شتێک لەبارەی خوێندنەوەوە

نووسینی: قانع خورشید
فیکر 2024-03-19 کۆمێنت 11 خولەک بۆ خوێندنەوە 690 جار بینراوە

کە باسی کتێب و خوێندنەوە دەکەین، نابێت وا خەیاڵ بکەین مەبەست تەنیا ئەو کتێبانەیە وا لە دەیان لاپەڕە پێک دێن و لەناو دوو بەرگدان و لە کتێبخانەدا هەڵدەگیرێن. ئێستا کتێب گۆڕاوە. ئەوەی بە پی دێ ئێف لەبەردەستتدایە، لەنێو کۆمپیوتەر و مۆبایل و تابلێتەکەتدایە، کتێبە. ئەو ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەی دەیکەیتەوە و دەیان زانیاریی لێوە فێر دەبیت، کتێبە. ئەگەر جاران پێویست بووایە سەدان بەرگ کتێب بخەیتە ناو کتێبخانەوە، ئێستا دەکرێت بە ئەپێک لەناو مۆبایلەکەتدا داینێیت و بیخەیتە گیرفانتەوە. دەکرێت لەجێی ئەوەی کتێب بە چاوەکانت بخوێنیتەوە، بە گوێکانت بیبیستیت، دەنگەکتێب باشترین ڕێگەی سوودمەندبوونی ئەم قۆناغەی مێژووە. گرنگ ئەوەیە شتێک لە ئەزموون و زانیاری و زانستی کەسانی خاوەن دانایی، بە نووسراوی یا بیستراوی کەوتووەتە بەرچاو و گوێی تۆ و دەتوانیت لێیانەوە فێر ببیت.

هەمووان ڕاهاتووین گلەیی بکەین: "خوێندنەوە کەم بووە، خوێندنەوە نەماوە، کتێب خوێنەری نییە، کەس تاقەتی خوێندنەوەی نەماوە و کتێبخانەکان چۆڵن..." زۆر جار ئەم بێهیواییە هیی ئەوەیە پێناسەمان بۆ خوێندنەوە جیایە، بۆیە وا دەزانین خوێندنەوە نەماوە. ڕاستە من حەز ناکەم ڕەشبین بم، بەڵام گەشبینیی خۆڕاییش بە خۆخەڵەتاندن دەزانم، بۆیە کاتێک دژی بیرکردنەوەیەک دەوەستم یا بەرگری لە بیرۆکەیەک دەکەم، بەڵگەم بۆ هەیە و بە قەناعەتەوە دەیڵێم، بۆ خوێندنەوەیش هەر وەهام. ئەو پۆستانەی ڕۆژانە هەر یەکێکمان لە فەیسبووک و ئینستاگرام و ئێکس (تویتەر) دەیانخوێنینەوە، بە مەرجێک نووسینی کەسانی چالاک و جدی و خاوەن فیکر و پەیام بن، بە کتێبخوێندنەوە حسێبن. گەر ئەوانەم خوێندەوە، یانی دەخوێنینەوە و خوێنەرین، خوێنەرێکی باشیشین. بەڵام ئەلحەقی ئەگەر بڕۆیت شەڕەجنێوی ئەم و ئەو و نوکتەی بێتام بخوێنیتەوە، ئەوە نا، بەس کاتی خۆت بەفیڕۆ دەدەیت، ئەو شتانە لە دووتوێی کتێبیشدا بن، بیانخوێنیتەوە، هیچت نەکردووە و تەمەنی خۆت بەزایە داوە، ڕەنج بە خەسار دەبیت.

لێرەوە دەمەوێت بڵێم دەبێت تەرکیزمان لەسەر گۆڕینی پێناسە و چاوەڕوانییەکانمان بێت، تۆزێک واقیعییانەتر بڕوانین و دڵمان زیاتر بکەینەوە. منیش حەزم دەکرد ئەو خواستەی هەندێک لە زانایان و کەسانی زۆر جدی هەیانە، بێتە دی و کتێبخانەکان لە چێشتخانەکان قەرەباڵغتر بن، ئەوانەی پارە دەدەنە کتێب و بۆ فێربوون دەکۆشن لەوانە زۆرتر بن کە پارەیان بۆ پێویستییە جەستەییەکانیانە، بەڵام وا دەزانم ئەوە خەون و بەهەشتی خەیاڵکراوی خوێنەرانە و شتی وا لە دنیادا نە هەبووە و نە دەبێت. لە هەڕەمی پێداویستییەکانی مرۆڤدا لای ئەبراهام ماسلۆ (1908-1970ز) هاتووە: سەرەتاییترین پێویستی کە هەموو مرۆڤەکان تێیدا بەشدارن، پێویستییە جەستەییەکانە، هەوا و ئاو و خەو و خۆراک و پۆشاک و حەزی ژنومێردایەتی. هەموومان ئەو پێویستییانەمان هەیە.

بەڵام مەعریفە و حەزی فێربوونی زیاتر خواستێکی کەمتری لەسەرە. کتێب و خوێندنەوەیش تەنیا ڕێگەی فێربوون و دەستخستنی زاست نین. من خۆزگە دەخوازم کتێبخانەکان جمەیان بێت، تەنانەت ئاواتمە ئەو کافێیانەی بۆ کتێبخوێندنەوە کراونەتەوە، لەبەر کتێبەکانیان قەرەباڵغ بن نەک لەبەر قاوە و چاییەکەیان. بەداخەوە کێشەیەکی گەورەیە خەڵک بۆ قاوەخواردنەوە بڕۆن و دووراودوور سەیری بەرگی چەند کتێبێکیش بکەن، لە کاتێکدا ئەسڵ وایە بۆ پەیداکردن و خوێندنەوەی سەرچاوە و کتێب بچن و بۆ خۆشی و گۆڕینی کەشوهەوایش چایی و قاوە و شیرێک بنۆشن. چەندین جار بینیومە بۆنەیەک ساز دراوە و چەندان پیاوی گەورە لەوێ ئامادە بوونە و گوتە و قسەیان هەبووە، کەچی لە دەعوەتنامەکەدا نووسراوە ژەمی نیوەڕۆیش لەوێ دەخورێت، ئەم باسکردنەی ژەمە خۆراک بۆ ئەوەیە خەڵک بەشداری بکەن! یانی خەڵک بۆ نانخواردنەکە دێن و لەپاڵیشیدا گوێ لەو پیاوانە دەگرن. خۆی ئەسڵ وایە خەڵک بۆ گوێگرتن لەو پیاوانە بێن و لە پاڵیشیدا نان بخۆن. زۆر لەو کتێبخانانەیشی دەکرێنەوە و کافێیان تێدا دادەنرێت، بۆ ئەوەیە لەبەر قاوەخواردنەوەکە گەنجان ڕوویان تێ بکەن، بەو هۆیەیشەوە هەندێ بەرگە کتێب لە پشتەملەوە ببینن. وەرە چایی و قاوەیەک بخۆرەوە و بزانە کتێبیش هەیە، ئەمە جێی داخە. من ئومێد دەکەم دنیا وەهای لێ بێت خەڵکی بۆ کڕین و خوێندنەوە و بینینی کتێب بڕۆنە ئەو جێیانە و بەو هۆیەیشەوە بۆنی چای و قاوە بێتە لووتیاندا و بڵێن: "ئۆۆو، ئەوە قاوەیشیان هەیە، دەبا بچین قاوەیەکیش بخۆینەوە"!

 

چۆن گەشە بە خوێندنەوە بدەین؟

ئەگەر بمانەوێت بە پێناسەیەکی فەلسەفی شتەکە ڕوون بکەینەوە، پێویستە چۆن دەگوترێت «الإنسان حیوان ناطق: مرۆڤ زیندەوەرێکی گۆیا و ژیرە»، ئاوەهایش بۆ دەرخستنی گرنگیی خوێندنەوە بڵێین «الإنسان حیوان قارئ: مرۆڤ زیندەوەرێکی خوێنەرە.» مرۆڤ تەنیا گیاندارێکە کە دەخوێنێتەوە و دەنووسێت. هەڵبەت خوێندنەوەیش هەر بەرهەمی عەقڵە. (نطق) کە زانستی (منطق)یش لەو ڕیشەوە وەرگیراوە و مانای درکاندن و قسەکردن دەدات، هەر بە مانای بیرکردنەوە دێت، چون بیرکردنەوە خۆی قسەکردنە. تۆ کاتێک بیر دەکەیتەوە، لە ناوەوە لەگەل خۆتدا قسە دەکەیت، ئەوە نوتقە، هەر پرۆسەی تەعەققول و جووڵاندنی عەقڵ و بیرکردنەوە جۆرێکە لە دوان و پەیڤین، لێکدانەوە عەقڵییەکان کاتێک بە زمان دەنگیان دەدرێتێ و بە نووسین پیتیان بۆ دەکرێتە نیشانە و کەرەستەی گەیاندنی بە بەرانبەر و تێگەیاندنی ئەوانی دی، هەمووی کەلام و نوتق و ئاخاوتنە. کە واتە نووسین و خوێندنەوە ڕێک ئاخاوتن و گوێگرتنە، یا هەمان تێگەیشتن و تێگەیاندنە.

هەندێک کەسی خاوەن فیکر دەڵێن «ئەگەر کتێب نەمێنێت، ئینتەرنێت نامێنێت، زانست نامێنێت، میترۆ نامێنێت و جادە و ڕێگەوبان نامێنێت؟» زۆرینە ئەم قسەیەیان پێ سەیر و ناماقووڵە. بەڵام ڕوونە کە ڕاستە، چون ئەو ئەزموونانە بە نووسین بۆ ئێمە گوازراوەتەوە، هەموو ئەو زانستانە بە نووسین بۆ دواتر ماوەتەوە و دەمێنێتەوە. تەواوی ئەندازیاری کە بەرهەمەکانی دەبینین، هەر لە باڵەخانەیەکی گەورە و زەبەلاح دروست دەکرێت، هەمووی ئەنجامی زانستی ئەندازیارییە، کە کۆمەڵێک ژمارەیە و دەدرێنە دەم یەکەوە، ئەو ژمارانە دەگۆڕێن بۆ چەند هاوکێشەیەک و لە ئەنجامی ئەو هاوکێشانەوە دەگەینە نەخشەی ورد و پڕبەرهەم. هەموو ئەمانە جیاکەرەوەی ئێمەی مرۆڤن لە گیاندارانی تر. مرۆڤ بەبێ نووسین و خوێندنەوە حاڵی دەبێتە حاڵی ئاژەڵان و نە مێژووی دەمێنێت و نە زانست.

بینا لەسەر ئەوەی ڕابورد، دەبێت ڕۆژانە بیر لەوە بکەینەوە ڕۆژانە چەند کار لەسەر زیاترکردنی جیاوازیی خۆمان لە ئاژەڵان و بێعەقڵەکان دەکەین؟ بە ئەندازەی بیرکردنەوە و خوێندەوە و وردبوونەوە و بەدواداچوونت لە دنیای ئاژەڵی دوور دەکەویتەوە، تا زیاتر بخوێنیتەوە و فێر ببیت، زیاتر بەرز دەبیتەوە و بەرەو ئەو پێگە لایقەی بۆ تۆی مرۆڤ دانراوە دەڕۆیت. ئەوەی مرۆڤی کردووە بە سوجدەبۆبراوی فریشتەکان عیلمە. ﴿وَعَلَّمَ آدَمَ الأَسْمَاء کلَّهَا: خوا ئادەمی فێری هەموو ناوەکان کرد﴾ یانی خوا ئادەمی فێری چی کرد؟ ناوەکان یانی زانستەکان، ناونیشانی شتەکان و ڕیزبەندییان. خوا سەرەداوی هەموو مەسەلەکانی فێری ئادەم کردووە، (تصنیف العلوم). نەک ئەوەی ناوی هەرچی لە گەردیلەیەکەوە بیگرە تا کەهکەشانێک، هەمووی فێر کردبێت. کە پۆلێنکردنی ئەو مەسەلانەی فێر کرد، لە زیندەوەرانی تر پێگەدارتر بوو. کاتێکیش فریشتەکان بە جۆرێک سەرسوڕمانەوە لە ڕازی خەڵقی ئادەم دەپرسن و نیوچە پەڵپێک دەگرن، خوای گەورە بە پرسیارێک دەیانخاتە هەڵوێستێکی تایبەتەوە، ئیحراجیان دەکات، دەفەرموێت: ئادەی ناوی ئەو شتانەم پێ بڵێن، ئەگەر ڕاست دەکەن! ئەوانیش بە ملکەچییەوە دەڵێن: لەوەی زیاتر کە خۆت فێرت کردووین، هیچی تر نازانین. دەفەرموێت: "ئەی ئادەم، تۆ لە ناوەکانیان ئاگاداریان بکەرەوە!" ئادەمیش وەڵام دەداتەوە. لێرەدا گەورەترین خاڵی جیاوازیی ئادەم علیه السلام لەگەل فریشتەکاندا دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە لە زانستدا لەسەرووی ئەوانەوە بوو، ئێ زانستیش یانی ئەو نووسین و خوێندنەوەیەی ئێمە باسی دەکەین.

 

خوێندنەوە لە سەردەمی ئینتەرنێتدا

خوێندنەوە لەسەردەمی ئینتەرنێتدا ئاسانتر بووە، بەداخەوە مرۆڤ بۆ ئەوە هەوڵ دەدات تۆزێک بارگرانی لەسەر خۆی لابدات، ئاسانکاری بکات، کەچی ئاسانکارییەکەی لەلایەکی ترەوە دەبێتە هۆی بارگرانی بۆی! ئێستا ژیریی دەستکرد لە ڕووکەشدا فێربوون و دەستخستنی زانستی ئاسان کردووە، کەچی مرۆڤی نەزان و تەمەڵ کردووە و خوازیاریی نەهێشتووە. زۆر کەس ڕوو لە نەوەی تازە دەڵێن: «ئێستا ئێوە زۆر ئاسانتر دەتوانن عیلم دەست بخەن و چیتان بوێت بە چەند چرکەیەک پەیدای بکەن.» بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە زانست تا بە ماندووبوون و کۆڵینەوە و چنگەکڕێ بە دەستی نەهێنیت، لە مێشک و دڵدا نامێنێتەوە. لە چاوتەوە وەریدەگریت و لە گوێ و لووتتەوە دەتکێ و چکێکی لێ نامێنێتەوە. ژیریی دەستکرد نابێتە تۆ، ئەوە ئەوە شت دەزانێت، تۆ فێر ناکات. ڕێک وەک ئەوەیە لەپاڵ زانایەکی بلیمەتدا دانیشتبیت و هەر پرسیارێکیان لێ کردیت، ئاڕاستەی ئەوی بکەیت و بۆ خۆت لەگەل پرسیارکەرەکەدا گوێ لە وەڵامەکە بگریت، پاشانیش دڵت بەوە خۆش بێت کە وەڵامی هەموو پرسیارێک دەزانیت و بۆ هیچ دانامێنیت!

بێ لەوانەی باس کران، فێربوونی زانست جۆرە چێژێکی تایبەتی هەیە، منداڵێک کە دەیەوێت پێ بگرێت، بە حەیاتی نەیزانیوە بۆ دەیەوێت پێ بگرێت! جگە لەوەی حەز دەکات وەک چۆن ئەوانی تر لەسەر پێیان دەڕۆن و ڕێدەکەن، ئەمیش ئاوا بە پێ بڕوات. ئێمە کە خۆراک دەخۆین تەنیا بۆ دابینکردنی پێویستییە جەستەییەکانمان نییە، تەنیا بۆ تێربوونیش نییە، بەشی زۆری ئەو شتانەی دەیانخۆین بۆ چێژبینین و تامکردنیانە. خوێندنەوە و کونکۆڵی و فێربوونیش ڕێک ئاوەهایە.

سەرباری ئەوەی بەداخەوە یاریچییەک بەقەدەر بیست هەزار زانا و فێرخواز پارە و مووچە وەردەگرێت، بەڵام هێشتا عیلم بەقەدرترە. ئەمە لە هەموو سەردەمێکدا، لە ئادەمەوە علیە سلام تا ئەمڕۆ، هەر وا بووە و وایە. بۆ؟ چۆن؟ چونکە تۆ ئەگەر زانا بیت، لەگەل پیربوون و گەورەبوونتدا -ئەگەر خۆت سەر لە خۆت تێکنەدەیت- تا بێت بەقەدرتر دەبیت، کەچی یاریچییەک تا ئەو لەحزانەی یاری دەکات خەڵک دەیناسن و خۆشیاندەوێت، دوای چەند ساڵێکی کەم ناوبانگ و هەواداری یا نامێنن یا زۆر کەم دەبنەوە، ئیتر ناوبانگی پێشووی دەبێتە حەسرەتێک بۆی، چونکە ئەو یارییەی بە جەستە دەکرێت، دوای ماوەیەکی کەم ڕەونەقی نامێنێت، ئاخر جەستە پاش چەند ساڵێک ئیتر بە دواتدا نایەت و بە قسەت ناکات! کە دەبینیت یەکێکی تر یارییەکە دەکات و جەماوەر هاواری بۆ دەکەن و هەواداری لێ جەم دەبن، یا کەسێکی دی دێت و باش لە گەمەکە نازانێت و تۆیش تازە کەڵکی گەمەکردنت نەماوە، لە ناختەوە خەریکە شەق دەبەیت و دڵت وەختە بتەقێت. جگە لە هەموو ئەم عیللەت و سیفەتانە کە ڕەنگە بڕێکیان بۆ زانایانیش ڕوو بدەن، سەرتری زانست و زانایی لەوەدایە لای خوا و بۆ قیامەتیش حسێبی زۆر زیاتر و پلەی فرە بەرزترە و ئەو ئەوینەی لە دڵی ئەویندارانتدا بۆت دەخولقێت زیاتر بەندە بە خۆتەوە، نەک بەسترابێت بە شتێکی زیاد لە خۆت. بە تەعبیرێکی کەمێک کەلامی بڵێم، زانست سیفەتێکی زاتییە، عیلم یەکێکە لە سیفەتە زاتییەکان، بەڵام هونەری گەمەکردن و خۆشنووسی و شتەکانی تر سیفەتی کردەیین. سیفەتە زاتییەکان بەپێچەوانەی سیفەتە کردارییەکانەوە، هەمیشە و بێ چرکەیەک نەمان یا دیارنەمان پێتە لکاون. یانی خۆتی ڕاستەقینە بێ ئەو سیفەتانە وێنا ناکرێیت.

محەمەد عەلی کلای، کە ڕۆژگارێک بەهێزترین بۆکسی هەبوو لە هەموو دنیادا، لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا مەشخەڵی ئۆڵۆمپیادیان دایە دەستی تا ئاگرەکەی پێ بکاتەوە، لەبەر نەخۆشیی پارکینسۆن (Parkinson's disease) دەستەکانی دەلەرزین و نەیتوانی مەشخەڵەکە بگرێت، دەستیان گرت بۆ ئەوەی ئاگرەکە بکاتەوە. خۆی لەوێدا گوتی: «﴿يَا أَيُّهَا الْإِنسَانُ مَا غَرَّک بِرَبِّک الْکرِيمِ: ئەی مرۆڤ، چ شتێک بە پەروەرێنی خۆت غەڕا و سەرکەشی کردوویت؟﴾، ئەو دەستەی بەهێزترین دەستی دونیا بوو، ئێستە مەشخەڵە ئاگرێکی پێ هەڵناگیرێت». ناوبانگ و خۆشەویستیی محەمەد عەلی کلای تا کاتی وەفاتی لەنێو هەوادارانیدا مابوو، بەڵام لەبەر بیری ڕۆشن و ڕەوشتی بەرزی نەک لەبەر هێزی جەستەی، زانا و بیرمەندانی گەورەی وەک شێخ یووسف قەرەزاوی و مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس و محەمەد قوتب و... هەتا پیرتر دەبوون دەوریان قەرەباڵغتر دەبوو و خەڵک بە پیرۆزتر و بەرەکەتدارتر سەیریان دەکردن. بۆیە نابێت بەوە بغافڵێن و بخەڵەتێین کە دەگوترێت «وەڵا خوێندنەوە هیچ نییە.» من لە چەندین شوێنی تریشدا گوتوومە: لانی کەم خوێندنەوە باشترین پەناگەیە بۆ ڕزگارکردنت لە تەنیایی -دەردی ئەم سەردەمە-، دەتوانیت لە گۆشەیەکدا بەدیار کتێبێکەوە ڕۆنیشیت و چێژی مەعنەوی ببینیت.

 

هەنگاوێکی کردەیی و ئاسان بۆ بەفەرهەنگیکردنی خویندنەوە

زانراوە کە لە ناوەندەکانی خوێندندا -لە سەرەتاییەوە هەتا زانکۆ- وانەیێک بۆ وەرزش دادەنرێت و ئەگەر ڕووکەشانەیش بێت مامۆستا و پرۆگرام و کات و نمرەی بۆ تەرخان دەکرێت، هەرچەند بەداخەوە لە زۆر قوتابخانەدا دەیخەنە دەرسی کۆتاییەوە بۆ ئەوەی قوتابیان بڕۆنەوە، کە ئەوە هەڵەیە. هەموان دەزانین وەرزش شتێکی جدییە، هەڵبەت بۆ مرۆڤ کە ئەنجامی بدات نەک تەنیا لە شاشەوە سەیری بکات. ئەوەی من بڕوام پێیەتی ئەوەیە یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەی دەبێت وەکو بیرکاری و کیمیا و فیزیا و ئابووری و مێژوو گرنگیی پێ بدرێت، خوێندنەوەیە. کتێبخانەی ڕاستەقینە و کارا لە ناوەندەکانی خوێندندا هەبێت و مامۆستا و پشک و مەنهەج و نمرەی بۆ دابنرێت، پێویستە ئەمە هەر لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ هەبێت، بە شێوەیەکی سەرتاسەری و بە گرنگیپێدانێکی جدییەوە. لە زانکۆ وانەی کتێبخانە و توێژینەوەی زانستی هەیە، بەڵام دەزانین چتۆ وانەیەکە و چۆن دەگوترێتەوە و چەندە بێبەها لێی دەڕوانرێت، جاری وا هەیە مامۆستا دێتە ژوورەوە، دوو پەڕەی ئەی چواری حازر کردووە، دەیداتە نوێنەری گرووپ و دەڵێت کۆپی بکەن و بیخوێنن. ڕێک وەک بابەتی بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی قۆناغی بنەڕەتی، بەها مرۆییەکان بەبەهاترین شتن بۆ مرۆڤ، کەچی بێبەهاترین وانەیە لای قوتابیان! توێژینەوە و کۆڵینەوە ئامانجی یەکەمی زانکۆ و خوێندنی باڵایە، کەچی وانەی کتێبخانە و توێژینەوە -وەک وەرزش و بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی- کراوەتە وانەیەکی لاوەکی و خۆشی و دەخرێتە کاتە مردووەکانیشەوە، وەک وانەی شەشەم، بۆ ئەوەی خوێندکار پێیانەوە پابەند نەبن و بۆ خۆیان پشوویەکی تێدا وەربگرن.

دەبێت مامۆستایەک کە دەبێتە مامۆستای ئەو بابەتە، خۆی بەکردەیی خوێنەرێکی باش بێت، لەگەل قوتابییەکانیدا ڕووی شیرین و پەیوەندیی بەهێز و نێوانی خۆش بێت، ئەنجا بێت و کتێبێکیان بەسەردا دابەش بکات، داوایان لێ بکات هەموویان بیخوێننەوە، پاشان ڕانانی بۆ دەکەن و لەنێو خۆیاندا گفتوگۆی بکەن. ئێمە بەم شێوەیە دەتوانین خوێندنگە و زانکۆکانمان بکەینە ناوەندێکی مەعریفی. نەک ئەگەر بە فێرخواز بڵێیت: ئەگەر شاغرتان (ئەو کاتەی هیچ وانەیەکتان نییە یان مامۆستا لە پۆلدا نییە) بوو، بچن بۆ کتێبخانە! بەمە قوتابیان نابنە خوێنەر و خوێندنەوە نابێتە فەرهەنگ. پێویستە خوێندنەوە و توێژینەوە ببنە وانەی ڕەسمی، لە ڕێی کەسی شیاوەوە ئەلفبێی خوێندنەوەی فێر بکرێت.

سروشتی مرۆڤ وایە کاتێک کەسێکی لە خۆی گەورەتر و پێگەدارتر دەبینێت خەریکی شتێکە و گرنگیی پێ دەدات، سەرسام دەبێت و حەزی دەچێتە سەر ئەو شتە، دواتر حەز دەکات لاسایی بکاتەوە و چاوی لێ بکات. ئەگەر خوێندکارێکی سەرەتایی ببینێت مامۆستایەکی ڕووخۆش و میهرەبانی، بەتام و چێژەوە باسی کتێب دەکات و ڕۆژانە سەری لەنێو کتێب و خوێندنەوەدایە و ناوی زانایان دەهێنێت و دەڵێت لە کتێبی فڵاندا، فیسارە زانا و بیرمەند و ئەدیب وا دەڵێت، ئەویش خۆبەخۆ بەرەو کتێب دەڕوات و ڕوو دەکاتە خوێندنەوە.

بەندە چەند ساڵێک بۆ خوێندن لە ئێران ژیاوم، یەکێک لەو شتانەی بەلامەوە زۆر سەیر بوو و مایەی ڕامان بوو ئەوە بوو، کە دەچوویتە کتێبخانەکان و ڕێت لە خانەی چاپ و وەشانێکی گەورەی وەک ئەمیرکەبیر دەکەوت، دەتبینی چەند کارمەند دانیشتوون، دەتپرسی: فڵانە کتێب هەیە؟ خێرا یەکێکیان وەڵامی دەدایەوە: وەرگێڕانی فڵانت دەوێت، یان فڵان؟ چاپە نوێکەت مەبەستە یا کۆنەکە؟ سەیر بوو کە ئەم کارمەندە چۆن وا ئاگادارە و دەزانێت ئەم کتێبە چەند وەرگێڕانی هەیە و وەرگێڕەکانی کێن و کامە وەرگێڕانیان ڕەوانتر و باشترە! کە دەتگوت: ئەویانم دەوێت. دەیگوت: ئەوەمان نەماوە، بەتەماین ئەم حەفتەیە چاپی تازەی بکەینەوە، بەڵام ئەوی ترمان هەیە و ئەوەتا لەلای چەپ و ڕیزی ئەوەندەدایە... بەمەدا دەمانزانی ئەمانە کتێبیان چەند بەلاوە گرنگە.

بەهەمان شێوە لەناو زانکۆدا کە پرسیارمان لە مامۆستای بابەتێک دەکرد: لەم بوارەدا چی بخوێنینەوە؟ ناوی چەندین کتێبێکی پێ دەگوتین، ئەوەیشی دەگوت کە ئەم کتێبەیان چوار وەرگێڕانی هەیە، وەرگێڕانەکەی ئاغای فڵان بە کەڵکی هیچ نایەت، وەرگێڕانێکی تازەیشی هەیە، ئەم مانگە چاپ بووە... بەوەدا دەردەکەوت ئەم مامۆستایە ئەپدەیتە. ئیتر خۆبەخۆ پێت عەیب بوو جێ بمێنیت و لەم کاروانەدا جووڵەیەک وەبەر خۆت نەدەیت، ئاخر مامۆستاکە زۆر لەپێش تۆوە بوو. بەڵام ئەگەر تۆ لە ناوەندێکدا بیت و مامۆستاکەت لە تۆ بێتاقەتتر بێت و حەوسەڵەی خوێندنەوەی هیچی نەبێت، بە مانگ ناونیشانی کتێبێک نەبینێت و دە پەڕە نەخوێنێتەوە، حەتمەن تۆیش خاو دەبیتەوە و خوێندنەوەت بەلاوە بێبەها دەبێت، دەی ڕوونە کە تەمەڵی درمە و دەگوێزرێتەوە.

 

نابێت چاولێکەر بین، با هەوڵ بدەین چاولێکراو بین

شتێکی تری گرنگ هەیە، شیاوی ئاماژەپێدانە، ئەویش ئەوەیە کە نابێت هەمیشە چاومان لە سەرەوە بێت و چاوەڕێ بین بزانە چیمان بۆ دەکەن. دەمی هەموومان بکەرەوە دەڵێین: خەتای حکوومەتە و سیستەمەکە وایە و دەسەڵات ئەمەی کردووە و… تۆ لە حکوومەت گەڕێ، لە باوک و دایکت گەڕێ کە خوێنەوارییان نییە، یان خوێنەوارییەکی ئیداری و بڕوانامەیەکیان هەیە و هیچ ناخوێننەوە. لەوان گەڕێ و لە خۆت بپرسە: بۆچی من وا نەبم کە دەستی ئەوانی تر بگرم؟ بۆ هەمیشە چاوەڕێیت یەکێک دەستت بگرێت؟ لە فەرمایشتی دروستی خۆشەویستدا هاتووە: «اليَدُ العُلْيَا خَيْرٌ مِنَ اليَدِ السُّفْلَى: دەستی باڵا لە دەستی نەوی چاکتر و پڕخێرترە»، ئەو دەستەی لە هەر ڕوویەکی باشەوە باڵایە، لەپێشتر و خێردارتر و بەرەکەتدارترە لەوەی کە هەمیشە چاوەڕوانە و لە ژێرەوەیە. ئەو دەستەی یەخەی زاڵم و مەچەکی دز و دەستی هەژار دەگرێت، دەستێکی پڕپیتە، لەگەل ئەو دەستەی چەپڵە بۆ ستەمکار لێ دەدات و دەمی حەقبێژ و چاوی حەقخوازی پێ دەبەستێت، نابنە یەک، تەنانەت زۆر لەو دەستەیش باشترە کە پان دەکرێتەوە و چاوەڕێ دەکات بیگرن و لە چەرمەسەری دەریکەن. پێغەمبەری خوا ﷺ ئەگەر خراپیی باوەڕ و ژیان و ڕوانینی خەڵکی بکردبایە خەتای ژینگە، دەیگوت «کە من هاتمە دونیاوە سێ سەد و شەست بت لەناو عەکبەدا بوون، خەڵکی هەموو نەفام و بتپەرستن و خۆیان نایانەوێت چاک بن، سەرانی قورەیش دەبێت خەمێک لە دۆخەکە بخۆن و چاکی بکەن... یانی چی بکەم و چیم پێ دەکرێت؟ ئەم هەموو خەڵکە بە من ناگۆڕێن»! نا بەعەکسەوە، ڕێگەیەکی هەزار کیلۆمەتری بە یەک هەنگاو دەست پێ دەکات، گەورەترین پرۆژە بە جووڵەیەکی گچکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەرکەس دەتوانێت جیاواز بێت و بەر شەپۆلی باوی خراپ نەکەوێت و خۆی ڕابگرێت، هەر وەک چۆن لە ماڵەوە زۆرینەی گەنجان مۆدێلی سەر و شکڵ و داهێنانی پرچ و قژیان بە دڵی دایک و باوکیان نییە، هەر ئاوەهایش دەتوانن لە خوێندنەوەدا وەک ئەوان نەکەن، گەر ئەوان ناخوێننەوە. نابێت بڵێین «من باوکم کتێب ناخوێنێتەوە، دایکم ناخوێنێتەوە، من چۆن بخوێنمەوە؟» ئەی ئەوان وەکو ئێمە لە خەمی شکڵ و کەشخەییدان؟ سپرای و جێل لە پرچیان دەدەن؟ یاریی ئەلیکترۆنی دەکەن؟ ئەوەندە خەویان قورسە؟! ئەی بۆچی لەمانەدا چاو لەوان ناکەین؟ با لەمەی تریشدا وەک ئەوان نەبین، با ئێمە ببینە ڕێنیشاندەری ئەوان و خوویەکی باشیان فێر بکەین و نیشان بدەین.

ئومێد دەکەم خۆم نموونەیەکی باش بم بۆ ئەوانەی دەخوێننەوە، تەقە تەق خوێندنەوەم هەیە، خوێندنەوەی من تەماحکارانە و چڵێسانەیە، لە شتێک دەکۆڵمەوە، ئیتر بۆ ئەو شتە و دەربارەی ئەوە دەخوێنمەوە. بەڵام حەسوودییش بەوانە دەبەم شان دەدەنە بەر کتێبێک و بەرگ بۆ بەرگ دەیخوێننەوە. هەندێ جار دەبێ فشار بۆ خۆمان بێنین و بیانووی خوابواردن ببڕین. هەندێ جار خەتی ئینتەرنێتی مۆبایلەکەم دەکوژێنمەوە و بۆ چەند مەترێک دوورتر لە خۆم فڕێی دەدەم کە دەزانم لەبەر تەمەڵی ناتوانم بۆی بچم، ئیتر کتێبێک دەگرمە دەستەوە، هەر هێندە حسێبە تۆزێک فیکر و دڵی خۆمم پێ دا، ئیتر ئەمبات. باوەڕم وایە ئەو دۆپامینەی لەوێدا دەڕژێت و ئەو چێژەی لەوەی وەردەگرین، لە هیچ شتێکی تردا نایەتە دی، چونکە چێژێکی حەقیقیی هاوبەشی نێوان عەقڵ و دڵ و ویژدانە، هەست دەکەین ئەرکێکمان ئەنجام داوە.

 

خوێندنەوە تەنیا چاوخشاندن بە پیت و وشەی نووسراو نییە

بیریشمان نەچێت، وەک گوتم، خوێندنەوە تەنیا لەوەدا نییە کتێبێک بخوێنینەوە، جاری وا هەیە تۆ واقیع دەخوێنیتەوە. خوای گەورە لە یەکەم ئایەتی قورئاندا بە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: ﴿اقرأ: بخوێنەرەوە!﴾، چی بخوێنێتەوە؟ ئەوە یەکێکە لەو پرسیارانەی دەبێت لە خۆمانی بکەین. ئایا جوبرەئیل نووسراوێکی نیشانداوە و پێی فەرمووە بیخوێنەرەوە؟ نا، بخوێنەوە، واتا چاو بگێڕە، بفکرە، ورد بەرەوە، چاودێری و کۆڵینەوەت هەبێت، بگەڕێ و بەدوای حەق و ڕاستی و فێربووندا بچۆ... ئەوەی ئێستا پێی دەگوترێت سێرچ و ڕیسێرچ. زانراوە داروین کە بایۆلۆجیی سەرلەبەر گۆڕی، شۆڕشێکی بەرپا کرد، زانکۆی تەواو نەکردووە، کەیفی بە خوێندنی ڕەسمی نەدەهات. سەرباری هەوڵی جۆراوجۆری باوکی، نە کۆلێژی پزیشکیی بردە سەر و نە هونەرەکانی درێژە پێ دا. بەڵام بە کۆڵینەوە و بەدواداچوونی کردەیی بوو بەو داروینە. هەموو ئەمانە خوێندنەوەن.

تاگەکان    
کتێب خوێندنەوە ئاوی زەمزەم کۆیلایەتی ڕانانی کتێب چەواشەکاریی لۆژیکی ئازادی چیرۆک وەلی ئەمر بوونەوەری ئاسمانی تەلارسازی تەوبە مانا ئایین پۆرن
فیکر
2024-03-19 کۆمێنت 11 خولەک بۆ خوێندنەوە 690 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی