ئاگات لەم بەخشینەی خوا بێت!

نووسینی: قانع خورشید
فیکر 2024-10-31 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 690 جار بینراوە

یەکێک لەو شتانەی دڵی مرۆڤ دەگوشێت و لە ناخەوە ئازاری دەدات ئەوەیە کەسێک شک نەبات شیاوی ئەوە بێت جوانییەکانی لەگەلدا بەش بکات. ڕۆژانە چەندین جار چاومان دەکەوێتە هەندێ دیمەنی دڵڕفێن، مۆسیقایەکی ئارامیبەخش یا قسەیەکی قووڵ گوێمان دەلەرێنێتەوە، کتێبێکی دانسقە و نووسینێکی کەموێنە دەخوێنینەوە و بەدیاریەوە دەتاسێین، نوکتەیەکی خۆش دەبیستین و لەدڵەوە دەمانخاتە کەنین، ڤیدیۆیەک دەبینین و فرمێسک لە چاومانەوە دەڕێژێت و چەندان شتی تر هەست پێ دەکەین، کە جۆش و خرۆشمان لە هەناودا بەرپا دەکەن، بە دەستی خۆمان نییە کە هەر لەو حانەدا حەز دەکەین و دڵمان بۆ ئەوە لێ دەدات ئەو شتانە بخەینە بەر چاو و گوێی کەسانێکی تر و کۆمەڵە دۆست و ئازیزێک لەگەل خۆماندا لەو چێژ و خۆشییە بەشدار بکەین، فرە ناخۆش و تاسێنەرە لە وەختێکی وەهادا بیرت بگوشیت و پەنا بۆ یادگەت ببەیت و لە خۆت بپرسیت: «ئەمە بۆ کێ بنێرم؟ بۆ کێی بگێڕمەوە؟ لەگەل کێدا شەنوکەوی بکەم و لەبارەیەوە گفتوگۆ بکەم؟» کەچی لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا کەست بە مێشکدا نەیەت و هەرچی بیهێنیت و بیبەیت پاڵنەرێک بەدی نەکەیت بۆ ئەوەی ئەو شتە نیشانی کەس بدەیت!

بیرم دێت دایکم زۆر جار دەیگوت: «بەم ڕۆژگارە فکر ئەکەمەوە و ئەیتێرم و ئەیوەم، کەسێ شک نابەم بیری بکەم و دڵم بۆی لێ بدات!» تێپەڕینی تەمەن و ئەزموونی تاڵی ژیان هێدی هێدی هەموو مرۆڤێک بۆ ئەم ئاقارە پەلکێش دەکەن... ئیتر هەیە هەر زوو کەسی نامێنێت و هەیشە درەنگتر. هەیە خێرا تەنیا دەکەوێت و هەیشە تەنیاکەوتنی دوا دەکەوێت، وەلێ تەنیایی چارەنووسی گشت مرۆڤێکی بیرمەند و خاوەن خولیا و خەونی گەورە و هەست و خەیاڵی ناسکە. جوبران گوتەنی «هەریەکەمان دوڕگەیەکین و لە هیچ لایەکەوە بەوانی ترەوە نابەسترێین.»

هۆی ئەم هەستە تاریک و نەرێنییانە و ئەوەی کەس بە شیاوی هاوبەشیکردنی جوانی و چێژە مەعنەوییەکانت نابینیت، چەند شتێکە: ڕەنگە هیی ئەوە بێت بە ئەزموون بۆت عەیان بووە مەرج نییە هەر کەسێکی دەیناسیت و خۆشتدەوێت چێژ لەو شتانە ببات وا تۆ چێژیان لێ دەبەیت و سوود لەوانە ببینێت کە تۆ سوودیان لێ دەبینیت. ئیتر ناتەوێت کەس بێزار بکەیت. یا ئەگەری هەیە لە ساردی و بێوەڵامیی ئەوانەی شتیان بۆ دەنێریت، تۆیش سارد ببیتەوە و حەوسەڵەت نەمێنێت  و بەسەر خۆتدا بشکێیتەوە. یا پێدەچێت هەست بەوە بکەیت ئاستی چێژبینینی تۆ بەرز بووەتەوە و ئەوانەی زەمانێک بە هاوچەشەت دەزانین، ئێستا جێماون، -ئەمە تەنیا هەستێکە و بۆت دروست دەبێت، مەرج نییە پێکابێتت و تێگەیشتنەکەت تەواو و بەجێ بێت-. لەوەیە هیی ئەوە بێت کە ئاستی چێژبینینت بەرز دەبێتەوە، ئەو شتانەی زۆر تایبەت و دانسقەن بەلاتەوە، غیرەیان لەسەر بکەیت و جۆرێک ڕژد بیت و حەز نەکەیت دەست و چاو و گوێی هەرکەسێکیان پێ بگات. یا هێندە ئیش و ئەرکت زیادیان کردبێت کاتی بەشکردن و دووبارەکردنەوەی ئەو شتانەت لەگەل کەسی تردا نەبێت.

هەندێ جار خۆت بەزیندوویی دەمێنیتەوە و کاتیشت هەیە و خۆشی و جوانییەکانی ژیانت لەگەل خەڵکی تردا بەش دەکەیت، وەلێ کەسە هاوبەشەکانت دەگۆڕیت، یانی ئەو کەسانەی شتیان لەگەلدا دەگۆڕیتەوە دەگۆڕێن بە کەسانی تر، ئیتر ئاشناکانی دوێنێت دەبنە بێگانەی ئەمڕۆ و نەناسراوەکانی پێشوو دەبنە دۆست و نێزیک و هاوهەست و هاوفیکری ئێستات.

ئەگەر تاقەتی هاوبەشیکردنی کەست لە هیچدا نەماوە، ئەوا ئاماژەیەکی باش نییە و وا پێدەچێت لە دۆخێکی دەروونی و ڕووحیی خراپدا بیت و لە خەمۆکیدا چەقیبیت، یا بۆ چاڵاوی خەمۆکی لێژ ببیتەوە. وەلێ لە حاڵی دووەمدا -کە تەنیا هاودەمەکانت گۆڕاون-، ڕەنگە باری دەروونیت خراپ نەبێت و تەنیا بیرکردنەوە و جۆری چێژەکانت گۆڕابن، دووریش نییە تۆ جێگر و دامەزراو بیت و ئەوانەی پێشتر هاوکۆڕ و هاوسەلیقەت بوون، گۆڕابێتن. یان شێوازی ژیان و جوگرافیای گوزەرانت لەوانی پێشان پێکەوە بوون، فەرقی کردبێت، ئەمەیش بووبێتە هۆی جیابوونەوەی زەین و دڵ و چەشەتان. یان لەوانەیە کامڵ بووبیت و بووبیتە دۆستی گیانیی خۆت و پێویستت بەوە نەبێت هەموو شتێکی بەتامی ژیانت بەوانی دی بچەشێنیت ئەنجا خۆیشت چێژیان لێ ببینیت. ئاخر کەسانێک هەن تا نەبینن کەسانێکی تر شتگەلێک پەسەند دەکەن، خۆیان ناتوانن حوکمی عەقڵی و عاتیفییان لەبارەوە بدەن و بە جوان و خۆشیان بزانن! هۆی گۆڕانی تۆ هەرکام لەمانەی دوایی بێت، جێی ترس نییە. تۆ لە دۆخێکی ئاسایی و سروشتیدایت.

ئەگەر تا ئێستا کەسانێک شک دەبەیت شیاوی هاوبەشیکردنی خۆشییەکانی ژیانت بن، سوپاسی خوای لەسەر بکە، چونکە لە نیعمەتێکی مەزندایت، با خوا لێتی نەسێنێت و نەیبڕێت!

تاگەکان    
تەنیایی پۆدکاست #پیری حەمەدۆک چیرۆک یادەوەری کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین زمان وەچەخستنەوە شیرک بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن ڕانانی کتێبب بوومەلەرزە کتێبی هاوسانی گفتوگۆ
فیکر
2024-10-31 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 690 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی