگەیشتنێکی نوێ پێشکەش دەکات؛ بۆمان ڕوون دەکاتەوە ژیان لەگەڵ دەگمەنیدا سایکۆلۆژیای تاکەکان و شێوەی بیرکردنەوە و بڕیاردانەکانیان دەگۆڕێت.

بە مانایەکی دیکە، زۆر جار کاتێک داهاتی پڕکردنەوەی شتانێک نییە، لەژێر پێداگریی کۆمەڵێک شتی لە پێشینەدا، پێویستیگەلێک پشتگوێ دەخرێت -بۆ ماوەیەک- کە پێداگرییان کەمترە بەڵام لە کاتێکی نزیکدا دەتەقێنەوە. بۆ نموونە لەژێر فشاری پێویستیگەلێکی وەک کرێی خانوو و خواردندا، لەوانەیە چاککردنەوەی مانگانەی یەکێک لە ئامێرەکانی ماڵەوە پشتگوێ بخرێت، بەڵام لە ئەنجامدا و دوای ماوەیەک کەسەکە ناچار دەبێت پارەیەکی زۆر بدات بۆ چاککردنەوەی پەککەوتنە کەڵەکەبووەکانی سەر ئامێرەکە یاخود گۆڕینی ئەو ئامێرانەی کەڵکی چاککردنەوەیان نەماوە.([2])

نەبوونییەکی بێبەزەییانە ڕاستی دەشێوێنێت

ئەوەی سەرنجڕاکێشە کەمیی ژمارەی ئەو بڕیارانەیە کە هەژاران دەیدەن -بەپێچەوانەی زۆرینەی خەڵکەوە- ناتوانن ڕەفاهییەتی گۆڕین و ملکەچکردنی ویستەکانیانیان هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ داهاتە بەردەستەکاندا بگونجێت. لە کاتێکدا تاکی خاوەن داهاتی بەرزتر کێشەی دەستکورتییان هەیە لە کڕینی ئۆتۆمبێلدا، هەژار کێشەی دەستکورتی هەیە لە کڕینی خواردندا، واتە دابینکردنی توخمە بنچینەییەکانی خودی ژیان.

بەم شێوەیە، تێڕوانینیان بەرانبەر واقیع دەشێوێت لە ڕێگەی کەوتنەناو ئەو تەڵەیەی پێی دەوترێت "تێڕوانینی تونێلی"، لە بنەڕەتدا گرفتێکە لە ڕوانیندا وەک ڕوانینە لە کونی بۆرییەوە، بە واتای ئەوەی گرنگی بە یەک لایەنی وێنەکە دەدات، ئەو لایەنەیش داهاتە ونەکەیە و، هەموو توانای مێشک دەخرێتە کار بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر و بیرکردنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەبوونی ئەم بەرهەمە. بەڵام ئەم وێنە بڕاوە -کە تاک هیچ بەڕوونی نابینێت پێویستییە هەنووکەییەکان نەبێت- بەڵام پێویستیگەلێکی دیکە دادەشارێت و نایبینێت تاوەکو نزیک دەبێتەوە و دەبێتە تاکە باڵادەستی وێنەکە، بەم شێوەیە درکی لایەنێلێکی زۆر ناکاتەوە، کە پێویستە بیر لە چارەسەرکردنیان بکرێتەوە، پێش ئەوەی ببنە پێویستییەکی گەورە کە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا قورس ببێت.

بۆ نموونە لە سەرەتای مانگدا یەک پێویستی مێشکی داگیر کردووە، ئەویش دابینکردنی کرێی مانگانەیە لە کاتی خۆیدا، لە کاتێکدا خەیاڵی لای مەوعیدی دکتۆر نابێت کە دوای دوو هەفتەیە.

بە مانایەکی دیکە، تێڕوانینی تونێلی وا دەکات مێشک و بیرکردنەوەی تەنها لەسەر پێویستییە ئامادەکان بێت، ئەگەر ناچاریش بێت قەزر بە سوویەکی زۆرەوە بکات کە قورسییەکانی سەرشانی داهاتووی زیاد دەکات، بەم شێوەیە ڕەوڕەوەی هەژاری بێ وەستان دەجووڵێتەوە، تەنانەت لە هەندێک کاتدا بە میراتی نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە.([3])

منداڵ لە هەژاریدا

لە سەرووی ئەمانەوە، هەژای بەتایبەت کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر منداڵ هەیە، لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن پەیوەندی لەنێوان کێشەکانی لاوازیی گەشەکردنی منداڵ لە ناوچە هەژارەکان -وەکو بەدخۆراکی- و بەدەستهێنانی ئەنجامی خراپ لە تاقیکردنەوە مەعریفی و تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەدا هەیە.([4]) بەداخەوە شتەکە لەم ئاستەدا ناوەستێت، چونکە هەژاری کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر فەرمانە "فیزیکی" و کۆمەڵایەتی و هەڵچوونەکی و مەعریفییەکانی منداڵ و خێزانەکانیان هەیە، بەرنامەی تەندروستی و گەشەکردنی منداڵان ئامەژە بەوە دەکات 40%ی ئەو منداڵانەی لە هەژارییەکی قورسدا دەژین گرفتیان لە دوو بواری فەرمانیدا هەیە، وەک زمان و کاردانەوەی هەڵچوونی لە تەمەنی سێ ساڵیدا.([5])

هەرچەندە قۆناغی منداڵی کاتی دەستپێک و خۆشی و تاقیکردنەوە و مێشکئارامییە، بەڵام ئەو منداڵانەی لە هەژاریدا دەژین کاتێکی کەمتر لە تاقیکردنەوەی جیهانی دەوروبەریان بەسەر دەبەن و، کاتێکی زیاتر لە تێکۆشان و لەپێناو مانەوەدا بەسەر دەبەن.

بۆ نمونە لە گواتیمالا و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک زانا لێکۆڵینەوەیەکیان ئەنجام دا، تیایدا تەواوکەری خۆراکییان بەسەر کۆمەڵێک منداڵی ناوچە دوورەدەستەکان دابەش کرد بە پشتبەستن بەو بیردۆزەی پێی وایە کاتێک لە سێ ساڵی سەرەتای ژیانیاندا ئەگەر منداڵ پڕۆتینی پێویستی وەرگرت، ئەوا هاوکار دەبێت بۆ باشترکردنی هەلەکانی گەشەکردن تیایاندا.

لە ئەنجامدا لێکۆڵەرەکان تێبینیی گەشەکردنی سانتیمەترێک بۆ دوو سانتیمەتریان کرد بە بەراورد بەو منداڵانەی تەواوکەرە خۆراکییەکانیان وەرنەگرتبوو، ئەمە سەرەڕای بەدەستهێنانی نمرەی باشتر لە تاقیکردنەوەکانی خوێندنەوەدا. بە درێژەدان بە چاودێریکردنی منداڵەکان تاوەکو گەورە بوون، دەرکەوت ئەو کچانەی بوون بە ژن کاتێکی زیاتر لە خوێندن مانەوە و ئەو کوڕانەی دواتر بوون بە پیاو لە کارەکانیاندا داهاتێکی زیاتریان هەبوو.([6]) بەپێچەوانەیشەوە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە ئاماژەیان بە هاوبەندی لەنێوان بەدخۆراکی و سکچوونی بەردەوامی ساڵەکانی سەرەتای منداڵی و نێوان خاوگەشەکردن کردووە، کە لە دواتردا دەبێتە هۆکاری بیرکۆڵی.

بەڵام دەرکەوتووە بابەتەکە تەنیا پەیوەندیی بە بەدخۆراکییەوە نییە، لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە ساڵی 2000 لە یەکێک لە خانەکانی بێسەرپەرشتانی ڕۆمانیادا ئەنجام درا، تێبینی کرا ئەو منداڵانەی کە باش خۆراکیان پێ دەدرا بەڵام بێ بەرکەوتن لەگەڵ خەڵکیدا خرابوونە ناو جێگەکانیانەوە، دواتر بەهۆی لاوازیی گرنگیپێدانی کۆمەڵایەتی و سۆزییەوە لە درێژمەودادا تووشی گرفتی مەعریفی بووبوونەوە.

لەم بارەیەیشەوە بە هەمان شێوە هەژاران بێبەختن، چونکە نەبوونی ڕێژەیەکی زۆری بەخشینە مەعریفییەکانی دایک و باوک سەرف دەکات، ئەمەیش وایان لێ دەکات کەمتر ویستی کاردانەوەیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا هەبێت، ئەمەیش کاریگەریی دەبێت لەسەر گەشەکردنیان و هەلێکی کەمتریان دەبێت بۆ پێشخستنی کارامەییە مەعریفییەکانیان، بەتایبەت کاتێک لەگەڵ هۆکاری هەژاریدا کارلێک دەکەن.([7])

چی لەناو مێشکماندا ڕوودەدات

"کۆبوونەوەی هۆکارەکانی مەترسی، ژیانی ڕۆژانە دەکاتە جەنگ، چونکە چەندڕوو و تێکەڵە بە ناو یەکدیدا، لەسەریەک کەڵەکە دەبن، ئەمەیش دەبێتە هۆی چەندقاتکردنی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی."([8])

لە هەوڵێکدا بۆ تێگەیشتن لەو کاریگەرییەی هەژاری لەسەر مێشکمان هەیەتی، ئێڵدار شافیر مامۆستای زانستە ڕەفتارییەکان و سیاسەتی گشتی لە زانکۆی برێنستۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی ئەنجام دا؛ پێشنیازی کرد داوا لە کۆمەڵێک تاک بکەین زنجیرەیەکی حەوت ژمارەیی لەبەر بکەن: 7، 4، 2، 6، 6، 4، 9. پاشان ڕێژەی بیرکەوتنەوەیان تاقی بکرێتەوە.

شافیر بۆمان ڕوون دەکاتەوە چی لە مێشکدا ڕوودەدات کاتێک لە یادگای کورتخایەندا پارێزگاری لەم زنجیرەیە دەکەیت تاکو بیرت نەچێتەوە، تیایدا مێشکت پڕ دەبێت لە مانای حەرفیی وشەکە، بۆیە ڕێگەی درککردنی شتی دیکەت پێ نادات. دەڵێت ژیان لە باری هەژاریدا بەم شێوەیەیە، وات لێ دەکات هەمیشە لە بارێکی دڵەڕاوکێی بەردەوامدا بیت، بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان داهاتی کەم و چۆنێتیی بەجێگەیاندنی پێداویستییەکانتدا، ڕێک وەک یادهێنانەوەی حەوت ژمارەکە لە مێشکتدا، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم نا، بەڵکو بۆ هەمیشە بەردەوامە. ئەمە وات لێ دەکات شتانێکی دیکە لە بیر بکەیت، چونکە سنوورێکی دیاریکراوت هەیە بۆ ئەوەی گرنگیی پێ بدەیت.

لە کارەکانیدا بۆ سەلماندنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان هەژاری و توانای مێشک، شافێر لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی درکیی جۆربەجۆری کردووە. لە یەکێکیاندا، بە کۆمەڵێکی گوت، هەندێکیان لە خاوەن داهاتی نزم و هەندێکی دیکە خاوەن داهاتی بەرزتر بووبوون، کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکەیان چاک بکەنەوە، بە پشتگوێخستنی باری داراییان. بە هەندێکیانی گوت چاککردنەوەکە 150 دۆلاری تێ دەچێت و بە هەندێکی دیکەی گوت 1500 دۆلاری تێ دەچێت. دەستی بە تاقیکردنەوەی مەعریفی بۆ هەردوو کۆمەڵەکە کرد، کەواتە ئەنجامەکە چی بوو؟

دەوڵەمەندەکان ئەنجامی باشتریان بە دەست هێنا، بە پشتگوێخستنی ئەو بڕەی دەبوایە خەرجی بکەن، بەڵام جیاوازییەکە لە داهاتنزمەکاندا ڕووی دا، ئەو کۆمەڵەی دەبوایە بڕێکی کەمتر بەکار بهێنن ئەنجامەکەیان دوازدە خاڵی زیاتر بوو لەوانەی دەبووایە بڕە زۆرەکە بەکار بهێنن([9])، ئەم لێکۆڵینەوەیە ئاماژەیە بۆ کاریگەریی هەژاری لەسەر ڕادەی زیرەکی لە ماوەی کورتمەودادا، بەڵام ئایا گۆڕانی درێژمەودا لە مێشکدا درووست دەکات؟

ئەدینا زەکی حزوی، مامۆستا لە زانکۆی میامی، لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی ناوەندی داهات -لە ساڵانێکی درێژدا- دەکات لەسەر مێشکی تاکەکان، دوای گەیشتنیان بە تەمەنی پیری. لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی 1985 لەسەر 3500 پێگەیشتوو ئەنجام درا کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵ بوو، تیایدا ئاگاداری داهاتی ئەم تاکانە بوو بەدرێژایی دوو دەیە و، بەراوردکردنی بە تاقیکردنەوە مەعریفییەکانیان دوای گەیشتنیان بە تەمەنی پیری، تیایدا هاوئاوازییەکی بینی لەنێوان داهاتی نزم و هەژاری، کە کۆمەڵێکیان لەم دوو دەیەیەدا تیایدا دەژیان و لەنێوان ئەنجامی خراپ لە تاقیکردنەوەکاندا.

دوای ئەوەی زانایان توانییان تەکنەلۆژیا بەکار بهێنن بۆ وێنەگرتنێکی وردی مێشک، ئەو نرخەمان بۆ ڕوون بوویەوە کە مێشکمان دەیدات کاتێک لە ژینگەی هەڕەشەئامێز و سنوورداردا (سۆشیاڵ میدیا) دەژی.

"سینیی گەورەی کەناڵوەرگرەکان لەسەر کوخ و خانووە سادەکان، ئەو وێنە بەناوبانگەی وەک بڕیاری هەڵەی هەژاران لێی دەڕوانین، خودی هۆکاری هەژاری نییە بەڵکو ئەنجامەکەیەتی، هەژار خراپ داهاتەکانی دابەش ناکات، بەڵکو هەژاری بەهۆی دەگمەنیی بەردەوامی داهات، توانای بەڕێوەبردنیانی لێ سنووردار دەکرێت."([10])

لە هەمان چوارچێوە و لەم دواییانەدا، بەهۆی توانای زانایان بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ وێنەگرتنێکی وردی مێشک لە بواری زانستی دەروونناسیی مەعریفیی دەماریدا، ئەو باجە قورسەیان بۆ ڕوون کردووینەتەوە کە مێشکمان دەیدات لە کاتی ژیان لە ژینگە هەڕەشەئامێز و سنووردارەکاندا، کە دەبێتە هۆی بەندکردنی چەندین نەوەی یەک لە دوای یەک لە هەژاریدا([11])، هەرچەندە هەژاران لە ڕووی بایۆلۆژییەوە جیاوازییان نییە لەگەڵ تاکەکانی دیکەدا، بەڵام ئەوە خودی هەژارییە وا لە خەڵک دەکات بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە بکەن. تێکچوونە مەعریفییەکانی پەیوەست بە دەگمەنییەوە -ئیدی تاک لێی بەئاگا بێت یان نە- لە کاتی بڕیاری جومگەییدا خۆی دەسەپێنێت، بەم شێوەیە هەژارەکان خۆیان لە حاڵەتێکدا دەبیننەوە کە پاڵیان پێوە دەنێت بۆ هەڵسوکەوتگەلێک کە زیاتر لە هەژاریدا دەیانچەقێنێت.([12])

 

([1]) https://www.goodreads.com/book/show/41922813?ac=1&from_search=true

([2]) http://www.elrecetariofinanciero.com/por-que-la-pobreza-provoca-malas-decisiones

([3]) https://economia.nexos.com.mx/?p=36

([4])https://www.goodreads.com/book/show/41922813?ac=1&from_search=true

([5])https://www.muyinteresante.es/salud/articulo/la-pobreza-afecta-al-cerebro-de-los-ninos-361500292935

([6])https://www.goodreads.com/book/show/41922813?ac=1&from_search=true

([7]) https://www.muyinteresante.es/salud/articulo/la-pobreza-afecta-al-cerebro-de-los-ninos-361500292935

([8]) سەرچاوەی پێشوو.

([9]) https://www.goodreads.com/book/show/41922813?ac=1&from_search=true

([10])https://www.bbc.com/mundo/noticias-40073840

([11])https://www.goodreads.com/book/show/41922813?ac=1&from_search=true

([12]) https://economia.nexos.com.mx/?p=36

تاگەکان    
دوعا کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین کۆیلایەتی گەنجان 4 خولەک جەنگی هۆشیاری گۆرانی کتێبی هاوسانی ستەم #پیری لۆجیک دیزاینی زیرەک ئابورریی ئیسلامی یادداشتەکانی سوهرابی سپێهری تەکنۆلۆژیا
فیکر
2025-07-04 کۆمێنت 9 خولەک بۆ خوێندنەوە 35 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی