نووری خوایی بە فوو ناكوژێتەوە! خوێنی شەهید سوتەمەنیی چرای حەقە...

نووسینی: قانع خورشید
فیکر 2024-07-31 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 647 جار بینراوە

هەندێ ڕووداو وەها دڵت دەگوشن و زمانت لە گۆ دەخەن، سەد جار دێیت شتێک بڵێیت و قسەیەک بكەیت، پێت ناگوترێت و لێی پەشیمان دەبیتەوە. چاو فرمێسک دەڕێژێت و لێو تەتەڵە دەكات و سینەت فشاری بارێكی گران و ئازارێكی قورسی دەكەوێتە سەر، تەنگی و ئۆناق گەرووت دەگرن... ئەو دەمانە هەركەس هەرچیت پێ بڵێت، پێت بكرێت دەچیت بە گژیدا و دەست لە یەخەی گیر دەكەیت. یەكێک لە ناخۆشییەكانی تەمەنی درێژ ئەوەیە ئەم جۆرە ئازارانە زۆر دەچەژیت و فرە غەمی هاوچەشنت دێتە ڕێ.

بیرمە و هەرگیز بیرم ناچێت، قوتابیی ساڵی سێیەمی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان -شەریعە و خوێندنی ئیسلامیی ئەوكات- بووم، ئازارێكی وا خۆی خزاندە دڵمەوە، لە 22ی ئازاری 2004 لەپڕ هەواڵی تیرۆركردنی شێخ ئەحمەد یاسین وەک ئاگری نێو پووش بە تەواوی دونیادا بڵاو بوویەوە، دەستی ڕەش و لەرزۆكی جوولەكە و زانیۆنیزمی جیهانی گەیشتە گیانی ئەو پیاوە سەلار و سەنگین و دلێر و بوێرە. ئەو ڕۆژەی ئەو پیاوە نوورانی و ڕەببانییە شەهید كرا ئێمە لە ماڵەوە بووین و پشووی نەورۆز بوو. لە تەلەفزیۆنەوە پەیگری هەواڵی ڕووداوەكە بووم، خزمێكی نزیكمان كە باوكی لە پرۆسەی ئەنفالدا شەهید و بێسەروشوێن بووە، لە ماڵمان بوو، بیرمە زۆر ناشیرین و بێعەقڵانە قسەیەكی لە زار دەرپەڕی، گوتی: «خوا بەناحەق كەس ناكوژێت، دیارە ئەمیش خەڵكی زۆری كوشتووە، بۆیە كوشتیان!» ئەمە لەكاتێكدا وای گوت، لە ماڵی ئێمەدا بوو و خەفەت و فرمێسكی چاوی گەنجێكی زانكۆیی وەک منیشی دەدیت! منیش ئەوەندە بێتاقەت و پڕ بووم، لە كەسێكی وا دەگەڕام داخی دڵی خۆمی پێدا بڕێژم، ئیتر بێ ئەوەی دە چركە بوەستم و گوێ بدەمە جیاوازیی تەمەنمان، كە زیاد لە 10 ساڵ لە من گەورەتر بوو، بە دەنگێكی گڕ و تووڕەوە گوتم: «یانی ئێمەیش بێژین دەستی سەددام خۆش بێ كە باوكتی خستە ژێر خۆڵەوە؟ دیارە باوكیشت پیاوكوژ بووە، كە بەعس كوشتی؟!» بیرمە سوور هەڵگەڕا و دایكیشم لێم تووڕە بوو، گوتی: «بیبڕەوە قانع!» ئەو پیاوە بەسەر خۆیدا شكایەوە و زانیی چ هەڵەیەكی بێمانای كردووە.

ئێمە گەڕاینەوە دەوام و هێشتا خوێنی شێخ ئەحمەد یاسین وشک نەبووبووەوە و باسوخواسی لەنێو ئێمەی قوتابیانی شەریعەدا گەرم بوو و مانگێک بەسەر ڕژانیدا تێنەپەڕیبوو، كە هەواڵی شەهیدكردنی دكتۆر عەبدولعەزیز ڕەنتیسی لە 17ی نیسانی 2004دا جارێكی تر تەمی غەمێكی قووڵی دا بەسەرماندا. من بۆ ڕەنتیسی زۆر زیاتر دڵگران بووم، چون شێخ یاسین نەخۆش و پیر بوو، ئەرک و پەیامی خۆیشی بەتەواوی گەیاندبوو، وەلێ ڕەنتیسی پڕ جووڵە و چالاكی بوو و وەک خوێنیش زیاتر دڵم بۆی دەچوو و خۆشمدەویست. لە بیرمە چەن دڵگران و غەمگین بووم، ڕێک وەک ئێستا كە هەواڵی شەهیدكردنی ئیسماعیل هەنییەم بیستووە.

جیاوازییەكە ئەوەیە 20 ساڵ لە تەمەنم هەڵكشاوە و دەرد و ئازاری زۆری ترم دیوە، چاوم زیاتر كراوەتەوە و قووڵتر لە ژیان و بوون و مان و نەمان و دونیا و یاسا و ڕێساكانی دەگەم، چارەكی یەكەمی دەیەی پێنجەمی تەمەنم ڕەت داوە و سەدیەكی جاران نە بە خۆشییەكان شاگەشكە دەمبات و نە بە ناڕحەتییەكان دەژاكێم... وەلێ هەندێ ئازار هەن وەک منداڵدانی ئازارگەلێک وەهان، تەنیا خۆیان نین، كە دەتەقن، دەیان و سەدان ئازاری تریان بەدوادا دێت و هەزاران برینت دەكولێننەوە.

تیرۆركردنی هەنییە، ئازاری بێكەسیی حەقمان پێ دەچەژێت، ئێشی دەستەوەستانی و بێخاوەنیی نزیكەی دوو ملیار موسڵمانمان بە دڵدا دەكات، تاڵاوی نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتێكی ئیسلامیمان لە گەروو دەكات... ئێمە ئەمڕۆ بۆ بێدەسی و بێكەسی و سەرشۆڕیی خۆمان دەگریین، بۆ جاشێتی و كۆیلەبوونی دەسەڵاتدارانی وڵاتە ئیسلامییەكان ئاخ هەڵدەكێشین، دەنا مردن و لەدونیادەرچوون ئەنجامی هەموومانە، شەهیدبوون ئاواتی باوەڕدارە و هەموو كەس و ناكەسێک دەستیان بەو خەڵات و شانازییە ناگات!

شەهیدبوون و گیانفیدایی بۆ مرۆڤی باوەڕدار، ئاوات و خۆزگەیە و ئەوی دەستی پێ بگات، وەک دیاری و شانازی لێی دەڕوانێت و ئەوی نەیگاتێ، دڵی خەفەتی لێ دەچۆڕێت. خالدی كوڕی وەلید، شمشێری هەڵكێشراوی خوا، لە دەیان جەنگدا بەشدار بووە و ڕابەرێتیی كردووە، كاتێک بە نەخۆشی و لەسەر جێگە دەمرێت، گەورەترین خەفەتی ئەوەیە بۆچی شەهید نەبووە و ئاوا بەكزی لەسەر جێ دەمرێت! مردن بەلای باوەڕدارەوە گواستنەوەیە لە هەوارێكەوە بۆ هەوارێكی تر، بەڵام شەهیدبوون زیندووبوونەوەی نوێیە و ژیان و هەوارێكی یەكجار ئاوەدانترە. ﴿وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِندَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ، فَرِحِينَ بِمَا آتَاهُمُ اللَّهُ مِن فَضْلِهِ وَيَسْتَبْشِرُونَ بِالَّذِينَ لَمْ يَلْحَقُوا بِهِم مِّنْ خَلْفِهِمْ أَلَّا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ، ۞ يَسْتَبْشِرُونَ بِنِعْمَةٍ مِّنَ اللَّهِ وَفَضْلٍ وَأَنَّ اللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ الْمُؤْمِنِينَ، الَّذِينَ اسْتَجَابُوا لِلَّهِ وَالرَّسُولِ مِن بَعْدِ مَا أَصَابَهُمُ الْقَرْحُ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا مِنْهُمْ وَاتَّقَوْا أَجْرٌ عَظِيمٌ، الَّذِينَ قَالَ لَهُمُ النَّاسُ إِنَّ النَّاسَ قَدْ جَمَعُوا لَكُمْ فَاخْشَوْهُمْ فَزَادَهُمْ إِيمَانًا وَقَالُوا حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ: ئەوانەی لە ڕێی خوادا كوژراون، بە مردوو حسێب نەكەن، بەڵكو ئەوانە زیندوون و لای پەروەردگاریان ڕۆزی دەدرێن. شادمانن بەوەی خوا لە فەزڵی خۆی پێی داون و موژدە بەوانە دەدەن كە هێشتا لەپاشەوەن و پێیاندا نەگەیشتوون كە هیچ ترسێكتان لەسەر نییە و ئەوان خەفەتیش ناخۆن. موژدە بە نیعمەت و فەزڵێک لە خواوە دەدەن و بەوەیشی خوا پاداشتی باوەڕداران زایە ناكات، ئەوانەی وەڵامی خوا و پێغەمبەرەكەیان دایەوە، پاش ئەوەی برینیان بەر كەوت، بۆ ئەوانەیان چاكەكارییان كرد و تەقوایان بوو پاداشتێكی مەزن هەیە، ئەوانەی خەڵک پێیان گوتن: خەڵكی خۆیان بۆتان كۆ كردووەتەوە، كە واتە لێیان بترسن، وەلێ ئەمە ئیمانی زیاد كردن و گوتیان: خوامان بەسە و هەر ئەو باشترین وەكیل و پارێزەرە.﴾ (آل عمران: 168 - 173) شەهیدبوون هێندە مایەی دڵخۆشییە و ئەوەندە ئاواتی موسڵمانی ڕاستەقینەیە كە لە كاتی كڕینی جلی نوێدا، لەجێی ئەوەی دوعای دەیان ساڵ تەمەن و كۆنبوونی جلوبەرگەكەی بۆ بكرێت، سوننەتە پێی بڵێیت: «البِسْ جديدًا، وعِشْ حَميدًا، ومُتْ شهيدًا سعيدًا: تازە بپۆشیت و بەخۆشی بژییت و بە شەهیدی و بەختەوەری بمریت!»

كەسێك ئەو قورئانەی ئاوا چەمكی كوژران لە ڕێی خوادا پێناسە بكات، لەبەر بێت و شوێنكەوتەی ئەو پێغەمبەرە بێت كە دوعایەكی ئاوەهای فێر كردبێت و قوتابیی قوتابخانەی پێشەوای شەهید حەسەن بەننا بێت كە دروشمی ئەوە بوو: «الموت في سبیل الله أسمی أمانینا: مردن لە ڕێی خوادا باڵاترین ئاواتمانە!» نابێت بە شەهیدكردن بترسێنرێت و شەهیدبوونی بكرێتە تانە. بەڵكو دەبێت موژدانەی بدرێتێ و وەك شانازی بۆی تۆمار بكرێت.

ئەو بێباوەڕ و ترسنۆكانەی هەمیشە دڵی خۆیان بەوە دەدەنەوە ڕۆژێک زیاتر ماونەتەوە و لەبەر خۆپارێزی نەكوژراون و تانە لە ئازایان دەدەن بەوەی خۆیان بە كوشت داوە، وەڵامیان سادە و ڕوونە، وەڵامێكە خوا باوەڕدارانی فێر كردووە بیدەن بە ڕوویاندا: ﴿الَّذِينَ قَالُوا لِإِخْوَانِهِمْ وَقَعَدُوا لَوْ أَطَاعُونَا مَا قُتِلُوا قُلْ فَادْرَءُوا عَنْ أَنفُسِكُمُ الْمَوْتَ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ: ئەوانەی بە براكانیان گوت و دانیشتن: گەر گوێیان لە ئێمە بگرتایە، ئێستا نەكوژرابوون! بڵێ: دەی مردن لە خۆتان دوور بخەنەوە گەر ڕاست دەكەن!﴾ (آل عمران: 168) مادام هەموومان هەر دەمرین، خۆش بە حاڵی ئەوانەی چاونەترسانە و پیاوانە دەمرن.

تەمەنم هەڵكشاوە و زیاد لەوەی خێرا خێرا قورئان بخوێنمەوە، بەدیار ئایەتێكییەوە دادەنیشم و قووڵ بیری لێ دەكەمەوە و مانا و ئاماژەكانی لێک دەدەمەوە و وشە وشە دەیكەمە مەرهەمی سەر برینە وجوودییەكانم. لە دیدگای قورئانەوە دەڕوانم و هەر لەوێوە پێناسەی بردنەوە و دۆڕان وەردەگرم و لە چەمكەكانی ئەوەوە دەزانم كێ براوەیە و كێ دۆڕاو. هەر لەوەوە واتای ژیان و مردن و جوامێری و دووڕوویی دەفامم، بەگوێرەی قورئان خەفەت و خۆشییەكانم كۆک دەكەم و هاوسەنگییان بۆ دەگێڕمەوە. ﴿قَدْ خَلَتْ مِن قَبْلِكُمْ سُنَنٌ فَسِيرُوا فِي الْأَرْضِ فَانظُرُوا كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُكَذِّبِينَ، هَٰذَا بَيَانٌ لِّلنَّاسِ وَهُدًى وَمَوْعِظَةٌ لِّلْمُتَّقِينَ، وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ، إِن يَمْسَسْكُمْ قَرْحٌ فَقَدْ مَسَّ الْقَوْمَ قَرْحٌ مِّثْلُهُ وَتِلْک الْأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِ وَلِيَعْلَمَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَيَتَّخِذَ مِنكُمْ شُهَدَاءَ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ الظَّالِمِينَ: پێش ئێوە چەندین ڕێچكە و یاسا تێپەڕیوە، دەی بە زەویدا بگەڕێن و بڕوانن بزان سەرەنجامی بێباوەڕان چۆن بووە! ئەمە ڕوونكردنەوەیێكە بۆ خەڵكی، ڕێنوێنی ئامۆژگارییەكیشە بۆ پارێزكاران. كز و سست مەبن و خەفەتیش مەخۆن، لەحاڵێكدا ئێوە سەرترن ئەگەر باوەڕدارن. ئەگەر كوشتن و بڕێنتان بەر بكەوێت، ئەوا ئەوانیش كوشتن و بڕینێكی وایان تووش بووە، ئەو ڕۆژگارەیشە ئێمە لەنێوان خەڵكدا دەستاودەستی پێ دەكەین، تا خوایش ئەوانە بناسێت باوەڕیان هێناوە و شەهیدگەلێكتان لێ ببات -یان بتانگێڕێت بە شەهیدانێک بەسەر خەڵكەوە- خوایش ستەماكارانی خۆشناوێت.﴾ (آل عمران: 137 - 140).

كە حەمزەی شێری خوا شەهید كرا و زۆر ناشیرین و نامەردانە جەستەیان شێواند، پێغەمبەر ﷺ چووە سەر تەرمەكەی، گریا و بەكوڵ گریان، كە ڕوخساری شێوێنراو و زگی هەڵدراویشی بینی، بەرەنیسكی دا و هەناسەبڕكێی گرت. دواتر فەرمووی: هەرگیز لە هیچ جێیەكدا نەوەستام وەک ئێرە خەفەت و تووڕەییم بداتێ... دەبێت چنگ و چڕنووكی چ ئازارێک دڵی میهرەبانی پێغەمبەری گوشیبێت! دەبێت ئەو زاتە مەزنە چەندە غەمگین و دڵتەنگ بووبێت و نەیتوانیبێت غەمەكەی دەربڕێت! من ئێستاكە لە دۆخێكی وەهادام و هەرچی دەكەم و چۆنی دێنم و دەبەم، تووڕەیی و بێحەوسەڵەییم دانامركێتەوە. حەزەكەم بخەوم، خەو نامباتەوە، دەمەوێت خۆم مژووڵی باسی تر بكەم، زۆر نابات دێمەوە سەر باسی هەنییە...

ئەوەی فێنكایی بۆ دڵم دێنێت، وردبوونەوەیە لە چەمكە قورئانییەكان و بیركردنەوەیە لە ئاواتی باوەڕداران بۆ شەهیدی و بۆ دەركەوتنی ڕووی ڕەشی ڕۆژاوا و دڕندەیی زایۆنیزم و پۆخڵەیی جاش و توڵە و تاژییەكانی لای خۆمان. ئەڕۆمەوە مێژوو، خالدی كوڕی وەلیدم دێتەوە زەین، ئەو بەرپرسی یەكەم بوو لە شكستی موسڵمانان لە ئوحود و شەهیدبوونی حەمزە، كەچی دوای دوو-سێ ساڵێک لەو كارەساتە، دێت و موسڵمان دەبێت، ئیتر لە هەموو جەنگێكدا شۆڕەسواری مەیدانی ئیمان و ئیسلامە و موسڵمانان لەژێر سەركردایەتیی ئەودا تامی دۆڕان و شكان ناچەژن. دەچمەوە قۆناغی زانكۆ و سەروەختی شەهیدبوونی یاسین و ڕەنتیسی، دەبینم خوێنی وان هەوێنی خەبات و بەرخودانێكی زۆر گەورەتر لە پێشی خۆی بوو، ڕۆیشتنی ئەوان ڕێی بۆ دەیان پاڵەوان و سەركردە و ڕابەری گەورە كردەوە. ڕەنگە و دوور نییە هێدی هێدی هەنییە لەبەر هەڵكشانی تەمەن و دوورییەوە لە مەیدانی جەنگ و جیهادی كردەیی، كەمێک نەرم و كز بووبێت، ئیتر خوای گەورە بەم شەرەفی شەهادەتە ویستبێتی خێرێكی گەورە تووشی ئەو بكات و بەرەی بەرەنگاری و جیهادیش سوورتر و مكووڕتر بكات لەسەر جەنگ و تێكۆشان و، ڕووی دووڕووە بەناو موسلمانەكانیش ڕەش بكات كە تانەیان دەدا و دەیانگوت بەهۆی حەماسەوە خەڵكی بێگوناھ دەكوژرێن و سەركردەكانی خۆیشیان لە وڵاتان دەسووڕێنەوە! ئیرادەی خوایی وایە ئاگربەست نەكرێت و نەهێشتنی قەوارەی بۆگەن و سەرەتانیی بەچكە بەراز و مەیموونەكانی سەردەم نزیكتر بخاتەوە. دڵنیام و زەڕەیەک گومانم نییە، ئەمڕۆ بێت یا ساڵێكی تر، بەیانی بێت یا دە ساڵی داهاتوو، ئەم دوومەڵە شێرپەنجەییە لە سەرزەوی نامێنێت و مرۆڤایەتی بۆ ماوەیەک، با كەمیش بێت، هەناسەیەكی ئاسوودەیی هەڵدەمژێت و سیاسییەكانی ڕۆژئاوا و سیستەمی بێئەخلاقیی جیهانی و زلهێزانی وەک ئەمریكا و بریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و كلكەكانیان، شەق و شڕ دەبن و توڵە و تاژییەكانیشیان لە جیهانی ئیسلامیدا دەخرێنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

موژدە بێت لە ئیسماعیل هەنییە، موژدەیێک كە چەند ڕۆژ و مانگە كەسوكارەكەی پێی دەدەن و چاوەڕێین، پیرۆزی بێت خەڵاتی شەهیدی و سەربەرزی، بریا ئەم گەل و میللەتە و ئەم خەڵک و ئوممەتە سەدان قائید و ڕێبەری وەهایان دەبوو. هیوامە خوا جێگەكەی بە پیاوانی لە خۆی دلێر و بوێرتر پڕ بكاتەوە و ڕووحێک بكاتە بەر ئوممەتی نیوەمردووی ئیسلامیدا.

هەنییە گەورە بوو، خوا گەورەی كردبوو، ئەوەندە گەورە كە لە كۆنگرەی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵماندا لە نزیكەوە بینیم چۆن ئەو هەموو زانا و پیاوە گەورانە بەتاسەوە بوون تەوقەیێكی لەگەلدا بكەن و وێنەیەكی لەتەكدا بگرن. خەڵكی جۆراوجۆر هەن دەوریان قەرەباڵغە و بچنە هەركوێ چواردەوریان دەگیرێت، وەلێ زۆری فەرقە نامەردێكی پووچی وەك ماكرۆن بیت و كەسانی لە خۆت گزگلتر دڵ بە دیدارت خۆش بكەن، یا یاریزانێكی هەرزە بیت و دنیا مناڵ و تواڵ و هەرزەكار بە دەورتدا غار بدەن، لەگەل ئەوەی پیاوێكی موجاهید و ڕابەرێكی مەزن و حەقبێژێكی چاونەترس بیت و سەدان زانا و پیاوی دانسقە دەستت بگوشن و بچووكیت بۆ بكەن! ئەمەی دوایی ڕێزێكە و خوا بە دەگمەن كەسانێك نەبێت، نایدات.

تاگەکان    
فیکر نوێژ وەرزش فێمینیزم دیزاینی زیرەک فەلەستین یاری زانست تەوبە شەڕ وەچەخستنەوە قودس نامە سەرفیترە ئایین
فیکر
2024-07-31 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 647 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی