هێند لە تاریکیدا مامەوە تا لەبارەی ڕووناکییەوە بدوێم

نووسینی: سوهرابی سپێهری وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2025-05-17 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 203 جار بینراوە

یادداشتەکانی سوهرابی سپێهری
یەک

تەیموور و موحسین بۆ فڕۆکەخانە چوون. من مامەوە لەگەڵ شیعرەکانی واڵت ویتمەن و ڕۆژنامەی Aeospace Systemsـدا. باخچەی حەوشەکەی موحسین پڕە لە بەهار: هەڵاڵە، لادەن، ڕەیحانە، زەعفەران، هێرۆ و باقیی گوڵەکانی تریش. دەنگی باڵندەکان تێکەڵی باخچەن و دنیایش تێکەڵی پەنجەکانی من. چەنێک نوور و حەسرەت بەسەر فکری منەوە ڕێ دەکەن؛ دڵم دەیەوێت چەشنی لەرەیەک بەسەر ڕاستیدا بڕۆم. وەک بێژی ئاسۆیی بیر دەکەمەوە. هەروەک لقەکانی درەختی «ئەلبیزیا». هەروەک کینەیەک بەسەر جلەکانمەوە گیرم کردووە. لای بەهار بووم گەشە و سروشت دەوریان گرتبووم؛ تێپەڕینی فڕۆکەیەک وەبان سەرمەوە ڕاستیی گەشەکردنەکەی چەند بەرابەر کردبوو. لەپێش هەڵاڵەکانەوە، داخی ماددە گەرووی دەگوشیم. دەستەکانم لەکار کەوتبوون. شتێکم بانگ کردبوو، «شتێکی نەسەلماو، شتێک لە خەوندا - واڵت ویتمەن-» و هەموو گۆشتم بووبوونە نۆستالژیا.
دنیا پڕە لە خراپە و، من تەماشای هەڵاڵە دەکەم. لەسەر زەوی ملیۆنان برسی هەن. بریا نەدەبوون. بەڵام بوونی برسێتی هەڵاڵە پتەوتر دەکات و ڕوانینی من ڕەهەندی نوێ وەردەگرێت. چ دڵڕەقییەک. لە بیرمە لە ڤاراناس لەنێوان مردووان، نەخۆشان و دەرۆزەکەراندا لە تەماشای بینایەکی کۆندا تووشی ستایشێکی ڕیشەیی بووبوومەوە. پێیەکانم لەنێو کارەساتدا بوون و سەرم لەنێو جوانیدا. کاتێک باوکم مرد، وتم: پاسەوانەکان هەموویان شاعیر بوون. ئامادەیی کارەسات، کاتیی دنیای ڕازاوەتر کردبوو. کارەسات دیوەکەی تری سکەکە بوو وەگەرنا دەمزانی و دەزانم کە پاسەوانان شاعیر نین.
هێند لە تاریکیدا مامەوە تا لەبارەی ڕووناکییەوە بدوێم. هیچ شتێک لە مندا ناپووکێتەوە.
دنیا لە ئێمەدا گل دەدرێتەوە و نیگای ئێمە لە دروستیی ئەم گلدانەوەیەیە و لە هەموو جێیەکیەوە ئاو دەخواتەوە و تەنانەت کاتێک لەم دارکونارە قامەت بڵندە دەڕوانم؛ سیستەمی هایدرۆلیکی فڕۆکەیەک لە نیگامدا هاتوچۆیەتی. بەڵام نەتانەوێت ئەم ئاگاییە خۆی ئاشکرا بکات. دنیا له ئێمەدا لە گۆڕانێکی بەردەوامدایە.
من هەزاران برسیم لە خاکی هینددا بینی و، هیچ کاتێک لەبارەی برسێتییەوە قسەم نەکرد نا، هیچ کات. بەڵام هەرکات ڕۆیشتبم لەبارەی گوڵێکەوە بپەیڤم، ددانم تفت بووە. برسێتیی هیند شێوەی ددانی گۆڕیوم و، منیش دەینی خۆم بەجێ گەیاندووە.

تاگەکان    
مردن تەکنۆلۆژیا گەنجان فێمینیزم ئازادی مانا کۆیلایەتی بووژانەوە فەلسەفە چەواشەکاریی_لۆژیکی سەرفیترە قودس مۆدێرنیتە کتێبی هاوسانی فیکر
ئەدەب
2025-05-17 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 203 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی