هایدیگەر، فەیلەسووفی بوونگەرای ناسراوی ئەڵمانی، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (بوون و کات) کە شاکاری وییە، بابەتێکی دەربارەی دۆخی ژیانی زۆربەی هەرە زۆری ئێمەی مرۆڤ خستووەتە بەر باس و دەکۆشێت لە ڕێگەی وێناکردنی ئەم ڕەوشەوە ئەوە دەربخات کە زۆرینەمان ژیانێکی ناڕەسەنمان هەیە. هایدیگەر دەڵێت: "هەریەک لە ئێوە با لە ژیانی خۆی بڕوانێت و لێی ڕابمێنێت، بزانێت ئاخۆ ئەو سێ تایبەتمەندییەی من ئێژمی لە ژیانیدا هەن یان نا؟ دواتر ڕاستگۆیانە بەینی خۆتان و خۆتان دان بەوەدا بنێن کە ژیانێکی دەستکرد دەژین یاخود ڕەسەن".
دواتر ئێژێت هەر یەکێکمان کەمتاکورتێک ئەم سیفەتانەمان تێدان.
تایبەتمەندیی یەکەم ئەوەیە ئێمە گیرۆدەی چەنەبازی و فڵتەگۆیی بووین. قسەی چەنەبازانە و ناوبەتاڵ کامەیە؟ ئەوەیە تێیدا "خودی پەیڤینەکە گرنگە نەک ناوەڕۆکەکەی". ئەوەی کە دەڵێین لە دانیشتن و شەونشینییەکاندا قسەی پڕوپووچ دەکەین مانای چییە؟ یانی هیچ گرنگ نییە چی دەڵێین، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە "شتێک" ئێژین. بە واتایەک، خودی قسەکردن بووەتە ئامانج، لە کاتێکدا دوان دەبێت کەرەستەیەک بێت و لە ڕێگەیەوە پەیامێک بگەیەنرێت.
ڕاستییەکەی ئێمە بەردەوام لە ژیانی خۆماندا ڕستە، لێکدانەوەگەلێک و کۆمەڵە باوەڕێک لە دەستەیەکەوە وەردەگرین و بۆ یەکێکی تری دەگوازینەوە بەبێ ئەوەی لە فلتەری فکرین و ڕامانیان بدەین و بیانئەزمووین. وەک دیارە لەم حاڵەتەدا بەتاڵگۆیی و فرەبێژی بەشێکی گەورەی ژیانی من و ئێوەی پێک هێناوە.
ئێمە لە باوک و دایک، مامۆستایان، خەڵکی، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و میدیای گشتی، شتگەلێکمان بیستوون، دواتر چۆنمان ژنەفتوون، هەر وا دەیانگوازینەوە بۆ کەسانی تر، بێ ئەوەی پێش ئەم کارەمان، لێیان ورد ببینەوە و بکۆڵینەوە و بزانین ئایا ئەم بابەتانە دروستن یان نادروست. ئەوەی ڕاستی بێت مە، لەم پڕۆسەی وەرگرتن و بڵاوکردنەوەدا، چێژێکی تایبەت هەست پێ دەکەین و هەر ئەم چێژەیش وای کردووە هەموو ژیانمان دیلی دەستی ئەم حاڵە بین.
تایبەتمەندیی دووەم ئەوەس ئێمە لە قۆناغی قسەی پڕوپووچ و بێهودەوە، دەگەینە قۆناغی خۆهەڵقورتاندن، فزوولی و دەستتێوەردان. فزوولی واتە هەر کە شتێکم بیست و پێی خستە زەینمەوە -چون ئەسڵەن بۆ ئەوەم نەبوو بیئەزمووم- دەستبەجێ دەڵێم چیی ترت پێیە؟ واتە وێڕای ئەوەی هێشتا بابەتی یەکەمم بەتەواوی وەرنەگرتووە و لام هەرس نەبووە و باش تێی نەگەیشتووم، دێم و بە دوای شتێکی نوێدا دەگەڕێم. لەم سۆنگەیەوە هەموومان بە زمانی حاڵ و قاڵ دەڵێین: (چیی تازە هەیە؟) یەکێک نییە پێمان بێژێت کۆنەکانت چی لێ کرد وا مینەی نوێ دەکەیت؟ مەگەر ئەوانەی پێشتر چییان بۆت لە هەگبەدا بوو وا ئێستا هیی دیکە دەخوازیت؟ کەواتە فزوولی واتە عاشقی نوێ بوون.
بۆ نموونە ئێوە کتێبێکتان نووسیوە و من بە خوێندنەوەی باوەڕەکانی ئێوە بۆ خۆم دەگوازمەوە، هیچ ورد نابمەوە بزانم ڕاستن یان نا، بەڵام هەر کە پێتان گەیشتم دەڵێم: ئەرێ بەم دواییانە کتێبی نوێتان بڵاو نەکردووەتەوە؟ کەس نییە بێژێت: باشە ئەو کتێبانەی وا خوێندتنەوە کامیان هەق بوون و کامیان ناهەق؟! کەواتە نوێخوازی، خەسڵەتی ئەو مرۆڤانەیە وا ژیانێکی ناڕەسەنیان هەیە و هەر بەهۆی ئەم خەسڵەتەیشەوەیە لەم بیرمەندەوە بۆ ئەو بیرمەند و لەم قوتابخانەوە بۆ ئەوی دی باز دەدەن و قەت هەڵوەستەیەک ناکەن و لە خۆیان ناپرسن باشە ئەمەی تا ئێستا قبووڵمان کردووە، تا چەند دروست یان نادروستە؟
تایبەتمەندیی سێیەم سەرلێشێواوی و گێژییە. واتە نازانم لە چ جیهانێکدا دەژیم. بۆ نموونە نازانم ئایا جیهان ئامانجدارە یان بێهودە، نازانم شەڕ باشترە یان ئاشتی، لێ لەمەڕ هەر یەک لەمانەوە قسەگەلێکی زۆر دەزانم و دەتوانم هەمووی بۆ ئێوە باس بکەم.
ڕاستییەکەی ئێمە لە ڕووی فیکرییەوە تلاوتمانە. بۆچی؟ چونکە خۆمان بڕیارمان بۆ هیچ شتێک نەداوە و لە ئامرازێک بۆ گواستنەوەی بیروڕاکان بترازێت پتر نەبووین. بە دەربڕینێکی تر، باوەڕەکان هەر بەم شێوەیە دەگەنە ئێمە و لە ئێمەیشەوە هەر وا بۆ کەسانی دی. هەروەها چونکە ئێمە حەزی ژنەوتن و وتنمان هەیە، بەهۆی تێرکردنی ئەم شەهوەتەوە، گیرۆدەی گێژی بووین، واتە هیچ ڕایەکی خودیمان نییە هەقوڵاوی ناخی خۆمان بێت و شیاوی بەرگریلێکردن بێت.
با نموونەیەک بهێنمەوە، من بە کەسێک دەڵێم: فڵانی، دەمەوێت دەربارەی فڵان بابەت توێژینەوەیەک ئەنجام بدەم. دەڵێت وەرە با بڕۆینە سەر ئینتەرنێت. دەچین و دەبینین 800 کتێب، 9000 وتار و هەزاران هەزار فایل هەن. دەڵێت: "فەرموو" و بە خۆیشییەوە دەنازێت کە ئەم گشت زانیارییەی پیشانم داوە. لە کاتێکدا من لەناو ئەم حەمکە کتێب، نامە و وتارانەدا نەمدەویست ببینم چ شتێک دەربارەی ئەوەی ("ئەلف"، "بێ"یە یان نا؟) نووسراوە بەڵکوو دەمویست بزانم ("ئەلف"، "بێ"یە یان نا؟) واتا لەجیاتیی ئەوەی قسەکانمان دەربارەی ڕاستییەکان بن، لەمەڕ ئەو قسانەوەن کە دەربارەی ڕاستییەکان وتراون و بەدەگمەن لەم قسانەوە گەیشتووینەتە خودی ڕاستییەکان.
ئەم بەلاداهاتنە فیکرییە وا هایدیگەر بە سەرەسووڕە، ونبوون و گێژی ناوی دەبات، کاتێک مرۆڤی تێدەکەوێت کە لەجیاتیی ئەوەی لەگەڵ ڕاستییەکاندا سەروکاری هەبێت، تەنیا لەگەڵ باوەڕەکانی خەڵکی دی دەربارەی ڕاستییەکاندا مامەڵە دەکات.
ئێستا ئەگەر سەرنج بدەن دەبینن ئەم سێ قۆناغە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بوونیان هەیە، تەنانەت لە ژیانی ڕۆژانەیشدا. بۆ نموونە ئەگەر پێتان بڵێم: بۆچی دەبێت بە کەوچک و چنگاڵ نان بخۆین؟ دەڵێن: ئاخر وتوویانە دەبێت بەم شێوەیە نان بخۆن. ئەگەر دەربارەی نەریتێکی باو لێتان بپرسم: بۆچی بەجێی دەهێنن؟ دەڵێن: ئیتر وایە و وایان وتووە. بۆچی مرۆڤ دەبێت لە کۆڕی پرسەدا بەشداری بکات یان بۆچی دەبێت لە کاتی ناشتنی تەرمدا ئامادە بێت؟ دەبێت بچین ئیتر. خەڵک حەزیان لە ئاهەنگ و قەڕەباڵغییە، ئێوەیش حەزتان لێیەتی؟ حەزم لێی نییە، بەڵام چونکە جوان نییە لای خەڵک بڵێم حەزم لێی نییە، وا دەژیم کە گوایە چێژ لە کۆڕ و ئاهەنگ وەردەگرم.
بەم شێوەیە، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ژیانی کارتۆنی بەم جۆرەن: هەر وا لاسایی دەکەینەوە، کوێرانە پەیڕەوی دەکەین، بێ بەڵگە قسە دەکەین، قسەی ئەوانی تر بەبێ شەنوکەوکردن وەردەگرین و خەڵکیش قسەکانی ئێمە بێ لە فلتەر دان لە هەگبە دەخەن و لەسەر هیچ هەرا دەنێینەوە. بەرانبەر هەموو کەس وەفادارین و دۆستی هەمووانین خۆمان نەبێت، لەگەڵ هەموواندا تەبا و هاوڕاین بێجگە خۆمان.
لە کاتێکدا تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕەسەن بریتین لە: بەرانبەر خۆ وەفادار بوون و لەگەڵ خۆدا ڕاستگۆ بوون، نەک خۆمان بە قوربانی هەمووان بکەین کەچی حازر نەبین جارێک گوێ بۆ دڵی خۆمان ڕادێرین، لەوەی ئەوانی دی بە ناڕاستگۆ ناوزەدم بکەن زەندەقم چووبێت وەلێ هیچ باکم بە داوا سرووشتییەکانی ناخی خۆم نەبێت، نەوێرم ڕێزەیەک چییە لە ڕای زۆرینە کە تەواو دژی ئاوەز دێتەوە لا بدەم، بەڵام حازر بم زۆر بەئاسانی چاو لە باوەڕەکانی خۆم بپۆشم.
ژیانی ڕەسەن ژیانێکە تێیدا تاک پێش ئەوانی دی مافی خۆی داوە و بەرانبەر ویژدانی خۆی وەفادارە، دۆستی خۆیەتی و بنچینەی بزوێنەری وی، باوەڕە هزراو و لێڕاماوەکانین. بینا لەسەر ئەوەی ڕابرد هەرکات من ئەم هاوکێشەیەم پێچەوانە کردەوە ئەوا ژیانی من ژیانێکی ناڕەسەن و ڕواڵەتتەوەرە.
باشە با بزانین بەرانبەر خۆ وەفاداربوون یانی چی؟ وەفاداری بەرانبەر خۆ واتا بنچینەی کردەوەکانم فامی خۆم بێت و بڕیارەکانم لە تێگەیشتنی خۆمەوە سەرچاوەیان گرتبێت. کەسێک بەم شێوەیە بڕیار بدات و ئاگایانە کار بکات فامی خۆی لەکار نەخستووە و ژیانێکی ڕاستەقینەی هەیە.
کەواتە شاڕێی ژیانی ناڕاستەقینە و کارتۆنی پەکخستنی فامی خودە، ئاخۆ ئێمە کەی ئاوەزی خۆمان لەکار خستووە؟ وەختێک بنچینەی ژیانمان دەبنە ئەم شتانە:
ڕێچکە نەهزراو و ئەزمووننەکراوەکان، هەر وا لاساییکردنەوەی بیروڕای گشتی و هاوڕەنگی جڤاک بوون، هەوڵدان بۆ دەستخستنی ڕەزامەندیی مەردم بە هەر نرخێک بووە و تا دوایی. بەرمەبنای ئەمە کەسێلێک ژیانیان ڕەسەن و ڕاستەقینەیە کە باوەڕی نەهزراو ناکەنە بنچینەی جووڵەیان، کوێرانە چاو لەوانی تر ناکەن، هاکەزایانە پەرستشەکان ئەنجام نادەن و تێکەڵی کۆمەڵ نابن، بیروڕا گشتییەکان هەر وا کاریان تێ ناکەن و نایانەوێت هەر باجێک بووە بیدەن تەنیا تا خۆشویستراوبوونی خۆیان بپارێزن، بەڵکوو دەڵێن: من بەرمەبنای ئەوەی خۆم حاڵی بوومە دەجووڵێمەوە و کار دەکەم. یانی ڕاستییەکەی من ناخوازم بە هەر قیمەتێک بووە لە دڵی ئێوەدا جێی خۆم بکەمەوە. من نیازمە لە دڵی خۆمدا جێی خۆم بکەمەوە. دەمەوێت خۆم ڕقم لە خۆم نەبێت نەک تەنیا فکرم لای ئەوە بێت دڵی ئێوەم لێ نەڕەنجێت. جا گەر بەرمەبنای تێگەیشتنی خۆم کارم کرد و گەیشتم بە ڕێز و حورمەتی خەڵکی ئەوە باش، گەرنا، نەگەم باشترە.
ژیانی ڕاستەقینەیش هەر ئەمەیە، من بۆ ئەوەی لە دڵی ئێوەدا جێی خۆم بکەمەوە یان بۆ ئەوەی ڕازیبوونی ئێوە چنگ بخەم ناچار نەبم دەست لە تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی خۆم بۆ ڕاستییەکان هەڵبگرم.