زانست و پیشەکان -بە زانستە مرۆڤایەتی و سروشتییەکانەوە- بە مەبەستی خزمەتکردنی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی مرۆڤەکان داهێنراون و پەرەیان پێ دراوە.
ئەگەر چاو لە زانستە مرۆڤایەتییەکان بکەین، دەبینین هەرکەسێک خۆی دابێتە ئەو زانستە و بەدڵسۆزییەوە ڕووی تێ کردبێ؛ ئەوا جێپەنجەی دیاری لەسەر کۆمەڵی مرۆڤان جێ هێشتووە. بۆ نموونە: ئیبن خەلدوونی مێژوونووس و کۆمەڵناسی مسوڵمان، پاش شەش سەدە لە ژیانی، پێشەکیی مێژوویەکەی بە دایکانەی زانستی کۆمەڵناسی دادەنرێت و سەرچاوەیەکی بەنرخی کۆمەڵناسانە، تەنانەت مێژوونووسی بەنێوبانگی بەریتانیایی، ئارنۆڵد توینبی، لەبارەی مەزنیی ئیبن خەلدوون لە کۆمەڵناسیدا دەڵێت: ئیبن خەلدوون مەزنترین پیتۆڵی کۆمەڵناسیی گشت سەردەمەکانە!
ئەگەر سەیرێکی زانستە سروشتییەکانیش بکەین، دەبینین ئەوەی لێرەدا ئەسپی خۆی تاو دابێت و لەژێر کاریگەریی زانستە سروشتییەکاندا بەرەو ئامانجەکانی ڕۆیشتبێ، ئەوا گەلێک هەماهەنگ بووە لە دەرهێنانی مرۆڤایەتی لە چڵكاو و زۆنگاوی پۆخڵەوات و پاشکەوتوویی و ئازار. زانایێکی وەک ئیبن سینا، بە یەکەم کەس دادەنرێت لە زانستی پزیشکیدا بەرهەمی هەبێت کە القانون في الطب_ـە، تا نێوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەمی زایینی لە زانکۆکانی ئەورووپادا سەرچاوەیەکی سەرەکیی زانستی پزیشکی بوو. ئەوڕۆ دوای زیاتر لە هەزار ساڵ لە مردنی، ناوێکی نەمری ئەو زانستەیە و، هەرکاتێک ناوی دێ؛ مرۆ داوودەرمانی دێتە بەرچاو.
هەرکەسێک ڕووکردنە ئەو زانستانەی هەڵبژاردبا، بەدڵنیاییەوە ماندووبوون و شەونخوونی و کۆشینی پێش پاڵدانەوە و حەوانەوە خستووە. هەرکەسێک ئەو ڕێیەی گرتبایەتە بەر، دەبوایە ژیانی خۆی بۆ تەرخان بکات، لەبەر یەک ئامانجیش، خزمەتکردنی ئایین و مرۆڤایەتی.
بەڵام با تەماشایێکی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بکەین و کوردستانی خۆمان بە نموونە وەربگرین، کاتێک چاو لەوانە دەکەین کە ڕێگەی زانستیان گرتۆتە بەر، دەبێت هەر خەریکی حەسرەت و خەفەتخواردن بین!
گەر لەوانە ڕابمێنین کەوا ئەمڕۆ ڕوو لە کۆلێژی پزیشکی دەکەن -کە باڵاترینی زانستە سروشتییەکانە-، دەبینین بە دەگمەن نەبێت، کەس ئامانجی ئەوەی نییە کە خزمەت بە مرۆڤ بکات، بەڵکوو زۆریان بۆ مەبەستی ماددی و کەسی ڕووی لێ دەکەن، وەک: داهاتی چاک، پێگەی کۆمەڵایەتی بەرز و هاوسەرگری سانا. ئەوانەشی کە لاف و گەزافی ئەو ئامانجە نەجیبانە لێدەدەن و ئەو دروشمە گەورانە بەرز دەکەنەوە، گەر بۆیان ڕوون بێتەوە ئەو داهاتە چەورەیان لەوێ نامێنێ، ڕەنگە پاش چەند ساڵيک بازاڕی کۆلێژی پزیشکی لە لاوازی بدات.
وای لێهاتووە مێشکی خەڵک وا تاشراوە، کە ڕیزبەندی باڵایی کۆلێژەکان بەو شێوەیەیە:
پزیشکی
پزیشکیی ددان
دەرمانسازی
تەلارسازی
… تاد.
تەنانەت لەو ساڵانەی دوایی پاش ئەوەی ڕەغبەتێکی چاک لەسەر بەشی شیکاریی نەخۆشییەکان پەیدا بوو و دەرچووانی ئەو بەشە ئیشیان دەست دەکەوت، وای لێ هات لە ڕووی وەرگیرانەوە نمرەیەکی بەرزتری دەویست لە کۆلێژی ئەندازیاری، ڕیزبەندییەکە گۆڕا و، بەشی شیکاریی نەخۆشییەکان بە پێش ئەو بەشە باڵایە کەوتەوە لە تێڕوانینی خەڵکەوە!
ڕاستییەکەی لەو حاڵەتانەدا، هەست دەکەین کەوا ئەو جیهانەی کەوتۆتە ژێر هەژموونی پووچگەراییەوە و، لە هەموو لایەنەکانەوە گیرۆدەی بووە، زانست و مەعریفەتەکەیشی ئاوا خەریکە پووچگەرایی پووچی دەکات!
ئایا ناتەواویی مەعریفی و هەژاریی ڕۆشنبیری نییە، خوێندکارێک لەو ئاستە زانستییە بێت، کۆنمرەی خوێندنی سەروو 95 بێت، وا بیر بکاتەوە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی وەک زانستە سیاسییەکان و زانستە ئیسلامییەکان و ئابووری زۆر لە ئاستێکی نزم بن لە چاو بەشێکی وەک شیکاریی نەخۆشی و ئەندازیاریی شارستانی؟
لە کاتێکدا هەر زانستە مرۆڤایەتییەکان بوون دەستی باڵایان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و، هەر ئەوە دەتوانێت گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان لە مرۆڤ بکات، چونکە ئەو لەگەڵ هزر و مێشک و دڵ دەدوێت -کە جەوهەری ئینسانن- و کار لەوان دەکات. گەر زانستە سروشتییەکان خزمەتێکیان کردبێت و وەک باسمان کرد مرۆڤی لەو دواکەوتن و زەلکاوە ماددیە هێنابێتە دەر، ئەوا بەدڵنیاییەوە لەژێر سایە و کاریگەریی ئەو زانستە مرۆڤایەتییانە بوون، چونکە ئەو کەسە دەتوانێت خەم لە مرۆڤان بخوات و خزمەتیان بکات، کە ئایینێک یان بیرۆکەیەکی مرۆڤدۆستانە هانی بدات بۆ ئەو خزمەتکردنە، کە ئەوەیش هەژموونی زانستە مرۆڤایەتییەکانە.
لێرەدا بانگێکی بیرمەندان و خاوەن هزران دەکەم، بەڕاستی مەعریفەتی خەڵکی بەرەو هەڵدێرە، ئەو زانستە قەدرگرانانەیش خەریکە کەڵکیان نامێنێت لەبەر نەبوونی ئامانجی پاک و باڵا و، لەبەر بەکارهێنانیان بۆ مەرامی تایبەتی. ئەوە کێشەیەکە و پێویستی بە چارەسەرە، وەرنە مەیدان و بە جددی بیر لەو بابەتە بکەنەوە، ئەو زانستانەی لەو وڵاتانەی لە خەمی خۆیاندان و خۆیان بەرەو پێش دەبەن بەهادارن، لێرەدا یان ئەوەتا بێبەهان، یان بەهایەکەیان تەنیا لە قازانجە ماددی و کەسییەکاندان.