لە ستایشی درەختدا

نووسینی: مەحموود دەرویش وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2025-05-22 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 120 جار بینراوە

نیازی ژماردنی چاکییەکانی درەختم نییە، چونکە ئەو لەوە گەورەترە بژمێردرێت و، لەوە جوانترە بە شان و باڵیدا هەڵبڵێی و لەوە ناسراوترە پێویستی بە ناساندن هەبێت. تەنیا دەمەوێت ددانی پێدا بنێم: تا ئەندازەی پیاوەتی ئەوینداری درەختم و، بۆم دژوارە تەنانەت باوەڕ بە یەک چیرۆکی دوژمنایەتیی نێوان مرۆڤ و درەخت بکەم، ئەگەرچی میوەکەی بووبێتە هۆی وەدەرنانی ئەو لە بەهەشت. هەتا ئەو کاتەی خواوەند ویستی تەماحی ئینسانەکان وەبەر بەهەشتەکەی بخات، لە وەسفی درەختدا بەرگێکی لە خۆی گەورەتری بۆ دووری و بۆ من کێشەیە کە، لەناوبردنی درەختان بە تاوان نەژمێرم.
درەخت، شکۆیەکی دووسەرەیە: شکۆی جوانی و شکۆی بەهرەمەندی. ئەگەر بە دەگمەن دژیەکییەک لەنێوان شتێکی جوان و بەسووددا بوونی هەبێ، درەخت ئەم کێشەیەی بە باشترین شێوە چاره کردووە. درەخت نەک تەنیا دڵ لە شادی و جوانی و خۆشنوودی لێوڕێژ دەکات، بەڵکوو هاوکات سەرپەنجەی سەوزی بەرەو عەقڵەکانمان دەبات و زیاتر و زیاتر فێرمان دەکات. بۆ نموونە، پیشانمان دەدات چۆن سەرسەوزی لە چواروەرزی ساڵدا خۆی ڕادەگرێت؛ لە گەمارۆی سەرمای سەخت، بەتینیی گەرما و تووڕەیی «با»دا، ئەمە وانەیەکی گرینگە درەخت ناخودئاگا فێرمان دەکات و ئێمە کۆشامان تا ناوی لێ بنێین، ئارەزوو.
درەختەکان دەجووڵێن، بەڵام بەرەو قووڵایی و بەرەو بەرزاییەکان و نیشتمانی خۆی جێ ناهێڵێت، ئەمە ڕازی هێزی ئەوە. دامەزراو لە زەویدا و سەرکردوو بە عاسماندا. لەوەوە پەند وەردەگرین و وانەی نیشتمانپەروەری فێر دەبین. ئەگەر درەخت بیر لە کۆچ لە زێدەکەی بکاتەوە دەمرێت، بەڵام ئەو وەها کارێک ناکات ئاخر ئەو مەرگێکی ناوەختی ناوێت.
درەخت لەگەڵ سەختییەکاندا دەجەنگێت خۆی بە دەستەوە نادات. لە هەمبەر دژواریی بەرددا بە ئارامی و پشوودرێژی و هونەرەوە بەرەنگاری دەبێتەوە. لە خاڵی لاوازی بەردەوە هێرشی بۆ دەهێنێت. ڕیشەکەی تێ دەئاخنێ و دواتر لێدانەکانی دەس پێ دەکات تا وردی دەکات. لەتەک خاکدا یەکسانی دەکات و خواردنی لە ناوەوەی ئەوەوە وەردەگرێت و، ئەم وانەیەیشمان ناو نا، جەنگی بەردەوام.
درەخت خۆی ڕادەست ناکات، تیخەبەرد بەبەردەوامی قۆڵ، پەنجە، یا لووتی دەبڕنەوە، یاخود مووەکانی لێ دەکەنەوە، بەڵام ئیشق بۆ نەمری ناهێڵێت ئەو دیلی زام و ڕەنجەکانی ببێت. دەزانێت چلۆن زامەکانی ساڕێژ بکات و خانەی تازە چێ بکات، لق و تاڵی نوێیش بخوڵقێنێت. نامرێت، نابەزێت. ئێمە ناومان لەمە ناوە، دامەزراوی.
هەوڵێکی زۆر بۆ ڕیشەکێشکردنی درەخت دەخرێتە گەڕ، بەڵام ڕیشەکێش ناکرێت مەگەر بەزۆری. تا دوایین هەناسە بەرگری و بەرگری و بەرگری دەکەن و، بەرگری بێجگە لە سەرتریی گیانبەختکردن بەسەر شتەکانی ترەوە، لە بەرانبەر دوژمناندا شتێکی زۆر نییە و، لە وەڵاتی خۆیشماندا وەک سەرسامیی زۆرمان بۆ داستانی بەرگریی درەختێک، بینیومانە لە ڕیشەکێشکردنی دەیان هەزار کەس نائومێد بوون تا ئەوەی لە بلدۆزەرەکان هاوکارییان خواستووە. ئەمەیش وانەیەکی گرینگە لەسەر سەرسەختی، کە پێویستە ئێمە پەندی لێ وەربگرین.
درەخت سەروەختی گەییشتنی مەرگی دەمرێ، بەڵام ئیسنانی قارەمان هەتاکوو ئێستە نەیتوانیوە وەکوو درەختێک بمرێت مەگەر بە شێوەیەکی ناڕاستی. مرۆڤ لە باشترین دۆخیدا لە حاڵێکدا پشتی داوە بە دیوارێکەوە، لە چرکەساتێکدا دەمرێت، بەڵام درەخت بە ڕاوەستاوی دەمرێت، چون درەخت ڕیشەکانی بە قووڵایی زەویدا ڕۆ کردووە و ئەمەمان بە شکۆی مەرگ ناو بردووە کە بۆ ئێمە وەک ڕەمزێک بمێنێتەوە.
دیسانەوە دووبارەی دەکەمەوە نیازی ژماردنی چاکییەکانی درەختم نییە، تەنیا دەمەوێت ددانی پێدا بنێم من فرە ئەوینداری درەختم. هەروەک جادوولێکراوێک لە بەرانبەر درەختدا دەوەستم، هەستی لەباوەشگرتن و ماچکردنی ئەو دامدەگرێت بەڵام لە جووڵە بۆ لای وی دەوەستم تا ئەوەی شتێک لە سیحر و پیرۆزیی ئەو لەدەس نەدەم و، لە هەڵبژاردنی ناوێک بۆ ئەوە دۆش داماوم: دانا، دڵبەر، نا! نا!ْ درەختە و تەواو! خراپترین ئەشکەنجە بۆ زیندانییەک ئەوەیە کە لە زیندانەکەوە کونێک نەبێت ئەو لێیەوە تەماشای درەختێک بکات و لە چرکەساتی دڵخۆشیی ئازادیی لە هەر شتێک؛ بە هاوارێکی دڵشادانەوە دەڵێم: بریا باڵندەیەک دەبووم تا ئەو وەک نیشتمانێک هەڵبژێرم. نیشتمان ئای! ئەمە هەمان وشەیە! بۆچی بۆ درەخت زۆر شیعر ناهۆنینەوە، هۆنینەوە بۆ درەخت؛ هۆنینەوە بۆ نیشتمان، جوانی، خۆڕاگری، شەرافەت، ئارەزوو، سەرسەختی و نەمری... کە ژیانن.
بە هەڵکەوت نییە یەکەمین سازلێدەر، ڕازی و دڵخۆش، بەسەر درەختی چڕینەوە دەگیرسێتەوە و، بێشکەی منداڵ و تابووتی مردوو لە درەختن. درەخت دەچڕێت، دەڕەقسێت، شادی دەکات، لە چاوەڕوانیدا دادەنیشێت و سەری ڕووەو سەرەوە دەکشێنێت، دەبەخشێت و وەرناگرێت.

ئێستا دەست لە درەخت هەڵبگرن، کە ئەو هەمان نیشتمانە...

تاگەکان    
خاڵبەندی دیمانە دەروونی عێڕاق ئازادی یاری ئیسرائیل گەڕان کتێبی هاوسانی تەکنۆلۆژیا نیشتیمانپەروەری کتێب گێڕانەوە بوومەلەرزە تەنیایی
ئەدەب
2025-05-22 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 120 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی