مرۆڤێکی خاو لە سەردەمێکی خێرادا

نووسینی: هاروون ماهووتی
ئەدەب 2025-06-19 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 305 جار بینراوە

لەنێو جەنجاڵیی ئەم دنیا تاودراوەدا، مرۆڤێک بەتەنیا و لەسەرخۆ بە ڕێدا دەڕوات، لەبەر ئەوە نا کە نەتوانێت خێرا بچێت، بەڵکو چونکە نایەوێت وردەکارییەکانی لە دەست دەربچن. ئەم مرۆڤە لای وایە هەر ساتێک تامی خۆی هەیە، هەر دیمەنێک بەرامەیەک، هەر وشەیەکیش خاوەن سێبەرێکە و، پێویستە لە ئامێز بگیرێت. کات لای ئەم تەنیا خولانەوەی میلەکانی کاتژمێر نییە، بەڵکو لێدانی دڵە، تێی ڕادەمێنێت و بە هەموو هەستەکانیەوە دەیبیستێت.

ئەم شێنەییە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا بووەتە بارگرانی. لە جیهانێکدا خێرایی پێوەری سەرکەوتن بێت، مرۆڤی خاو وەک شتێکی لەکارکەوتوو لێی دەڕوانرێت.

بەرنامەکان، ئەپدەیتەکان، ئەرکە فرە و جیاوازەکان و بەراوردکردنە هەمیشەییەکان، گەمارۆی دەدەن، ناڕاستەوخۆ پێی دەڵێن: "گەر پەلە نەکەیت، هەموو شتێکت لە کیس دەچێت." بەڵام دڵی دەچرپێنێت: "دەترسم گەر بە دوای هەموو شتێکدا غارم دا، خۆم لە دەست بدەم!"

بە تێپەڕینی ساڵەکان، ئەم مرۆڤە لە خامۆشییە قووڵەکەیدا، بەئەسپایی لە خۆی دەپرسێت: "ئەرێ تەمەنی خۆمم فەوتاندووە؟ بۆچی وەک ئەوانی تر بەرهەمم نەبووە؟ بۆچی خاوەنی شتێک نیم خۆمی پێوە هەڵکێشم؟"

سەرچاوەی ئەم پرسیارانە ناخی خۆی نین، بەڵکو لە دەرەوە، لە کۆمەڵگەوە دزەیان کردووەتە ناو هەناویەوە. ئەو دەنگانە گومان دەخەنە سەر بەهای بیرکردنەوە، مانای ئارامگریی لا دەشێوێنن و، ئیمانی بە بایەخداریی ژیانێکی ئارامی ڕادەوەشێنن. ئاخر دەوروبەر لە زووگەیشتندا نەبێت دەسکەوت نابینن و، شتێکیش بە ژمارە نەپێورێت بەهای بۆ دانانێن.

بەم شێوەیە ئەم مرۆڤە هەست بە بارێکی نادیار دەکات، وەک ئەوەی لە پشتەوە پاڵی پێوە بنەن تا ڕا بکات، بەڵام دڵی خۆی لە ئومێدێک ئاڵاندبێ، بەوەی ژیانێک لە خاوڕۆیشتندا هەیە، حیکمەتێک لە شێنەییبووندا خۆی شاردووەتەوە، جوانییەک لە نەرمەڕێبڕیندایە، چاوە بەپەلەپڕوزکێکان نایبینن.

ئەم ڕقی لە خودی خێرایی نییە، بەڵکو لەوە بێزارە کە ژیان لە دەرەنجامەکاندا کورت کراوەتەوە و، ئەزموونەکان پشتگوێ خراون. لەوە تووڕەیە هەستەکان بۆ چەند "ڕیاکتێک" گۆڕاون، پەیوەندییەکان بوونەتە "نۆتیفیکەیشن"، گفتوگۆکان تا بێت کورتتر دەکرێنەوە. ئەم مرۆڤە بەسۆزە، هەست دەکات وەخت وەکو شێتێکی هارە، کۆت و بەندی لێ هەڵگیرابێت، هەرکات ئەم بیەوێت وچانێک بدات تا لە گوڵێکی ناسک ڕابمێنێت، یا خۆی بداتە بەر شنەبایەک، یانیش چاوەکانی لەنێو چاوانێکدا بتوێنەوە، ئەو دێت و لێی تێکدەدات، ئەم ساتە جوانانەی ورد و خاش دەکات، وەک ئەوەی هیچ لەم ساتانە تێنەگات، هەر نەیشیەوێت تێبگات.

ئەم مرۆڤە بەکپی دەناڵێنێت. ناڵین و غەمی ئەم لەوە نییە کە خەڵکی قبووڵی ناکەن، بەڵکو پەشێوییەکەی هیی ئەوەیە دەزانێت ناتوانێت بچێتە نێو ئەم گێژاوەوە و، بەشێکی خۆی لە دەست نەدات. هەرکەی ویستبێتی هاوشانی ئەوانی تر بڕوات، نەختێک لە ڕەسەنێتیی خۆی دۆڕاندووە. کەی گەرەکی بووبێ ڕەوتی ڕۆیشتنی خێرا بکاتەوە تا بەوانی تردا بگات، مانایەکی لێ بەربووەتەوە، وێنەیەک لە خەیاڵیدا بزر بووە، ساتێک لەو ساتانەی ڕووحی ڕۆشن دەکردەوە، ژاکاوە.

ئەم مرۆڤە نە تینووی ستایشکردنە و نە گوێ بە ناوداری دەدات، تەنیا دەیەوێت ژیانێکی ڕاستەقینە بژی. پێی خۆشە خەمەکانی قووڵ و، شادییەکانی ڕاستگۆیانە بن. دڵی پێوەیە هەموو چرکە و ساتەکان تام بکات، نەک قوتیان بدات. بەڵام گەمارۆدراوی جیهانێکە، نە کاتی بۆ چاوەڕوانی هەیە، نە تاقەتی گوێگرتن و نە حەوسەڵەی هێوربوونەوە، تەنیا بۆ پێشەوە دەڕوانێت و هەر چرکەیەک ڕاوەستان، بە شکستێکی گەورە دەبینێت.

مرۆڤێکی خاو لە جیهانێکی خێرادا، ئێژی خونچەیەکە لە شەقامێکی قەرەباڵەخدا سەری دەرهێنابێت، بەئارامی دەمی وا بکات، هەمووانیش بە لایدا تێدەپەڕن، بێ ئەوەی ساتێک بۆ بینینی جوانیی ئەم تەرخان بکەن.

ئەی خونچە ناسکەکە، تۆ هەر خۆت بە و خۆت، ئامان نەکەیت، بەهۆی ئاوڕنەدانەوەی ئەوانی تر گومان لە خۆت بکەیت. ئامان نەکەیت، بۆ نیگایەکی سەرپێیی ئەوان، ئارامیی خۆت بشێوێنیت و بتەوێت وەرزی پشکووتنت پێش بخەیت. لەم جیهانە بێبەزەیی و تاریکەدا، تۆ چرۆی ئومێدی، تۆ چرای هیوای. ئەوانەی لە هەموو شتێک بێزار دەبن، تەنانەت لە خۆیشیان، بە بینینی تۆ فرمێسکێک دەزێتە چاویانەوە و بزەیەک بەسەر لێویانەوە دەنیشێتەوە.

ئەی پرشنگی ئاسۆ، ئەی شەونمی سەر پێڵووی چرۆ،
ئەی گزنگی دەمەوبەیان، ئەی شنەی هەواری کوێستان،
ئەی زەردەی ئێوارەی بەهار، ئەی وردەشەپۆلی ڕووبار،
ئەی تریفەی سەر گۆمی شین، ئەی کزەی شەماڵی هاوین،
ئەی هێشووی ناو دەستی ئازیز، ئەی پەلکەزێڕینەی پاییز،
ئەی پشکۆی ئاگری زستان، ئەی هاژەی چەمی دارستان،
ئەی مانگەشەوی ناو خەیاڵ، ئەی نێرگزی نەورۆزی ساڵ...*

گیانە وریا بە، نەوەک بتگەستێ مارێ،
وەرە و ببە بە خۆری گوڵبەهارێ.

*ئەمە بەشێکە لە شیعری «هۆنراوەکانم»، لە دەفتەری شیعریی: «تریفەی هەڵبەست»ـی شێرکۆ بێکەس، بە هەندێک دەستکارییەوە.

تاگەکان    
غەززە لۆجیک دەروون تەنیایی عیرفان گەنجان موناجات ئازادی بوومەلەرزە فیلم نیشتیمانپەروەری دەروونی ئیسرائیل نیشتیمان کۆرۆرنا
ئەدەب
2025-06-19 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 305 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی