ونبوون و دەرنەکەوتن وەک هونەر!

نووسینی: قانع خورشید
فیکر 2024-06-08 کۆمێنت 12 خولەک بۆ خوێندنەوە 904 جار بینراوە

تەمەنم خەریکە لە نیوسەدە نێزیک دەبێتەوە، لەوەتەی فامم کردووە لە ئاکار و ڕەوتار و گوتاری چواردەورم ورد دەبمەوە و ڕۆژان، لە کاتی تەنیاییمدا و شەوانیش، لە کاتی چوونە ناو جێخەومدا، شەنوکەویان دەکەم و لێیان ڕادەمێنم. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر من دەحەپەسێنێت و لە هەمان کاتدا بێزاریشم دەکات پەڕگریی مرۆڤە.

نازانم بۆ، هەرکێ دەبینم و ناوبانگی هەرکەس دەبیستم، کە خەڵکێکی زۆر ستایشیان دەکەن و پێیان سەرسامن، کاتێک لێیان ورد و نێزیک دەبمەوە، بەزۆری دەبینم عەیبێکی گەورەیان هەیە، ئەویش هەڵچوون و پەڕگرییە. هەڵبەت پەڕگرییەک کە بۆ هەمووان دیار بێت، وەک توندوتیژی و ڕەهاگەرایی و وشەی قەبەی زێدەڕۆیانە، گرفتێکی ئەوتۆ نییە، چون دیار و بەرچاوە و ئاسان دەناسرێتەوە. ئەوی کێشەیە و ئازاری دەروونم دەدات ئەو زێدەڕۆییانەیە وا بەرگی ئەدەب و عیرفان و فەزیڵەت و ئەخلاق دەکرێتە بەریان و بە حیکمەت و قووڵی و وردبوونەوە بە خەڵک دەفرۆشرێنەوە.

لەبەرانبەر زۆربڵێیی و ڕێسان و پێوانی بێتام و زۆروزەوەندی ئەم هەموو خەڵکە و بۆ بەئاگاهێنانەوەیان، کەسانێک دێن و جەخت لەسەر بەهای بێدەنگی دەکەنەوە، هەندێ شتیشیان لە خواناس و فەیلەسووف و دەروونناسانەوە دەربارەی کپی و ڕامان بیستووە و هێندەی تر بێدەنگبوونی لا بەهادار کردوون، وەلێ هێندەت زانی پێیان لە ئاوزەنگیی ئەسپی زمانیان توند بوو، ئیتر تا لە بڕستیاندا بێت تاو دەدەن و گیاندار و بێگیان دەشێلن، ئەوەندە زێدەڕۆیی دەکەن و دەیانەوێت بێدەنگی بەرز بنرخێنن، بە باسکردنی باشە و سوودەکانییەوە ناوەستن و تێر ناخۆن، ناچار هەڵدەکوتنە سەر ئاخاوتن، سەرزەنشتی قسە دەکەن و گوتن دەکەنە عەیبە و ئابڕووچوون. دەیگەیێننە سنوورێک پیاو ڕووی نەیەت بە دەنگی بەرز قورئانیش بخوێنێت و فەرموودەی پێغەمبەریش بڵێتەوە! ئیتر لەبەر ئەوەی گوتنی ئەمان دەربارەی نەگوتن و قسەکردنیان لەبارەی قسەنەکردنەوە(!) تازەیە و دژی فرەوێژیی باو و بڵاوی ڕۆژگارە، گورجێ لەناو ڕەشۆکی سادە و زۆرینەی تازەپەسەنددا جێ دەگرێت و دەمیان بەش دەکات و پشتگریی زۆرینە بەدەست دێنێت!

لەنێو حەشامەتی زۆرینەی زووحەپەساودا، تاک و تەرا کەسانێک هەن تۆزێک زیاتر دەفکرن و کەمۆکەیەک زۆرتر لە شت ڕادەمێنن، ئەوان دەرک بە ناتەواویی ئەم ستایشە زیاد لە سنوورانەی بێدەنگی دەکەن و پەی بە لاسەنگییەکەی دەبەن، وەلێ ئەوەندەیش قووڵ نین بەتەواوی و بەوردی ئەندازە و جێی لاسەنگییەکە دیاری بکەن و بیدۆزنەوە و عەیاری بدەنەوە تا بابەتەکە هاوسەنگ ببێتەوە، بۆیە بە زێدەڕۆییەکی تر پەرچی دەدەنەوە. دێن و هێرش دەکەنە سەر بێدەنگی و لە هەموو فەزیڵەتێک دایدەماڵن و خێرێکی پێوە ناهێڵن، پشت بەو هەموو فەرمانانەی خوا دەبەستن کە بە پێغەمبەرەکەی دەفەرموێت (قل: بڵێ)، دەڵێن مرۆڤ تەنیا لە گوتندا خێری دەست دەکەوێت و بە قسەکردن دەتوانێت دەردی خەڵکی چارە بکات و برینەکانیان ساڕێژ بکات و بێدەنگی هیچ خێرێکی بەدوادا نایەت و هیچ چاکە و سوودێکی لێ شین نابێت... ئەمانیش بیریان چووە ئەو پێغەمبەرەی خوا فەرمانی گوتنی پێ دەکات، خۆی کەمدوو بووە و حەزی بە زۆربڵێیی نەکردووە. کە لە سیفەتەکانی ورد دەبیتەوە، ئەمە لە کردە و گوتەیدا ڕوون دیار بووە.

پێشەوا ئیبن قەییم لە زاد المعاددا لە دایکە عائیشەوە خوا لێی ڕازی بێت دەگێڕێتەوە کە گوتوویەتی: «ما کان رسول الله ﷺ يسرد سردکم هذا، ولکن کان يتکلم بکلام بيِّنٍ فصلٍ يحفظه من جَلَسَ إليه، وکان کثيرًا ما يُعيد الکلام ثلاثًا ليعقل عنه... وکان طويلَ السکوت، لا يتکلم في غير حاجة... ويتکلم بجوامع الکلام، فصلٌ لا فضول ولا تقصير، وکان لا يتکلم فيما لا يعنيه، ولا يتکلم إلا فيما يرجو ثوابه: پێغەمبەری خوا ﷺ بەم شێوە لەسەریەک ئاخاوتنەی ئێوە قسەی نەدەکرد، بەڵکە ئەو بە قسەیێکی ڕوونی ناوبڕداری وا دەدوا کە ئەوەی لای دانیشتبوو لەبەری بکات. زۆر جاریش قسەی سێ جاران پاتە دەکردەوە تا تێیبگەن... هەروەک خاوەن بێدەنگییەکی درێژ بوو، پێویست نەبوایە نەدەدوا... بە قسەی گشتگری فرەڕەهەند دەهاتە گۆ، گوتەی یەکلاکەرەوە بوو، نە زێدەگۆیی بوو و نە لە کورتیدا بڕینەوە، وەهایش بوو کە لە شتێکدا قسەی نەدەکرد پەیوەندیی بەوەوە نەبێت، هەروەک قسەی لە شتێکدا نەدەکرد مەگەر هیوای بە پاداشتەکەی بوایە!» خۆی چۆن بووە، هەروایش ئوممەتەکەی هان داوە: «ومَن کانَ يُؤْمِنُ باللَّهِ واليَومِ الآخِرِ فَلْيَقُلْ خَيْرًا أوْ لِيَصْمُتْ: ئەوەیشی بڕوای بە خوا و ڕۆژی دوایی هەیە، با یا چاکەیێک بڵێت، یا بێدەنگ بێت!» فرەوێژەکانیش لە حەزپێنەکراوترینی خەڵکن لای ئەو زاتە، لە قیامەتیشدا زۆر لێوەی دوورن، چون ڕەوتار و ئاکاریان لەوەوە دوورە، ئەوەتا فەرموویەتی: «إنَّ أبغضَکم إليَّ وأبعدَکم منِّي في الآخرةِ أسوَؤُکم أخلاقًا، الثَّرثارون المُتفيهِقون المتشدِّقون: بەڕاستی حەزپێنەکراوترینتان بەلامەوە و دوورترینتان لێمەوە لە ئاخیرەتدا ئەوانەتانن کە ڕەوشتتان خراپترینە، زۆربڵێیانی خۆبەشتزانی دەمبادەر!»

بە لێکدانەوەی کۆی ئایەت و فەرموودەکان و ئەزموونی ژیان و حیکمەتی دانایان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە نە گوتن بۆ خۆی بەهایە و نە نەگوتنیش لەبەر بێدەنگی و دەمداخستنەکە فەزیڵەتە. بەهای قسەکردن لەو شتانەدایە دەیانڵێین، نرخی ئاخاوتن لەو چەمک و وشە و مانایانەدایە دەیانگەیەنینە دەوروبەر، نرخی نەگوتنیش لە نەدرکاندنی شتی نەشیاودایە. بە کورتی و پوختی: لەو کاتانەیدا چەمک و ڕستە و حەقیقەتی پێویستمان پێیە و بە درکاندنیان سوود بە چواردەورمان دەگەیەنین، گوتن بەهادارە و نەگوتن ستەمە دەرهەق بە خەڵکی، لەو حەلانەیشدا وا قسەی نەشیاو و گوتەی خراپمان لە ناخدایە، کپی و بێدەنگی بەها پەیدا دەکەن و دەمکردنەوە ناڕەوایە و گوتن تاوانە. دەبێت هەمیشە بۆ دەربڕینی حەق و چاکە زارمان بجووڵێت و لە بەرانبەر وشە و ڕستە خراپەکانی ناخیشماندا، دەم و لێومان کڵۆم بدەین.

ئەوی ڕاستی بێت، بە نیازی قسەکردن لە شتێکی تر دەستم دایە نووسین، وا خەریکە ماندوو دەبم و دەست لە نووسین هەڵدەگرم، کەچی هێشتا نەچوومەتە سەر بابەتە سەرەکییەکە! ئەم ڕۆژانە ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەر و وەرگێڕ و ئەدیبی کورد عەزیز گەردی بوو، بەشێک لەوانەی پێی ئاشنان و خۆشیاندەوێت و ئەهلی بیر و قەڵەم و ئەدەبن، بەپێی ناسینی خۆیان بۆی، یادێکیان لێ کرد و شتێکیان لەبارەوە گوت، بەندە وەک خووی هەمیشەیی خۆم بەدیار بۆنە و ڕووداو و بەسەرهاتە ڕۆژانەکانەوە ناوەستم و بەو هەموو شت و کەس و بۆنانەدا ناگەم، بۆیە لەڕاست ئەم یادەیش بێدەنگ بووم. وەلێ یەکێک لە ئازیزان بابەتی نووسەرێکی بۆ ناردم کە خەڵکێکی زۆر بە فیکر و نووسینی سەرسامن و شتەکانی بڵاو دەکەنەوە، وەلێ بەندە وەکو خۆم بۆ جارێکیش حیکمەتێکی ڕاینەگرتووم و نەمتوانیوە بڕوا بکەم گوتەکانی قووڵ و تۆکمەن. خوانەخواستە نامەوێت لە شان و شکۆی کەس کەم بکەمەوە، بەڵام نایشتوانم ئەوەی بڕوام پێیەتی بیشارمەوە، بەندە زۆرم پێ ناخۆشە هزر و حیکمەت لەگەل ئینشا و ڕیزکردنی هەندێ شتی زەق و بەرچاوی ئەملاوئەولادا تێکەڵ بکرێن. زۆر لەو نووسینانەی خەڵک بە فەلسەفە و عیرفان و حیکمەت و فیقھ لێیان دەگەن، هیچ نین جگە لە کەڵەکەکردنی کۆمێک وشە و پەندی جۆراوجۆر و ئینشایەکی عەوامپەسەند و یاریکردن بە دەربڕین و بەسەریەکەوەنانی قسەی ئەم و ئەو، کە ڕەنگە هیچ داوێکیش ئەو قسە نەستەقانە پێکەوە نەبەستێتەوە!

لەم ڕۆژگارەی خۆماندا و لەبەر فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاسانبوونی دەرکەوتن، وای لێ هاتووە هەندێ کەس گەورەترین غەمیان ئەوەیە بناسرێن و مەزنترین ئاواتیان ئەوەیە بکەونە بەرچاو و باس بکرێن، هەڵبەت ئەمە ئاواتی لەمێژینەی زۆرینەیە، وەلێ چون جاران دەرکەوتن وەها سانا نەبوو، زۆرکەس بە قسمەتی خۆیان ڕازی دەبوون و خۆیان بۆ دەرکەوتن ماندوو نەدەکرد، وەلێ ئەمێستا هەڵانانەوە و خۆنیشاندان و سەرنجڕاکێشان بووەتە کاری مناڵان، ئیتر هەمووان چاویان لێ بڕیوە و تەماحیان تێ کردووە. زێدەڕۆییەکی زۆر لەمەدا دەبینرێت، هەر ئەمە وای کردووە بەشێک لە کەسانی قووڵ و لە هەرا بێزار ڕقی دنیایان لە دەرکەوتن هەستێت، هەر وەک ئەوەی لە بەرانبەر زۆربڵێییدا هەندێ خاوەن فیکر عاشقی بێدەنگی دەبن. ئیتر ئەمان کەسان بەم لادا زێدەڕۆیی دەکەن و هەموو دەرکەوتنێک بەردباران دەکەن! وەلێ پرسیارەکە ئەوەیە: هەر بەڕاست دەرکەوتن و کەوتنەبەرباس نەنگییە و خۆونکردن هونەر و گەورەییە؟! بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارە، ناچارم کەمێک دوور بڕۆم و تۆزێک بنی بابەتەکە بدەمەوە تا ڕیشەکەیمان بۆ دەرکەوێت.

هەندێ سیفەتی مرۆڤ هەن، خوو و سروشتن، شێوازی کەسیی کەسێکن و هیچ دەستی خۆی تێیاندا نییە. بە نموونە، کەسێک بە خواکرد، یا بە کاریگەریی ژینگە و جۆری پەروەردەبوونی لە منداڵیدا سروشتی وایە کەسێکی مەنگ و گۆشەگرە، حەزی بە تێکەڵبوون و هەرا و زەنا نییە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە سارد و بێحەوسەڵەیە، یا بەپێچەوانەوە یەکجار کراوە و تێکەڵە و بە دوو دەقیقە هاتنە ناو کۆڕ و بە سەلام و کەلامێکی سەرپێیی چەندین دۆست و هاودەم پەیدا دەکات... بەزۆری ئەم کەسانە خۆیان هیچ دەستێکیان لەم خوو و ڕەوشتانەیاندا نییە، ڕەنگە قسەخۆشێکی کۆمەڵایەتی، ڕۆژی سەدان جار خۆزگە بەوە بخوازێت توانیبای دوور لە خەڵک و بۆ خۆی بژێت، یا پێدەچێت گۆشەگرێکی ڕوولەناو، هەموو ساتێ ئاواتی بێت قاوغی تەنیاییەکەی بشکێنێت و بچێتە ناو ئاپۆڕەی خەڵک و بیاندوێنێت و شەرم نەکات و بەدەمیانەوە پێ بکەنێت. بیرمان نەچێت کۆمەڵە کەسێکیشمان هەن لەبەر تێکچوونی باری دەروونی بە ئاکارێکی تایبەت تووش دەبن، جا ئەم کەسانە گەر بەهرەیەکی زانستی یا ئەدەبیی باڵایان هەبوو و لە بوارێک یا چەندین بواری جیادا دەرکەوتن و جێپەنجەیان دیار بوو، خەڵکێکی سادە و کورتبین وا دەزانن تەواوی سیفەت و دنە و خووەکانیان تازیارییە و هەرچییان کرد و هەرچۆن بوون، باش و دانسقەیە و شیاوی ستایشن. بلیمەتیی ئێنیشتاین لە فیزیادا، شێتۆکەییەکەیشی لای کاڵفامان جوان دەکات، زیرەکی ڕۆسۆ لە نووسین و باسی پەروەردەدا ڕەونەق دەداتە بێئەخلاقییەکانیشی! وەلێ کەسانی دانا، هەرگیز تووشی ئەم تێکەڵکردنە نابن و سیفەتە باش و خراپەکانی یەک کەسیش لێک دەکەنەوە و دەزانن شتی خراپ یا نوقسانی با لە کەسێکەوە دەرکەوێت کە باشە و کەمالی زۆرە، هەر خراپ و نوقسانین.

کەسانی داخراو و ڕوولەناو (انطوائي: درون گرا: introvert) ئەو کەسانەن کە دارای تایپێکن لە کەسێتی و لە دنیادا زۆرن و بەپێی بڕێک لە توێژینەوەکان 25-40%ی خەڵکی سەرزەوی پێک دەهێنن. ئەم جۆرە کەسانە هەڵگری هەندێ سیفەتی تایبەتن، وەک ئەوەی: حەزیان لە تەنیاییە، تێکەڵبوون بە خەڵکی و چوونە نێو قەرەباڵغی وزەیەکی زۆریان لێ دەبات و ماندوویان دەکات، دۆستیان کەمە و بازنەی هاوڕێیەتییان تەسک و بچووکە، بە ئارام و ئاڵۆز دێنە پێش چاوی دەوروبەریان، دنەدان گێژیان دەکات و تەرکیزیان دەشێوێنێت و کەیفیان بەوە نایەت خەڵک سەر بخەنە سەریان، بۆیە حەزیان لە کاری سەربەخۆ و دوور لەوانی ترە، تا ڕادەیەک خۆیان دەناسن و لەناوەوە زۆر خۆیان دەدوێنن... کەسێتییە داخراوەکان زۆرن، چەند نموونەیەک ناو دێنم کە زۆرینە دەیانناسن، بەداخەوە چون تێست و توێژینەوەکان زیاتر لە ڕۆژاوا کراون، کەسێتییەکانیش بەزۆری هیی ئەمریکا و ئەورووپان، لەوانە: ئیسحاق نیوتن، چارڵز داروین، ئەبراهام لینکۆڵن، ئەلبێرت ئێنیشتاین، ستیڤ جۆبز، بیڵ گیێتس، باراک ئۆباما، ئیلیۆن مەسک، مارک زۆکەربێرگ... لە ڕۆژهەڵاتیش نیلسۆن ماندێلا و مەهاتما گاندی دوو کەسێتیی داخراوی بەناوبانگن و لەنێو هونەرمەندە ناسراوەکانی ئێرانیشدا دەتوانرێت ناوی میهرانی مودیری ببرێت! بەپێی خوێندنەوە و وردبوونەوەی خۆیشم دەتوانم لەناو زانا و بیرمەندە خۆمانییە هاوچەرخە دیارەکاندا، ناوی سەعیدی نوورسی و سەیید قوتب و عەبباس مەحموود عەققاد و مەسعوود محەمەد ببەم و دڵنیاتان بکەمەوە کە خودان کەسێتییەکی ڕوولەناو بوونە.

ئایا داخران و خۆونکردن لەبەرچاوان، خۆی بەتەنیا هونەر و گرنگە؟ یا پێویستە شتێکی تر لە پشتی ئەو خۆبزرکردنەوە هەبێت بەها بداتە سیفەتەکە؟ ئایا دەرنەکەوتن فەزیڵەتە تا هەوڵی بۆ بدەین و بەزۆر خۆمان لە دیدی خەڵک بشارینەوە؟ ئەوی ڕاستی بێت زۆر لەو کپی و خۆنەخستنە بەرچاوی کامێرا و پەرۆشنەبوونە بۆ چەپڵەی خەڵکی، خوو و تایپی کەسێتییە و هیچ ئازایەتییەکی خاوەنەکەی تێدا نییە، دەق وەک ئەوەیە باڵابەرزی و سپیپێستی و دەنگخۆشی بکرێنە پێوەری فەزیڵەت و چاکە. ئاخر کەسێک کە خوا قەدێکی چنارئاسای پێ داوە، خۆیشی هەوڵی داوە ببێتە یاریزانێکی باشی باسکە، ماقووڵ نییە تۆ بێیت و بڵێیت یاریزانییەکەی گرنگ و هونەر نییە، بەڵکە باڵابەرزییەکەی خاڵی جوان و جێی ستایشێتی! ئەمە جگە لەوەی دوورە لە ڕاستییەوە و ئاوەژووکردنەوەی باش و خراپە، جۆرێکیشە لە بێڕێزی بەرانبەر ئەو کەسە و لەبەرچاونەگرتنی هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونەکانێتی. گەورەیی و گرنگیی عەزیز گەردی لە زمان و قەڵەمەکەیدا بوو، لە خاکیبوون و زانستدۆستییەکەیدا بوو، نەک لە گۆشەگرییەکەی و تایپی کەسێتییەکەیدا. ئەگەر وا نەبێت، خۆ هەزاران کەسی بێهونەر و فەقیرۆکە هەن، زۆر لە عەزیز گەردی ونتر و نادیارتر، ماقووڵە ئەوە بکەینە پێوەری گەورەییان؟! ژننەهێنانی ئەو زاتەیش، تەنیا دەکرێت بە ئاسایی وەربگیرێت و لەبەر هەندێ پاساو نەکرێتە نوقسانی بۆی، بەڵام بێین و ئەوەی بکەینە نیشانەی سەرتری و گەورەیی، بەڕاستی جێی داخ و پێکەنینیشە.

بۆ ئەوانەی بەسروشت داخراون، ئازایەتی ئەوەیە بکرێنەوە و بۆ سوودگەیاندن بەوانی تر بچنە ناویان و بەرگەی ئازار و مامەڵەی ناخۆشیان بگرن، ئەگەرنا بەگوێرەی مەیلی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن و دوورەپەرێز بن، هیچ هونەرێکیان نەنواندووە. بەگوێرەی خوێندنەوەم بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر ﷺ و ئاگاییەکی کەمم لە کەسێتیناسیدا، دەتوانم بڵێم کەسێتیی پێغەمبەری خوا، بەڵێ هاوسەنگ و میانەڕەو بووە، بەڵام وەک بنەمای سروشتی خۆی، داخراوییەکەی زۆرتر بووە و زیاتر کەیفی بەتەنیایی هاتووە. هەر لە منداڵییەوە کە تێکەڵی گەمەی هاوتەمەنەکانی نەبووە، تا گەنجێتی کە دوو جار ویستوویەتی بچێتە نێو شایی و لە هەڵپەڕکێ و سەمای ئەوانی تر بڕوانێت، کەچی خەوی لێ کەوتووە و نەچووەتە نێو کەشوهەواکەی ئەوانەوە تا ئەو کاتانەی کامڵ بووبوو و لە ساڵێکدا مانگێکی بۆ خەڵوەت و بیرکردنەوە لە کەشێکی تەنیای نێو ئەشکەوتێکدا تەرخان دەکرد، تا دوای پێغەمبەرایەتییش کە چەندین شەو بەتەنیا دەچووە گۆڕستانی بەقیع و بەتەنیایی شەونوێژی دەکرد و دەپاڕایەوە... هەموو ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن لانی کەم کەسێتیی پێغەمبەر زیاتر بەلای داخراندا ڕۆیشتووە تا تێکەڵاوی و کرانەوە. بەڵام ئەم سروشتە وای لێ نەکردبوو خۆی لە خەڵکی و گرفتەکانیان بدزێتەوە، بەڵکە بۆ بەدەمەوەبوونی ئەوانی تر و چارەی کێشەکانیان و لابردنی باری سەرشانیان و دڵخۆشکردنیان، دەچووە ناویان و بە ڕوویاندا دەکرایەوە. تەنانەت هاوغەمیی بۆ مناڵێکیش دەردەبڕی کە چۆلەکەکەی مردار بووەتەوە، سوعبەت و قسەی خۆشی بۆ هاوسەرەکانی و مناڵ و نەوەکانی و هاوەڵانیشی دەکرد و زۆر جار بە بێدەنگی گوێی بۆ گاڵتە و قسە خۆشەکانیشیان ڕادەگرت و نە لە دەستیان هەڵدەهات و نە لێی تێک دەدان. ویستوویەتی ئەم بەهایەیش بخاتە نێو شوێنکەوتووانییەوە، بۆیە فەرموویەتی: «المؤمِنُ الذي يُخالِطُ الناسِ و يَصبِرُ على أذاهُمْ ، أفضلُ من المؤمِنِ الَّذي لا يُخالِطُ النَّاسَ و لا يَصبرُ على أذاهُمْ: ئەو باوەڕدارەی تێکەڵاوی خەڵکی دەبێت و لەسەر ئەزیەتەکانیان ئارام دەگرێت، لەو باوەڕدارە باشترە کە تێکەڵاوی خەڵکی نابێت و لەسەر ئازارەکانیان ئارام ناگرێت.»

مامۆستا عەزیز گەردی خوا لێی خۆش بێت، جگە لەو سروشتەی کە هەر لە منداڵییەوە هەیبووە و کۆمەڵایەتی نەبووە، لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا تووشی بەدگومانییش بووبوو، ئەو لە هەموو ئەو کەسانەی دەچوونە لای و خۆشیاندەویست دڕدۆنگ بوو، بەداخەوە تۆمەتی خراپی دەدانە پاڵ و هەمووانی بە کرێگرتە و سیخوڕی دەسەڵات دەزانی و دەسەڵاتیشی بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەژمارد. هەرکەس بچووبایە ماڵی، دەیگوت بۆ ئەوە هاتووە ژەهرم دەرخوارد بدات، یان جاسووسیم بەسەرەوە بکات و ڕاپۆرتم لەسەر بنووسێت! تەنانەت جنێوی خراپی بە کەسانی گەورەی وەک فەرهاد شاکەلی و عەبدوڵڵا پەشێویش دەدا کە ڕۆژگارێک ناسیاو و دۆستی یەک بوونە و وەک خۆی خاوەنی فیکر و قەڵەمن. کەسێتیی وا دەناسم هەم ئەدیب و نووسەر و وەرگێڕە و هەم پزیشک و خەمخۆر، مامۆستا عەزیزیشی زۆر خۆشدەویست، جارێک چووبووە لای و تێریان باسوخواس گۆڕیبوویەوە و دڵی بە سەردانەکەی کرابوویەوە، کەچی دوای ساڵێک من چوومە سەردانی و باسی ئەو کەسەم لا کرد، ئەویش نە هێنای و نە بردی، خێرا گوتی: ئەوە سەگ و سەگبابە، هاتبوو جاسووسیم بەسەرەوە بکات و بمداتە دەست دەسەڵاتەوە!

هەر خۆی دەیگێڕایەوە و دەیگوت: چوومەتە بانک بۆ وەرگرتنی مووچەکەم، دەسەڵات بەئەنقەست کچێکیان لەوێ داناوە تا سوکایەتیم پێ بکات، بۆیە کە سرەم هاتووە تا مووچەکەم وەرگرم، پێی گوتووم: مامە، وەرە پەنجەمۆر بکە! دەیگوت: منیش حەیام بۆ نەهێشتووە و هەموو بانکم بەسەردا ڕژاندووە، پێم گوتووە دەزانم کێ تۆی داناوە و بۆچی بە من دەڵێیت پەنجەمۆر بکەم! من پڕۆفیسۆرێکم، قابیل نەزانم ئیمزا بکەم، دەتانەوێت ناوبانگم لەکەدار بکەن و لەناو خەڵکیدا بمشکێننەوە!

دەی من لێرەوە دەتوانم سوێند بخۆم ئەو کچە داماوە، لە دڵپاکی بێت یا لە گێلێتی، ئاگای لە مەحمووی بێزەواڵ نەبووە و هەر نەیزانیوە ئەم پیاوە سادە و شەرواڵ لەپێیە ئەدیب و بیرمەند و مامۆستای زانکۆ و پڕۆفیسۆرە. لە کاروباری حکوومی و ئیدارییشدا ناوی سیانی هەیە و نازناو دیار نییە، بۆیە زۆر ئاساییە ئەو کچە ناوبانگی عەزیز گەردیی بیستبێت، بەڵام نەیزانیبێت ئەم پیاوە کە لە ناسنامەکەیدا ناوی باوک و باپیری نووسراوە نەک نازناوی گەردی، ئەو نووسەرە گەورەیەی کوردە.

بۆ کەسێکی وا، بەم بارە دەروونییەوە، دەرنەکەوتن هونەر نییە، جێی ستایشیش نییە، بەڵکە حەیف و مەخابنە و بریا بکرایە گومان و دڕدۆنگییەکانی بڕەوێنرێتەوە و وای لێ بکرایە بێتە سەر شاشە و سەر ستەیجی کۆڕ و سیمیناریش، تا لەپاڵ نووسینەکانیدا، دەنگ و ڕەنگیشی بگەیشتایە خەڵکی، چون ڕوونە نووسین بۆ دەستەبژێرە و دەنگ و ڕەنگ بۆ هەمووانە. چ قەیدییە لەپەنای بژاردەدا زۆرینە و ڕەشۆکیش لە هونەر و زانینت بەهرەمەند ببن! ئەگەر بەزۆر خۆخستنەبەرچاو و بە هۆ و بێهۆ هاتنە سەر شاشە و گێڕانی بێسوودی کۆڕ و سیمینار و پانێڵ و دیبەیت، عەیبە و نەشیاو بێت، ئەوا لەخۆڕا خۆونکردنی کاتی پێویستی و هەڵاتن لە کامێرا و خەڵکیش، عەیبە و کەمییەکە و پێویستە مرۆڤی دانا خۆیانی لێ بپارێزێت.

هەروەک چۆن قسەکردن لەبەر خودی قسەکردن و بێدەنگییش لەبەر بێدەنگی خۆی، گرنگ و جوان و بەهادار نین، بەڵکو ئەوە گرنگە چی دەڵێین و لە چ شتێک بێدەنگ دەبین، هەر ئاوەهایش ئەوە گەورەیی نییە زۆر دەردەکەوین یا کەم، خۆمان دەردەخەین یا خۆ دەشارینەوە. بەڵکە ئەوی جێی بایەخە ئەوەیە چۆن و کەی و بۆچی و لەکوێ دەردەکەوین و چۆن و کەی و بۆچی و لەکوێ خۆمان ون دەکەین. پێغەمبەری خوا تا بە ویست و حەزی خۆی بوو، لە کۆمەڵگە دووریی دەکرد و، لە کاتی شوانیدا یاڵ و قەدپاڵەکانی هەڵدەبژارد و لە کاتی گەورەییشدا شاخ و ئەشکەوتەکان، چون دەیزانی بە تێکەڵبوونی لەگەل کۆمەڵگەی نەفامی و بتپەرستیدا ئەوانی پێ چاک ناکرێت و ڕەنگە ڕەنگی زوڵاڵی خۆیشی لە دەست بدات. وەلێ کە بووە پێغەمبەر و پەیامی پێ درا، ناچار بوو بچێتە نێو خەڵک. دەبێ پەیامەکەی ئاشکرا بکات و لەگەل نەفامانیشدا دەمەدەمێ نەکات و زۆر سەر نەخاتە سەریان. قورئان فەرمانی پێ دەکات تێکەڵی خەڵک ببێت و حەقیان بۆ بەیان بکات، ڕەچاوی حاڵەتی دەروونی و جۆری کەسێتییشی دەکات و دڵنەوایی دەکات کە خوا ئاگای لێتە بەم تێکەڵاوییە و بە بیستنی قسەکانیان دڵت توند دەبێت، بۆ ڕەواندنەوەی ئەو دڵتەنگییەت یادی خوا بکە و لە گۆشەی تەنیاییتدا خەریکی پەرستنەکانی خۆت بە و سوجدە ببە، گوێ مەدە موشریک و نەزانەکان و لایان لێ مەکەرەوە! ﴿فَاصْدَعْ بِمَا تُؤْمَرُ وَأَعْرِضْ عَنِ الْمُشْرِکينَ، إِنَّا کفَيْنَاك الْمُسْتَهْزِئِينَ، الَّذِينَ يَجْعَلُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَٰهًا آخَرَ فَسَوْفَ يَعْلَمُونَ، وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّك يَضِيقُ صَدْرُك بِمَا يَقُولُونَ، فَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّك وَکن مِّنَ السَّاجِدِينَ، وَاعْبُدْ رَبَّك حَتَّىٰ يَأْتِيَك الْيَقِينُ﴾ (الحجر: 94-99)، ﴿خُذِ الْعَفْوَ وَأْمُرْ بِالْعُرْفِ وَأَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ﴾ (الأعراف: 199).

ئەگەر زانیت ناوبانگ بووەتە بت بۆت و خەریکە ڕوو لە پەرستنی دەکەیت و بە باش و خراپ حەز دەکەیت دەرکەویت و بەرچاوبوونی خەڵکی ئیرەییتی دەجووڵاند، ئەوا دارکاریی نەفست بکە و جڵەوی توند کە و خۆت پەراوێز بخە و بکەوە هەوڵی دەرمانکردنی دەروونت، وەک غەززالی لە ئاوەدانی هەڵبێ و لە بێبەهایی دونیا و بێوەفایی ئەهلەکەی بفکرە. هەر کاتێکیش هەستت کرد نەفست حەوسەڵەی چاکسازی و خزمەتی خەڵکی نییە و تاقەتی بەدەمەوەبوونی کەسی نییە و دەیەوێت بە بیانووی پاکبوونەوە و دووری لە ڕیایی، بۆ خۆی تەمبەڵی و پشوودان هەڵبژێرێت، لە دوڕ دەوی بدە و مەهێڵە فریوت بدات، بچۆرە ناو خەڵک، بدوێ و قسە بکە و لە هەر سەکۆیەکەوە پێت کرا خزمەت بە خەڵکی بکە و بەهانایانەوە بڕۆ. ئەوانەی باسی بێدەنگی دەکەن و هانمان دەدەن هیچ نەڵێین، خۆیان دەمیان ناوەستێت و لە هەموو شوێنێک دەدوێن، ئەوانەی باس لە فەزیڵەتی خۆونکردن دەکەن، حەفتانە و مانگانە لە سەکۆ و ماڵ و واڵێکی دیارەوە وتار دەنووسن و بڵاو دەکەنەوە و سەرنجی خوێنەران بۆ خۆیان ڕادەکێشن و خۆیان دەخەنە بەرچاو!

نە بەوانە سەرسام ببە کە بەبێ هونەرێکی گەورە و زانستێکی قووڵ دەردەکەون و لەبەلاش خەڵکی باسیان دەکەن، یا وەک نوکتە و مەسخەرە شتەکانیان دەستاودەست دەکەن، نە لەوانەیش بەگومان بە کە بەهۆی هونەر و زانستێکی بەسوود و مەزنەوە دەناسرێن و خەڵکی ستایشیان دەکەن. سەیید عەلیئەسغەری کوردستانی بە (غەمگین و دڵپەشێوم) دەناسرێت و دەردەکەوێت، کەسێکی تریش بە (مەمخەرە ئاوی بامێ)، ئەم دووانە ئاسمان و ڕێسمانیان بەینە. نە ناوبانگی شەجەریان لەکەیە و نە بێناویی ئەدیبی خوونساری عەیبەیە. شوهرەتی زۆری مەسیح سەلامی خوای لێ بێت تۆسقاڵێک گومان ناخاتە سەر مەزنایەتیی ئەو زاتە و ناوبانگی کیم کارداشیانیش زەڕەیەک فەزیڵەت و گەورەیی ناداتێ! ناوبانگ و دەرکەوتن، ڕزقێکە وەک جوانی و دەنگخۆشی و داهات و سەروەت و سامان، خوا بە هەندێکی دەدات و لە هەندێکی دەسێنێتەوە. تەنیا هەبوون یا نەبوونیان ناکاتە فەزیڵەت و گرنگی.

کەس لە مێژوودا لە پێغەمبەری خوا ﷺ گەورەتر نییە، کەسیش ئەوەنەی ئەو ناودار و دەرکەوتوو نییە. لەولایشەوە سەدان پێغەمبەر هەبوون، لە زەمانی خۆیاندا کەس باوەڕی پێ نەکردوون و دوای خۆیشیان هیچ ناوبانگیان لێ نەماوەتەوە! داوا لە خوا بکە بەکارت بێنێت و بەو شێوەیەی بۆ ئاسوودەیی ناخ و پاداشتی قیامەتت باشە بتخاتە گەڕ.

تاگەکان    
زانایان ژیانی پێغەمبەر ڕەزا بابایی نوێژ ئازادی خێوەتگە تەکنۆلۆژیا دەروونی کوردستان لۆجیک حەمەدۆک کتێب وەچەخستنەوە یادەوەری ئایین
فیکر
2024-06-08 کۆمێنت 12 خولەک بۆ خوێندنەوە 904 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی