بۆچی حەز لە خوێندنەوە دەکەم؟

نووسینی: عەباس مەحموود عەققاد وەرگێڕانی: ئازاد حسێن
فیکر 2025-06-21 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 75 جار بینراوە

کاتێک ئەم پرسیارە ئاراستەی کەسێک دەکرێت کە سەرقاڵی نووسینە، یەکەم شت بە خەیاڵیدا دێت ئەوەیە: حەزم لە خوێندنەوەیە چونکە حەزم دەکەم بنووسم! 

بەڵام ڕاستیتان بوێت ئەوەی تەنیا بۆ ئەوە بخوێنێتەوە کە بنووسێت لە نامەگەیێنێک زیاتر نییە، یان نووسەرێکی چاولێکەرە، نەک بەهرەدار. خۆ ئەگەر نووسەرانی تر لە پێشییەوە نەبووایەن، هەرگیز چاوی بە نووسەری نەدەکەوت، گەر یەکێک بەر لەم شتێکی نەوتایە، ئەوە هیچ قسەیەکی شک نەدەبرد بۆ خوێنەرانی بکات. 

لەو ئەزموونەی لە خوێندنەوەدا هەمە، زۆر کتێبم خوێندوونەتەوە کە هەرگیز نیازی نووسینم نەبووە لەو بابەتانەی لێی دواون. لە بیرمە جارێکیان ئەدیبێک سەردانی کردم، لەنێو کتێبخانەکەمدا چەند بەرگێکی دەربارەی خۆماکی جڕوجانەوەران بینی، بەسەرسوڕماوییەوە پرسیی: تۆ لە کوێ و جڕوجانەوەران لە کوێ؟! تۆ دەربارەی ئەدەب دەنووسیت، دەی چ پەیوەندییەک لەنێوان گیانەوەران و شیعر و ڕەخنە و کۆمەڵگادا هەیە؟

گەر ویستبام تێروتەسەلی بۆیم ڕوون دەکردەوە، وەلێ وتم با گاڵتەیەکی وەڵامنوێنی تەکدا بکەم کە بە وەڵام بچێت و وەڵامیش نەبێت، تا لە کورتی بیبڕمەوە. بۆیە وتم: لە بیرت کرد من لەمەڕ بابەتە سیاسییەکانیشەوە دەنووسم؟! 

وتی: بەڵێ، لە فکرم چوو، تۆ ڕاست دەکەیت! کەسێک دەربارەی سیاسەت و سیاسییەکانی ئەم سەردەمە بنووسێت، ئیشی بە سرووشتی جڕوجانەوەران دەکەوێت! 

ڕاستییەکەی ئەوەیە، وەک چەند جاری تریش وتوومە، گیاندارانی ئەم دونیایە ڕەشنووسێلێکن کە نیازی دروستکەر تیایاندا ڕەنگی داوەتەوە، هەر وەک چۆن لە پاکنووسەکەدا دەرکەوتووە. خۆ ئەگەری هەیە ڕەشنووسەکە لە نووسینە چاککراوەکە شتی زیاترمان بۆ دەربخات. بۆیە گەر خوێنەرێک دەست بۆ کتێبێک دەربارەی گیانداران ببات، مەرج نییە سەداسەد نیازی ئەوەی هەبێت تێیدا بنووسێت؛ بەڵکوو دەشێت بیەوێت ئاگاداری سرووشت و بنچینەی یەکەمی شتەکان بێت و بزانێت ئەم هەست یان ئەوی دی، چۆن هاتووەتە بوون و لە ڕێی ئەمەیشەوە لە هەست و دەربڕینی ڕاستگۆیانە نزیکتر ببێتەوە، با لەم بابەتەیشدا نەبێت و لە یەکێکی دیدا بێت.[1] 

هەروەها نامەوێت وەک یارۆی مێژووخوێن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە کە لە دێڕێکی بەناوبانگدا وتی: «هەرکەس لە مێژوو گەیشت، تەمەنی چەند بەرابەر کردەوە». زیادکردنی تەمەن چ گرنگییەکی نییە مەگەر لە یەک حاڵدا نەبێت، ئەویش ئەو کاتەیە تەمەنە زیادکراوەکە ڕێژەیەک بێت لە ژیان، نەک ساڵ و مانگ، یان ڕێژەیەک بێت له هەست و فیکر و خەیاڵ، نەک تەنیا ئاگاداربوون بێت لە ڕووداوەکان و ساڵ و کاتی ڕوودانیان. کاتژمێرێک لە فیکر و هەست و خەیاڵ بەرانبەرە بە سەد ساڵ و سەدان ساڵ، دەنا وەک سیدی تەنیا کۆمەڵێک ڕووداو و ژمارەی زیاتر هەڵبگریت، هیچ نرخێکی نییە! 

نەخێر، بۆ ئەوە ناخوێنمەوە کە بنووسم و لەبەر ئەوە حەزی لێ ناکەم کە تەمەنم وەکوو ژمارە زیاد دەکات؛ بەڵکوو حەزم لە خوێندنەوەیە چون تەنیا یەک ژیان شک دەبەم و یەک ژیانیش بەشم ناکات و هەموو ئەو هەستانەی لە ویژدانمدا هەن، نابزوێنێت. خوێندنەوە تاقە شتێکە دەتوانێت لە ماوەی تەمەنێکی دیاریکراودا لە ژیانێک پترم پێ بدات؛ ئاخر خوێندنەوە قووڵیی ئەم ژیانە فرەتر دەکات، ئیتر با بە ژمارەیش هیچی نەخاتە سەر. 

تۆ خاوەنی تاکە بیرێکیت و تەنیا یەک هەستت هەیە و خەیاڵیشت گەر هەر ئەوەی خۆت بێت دەنکێکە، وەلێ ئەگەر بیری کەسێکی تر بخەیتە سەر خەرمانەی فیکرت، یان هەستی کەسێکی تر چنگ بخەیت، یاخود ڕێت لە خەیاڵی یەکێکی تر بکەوێت، بیر و هەستەکە نابنە دوو و خەیاڵت تەنیا دەنکێکی ناچێتە سەر، نەخێر، بەڵکوو ئەم پێکگەیشتنە سەدان هێندە قووڵی و هێزیان پێ دەبەخشێت، ئەم یەکگرتنە بەهێزی و قووڵیی هزرەکە دەکاتە سەدان هێندە و سەدان ئەوەندەیش فراوانیی پێ دەدات. 

نموونەی باڵای ئەمە هەم لە جیهانی ماددە و هەم لە دنیای سۆز و ڤینیشدا هەستی پێ دەکرێت. لە جیهانی بەرهەستدا کاتێک مرۆڤێک لەنێوان دوو ئاوێنەدا دادەنیشێت تاکە کەسێک یان دووان نابینێت، بەڵکە تا چاو بڕ بکات، لە هەردوو ئاوێنەکەدا زنجیرەیەک لە خۆی دەبینێت و دوایی نایەت. لە دنیای سۆز و میهرەبانیدا بە دوای بەهێزترین هەستی ناو ناخی مرۆدا دەگەڕێین، دەبینین بریتییە لە هەستی خۆشەویستیی نێوان دوو دڵ. بۆچی؟ چون ئەوان وەک ئەوباقی خەڵک هەست بە شتێک یان دوو شت ناکەن، بەڵکوو هەستێکی چەندقاتیان دەبێت کە تا بێت زیاتر دەکشێت و فراوانتر دەبێتەوە و گەشە دەکات، تا ئەو شوێنەی کە دەروونی مرۆڤ دەیکێشێت. 

پێکگەیشتی دوو ئاوێنە ئەمەی لێ دەکەوێتەوە و یەکگرتنی دوو دڵیش ئەوە دەرەنجامەکەیەتی؛ ئەی چی دەڵێیت گەر دەیان ئاوێنەی دەروونی لە یەک شوێندا کۆ ببنەوە؟ یان گەر دەیان ویژدان و بیر یەک بگرن؟ 

بیرۆکەیەک خۆی بەتەنیا، جۆگەیەکی دابڕاوە، بەڵام بیرە بەیەکگەیشتووەکان دەبنە دەریایەک هەموو جۆگەکانیان تێ دەڕژێت. جیاوازیی نێوان ئەم دووانە، تاکە هزرێک و هزرە یەکگرتووەکان، وەکوو جیاوازیی نێوان ئاسۆگەلی فراوان و ڕەوتێکی بەتینە لەگەڵ ڕووبارێکی باریک و شەپۆلێکی سنوورداردا. 

دەکرێت بابەتەکان لە ڕووکەشدا یان لە ناونیشانەکانیانیاندا جیاواز بن، بەڵامەکێ گەر بیانگەڕێنیتەوە بۆ ئەم بنچینەیە، لە پشتی ناونیشانەکانەوە دوورترین بابەتەکان هەر وەک نزیکترینەکانیان وان. 

بۆ نموونە خۆماکی گیانەوەران و فەلسەفەی ئایینەکان دەکرێت چ پەیوەندییەکیان هەبێت؟ یان فەلسەفەی ئایینەکان چی بە شیعرییەوە گرێ دەدات؟ یاخود شیعر چی دەیگەیەنێت بە مێژووی ڕابوون یان شۆڕش؟ یا ژیانی کەسایەتییەک چۆن دەکرێت پەیوەست بکرێتە مێژووی گەلێکەوە؟

ڕووکەشی بابەتەکان وەک ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، باکوور و باشوور لێکەوە دوورن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە هەموویان پێکهێنەری ژیانن و جۆگەگەلێکن لە یەک جێگەوە سەرچاوەوە دەگرن و هەر بۆ ئەویش دەگەڕێنەوە. 

خۆماکی گیانەوەران گەڕانە بە دوای سەرەتاکانی ژیان و فەلسەفەی دینەکان گەڕانە بە دوای ژیانی هەمیشەییدا، شیعری عاشقانە و جوێنیش، پرووسکەگەلێکن لە ژیانی مرۆڤێک لە هەردوو حاڵی ڤین و قیندا. ڕابوون و شۆڕشی گەلانیش هەردوکیان سوپای ژیانن لە دڵی ملیۆنان کەسدا، ژیانی کەسایەتییەکی مەزنیش پیشاندەری ژیانی مرۆڤێکی تایبەتە لەنێو ئەودوای خەڵکیدا. 

گشت ئەمانە شەپۆلگەلێکن لە یەک دەریادا بەیەک دەگەن و هەر لەوێوە، لە ڕێی جۆگەکانەوە، جارێکی تر بەرەو لای ئێمە بڵاو دەبنەوە و هەموویان ئاراستەی زەریا گەورەکەمان دەکەن.

کاتێک خوێندنەوە بووە خولیام، نەمدەزانی لە هەموو ئەمانە دەکۆڵمەوە و نەیشمدەزانی پاڵنەری خولیاکەم ئەمەیە. بەڵام حەزم لە خوێندنەوە کرد و کاتێک لەو بابەتانەم ڕوانی کە تێیاندا دەخوێنمەوە، بینیم تاکە شتێک پێکیانەوە ببەستێت، هەر ئەمەیە. ئەمەیە پەتی گرێدەری خوێندنەوە دەربارەی پەپوولە و دەربارەی موعەرری و شکسپیر.

ئەوینی من بۆ کتێب هیی ئەوە نییە زۆر دنیانەویستم، بەڵکوو کتێبم خۆش دەوێت چونکە تاقە ژیانێک بەشم ناکات. مرۆڤ هەرچەند بخوات، لە کۆتاییدا هەر یەک گەدەی هەیە، چەند بپۆشێت ئاخرییەکەی هەر جەستەک شک دەبات، چەندیش گەشت بکات، ناتوانێت لە یەک کاتدا لە دوو شوێن بێت؛ بەڵام دەتوانێت بە توێشووی بیر و هەست و خەیاڵ بە ژیانێک چەندین ژیان بژیت. دەتوانێت ئەم سیانە چەندقات بکاتەوە، وەک هەستی خۆشەویستیی چەندبەرابەربووەی نێوان دوو کەس، وەک زۆربوونی وێنەی کەسی نێوان دوو ئاوێنە. 

ئەو کتێبانەیشی حەز بە خوێندنەوەیان دەکەم، دەربارەی فەلسەفەی ئایین، مێژووی سرووشت، ژیاننامەی کەسایەتییەکان و دیوانە شیعرییەکانن. 

من ئەم کتێبانە دەخوێنمەوە و بڕوام وایە پەیوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە، با ڕواڵەتەکەیشیان زۆر دوور لەیەک بنوێنێت، هەموو ئەمانە خاڵێکی هاوبەشیان هەیە ئەویش ئەوەیە ئاسۆی ژیان لای مرۆڤ فراوان دەکەن. کتێبەکانی فەلسەفەی دین ڕوونی دەکەنەوە ژیان تا چ ئاستێک پێش لەدایکبوون و دوای مردنیش دەکشێت. کتێبەکانی مێژووی سرووشتییش لە جۆرە جیاوازەکانی ژیان و شێوازە هەمەڕەنگەکانی دەکۆڵنەوە. ژیاننامەی کەسایەتییەکانیش باسی جۆرێکی بەهێز و باڵا و دیاری ژیانمان بۆ دەکەن و شیعریش هەست و سۆزەکانمان بۆ دەخاتە چوارچێوەی وشەوە، بۆیە هەر کتێبێک بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە ڕازی ژیانەوە هەبێت، حەزی لێ دەکەم. 

گەر لێیشم بپرسیت: ڕازی ژیان چییە؟ دەڵێم بە شێوەیەکی گشتی باوەڕم وایە ژیان گشتگرترە لە گەردوون و وای دەبینم هەموو شتەکانی نێو ئەم بوونە، بە گیاندار و بێگیانیشەوە، ئامرازێکن بۆ دەرخستنی ژیان لە شێوەیەک لە شێوەکانیدا، یان هێزێکن لە هێزەکانی ئەم گێتییە. ژیان شتێکی هەمیشەیی هەربووی هەرماوە، نە سەرەتای هەیە و نە کۆتا. گەر بتوانیت لە خودا تێبگەیت، ئەوکات لە ڕازی ژیانیش دەگەیت. ئێمە لێمان خوازراوە لەم هەردە پانوپۆڕ و بێکۆتایەدا، تا دەکارین بازنەی هەست و درکمان فراوان بکەین. کتێبەکانیش ئامرازی گەیشتنن بەم ئامانجە و ئەو پەنجەرانەن کە ڕاستییەکانی ژیانیان لێوە دیارە، بۆیە تا زۆرتر بن، چاکترە.

گەر لە ڕوویەکی ترەوە لە بابەتەکە بڕوانین، دەبینین کتێب خۆراکی بیرە. چۆن بۆ هەر جەستەیەک خۆراکێک هەیە، هەر فکرێکیش خواردنێکی تایبەت بە خۆی هەیە. یەکێک لە سوودەکانی جەستەی بەهێز ئەوەیە توانای دەرهێنانی وزەی لە هەموو لەونە خواردنێک هەیە؛ درکی بەقووەتیش هەر وایە، لە هەر بابەتێک بیەوێت، خۆراکی خۆی دەست دەکەوێت. لای من هەڵبژاردنی کتێب وەک هەڵبژاردنی خواردنە، لە هەردوکیاندا منداڵ و نەخۆش دەبێت وریا بن، لێ گەر ئاوەزێکی بەهێز یان گەدەیەکی عەقڵیی وات بوو توانیی هەر بابەتێک هەرس بکات، هەرچییت دەست کەوت بیخوێنەوە. گەرنا ڕێگە بدە توانات کتێبت بۆ دیاری بکات، چونکە زۆر جار ئەوەی حەزمان لێیە خواردن بە جەستەمان دەدات.

کتێب خۆی تەنیا بەس نییە و ئەزموونی ژیانیش پێویستە، پێچەوانەی ئەمەیش ڕاستە، چونکە ئاتاجی شتێک ئەزموونین تا بە شێوازێکی دروست لە ڕاستییەکان تێبگەین، وەلێ ئەزموونەکانی ژیان لە کتێب بێنیازمان ناکەن. ئاخر کتێب خۆی ئەزموونی هەزاران ساڵی گەلانە لە سەردەمانی جودادا، یەک کەس ئەزموونی چەندێکیش بێت، هەر چەند دەیەیەکە و تەواو. 

وایش نازانم کتێب هەبێت دووبارەی کتێبی تر بێت، چون وای دەبینم تاکە بیرۆکەیەک گەر هەزار نووسەر باسی بکەن، دەبێتە هەزار بیرۆکە و چیدی یەک دانە نییە. بۆیە بەئەنقەست لە یەک بابەتدا قسەی زۆر کەسان دەخوێنمەوە و هەست دەکەم ئەمە زۆر بەچێژتر و سوودبەخشترە لە خوێندنەوەی بابەتی جیاواز جیاواز. بۆ نموونە تەنیا لەسەر ژیانی ناپلیۆن قسەی زیاتر لە سی نووسەر دەخوێنمەوە و دڵنیام ناپلیۆن لای هەریەکێکیان جیایە لە هیی ئەوانی تر. 

هەرچی کاریگەریی ئەم سێ جۆرە کتێبەیە: زانستی، ئەدەبی و فەلسەفی. کتێبە زانستییەکان فێری وردی و ڕێکوپێکیمان دەکەن و ئەو زانیارییە کەمەیشی هەمووان لێی بەخەبەرن، پێمانی دەدەن؛ کتێبە ئەدەبییەکان بازنەی سۆز و هەستمان فراوان دەکەنەوە و پەردە لەسەر ژیان و جوانی لا دەدەن؛ کتێبە فەلسەفییەکان هۆشیارمان دەکەنەوە و وامان لێ دەکەن باشتر بفکرین، لەوەی دەیزانینەوە دەمانگەیەننە ئەوەی لێی بێخەبەرین و لە چڵەوە دەمانبەن بۆ لق. 

هەموو ئەم جۆرانەیش پێویستن بۆ بیرڕۆشنکردنەوەی مرۆڤ و ناسینی ئەو دیوانەی ئەم گێتییەی تێیدا دەژی. من ئەم ڕیزبەندییەم بەدڵە: کتێبە ئەدەبییەکان، پاشان فەلسەفییەکان و ئینجا زانستییەکان. 

خوێنەر ناتوانێت ئەندازەی ئەو سوودەی لە کتێبێکی بینیوە دیاری بکات. لەوانەیە خۆت بە خوێندنەوەی کتێبێکەوە تەواو هیلاک بکەیت، کەچی سوودێکی وای نەبێت، کتێبێکیش تەنیا چاو بە پەڕەکانیدا بخشێنیت، کەچی کاریگەرییەکی قووڵت تێدا جێ بهێڵێت و لە هەموو ڕاکانتدا ڕەنگ بداتەوە و گشت ئاراستەکانی مێشکت ڕەنگڕێژ بکات. بۆیە ناتوانیت دڵنیا بیت لەو ڕێگەیەی سوودی تەواوی لە خوێندنەوەدا بۆت دەبێت. بەڵام لەوانەیە باشترین شت بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەی پێ بکرێت ئەوە بێت: بۆ خوێندنەوە زۆر لە خۆت نەکەیت و هەر کە هەستت بە سستی و کەمتوانایی و بێزاری کرد، واز لە کتێبەکە بهێنیت. 

هەرچی پێوەری هەڵبژاردنی کتێبی گونجاویشە، ئەوە خۆت لە هەموو ئەو شتانەوەی مەعریفە، هێزی تێگەیشتن و کارکردن و چەشتنی ژیانت زیاد دەکەن، دەیزانیت. گەر ئەمانەت لە کتێبێکدا دۆزییەوە، ئەوە کتێبەکە جێی گرنگیپێدان و ڕێزە. ئێمە هەرچی دەخوێنینەوە بۆ ئەوەیە کاری پێ بکەین یاخود بۆ ئەوەیە لە ڕێگەیەوە بە هەستێک بگەین. زانینێک نە کارێکی لە دوا بێت و نە هەستێکیش، نەبێت باشترە. بەم پێوەرە دەتوانیت ئەوەی سوودی بۆ خودچاککردن و خۆپاڵفتەکردن هەیە لەوەی نییەتی، جیا بکەیتەوە. 

 

[1] وا دەردەکەوێت نووسەر ئەوکات باوەڕی بە بیردۆزی پەرەسەندن هەبووبێت و ئەم قسەیەیشی هەر لەو سۆنگەیەوە کردبێت، وەلێ ئێستا ڕەخنەی زۆر لەو بیردۆزە گیراوە و لاوازییەکەی لای زانایان ئاشکرایە. 

تاگەکان    
#پیری لۆجیک عێڕاق چەواشەکاریی_لۆژیکی حزبی ئیسلامی تەکنۆلۆژیا نائومێدی دیمانە مێژوو پەروەردە شەڕ عەبدولکەریم سرووش دیزاینی زیرەک تەنیایی شیعر
فیکر
2025-06-21 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 75 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی