ئەگەر خۆشتان دەوێم، لەبەر من بنووسن

وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2024-03-29 کۆمێنت 9 خولەک بۆ خوێندنەوە 384 جار بینراوە

وتووێژ لەگەڵ نەجوان دەرویش، شاعیرى فەلەستینى

ئەلێکسیا ئەندروود

بۆ کوردى/ یەحیا خەلیل

 

مانگى پێشوو، کاتێک کە پڕۆفیسۆر ڕەفعەت ئەلعەرعیر (رفعت العرعير 1979-2023)، نووسەرى فەلەستینى، لە هێرشى ئاسمانیى ئیسرائیلدا کوژرا، دونیا تازیەبار بوو. پرۆفیسۆر ئەلعەرعیر لە کۆمەڵگەى ئەدەبیى فەلەستینیدا کەسایەتییەکى خۆشەویست بوو. ئەو هانى گەنجانى غەززەى بۆ نووسین و وەسپى حاڵى خۆیان بە زمانى ئینگلزى؛ دەدا. شیعرى "ئەگەر ناچارم بمرم"ى ئەلعەرعیر لەنێو خوێنەرانى گشت جیهاندا دەنگى دایەوە، دێڕگەلى وەک " ئەگەر ناچارم بمرم/ لێگەڕێ هیوا لەگەڵ خۆیدا بهێنێ/ لێگەڕێ چیرۆکێک بێ" بە گۆرانى دەگوترایەوە. (لە خوارەوەى ئەم چاوپێکەوتنەدا تەواوى شیعرەکەى دکتۆر ڕەفعەت ئەلعەرعیر کراوە بە کوردى- وەرگێڕ).

چەند ڕۆژێک پاش کارەساتى مردنى ئەلعەرعیر، من لەگەڵ "نەجوان دەرویش" شاعیرى ناودارى فەلەستینیدا دیدارێکم هەبوو تا گوێم لە بیروڕاکانى ئەو بێت لەبارەى ڕۆڵى شیعرەوە لە ڕۆژانى جەنگدا. گۆڤارى "New York Review of Books" دەرویش بە دیارترین شاعیرى هاوچەرخى عەرەبى لەقەڵەم دەدات. بەرهەمەکانى ئەو تا ئێستە بۆ زیاتر لە بیست زمان وەرگێڕدراون. تازەترین کتێبى شیعرى ئەو، " ماندوو بە دارى خاچەوە" لە لایەن کەریم جەیمز ئەبوزەیدەوە بۆ زمانى ئینگلیزى تەرجەمە کراوە، لە ساڵى ٢٠٢٢دا براوەى خەڵاتى سارا ماگوایەر بووە. (ئەم خەڵاتە دوو ساڵ جارێک دەدرێتە باشترین تەرجەمەى ئینگلیزیى شیعرى شاعیرێکى زیندووى غەیرە.)

دەرویش، خەڵکى قودسە (٨/١٢/١٩٨٩) و شیعرەیلى زۆر جوانى ئەو زێدەتر بەدەورى ماناگەلى نيشتمان، لەدەستدان و وابەستەییەوەن: "من نەمریم لەسەر مێزى قاوەڵتى دەوێت/ لەگەڵ نان و ڕۆندا/ تۆم دەوێت/ زەوین/ ئاڵاى شکستخواردووى من." هێندێک کات شیعرەکانى وى بە تێکەڵییەک لە تەنز و ژارخەن دەدرەوشێنەوە.

کەسایەتیگەلى مێژوویى، بەوێنەى حافزى ئێرانى، لە پێچوپلووچى ڕووپەلى نووسینەکانیدا دێن و دەچن، وەک بڵێى کە ئەو لەگەڵ دۆستانى کۆنى خۆیدا خەریکى گفتوگۆیە.  ڕائول زوریتا، شاعیرى چیلى لە پێشەکیى "ماندوو بە دارى خاچەوە"دا دەڵێت: "شیعرەکانى دەفتەرێکى تۆمارى پڕپڕە لە توندوتیژى و ... تۆمارێکیشە لێوانلێو لە میهرەبانى." ئەمە ئەرکێکە  شاعیر ئەوە بەجیددییەوە وەردەگرێت.

من لەگەڵ دەرویشدا (کە هیچ خزمایەتییەکى لەگەڵ مەحموود دەرویش، شاعیرى دیارى فەلەستینیدا نییە) بە تەلەفۆن گوتوبێژمان لەبارەى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هونەر و پاراستنى مرۆڤایەتى لە بەرانبەر دڕندەییەکاندا کرد.

ئەمەى خوارەوە، چاوپێکەوتنەکەىە:

 

هەواڵى مەرگى دکتۆر ڕەفعەت ئەلعەرعیریت چۆن زانى؟

من زۆر کات ڕەفعەتم لە ڕێگەى نووسین و فیلمگەلى یووتیوبەکەى: وانەگەلێک لەبارەى وێژەى ئینگلیزى بۆ خوێندکارانى لە غەززەدا؛ دەناسى. ئەو دەنگێکى کاریگەر بوو. من ئەو فیلمە نوێیانەى کە دایدەنان تەماشام دەکردن، ئەو لەواندا لەبارەى ئەوەوە دەدوا کە، لە لایەن ئیسرائیلەکانەوە بەئامانج گیراوە. ئیسرائیلەکان جارێک ماڵى ئەویان بۆمباران کردبوو و ئەو زیندوو مایەوە، بەڵام پاشتر ماڵى خوشکەکەیان بۆمباران کرد، ئەویش لەوێ نیشتەجێ بوو. ئیسرائیلییەکان ئەو و خوشکەکەى، خوشکەزا و ئەندامانى دیکەى خێزانەکەیان کوشت. هیچ وشەیەک شک نابەم تا وەسفى ئەم کارەساتە ترسناکەى پێ بکەم.

لە غەززەدا (دەیان) نووسەر و ڕۆژنامەوان هەبوون لەم قۆناغەدا لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. بڕێک لەوانە لە ڕێگەى بەرهەمەکانیانەوە دەناسم و هێندێکى تریشیان لە هاوڕێیانى منن. شاعیرێک هەبوو بە ناوى سەلیم ئەلنەففار، بیست ساڵێک پێش ئێستە، من ئەوم بۆ یەکەم جار لە ئێدینبرە بینى، وا بڕیار بوو لەوێندەر پێکەوە شیعر بخوێنینەوە. ئەو مرۆڤێکى دەگمەن، باش و زۆر قسەخۆش بوو. من بەم دواییانە بیستم ئەو لەتەک هاوسەر و دوو کچ و کوڕ و ئەندامانى دیکەى خێزانەکەیدا کوژراون. یەکێک لە خراپترین شتەکان ئەوە بوو هیچ کەسێک لە خێزانەکەى نەمانەوە تا تەلەفۆنیان بۆ بکەى و هەوڵ بدەى بیاندۆزیەوە و سەرەخۆشییان لێ بکەى، یان لەوبارەیەوە قسە بکەیت. تەواوى ئەندامانى خێزانەکەى لە ڕووپەڕى ڕۆژگاردا سڕدرانەوە.

 

بیرکردنەوە لەوەى تەواوى خێزانەکەت لەبەین بچن، ترسناکە.

ڕاستە. شتانێکى تریش هەن، ئێمە شتانێکى لاوەکییش لەدەس دەدەین. ئێمە تەنیا ئەلعەرعیرمان لەدەس نەداوە، بەڵکوو شیعرى ئەویشمان لێ چووە، ئەم هەموو شتە، گشت ئەو شیعرانەى لە بانەڕۆژدا ڕەنگ بوو بنووسرێن لە بناغەوە وێران دەکرێن. تەواوى ئەو هونەرمەندانەى کوژراون ... چی بەسەر هونەرى واندا دێت؟ ئێمە باس لە ژمارەى کوژراوان دەکەین و، تەنانەت ناتوانین پەى بە هەموو ئەو شتانە ببەین کە لەبەین دەچن.

 

ئایا هونەرمەندان و نووسەرانى فەلەستینى بە شێوەیەکى تایبەت دەکرێنە ئامانج؟

نا، تەنێ ڕۆژنامەنووسان یاخود نووسەران و هونەرمەندان بەئامانج ناگیرێن. ئەوەى دەکرێتە ئامانج وشەیە، ئاخاوتنەکانە. ئیسرائیل دەتوانێت تەنیا لەبەر بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تۆ بکاتە ئامانج. (ئەم بڕیارە لەدواى ٧ى ئۆکتۆبەرەوە لە ئیسرائیل و کەنارى ڕۆژاوادا نووسراوەتەوە.)

لە ڕابردوودا، ئیسرائیل کاروکردەوەکانى بە قسە و وشەگەل دەڕازاندەوە. ئەوان گەرەکیان بوو هەموو شتەکان باش دەربکەون، ڕوواڵەتێکى باشیان هەبن، ئەو تاوانانەى دژ بە فەلەستینییەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان بە ڕێگەیەکى (گونجاو) پێى هەڵدەستان. بەڵام ئەمێستا ئەوان گڵۆپى سەوزیان لە دەوڵەتى ئەمەریکا و دەوڵەتەیلى (دیموکراتیک)ى ئەورووپاییەوە بۆ داگیرساوە. ئەوان هەرچەندێکیان بوێت دەتوانن مرۆڤ بکوژن. ئەم ڕووداوە وا لە تۆ دەکات دووڕوویى دیموکراسیى ڕۆژاوا ببینیت کە دەم لە پابەندێتى بە مافەکانى مرۆڤەوە دەکوتن. ئێوە تەماشاى (وەڵام)ى ئەمەریکا بکەن، هەمان شێوە هیى بەڕیتانیایش.

هەروەها دەبێت ئەوە ڕوون بکەمەوە من، ڕژێمى ئیسرائیل بە نوێنەرى خەڵکانى یەهوودى نازانم. ئێمە دەبێت هەردەم جیاوازیى لەبەینى ڕژێمى داگیرکەرى ئیسرائیل و خەڵکانى یەهوودیى جیهان دابنێین. کاتێک دەبینم ناتانیاهۆ بە ناوى ئەوانەوە قسان دەکات، وەک بێژى نوێنەرى ئەوانە یان پارێزگارییان لێ دەکات، ئازار دەچێژم. بەڵگەنەویستە ئەو نیگەرانى ئەوان نییە.

 

پرسیارێک زەینى من و ڕەنگە زەینى کەسانێکى تریشى بە خۆوە سەرقاڵ کردبێت ئەویش ئەوەیە کە، وەختێک هەموو شتەکانى دەوروبەرمان دەڕووخێن چۆن دەتوانین ئینسانەتیى خۆمان بپارێزین؟ ئایا ئێوە وەک هونەرمەندێک وەڵامێکتان هەیە؟

ئەگەر بمەوێت لەگەڵ ئێوەدا ڕاستگۆ بم، دەبێت بڵێم وەڵامێکم نییە. پێش ٧ى ئۆکتۆبەر، بڕوام بە کۆمەڵێک بیر و باوەڕى پتەوتر هەبوون و، دواى ئەوە هەموو شتێک گۆڕا، وا بیر دەکەمەوە تواناى هەستکردنم لەدەس داوە. من شتەکان دەبینم، دڕندەییەکان دەبینم، بەڵام هەستیان پێ ناکەم. دەزانم بە تێپەڕینى کات؛ هەست دەگەڕێتەوە و دەتوانم پەى ببەم کە چى ڕووى داوە.

زیاتر لە ٧٠ ڕۆژە، ڕۆژانە و چەن جارێک لە ڕۆژێکدا، من فیلم و وێنەگەلى کوشتن و برینداربوونى منداڵانم؛ لە نەخۆشخانەگەلى بۆمبارانکراو، ژێر داروپەردوو و هیى دیکەدا دیتوون. من ناتوانم دەس لە بیرکردنەوە لەوان، لە چیرۆک و ناوەکانیان هەڵگرم. لەم ڕووەوە ساتەکان هەروەکوو دۆزەخن بۆم. کاتێک تۆ لە وەختایەکى دۆزەخیداى؛ ناتوانى بیروباوەڕت لەبارەى ڕۆڵى هونەر، شیعر و هونەرەوە هەمان بیروباوەڕى پێشووتر بێت.

 

لە دەسپێکى کۆمەڵکوژییەکەدا کاتانێک هەبوون بیرم دەکردەوە هەرگیز ناتوانم دووبارە بنووسمەوە.

من بەزۆرى لەسەر قاقەز دەنووسم  و بۆ هەرکوێ بڕۆم دەفتەرێکیش لێل خۆمدا دەبەم. من شیعرەکان هەروەک مەشقى ڕۆژانە لەنێو ئەو دەفتەرەدا دەنووسم؛ شتێک لە چەشنى دەفتەرى یادەوەرى. کاتێک پەڕەکانى دەفتەرێک تەواو دەکەم، ئەوان هەڵوەژێر دەکەم و ئەو دەفتەرە بۆ دیوانەشیعرێک، بۆ کتێبێک دەگۆڕێت. من لە دەسپێکى ژیانمەوە لەوە تێگەیشتم لەنێو ئەو شتە بچووکانەى هەمە، بە تەنیا وابەستەى دەفتەرى یادەوەرییەکەمم. هیچ وابەستەییەکم بۆ شتەکانى دیکەم نییە. هەرکاتێک بۆ سەفەر دەڕۆم، ئەویش لەتەک خۆمدا دەبەم.

لە مانگى یانزدەدا وەک مێوانى تایبەت بۆ "فێستیڤاڵى ئەدەبیى بۆگۆتا" لە کۆڵۆمبیا بانگ کرابووم. ئەم چالاکییە لە پێش ٧ى ئۆکتۆبەرەوە بەرنامەى بۆ داڕێژرابوو. هەستم دەکرد ناچارم بڕۆم، وەک ئەرکێک بوو، هەستێک وەک بڵێى دەبێت کارێک بکەم. لە دۆخێکى گونجاودا نەبووم بۆ گەشتەکە. لەڕووى هەستوسۆزەوە حاڵم باش نەبوو، من لەدەست چووبووم و ئەم گەشتەیش گەلێک دوورودرێژ بوو. لە فڕۆکەخانەى ئەمستردام بۆ پشکنینى زیادە وەستێنراین، ڕێکارى هەمیشەیى ڕەگەزپەرستانە. وەک دەتوانن وێناى بکەن، ئەوان زۆر میهرەبان نەبوون. من لەمێژ بوو نەخەوتبووم. دواجار کە سوارى فڕۆکەکە بووین، تێگەیشتم دەفتەرەکەمم گوم کردووە. ئەم دەفتەرە پڕ بوو لە شیعر بۆ کتێبى داهاتووم، هەندێک شتم لەبارەى جەنگى ئۆکتۆبەرەوە نووسی بوو، هەروەسا هەموو شتێک لەبارەى منداڵانى غەززەوە. وەهام بیر کردەوە، کە ئیدى تەواو بوو. بۆ ماوەیەک هیچم نەنووسى. هەستم دەکرد ئەمە جۆرە ئاماژەیەکە، ئەم ڕووداوانە  هاوکات بوون لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژییەى کە ڕووى دەدا.

 

دواتر چى ڕووى دا؟

من دەفتەرێکى دیکەم کڕى و بەئارامى، دەستم بە نووسین کرد. کۆشام تا وە بیرم بێنەوە، بەڵام شیعرەیلێکى کەمم وەبیردا هاتنەوە. لەم ڕەوتى وەبیرهێنانەوەیەدا، ئازار هات، چون شتانێکم دەکەوتنەوە یاد کە نەمدەتوانى دووبارە بیاننووسمەوە. لە سەرەتاى مانگى یانزدەوە، من لە هەوڵى دووبارە بەیادهێنانەوەدا بووم تا بتوانم چەند دێڕێک بنووسمەوە و، هاوکاتیش هەوڵم دەدا ئەوانە لەبیر بکەم هەتاکوو بتوانم دیسانەوە درێژە بە ژیان بدەم.

ئەمە خوازەیەکە بۆ ژیانى ئێمەیش، چونکە تەنانەت ئەگەر (فەلەستینییەکان) وەک میللەتێک، یان وەک خەڵکانێکیش بیانەوێت بەردەوام بن، ئێمە گەرەکە وەبیرى بهێنینەوە، بەڵام هاوزەمان دەبێت لەبیریشى بکەین. نازانم دەبێت چ شتێک بهێنینەوە یاد و چ شتێکیش فەرامۆش بکەین. خەڵک ڕۆژانە لە بەرابەر کەناڵەکاندا بەهێز و بوێرانە دەردەکەون. وەلێ ئیسرائیل بووە بە هۆکارى خەسارەتێکى گەورە بۆ ژیانمان. سەدەیەک نا، وەلێ هەشت دەیەیە، بەهۆى ئەم بەرنامەى داگیرکارییەوە؛ ئازار دەچێژرێت. ئەم دۆخە هاوشێوەى گوزەراندنى کۆى ژیانە لە کابووسێکدا.

 

لە وتووێژەکانى پێشتردا باسى ڕۆڵى شاعیرت وەک مێژوونووسێک کردووە. ئایا دەکرێت بڵێن مەبەستان چییە؟

من نووسین وەک شایەتحاڵێکى مێژوویى دەبینم. لە داهاتوودا؛  ئەگەر ڕۆژێک کەسێک شیعرى من وەخوێنێت، وا بیر دەکەمەوە، یا هیوادارم بتوانێت کە بڵێت، چ کەسێک داگیرکەر و چ کەسانێکیش خەڵکانى ئەم نیشتمانەن. لە هێندێک کاتدا ئەدەب؛ دەتوانێت باشتر لە هەر قسەیەکى سیاسى ئەو ڕاستییە بنوێنێت.

بۆ من پەیڤین لەبارەى ڕۆڵى هونەرمەندان یا نووسەران لە کۆمەڵکوژییەکدا، کارێکى سەختە. ڕەنگە تۆ بۆ ساتێک پارێزراو بیت، بەڵام ڕاستییەکەى تۆ پارێزراو نییت. هیچ کەسێک پارێزراو نییە.

لە هەواڵەکاندا شتانێک لەبارەى چەمکى "جەنگ"ەوە، دەخوێنمەوە. من لەگەڵ زاراوەى جەنگدا نیم. لە فەلەستیندا؛ ئێمە جەنگمان نییە، داکیرکارییەکى دیکتاتۆرانەمان هەیە. ئیسرائیل بەرنامەى داگیرکارییەکى دیکتاتۆرانەیە. بەو شێوەیەى لە مێدیاکانەوە پیشان دەدرێت، ئەمە جەنگى نێوان دوو نەتەوە یان دوو هاوسێ نییە.

 

ئایا لەم ماوەیەدا هیچ شتێک دەخوێنیتەوە کە دڵنەواییت بۆ بهێنێت؟

من فرە لەژێر کاریگەریى نامەکانى منداڵانى غەززەدا بووم. ئەوان منیان وێران کرد و هەمان کات ئارامییشیان پێ دام.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شتەکان ڕووى دا: ڤیدیۆى کچێکى گەنج بە ناوى دارین ئەلبایاوە هەبوو. ئەو و براکەى تاقە بەجێماوى خێزانەکەیان بوون لە غەززەدا، ئەگەرچى ئەو بە ڕۆژنامەوانەکەى وت مامێکى لە تورکیادا هەیە. ڕۆژنامەوانەکە لەوى پرسى: "دەتەوێت چیى بەو کەسانە بڵێى کە گوێت بۆ هەڵدەخەن، حەز دەکەى ئەوان چییت بۆ بکەن؟" کچە وتى: "ئەگەر خۆشیان دەوێم، لەبەر من بنووسن." من ڕاچڵەکام. چما ئەم کچە دەیەوێت لەبەر ئەو بنووسن؟ لەم سیاقەدا چ شتێک لەبارەى نووسینەوە هاتووە؟ بۆچ نووسین هێند گرینگە؟ ئەو هەستێکى وەهاى دامێ کە نووسین ڕێگەیەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەتەک مێژوودا، یاخود ڕێگەیەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو نادادییانەى ڕوو دەدەن. هەربۆیە؛ نامەیلى منداڵان ئیلهامبەخشترین و هاوکات بەئێشترین شتەکانن، وایە؟ خۆزیا دەمتوانى ئێشوئازار لەوان دوور بخەمەوە و لەکۆڵى خۆمى بار بکەم.

کاتێک تۆ شاهێدى کۆمەڵکوژییەکیت و تەنانەت هیچ هاوکارییەکیشت لەدەس نایێت، من هەست دەکەم بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەمە خراپترین دۆخە. خەڵکى کاردانەوەى جیاوازیان هەن: بڕێکیان واز لە بەدواداچوونى هەواڵەکان دێنن. هێندێکیش لەم بارەیەوە دەست لە هەستوسۆز هەڵدەگرن و هیچ کارێک لەو بارەیەوە ناکەن. بۆ من؛ ئەمە دەس نادات. هەڵبەتە وەک نووسەرێک؛ ئەگەر تۆ بە ڕاستى نیگەرانى چارەنووسى مرۆڤەکانى تر یا نادادییەکانى دونیا نەبیت، ئیتر تۆ چ جۆرە نووسەرێکیت؟

 

ئەمە پرسیارێکى باشە، چون زۆرێک لە نووسەران دووچارى هاوسۆزى دەبن. زۆرینەى شیعرەکانى تۆ بە باسوخواسى داگیرکارییەوە پەیوەستن. لەجیاتیى ئەوەى زیاتر ئەفسانە بخوڵقێنێت یان وەکوو قوربانى پێشانیان بدات، کەسایەتییەکانى تۆ ڕاستەقینەن و و خاوەن جۆرێک لە شکۆى بێدەنگن.

بەڵێ، وا بیر دەکەمەوە ئەمە (کەسایەتى) زێدەتر کارەکتەرى خەڵکى فەلەستینە، ئەمە هاوکاریى خەڵکە بۆ نووسینى من. بە درێژایى ژیانم، لەو کاتەوەى کە زارۆیەک بووم و هەتا ئیستایش، من ئەوە دەبینم خەڵکى هەتا جێیەک دەگونجێت شەڕ بۆ پاراستنى شکۆیان دەکەن. شکۆى ئینسان گەرەکە بۆ هەمووان مسۆگەر بن. دەبێت ئەمە هەقێکى بێچەندوچوون بێت. بەڵام سیستەمانێک ئێمە تێیدا دەژیین، هاوشێوەى سەرمایەدارى، شکۆى مرۆڤ لەنێو دەبەن.

 

زۆر جار شیعرەکانى تۆ؛ بابەتگەلێکى قورسى وەک، داگیرکارى و ترسناکییەکانى شەڕ لەخۆ دەگرن. بەڵام تۆ لەبارەى شتە جوانەکان و تەنانەت شتە ساناکانى ژیانیشەوە دەنووسیت. چۆنە لە تاریکاییەکانى ژیاندا بزر نابیت؟

لەگەڵ هەبوونى هەموو ئەو شتانەیشدا، دەتوانم بێژم جوانییەکى زۆر دەبینم. من لەوان کەسانە نیم حەز دەکەن شانازى بە نیشتمانەکەیانەوە بکەن. بەڵام فەلەستین لە سروشت، فەرهەنگ و خەڵکەکەیدا جوانیگەلێکى زۆرى لە خۆیدا هەڵگرتووە. من زۆر دەخوێنمەوە، خوێندنەوە جۆرێکە لە دەرمان. خوێندنەوە ئینسانەکان و ڕابردووى وان بە تۆوە دەبەستێتەوە.

کتێبخانە ئەرشیفى ڕۆحى ئینسانە. هونەر بەشێکى گەورەى ئەوە، هونەر ئێوە لە سنووردارێتى و ستەمى ئانوسات ڕزگار دەکات.

هەڵبەتە شیعریش هەیە. وەک چالاکى بیر لە شیعرەکانى خۆم ناکەمەوە. من ئەوە لە دەرەوەى شیعرەوە دەکەم. شیعر هاوشێوەى نزایە. ناتوانیت سەروەختى نزاکردن چالاکى بکەیت. شیعر زێتر کردەوەیەکى ڕووحانییە.

هەڵبەتە ئەم شتانە کاتێک ئیشى خۆیان دەکەن بارودۆخ ئاسایى بێت، نەک بەم شێوەیەى کە ئێستا هەیە.

لەم کاتانەدا بەرهەڵستیى ڕاستەقینە ئەوەیە هۆشتان لەدەس نەدەن. چونکوو یەکێک لە دیارترین ئامانجەکانى هەر سیستەمێکى زۆردارى، بەوێنەى داگیرکارى، شێتکردنى ستەمدیدەکانە. ئەمە سیستەمێکى کۆنتڕۆڵکردنە. ئەگەر سەر بکەون (شێتیان بکەن)، دواتر کاتێک دەس بە هاوار دەکەیت، هیچ کەسێک گوێت بۆ ناگرێت. من ئەم ڕووداوەم لە دەوروبەرى خۆم دیوە، لەم ڕووەوە تا ڕاددەیەک ڕەنجاوم. کاتانێک من بەرانبەر بە نامیهرەبانییەکان بەسەبرم، لە خۆم دەپرسم و ئەوەم لەیاد دەمێنێتەوە و، ئەمە بە پارێزراوى دەمگەڕێنێتەوە.

کارێلێکى زۆرم هەن دەبێت تەواویان بکەم. هەوڵ دەدەم دەفتەرى یادەوەرییەکانم تەواو بکەم و نوسخەى دیگیتاڵییان لێ دروست بکەم یاخود بیاندەم بە هاوڕێیانم، تاکوو خۆم بۆ ئەو شتانە ئامادە بکەم کە لە داهاتوودا دێن. وەک ناوونیشانى تازە، چەندان بەرهەمم لە ڕێگەدان. یەکێک لەوانە تەرجەمەى کۆمەڵێک لە شیعرەکانى دە ساڵ لەوەوبەرمە کە زانستگەى یێڵ لە ساڵى ٢٠٢٤دا بڵاوى دەکەنەوە. لەڕووى شیعرەکانى دیکەى منەوە، بە عەرەبى هەوڵ دەدەم کۆتایى بە هەندێک لە شتەکان بهێنم، چون هیچ کەسێک نازانێت لە بانەڕۆژدا چ شتێک ڕوو دەدات.

 

بۆ ئێستا؛ بۆ نووسەرێکى چالاک، دەبێت بەردەوامیدان کارێکى سەخت بێت!

هێندێک کات خۆزگە دەخوازم بمتوانیبا دەست لە نووسین هەڵبگرم. ئەمە ژیانێکى نائاساییە. من لەگەڵ شتانێکى سەیردا لە خەو بێدار دەبمەوە و فرە لە ڕابردوودا دەژیم و زۆر زۆریش هەست بە داهاتوو دەکەم. ئەوەى ئێوە کە شاعیر بە جۆرێک وەک مێژوونووس دەناسێنێت؛ ڕاستییە: من نیگەرانى مێژووم. من بەردەوام دەگەڕێمەوە. شیعرێکم لەبارەى مێژووى ئەمەریکاوە نووسى، ئەوڕۆکە دەبینم فەلەستینییەکان دیسانەوە لە بارودۆخێکى هاوشێوەدا دەژین. لێرەدا تۆ ڕەشەخەنینەکانى مێژوو دەبینى، مێژوو گاڵتەمان پێ دەکات. مێژوو پیشانمان دەدات شتانێک کە وەها بیرمان دەکردەوە لە ڕابردوودا خەڵکان ئازاریان پێوە چەشتوون، هێشتان لە بەرانبەرماندان. مێژوو دەبێژێت، فکر دەکەیەوە لەبارەى ڕابردووەوە دەنووسیت، لێ ڕاستییەکەى ئەوە بانەڕۆژە کە لەبارەیەوە دەنووسیت.

بەهەرحاڵ، مێژوو یارمەتیت دەدەات تا ئەوە ببینیت کە گشت شتێک و گشت کەسێک پێکەوە پێوەندیدارن. ئەوەى بۆ فەلەستینییەکان ڕووى دا، بۆ خەڵکى ماۆرییش ڕووى دا. یەکێک لە بەبەهاترین شتانێک بەم دواییانە پێم گەیشت ئەو نامەگەلە بوو کە خەڵکى ماۆرى، ئەو خەڵکە ڕەسەنەى پێیان دەوترێت نیوزلەندى، بەشێک لە بەرهەمى منیشیان بۆ ماۆرى تەرجەمە کردووە، ئەوەیان وەک ڕێزێک لە ڕۆژى یەکبوونیان لەگەڵ فەلەستینییەکاندا بڵاو کردەوە.

ئێمەى مرۆڤ هێشتان ئەوەمان درک نەکردووە کە هەموومان پێکەوە گرێ دراوین. هەرکەسێک لەم یان لەو سەردەمەدا (بێگانە)یەکە. لە هەروەختێکدا بێ، هەریەکێک لە ئێمە دەتوانێت دووبارە بۆ بێگانەیەک یان پەناهەندەیەک بگۆڕێت.

 

ئەگەر ناچارم بمرم

دکتۆر ڕەفعەت ئەلعەرعیر

ئەگەر ناچارم بمرم

تۆ دەبێت زیندوو بمێنیەوە

تا چیرۆکەکەم بگێڕیەوە،

تا شتەکانم بۆ بفرۆشى

تا پارچەیەک پەڕۆ و

بڕێک دەزووم بۆ بسێنى

(ئەو سپى چێ بکە لەگەڵ کلکێکى درێژدا)

بە جۆرێک کە منداڵێک، لە هەرکوێیەکى غەززەدا

چاو بە ئاسماندا دەگێڕێت

چاوەڕێى باوکێکە لەناکاو ڕۆشتوو-

بێ ئەوەى ماڵاوایى لە کەسێک بکا

تەنانەت لەگەڵ جەستەیدا

هەتا لەگەڵ خودى خۆیدا-

کۆلارەکە دەبینێت، کۆلارەکەم کە تۆ چێت کرد، لە ئاسماندا دەفڕێ

ساتێک وەها بفکرێ فریشتەیەک لەوێیە

خۆشەویستى دێنێتەوە.

ئەگەر ناچارم بمرم

لێگەڕێ هیوا لەگەڵ خۆیدا بهێنێ،

لێگەڕێ چیرۆکێک بێ.

 

ئەم چاوپێکەوتنە لە زمانى فارسییەوە تەرجەمە کراوە، لەگەڵ دەقە ئینگلیزییەکەیدا بەراورد کراوە. لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسى/ داوود جەلیلى

ئەم وتووێژە لە ڕێکەوتى ٤/١/٢٠٢٤دا لە ڕۆژنامەى (The Guardian)دا بڵاو کراوەتەوە.       

تاگەکان    
تەنیایی خێوەتگە گەڕان گفتوگۆ پۆدکاست ئایین وەرزش کۆمەڵکوژیی بۆسنە دەروونی خوێندنەوە بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن فەرهەنگ کۆرۆرنا دیزاینی زیرەک نیشتیمان
ئەدەب
2024-03-29 کۆمێنت 9 خولەک بۆ خوێندنەوە 384 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی