باجی پێشکەوتن

نووسینی: عەبدولوەهاب مەسیری وەرگێڕانی: ئازاد حسێن
فیکر 2024-04-11 کۆمێنت 7 خولەک بۆ خوێندنەوە 624 جار بینراوە

لە هەوڵەکانماندا بۆ تێپەڕاندنی لایەنگریی پڕۆژەی مەعریفیی ڕۆژاوا، دەبێت لە چنگی تێگەیشتنی پێشکەوتنی ماددی و «چەندێتیی بێکۆتا»[1] دەربچین. بۆ پێکانی ئەم ئامانجەیش پێویستە بڕوانینە باجی پێشکەوتن. دەبێت ئەوەمان بیر بێت سوودەکانی پێشکەوتن خێرا و بەرهەستن و دەکرێت بەئاسانی بپێورێن، بەڵام باجەکەی کاتی دەوێت و ڕاستەوخۆ دەرناکەوێت و پێوانیشی کارێکی سەختە. دەبێت ئەوەیش بزانین بەرهەمی پێشکەوتن و باجەکەی قۆڵیان لەناو قۆڵی یەکدایە، ڕێک وەک بەیەکەوەبوونی باج و بەرهەمی دابونەریتەکان. بۆیە دەبێت ئاماژەکان هەندێک بگۆڕین و فراوانتریشیان بکەینەوە.

با بێین و لە دیاردە کۆمەڵایەتییە نەرێنییە جیاوازەکان بڕوانین، وەکوو: ماددە بێهۆشکەرەکان؛ فیلمە چەپەڵەکان «پێویستییە ماددییەکان بۆ بەرهەمهێنانیان و پێویستییە مەعنەوییەکان بۆ بەکارهێنانیان»؛ کاڵا پووچەکان «ئەوانەی کە هیچ بۆ مەعریفەی مرۆڤ زیاد ناکەن و تۆزقاڵێکیش چییە قووڵی بە هەستەکانی نادەن و کاتێکی کۆمەڵایەتیی فرەیشیان لە بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا پێویستە»؛ داڕمانی خێزان؛ شێوازی مامەڵەکردن تەک بەتەمەنەکاندا؛ ئەو کاتەی تاک لەتەک خێزان و منداڵەکانیدا بەسەری دەبات؛ کزبوونی پەیوەندیی نێوانی خەڵک بەهۆی کۆمپیوتەرەوە؛ نەخۆشییە دەروونییەکان «خەمۆکی و ناهاوسەنگی»؛ هەڵکشانی تاوان و توندوتیژیی لەو کۆمەڵگانەی پێیان دەوترێت پێشکەوتوو؛ بڵاوبوونەوەی فەلسەفەی پووچگەرایی و فەلسەفەی توندوتیژی و هێز و شەڕ «داروینیزمی کۆمەڵایەتی و نیچەگەرایی»؛ زیاتر هەستکردن بە غەریبی و تەنیایی و بێکەسی؛ هەڵکشانی ڕێژەی پارەسەرفکردن لە لایەن حوکوومەتەکانەوە بۆ چەک و ئامرازە وێرانکەرەکان «دەوترێت ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەو بڕە پارەیەی لە درووستکردنی چەکدا خەرج دەکرێت، لە هیی خواردن و پۆشاک زیاتر بێت!»؛ سەرهەڵدانی ئەگەری وێرانبوونی زەوی، یان لەناکاوە و لە ڕێگەی چەکە ئەتۆمییەکانەوە یان قۆناغ قۆناغ لە ڕێگەی پیسبوونی ژینگەوە؛ کاریگەریی گەشتوگوزار و جووڵەی گواستنەوە لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگاکان و کەلەپوورەکانیان؛ زۆربوونی ڕێژەی تاوان لەو کۆمەڵگانەی پێیان دەوترێت پێشکەوتوو «ڕێژەی زیندانەکان لە شەش ویلایەتی ئەمریکادا لە ڕێژەی قوتابخانەکان زیاترن، هەروەها بەشی گرتووخانەکان لە ئابووریی ئەمریکادا لە هەموو بەشەکانی تر، زیاتر لە گەشەدایە!».

با بێین چاودێریی هەموو ئەمانە بکەین و پێویستیی ماددی و مەعنەویی ئەم دیاردە نەرێنییانە حساب بکەین و دیاردە مەعنەوییەکانیش بگۆڕین بۆ ماددی، بۆ ئەوەی کاریگەریی گۆڕانە مەعنەوییەکان لەسەر لایەنی ماددی ببینین «ئەمەیش زۆر جار پڕۆسەیەکی تاقەتپڕووکێنە و ئەگەری هەیە هەندێک کاتیش مەحاڵ بێت!».

بۆ نموونە سەرنجی پەیوەندیی نێوان بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئایدز و ئازادیی سێکسی -کە پەیوەندی بە کرانەوە و پێشکەوتنەوە هەیە- دراوە. هەروەها کەسێک هەستاوە بە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر تێچووەکانی جیابوونەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا و ڕوونی کردووەتەوە کە تێچووەکەی دەگاتە چەند بلیۆن دۆلارێک! ئەو ئەمانەی لە بەرچاو گرتووە: «تێچووەکانی دادگا؛ دابەزینی ڕێژەی بەرهەمهێنان بەهۆی دڵەڕاوکێی هاوسەرەکانەوە‌‌؛ هەڵکشانی دڵەڕاوکێ و شێوانی ئارامیی منداڵەکان؛ تێچووی شڵەژانی منداڵەکان؛ دیاردەی وێرانکاری لە قوتابخانەکان -کە زۆر جار ئیشی ئەو منداڵانەیە کە خێزانەکانیان شێواوە-؛ زۆربوونی تێچووی پڕۆسەی پەروەردە، چونکە دوای تێکچوونی خێزان زۆرێک لە کاروبارەکانی منداڵان دەکەونە قوتابخانەوە‌.» ئەو تەنانەت پەیوەندیی جیابوونەوە و کاریگەرییەکەیشی لەسەر زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، لەبەرچاو گرتووە. «ئاشکرایە کۆمپانیاکانی بیمە دژ بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئەمریکا نرخی بیمەی هەرکەسێکی جیابووەوە زیاتر دەکەن، چونکە ئەو کەسانە زیاتر ئەگەری هەیە تووشی پێکدادان ببن».

هەروەها دەبێت باجی گەردوونیی پێشکەوتنیش بپێوین. پێم خۆشە لێرەدا تێگەیشتنێکی نوێ، کە لە زۆرێک لەو توێژینەوانەدا وا باسی بیرۆکەی پێشکەوتن دەکەن شاراوەیە، بخەمە ڕوو. لەوانەیە تا ئێستا ناو نەنرابێت، ئەویش ئەوەیە کە من ناوی دەنێم «پاشکەوتنی گەردوون» لە بەرانبەر «پێشکەوتنی زانستی و پیشەسازی»دا.  لە دوای سەردەمی ڕابوونەوە تاکی ڕۆژاوایی لە پێشکەوتنە زانستییە پیشەسازییەکان دەدوێت و باسی سوودەکانی دەکات بۆ مرۆڤ -وەک وتمان بەرهەمەکەی ڕاستەوخۆ و ڕوونە-. بەڵام ئێستا دەزانین ئەم پێشکەوتنە پیشەسازییە بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەریی لەسەر تەواوی گەردوون و هەموو سەرچاوە سرووشتییەکان دەبێت، بە شێوازێک کە لە سەرەتادا ڕوون و بەرهەست نەبوو، بەڵام ئێستا بووەتە شتێک هەمووان دەیزانن. ئەوەی من پێی دەڵێم «پاشکەوتنی گەردوون» ئەو کاریگەرییە نەرێنی و وێرانکارییەیە کە سرووشت و بەرگەهەوا تووشی دێن. «وشەی گەردوونیش واتا شوێنەکە هەموو زەوییە نەک تاکە دەوڵەتێک و بوونەوەری مەبەستیش گشت مرۆڤایەتییە نەک دانیشتوانی وڵاتێکی دیاریکراو».

بۆیە بۆ ئەوەی لێکدانەوەکانمان ورد بن، دەبێت ڕێژەکانی پێشکەوتنی پیشەسازی بە پاشکەوتنی گەردوونەوە پەیوەست بکەین، واتا بیبەستینە ئەو گورزانەی پێشکەوتنی پیشەسازی بەری گەردوونی دەخەن و بڕوانینە ڕێژەی بەکارهێنانی ئەو توخمە سرووشتییانەی کە ناکرێت قەرەبوو بکرێنەوە، چونکە بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ درووست بوون. «بەم دواییانەیش زاراوەی سەرمایەی سرووشتیی جێگر سەری هەڵداوە، بە ئینگلیزی دەبێتە «fixed natural capital» ئەم دەستەواژەیە ئاماژە بۆ ئەو توخمانە دەکات». دەبێت ئەوەیش بزانین ئەم پێشکەوتنە پیشەسازییە سوودەکەی تەنیا بۆ ڕۆژاوایە، بەڵام پاشکەوتنی گەردوون کاریگەریی لەسەر هەموومان دەبێت، بۆیە ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە داگیرکردنی گەردوون لە قازانجی تاکی ڕۆژاوایی.

  کەواتە هەژمارەکانی باجی پێشکەوتن، دەبێت ئەو دیاردە ژینگەییە جیاوازانەی پێشتر باس نەکراون، لە بەرچاو بگرن. مینا: «کونبوونی چینی ئۆزۆن؛ پیسبوونی دەریاکان؛ بەبیابانبوون، کە دەرەنجامی بڕینەوەی دارستانەکان و لەوەڕاندنی زۆردارانەیە؛ پاشماوە ئەتۆمییەکان؛ پیسبوونی هەوا و زۆربوونی دووانەئۆکسیدی کاربۆن؛ گەرمبوونی بەرگەهەوا؛ زۆربوونی یەکەئۆکسیدی کاربۆن». هەژمارەکان چ لە سوود بدوێن یان زیان، دەبێت ئەمانەیان لە بەرچاو بێت.

ئەمەیشمان بەکردەیی تەک حەشەرەکوژەکاندا بەجێ هێنا. دوای ئەوەی بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە نیشانەی پێشکەوتن بوو، تێچووە گەردوونییەکان هەژمار کران، بۆیە ڕێکخراوی خواردن و جووتیاری کە سەر بە کۆمەڵەی نەتەوەکانە، دانی بەوەدا نا زیانی لەناوبەرەکان -زیانە گەردوونییە پاشینەکە- لە سوودەکەی -سوودە ئابوورییە ڕاستەوخۆکە- زیاترە، بۆیە هۆشداریی لەسەر بەکارهێنانیان دا. ئیتر دوای ئەمە بەکارهێنانی حەشەرەکوژەکان بووە نیشانەی دواکەوتوویی! بۆیە هەژمارەکانی پێشکەوتن چونکە تەنیا ماددی و ئابوورین و پێکهاتە گەردوونییەکان لە بەرچاو ناگرن، ورد و دروست نین.

سەرژمێرییەکیش ئەنجام دراوە باس لەوە دەکات گەر تێچووی ڕاستەقینەی هەر پڕۆژەیەکی پیشەسازی بژمێردرێت -واتا سوودە ماددییەکە کە لە کۆتاییدا دەست دەخرێت و ئەو گورزەیشی کە بەری گەردوون و مرۆڤایەتی دەکەوێت-، دەردەکەوێت پڕۆژەکە شکستخواردووە. پڕۆژەی پیشەسازیی ڕۆژاوایش تا ئێستا بەردەوام و سەرکەوتوو بووە چونکە ئەوانی تر باجەکەیان داوە. دوای ئەوەی هەندێک وڵات چاویان لە ڕۆژاوا بڕی و لەمەیشدا سەرکەوتوو بوون، کەم کەم ئەو کارەساتە گەردوونییەی ڕۆژانە هەواڵەکەی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەکرایەوە، دەرکەوت.

با نموونەیەک بهێنینەوە: هاوڕێیەکم لە شاندێکی هیندیدا هەبوو، لە گفتوگۆ سەرەتاییەکانی کۆنگرەی ژینگە کە ساڵێک دوای ئەو ڕووداوە لە بەرازیل بەسترا، ئامادە بووبوو. لەوێدا شاندە ئەمریکاییەکە ئاماژەی بەوە کردبوو هەڵکشانی یەکەئۆکسیدی کاربۆن یەکێکە لە گرنگترین ئەو هۆکارانەیی وا دەبنە هۆی پەنگخواردنەوەی گەرمی، ئاخر لە هاویندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خراپکردنی زۆرێک لە بەروبوومەکان و هیلاککردنی خەڵکی و تا دوایی. بۆیە شاندە ئەمریکاییەکە پێشنیاری کردبوو جیهان، لە ڕێگەی چاودێریکردنی تێکڕای بەرهەمهێنانی وڵاتانەوە، هەستێت بە ڕێکخستنی پرۆسەی بەکارهێنانی ئۆکسجین و هەڵکشانی یەکەئۆکسیدی کاربۆن. هاوڕێکەی منیش ئەم پێشنیارەی زۆر بەدڵ بووبوو، لەوێدا وتبووی دەبێت دیوێکی مێژووییش بۆ باسەکە زیاد بکرێت، واتا تێکڕای بەکارهێنانی ئۆکسجین و بەرهەمهێنان لە شۆڕشی پیشەسازییەوە حسێب بکرێت، دوای ئەمەیش ڕێژەی بەکارهێنرانی ئۆکسجین دیاری بکرێت. نە شاندە ئەمریکاییەکە و نە هیچ شاندێکی ئەورووپایی تر ئەمەیان قبووڵ نەکردبوو، چونکە ئەم چەشنە پێشنیارانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دەبێت ڕۆژاوا باجی پێشکەوتنی پیشەسازی بدات کە لەسەر حسابی ئەوانی تر و گەردوون، دنیایەک سوودی لێی بینیوە.

ئەی چی دەڵێن ئەگەر بێین و بەختەوەری و ئارامی و هاوسەنگی و ڕێژەی بەرقەراربوونیان بە یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی پێشکەوتن دابنێین؟ بەکردەییش بەم دواییانە گۆڤاری «تایم» وتارێکی بە ناونیشانی «لەشساغ و زەنگین و نابەختەوەر»ـەوە بڵاو کردووەتەوە. تێیدا هاتووە ئەم پرسیارە لە ئەورووپاییەکان کراوە: «ئایا تۆ بەختەوەریت؟» دەرکەوتووە دەوڵەمەنترین و پێشکەوتووترینیان -کە وڵاتی ئەڵمانیایە- لە هەموویان کڵۆڵترە و لە هەموویشیان هەژارتر -کە ئێرلەنداییەکان و پرتووگالییەکانن- لە هەموویان ڕازیتر بوون. یەکێک لە کۆمپانیاکانی ڕاپرسییش هەستاوە بە پەرەپێدانی ئەوەی کە خۆی ناوی ناوە «نیشانەکانی هیوا» کە بە ئینگلیزی دەبێتە «Hope index». بۆی دەرکەوتووە ڕەشبینیی تایبەت بە داهاتوو -کە 18 لە سەدی ئەوانەی پێک هێناوە وا لە ڕاپرسییەکەدا بەشدار بوون- لە ئەورووپادا تەشەنەی سەندووە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی وا دەکەونە سەر کەناراوی ڕاین لە ئەڵمانیا -لەوێ ناوەندەڕێژەی داهاتی تاک 28 هەزار دۆلارە-. لە کاتێکدا بۆیان دەرکەوتووە 42 لە سەدی باشووری ئەفریقا و 64 لە سەدی بەرازیل -کە تێیاندا ڕێژەی ناوەنجیی داهاتی تاک 3500 دۆلار و 4400 دۆلارە- لەوانەی کە لە ڕاپرسییەکەدا بەشدار بوون، ئەرێنییانە لە داهاتوو دەڕوانن. وتارەکە ئاماژەی بەوەیش کردووە ئەو پێوەرانەی کە کۆمەڵەی نەتەوەکان بۆ گەشەی مرۆڤایەتی پەرەیان پێیان داوە، بەس نین. چونکە پێوەرەکان تەنیا بریتین لە: فێرکردن و ڕێژەی داهات و تێکڕای تەمەن. دواتر وتارەکە بە قسەیەکی هۆزی باکۆتۆ کە لە کۆنگۆدا دەژیین کۆتایی پێ دەهێنێت، ئەوان دەربارەی تاکی ڕۆژاوایی دەڵێن: «شەمشەمەکوێرەیەکە بەدڵەڕاوکێوە دەفڕێت، بەڵام نازانێت بۆ کوێ!»

ئەگەری هەیە پێمان بوترێت بەختەوەری و ئارامی و هاوسەنگی شتێلێکی ڕێژەیی بگۆڕن و پێوانە ناکرێن. ئایا ئەمە مانای ئەوەیە پێشکەوتن شتێکە و بەختەوەری و ئارامی و هاوسانی شتێکی دی؟ ئەگەر وایە، حەقی خۆمانە بپرسین: پێشکەوتن چی پێشکەشی مرۆڤ دەکات؟ تەنیا دەستکەوتی ماددی بەبێ دەستخستنی پێویستییە مرۆییەکان؟ ئایا ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی چەمکی پێشکەوتن لای ڕۆژاوا دەرناخات؟ لەجێی ئەوەی ئاماژەگەلێک لە جیهانی ئادەمیزادەکانەوە بەکار بهێنین -بەختەوەری و ئارامی- دەخلیسکێینە ناو جیهانی شتەکان و کاڵاکان و ئەو ئاماژانەی لە دنیای ماددەوە وەرگیراون -خێرایی و بەرهەم و تا دوایی-، بەبێ ئەوەی زەڕڕەیەک گوێ بەوە بدرێت ئەمانە تا چەند مرۆڤ بەختەوەر یان چارەڕەش دەکەن.

ئەی چی دەڵێن ئەگەر ئەو کاتە بەتاڵەی مرۆڤ چێژی لێ دەبینێت و تێیدا وەکوو مرۆڤێکی تەواو دەژییت، بکەینە یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتن؟

کاڤین ڕایڵی هاوڕێیم لە کتێبی «ڕۆژاوا و جیهان»دا ئەمەی کردووە. ئەو ئاماژەی بەوە داوە: «زانایانی ئەنسرۆپۆلۆجیا واقیان وڕ ماوە لەو کاتە کەمەی گەلی کۆمەڵگە سەرەتایی و خۆماڵییەکان لە کاردا سەرفیان کردووە، ئاخر سەد ڕۆژ بەسەر یەکەوە کارکردن شتێکی یەکجار دەگمەنە. مێژووناسی بەریتانیایی کریستۆفەر هیڵ بۆی دەرکەوتووە کرێکارێکی بەریتانیایی ئاسایی لە ساڵی 1530دا بۆ دەستخستنی هەموو پێداویستییەکانی ژیانی لە 14 یان 15 هەفتە بترازێت زیاتر ئیشی نەکردووە. دوای دوو سەدە و نیو ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە 52 هەفتە بە تێکڕای 12 کاتژمێر ئیشکردنی ڕۆژانە کە ئەمە ئەوکات لەنێو چینی کرێکاراندا شتێکی بڵاو بووە!» ئایا دوای ئەمە دەکرێت قسە لەسەر پێشکەوتنی چینی کرێکاران لە بەریتانیادا بکرێت؟!

 

 

- پاژێک لە کتێبی «العالم من منظور غربي» لە نووسینی بیریاری میسڕیی کۆچکردوو: دکتۆر عەبدولوەهاب مەسیری بەڕەحمەت بێت.

- کتێبەکە چاپی یەکەمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2001، نموونە و ئامارەکانیش هەر هیی ئەو کاتە یان پێش ئەو کاتەن.

 

-----------------------

[1]  چەمکی پێشکەوتنی ماددی پەیوەندییەکی پتەوی بەوەوە هەیە کە ڕۆژێ گاروودی ناوی ناوە «چەندێتیی بێکۆتا»، ئەم دەستەواژەیەیش واتا ڕوانینە دنیا لە ڕێگەی وتەزای چەندەوە: «کاڵاکان؛ ڕێژەی بەرهەم‌؛ ڕێژەی بەکارهێنان»، هەروەها بەگوێرەی ئەم دنیابینییە ئامانج لە ژیان، کەڵەکەکردنی چەندە تا ناکۆتا. دەتوانین بڵێین «چەندێتیی بێکۆتا» دژی «چۆنێتیی بێکۆتایە» کە مرۆڤ بەرەو باڵایی دەکێشێت و دەکرێت بەوە پێناسە بکرێت بریتییە لە نموونە باڵا ناماددییەکانی چەشنی: کەرامەت و هەستکردن بە پەیوەندیدارێتی «ئینتیما» و باوەڕبوون بە پیرۆزییەکان و درککردنی گرنگیی شێوازی ژیان و هەموو ئەو شتانەی مل بۆ جیهانی پێنج هەستەکە و ئامێرەکانی بازاڕ و یاساکان کەچ ناکەن، ئیتر با لە ڕێگەی ئەمانەیشەوە دەربکەون. ڕۆژێ گاروودی پێی وایە جیاوازیکردن لەنێوان «چەندێتیی بێکۆتا» و «چۆنێتیی بێکۆتا» و ئەو لایەنگرییانەیشی پەیوەستە بە هەر یەکێکیانەوە، دەروازەیەکی باشە بۆ تێگەیشتن لەم دیوەی ژیاری ڕۆژاوا. «چەندێتیی بێکۆتا» لە بیردۆزەکانی پەرەپێداندا کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و باکوور و باشووری جیهانیان داگیر کردووە و بانکی نێودەوڵەتییش وەکوو مژدە پێمانیان ڕادەگەیەنێت، دەردەکەوێت. ئەم بیردۆزانە نە ڕۆژهەڵات دەزانن و نە ڕۆژاوا، جیهان لە ڕوانگەی ئەمانەوە جێگەیەکی بێمێژووە، ماددەیەکی بێویژدان یان بێڕووحە و فرۆشگایەکە بۆ تەکنەلۆژیا و سەرمایە و شتومەک، بێ ئەوەی تۆزێکیش بووە گرنگیی بە ئینسان بدەن. ڕێک وەکوو جووڵەی بنیات لە فەلەسەفەی بنیاتگەراییدا و جیهانی پاش نوێگەری، کە هەندێک بە «لەبیرکردنی چالاکییەکانی ڕابردوو و مێژوو» پێناسەیان کردووە. عەبدولوەهاب مەسیری.

تاگەکان    
خێوەتگە پارەی ئیلیکترۆنی كتێب جەنگی هۆشیاری #پیری یاری شیرک فیلم فەڵەستین ئاوی زەمزەم یادەوەری وەلی ئەمر نامە زانست تەکنۆلۆژیا
فیکر
2024-04-11 کۆمێنت 7 خولەک بۆ خوێندنەوە 624 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی