بۆچی کتێبی فوتووەی سوللەمیم وەرگێڕایە سەر زمانی یابانی؟

نووسینی: د. قەیم نایۆکی یامامۆتۆ وەرگێڕانی: بڕوا حسێن
فیکر 2024-03-13 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 810 جار بینراوە

کاتێک لە تورکیا وانە لەبارەی کەلتووری یابانی دەڵێمەوە، زۆر جار ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەکرێمەوە: "چۆن یابانییەکان ئەوەندە بەڕەوشتن لە کاتێکدا هیچ دینێکیان نییە؟"

لە سەردەمی مەیجیدا پرسیارگەلی هاوشێوە، بەڵکو دەمارگرانەتریش، لە یابانییەکان دەکرا. بۆ نموونە، کاتێک نیتۆبی ئینازۆ، کە ڕۆشنبیرێکی کریستیانی یابانیی سەردەمی مەیجی و نووسەری کتێبی "بوشیدۆ: ڕۆحی یابان"ـە، ئەوەی بۆ پرۆفیسۆرێکی بەلجیکی ڕوون کردەوە کە پەروەردەی ئایینی لە یاباندا نەبوو، پرۆفیسۆرەکە وەڵامی دایەوە: "پەروەردەی ئایینی بوونی نییە! کەوایە یابانییەکان چۆن فێری ڕەوشت دەبن؟"

لە وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوەدا ئینازۆ نیتۆبی ڕوونی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی کە یابانییەکان هاوشێوەی کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکان پەروەردەی ئایینییان نییە، ڕەوشت لە کۆمەڵگەی یابانیدا لە ڕێگەی کەلتوور و ئایینە نەریتییە یابانییەکانەوە ڕەگی داکوتاوە، کە ئەو ناوی "ڕەوشتی سامورای"ـی لێ نابوو. نووسینەکانی ئەو لەم بوارەدا پێزانینی جیهانیی پەیدا کردووە بۆ ڕەوشتی سامورای، بوشیدۆ و وشەی "سامورای".

لە لایەکی دیکەوە، تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی یابانی ئاسان نییە. هەرچەندە یابانییانی هاوسەردەم لە هەندێک لایەنەوە میراتگری بنەما ڕەوشتییەکانیان، ئەوان لە بیریان چووە چۆن لە کۆمەڵگەکەیاندا کاری پێ بکەن.

لەم نووسینە کورتەدا، پێم خۆشە پەیامی کتێبی وێنەیی ئەنپانمان {Anpanman} بخەمە ڕوو، کە سەرچاوەی ئەو کەلتووری ڕەوشتەیە وا بەزەحمەت لە کۆمەڵگەی یابانیدا ماوە و، چۆن من لە سەرچاوە کلاسیکییە ئیسلامییەکان و کۆمەڵگەی ئیسلامییەوە بۆ زیندووکردنەوەی کارپێکردنیان بیرۆکەیەکم وەرگرتووە.

زۆرینەی خەڵکی کاتێک لەبارەی تێگەیشتنی تاکی یابانییەوە بۆ ڕەوشت لێیان دەپرسرێت، بە باسکردنی کەلتووری نەریتیی بوودایی و شینتۆی یابانی دەست پێ دەکەن، بەڵام من وەکو یابانییەک کە لە یابان لە دایک بوومە و گەورە بوومە، گومان لە قایلکەریی ئەو باسە دەکەم؛ ڕێی تێ دەچێت یابانییەکی بێدین ژیانێکی تەواو دابڕاو لەو دینە نەریتییانە بژێت، کەچی ئەو ڕەوشتانە لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت. بەڵام دەتوانم بیر لە لێکدانەوەیەکی دیکە بکەمەوە، بە چیرۆکێک کە نزیکەی هەموو یابانییەک خوێندوویەتییەوە، ئەویش چیرۆکی ئەنپانمانە.

ئەنپانمان کاراکتەرێکی خەیاڵییە کە بەرهەمی هونەرمەندی مانگا {Manga}، نووسەری وێنەکتێب و شاعیر تاکاشی یاناسی-یە. ئەو پاڵەوانێکی دادپەروەرییە و لەدایک بوو کاتێک "ئەستێرەیەکی ژیان" کراوەتە نێو کولیچەیەکی هەویری فاسۆلیاوە لە کاتی ناندرووستکردندا. لەبەر ئەوەی ئەو پاڵەوانی نانی ئەنپانە -کولیچەی شیرین-، دەموچاوی ئەو پڕە لە هەویری فاسۆلیای سووری شیرین. ئەو بۆ لای ئەوانە دەفڕێت کە بەدەست برسێتی، نەخۆشی و تەنیاییەوە دەناڵێنن و نانی پڕ لە هەویری فاسۆلیای شیرینیان پێ دەدات، بە لێکردنەوەی نانەکە لە ڕوخساری خۆی.

یابانییەکان ئەم پاڵەوانەیان خۆشدەوێت، هەر لە تەمەنێکی کەمەوە، تەنانەت کە هێشتا فێری زمانەکە نەبوون، منداڵە یابانییەکان لاسایی ئەنپانمان دەکەنەوە بە گوشینی گۆنا نەرمەکەیان و پێدانی نان بە دایک و باوکیان. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە بەگوێرەی ڕەخنەگری مانگا/ئەنیمیی تۆشیۆ ئۆکادا، زنجیرەی ئەنپانمان لای هەندێک لە ئەمریکییەکان بەناوبانگ نییە چونکە ئەو شێوازەی کە نان لە دەموچاوی دەکاتەوە و بەوانی دیکەی دەدات بیرخەرەوەیە بۆ مرۆڤخۆری.

بەڵام بە لای یابانییەکانەوە، بە یاناسی-یشەوە، کارەکەی ئەنپانمان جگە لە دەرخستنی دادپەروەری هیچی تر نییە. چیرۆکەکە لە ئەزموونی یاناسی خۆیەوە لە ماوەی دووەمین جەنگی جیهانیدا ئیلهامی وەرگرتووە. کاتێک ئەویان لە سوپای یابانیدا ناونووس کرد، وایان فێر کردبوو کە جەنگەکە دادپەروەرانەیە، بەڵام دوای دۆڕان، پێی گوترا کە یابان دەستدرێژکار بوو. یاناسی تێگەیشت کە دادپەروەری لە نێوان دەسەڵاتە گەورەکاندا جگە لە یارییەکی هێزیی سیاسی هیچی تر نەبوو و هەمیشە قوربانییەکان خەڵکی ئاسایی بوون. کاتێک بینیی لە دوای جەنگەکە خەڵکی بەکۆمەڵ بەدەست کەمیی خۆراکەوە دەیانناڵاند، بۆی دەرکەوت کە دادپەروەریی ڕاستەقینە لەو کەسەدایە کە نانێک بە منداڵێکی لێقەوماو دەدات.

بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە و ڕامانەکانی لە دوای جەنگەکە، ئەو کاراکتەری نانەوای بەکار نەهێنا، بەڵکو خودی نانی بەکار هێنا. دەشێت بوترێت کە کاراکتەری نان ئاماژە بە ڕۆحی مرۆ یان هێزی ژین و ئەو ڕاستییە دەکات کە لەخۆبردوویی پێویستی بەقوربانییە. کاتێک ئەنپانمان دەموچاوی خۆی دەڕنێت و بە کەسانی برسیی دەدات، دەموچاوی شێواوتر و زبرتر دەبێت، بەڵام ئەو کەسەی نانەکەی پێ دەدرێت بە نانە شیرینەکە دەبووژێتەوە. بە مانایەکی دیکە، لەخۆبردوویی واتا بوونی خود بخەیتە مەترسییەوە لەپێناو ئەوانی دیکەدا. یاناسی ویستی بە یابانییەکان بڵێت کە ئەو کەسەی لەگەڵ ئەو ئازارەدا دەژی کە ڕۆح و جەستەی بەبێ گومان لێ دەکرێتەوە و بۆ ژیانی کەسێکی دیکە بەکار دەهێنرێت، کەسی چاکەکاری ڕاستەقینەیە. پێویستت بە ئارگیومێنتی پوخت یان ڕەخنەگریی عەقڵیی پەتی نییە بۆ قسەکردن لەبارەی دادپەروەرییەوە، بابەتەکە تەنیا بەوەوە پەیوەستە ئایا تۆ ئامادەیت دەستبەرداری ئەو نانە بیت کە لە دەستتدایە و ژیانت کەم کەیتەوە بۆ کەمترین ڕادەی پێویست لەپێناو ژیانی ئەوانەی لە بەردەمتدان.

سەرەڕای ئەوەیش کە یابانییەکان چیرۆکێکی جوانی وەهایان دروست کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ منداڵەکانیان، هێشتا جێگای گومانێکی زۆرە کە کۆمەڵگەی یابانی لە واقیعدا جێبەجێی بکەن. لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی خۆکوژیی ساڵانە لە یاباندا ٢١،٥٨٤ تێدەپەڕێنێت. گەنجانی یابان بەردەوام دەبن لە ناڵین بەدەست تەنیایی و هەستی پەنگخواردوویی کۆمەڵایەتی. چۆن ئێمەی یابانی مرۆڤایەتیی خۆمان بەدەست بێنینەوە؟

دەمەوێت بۆ زیاتر ڕۆشناییخستنە سەر بەهێزیی ئەم لێکچووییە ئەزموونی خۆم بگێڕمەوە. سەرباری گەورەبوون لەنێو نەریتێکی گێڕەرەوەی هێندە جواندا، من دەمێکە گرنگیی کارکردن بە لەخۆبردووییم لە بیر کردووە. کاتێک لە دواناوەندی بووم، شەرمم دەکرد کە ئارەزوویەکی هێندە "سەرکەوتووی کۆمەڵایەتی"م نەبوو سەبارەت بە هەڵبژاردنی زانکۆ، لە کاتێکدا ئەوانەی لە چواردەورمدا بوون کۆلێژی یاسایان هەڵبژارد تا ببن بە پارێزەر، کۆلێژی ئەندازیاری تا ببن بە ئەندازیاری سیستەم و زانکۆی تۆکیۆیان هەڵبژارد تا ببن بە بیرۆکراتگەلی نایاب.

پاشان کاتێک لە قۆناغی سەرەتای کۆلێژ بووم، من زۆر بەقووڵی بە کتێبێک سەرسام بووم کە لەلایەن شەیخە خەولە-وە نووسرابوو، کە یەکەمین زانای ئیسلامیی یابانیی ئافرەتە، کە ئیلهامی پێ بەخشیم بە دووی زانستە ئیسلامییەکان بکەوم.  لە هاوینی ساڵی دووەمی زانکۆم لە میسر مسوڵمان بووم و، لە زستانی هەمان ساڵدا وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئایدیاڵە کۆمەڵایەتییەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە زانکۆکەمدا کرا، بە بەشداربوونی پرۆفیسۆر ڕەجەب سەنتورک. من هێندە سەرسامی پێشکەشکارییەکەی بووم لەسەر کۆمەڵگەی فرەچینی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماکانی تەسەووف لە پشتیانەوە کە بڕیارم دا بۆ ساڵێک لە تورکیا بخوێنم.

لە تورکیا لە پەیمانگەیەکی تایبەتی پەروەردەیی لە ئەستەنبووڵ مامەوە کە زانستە ئیسلامییە نەریتییەکان و زانستە ڕۆژاواییەکانی دەوتەوە. ناوی ئەو پەیمانگا تایبەتە ISAR بوو؛ بۆم دەرکەوت کە ناوی پەیمانگە تایبەتەکە لە وشەی عەرەبی (إيثار)ەوە وەرگیرابوو، کە مانای لەخۆبردوویی دەدات.

من یەکەم میوانی یابانی بووم لە پەیمانگاکە و لە بەشەناوخۆیی لەگەڵ قوتابیگەلی تورکی، ئازەری و ئەمریکیدا دەژیام. هەندێک لە قوتابییەکان پسپۆڕی خوێندنی ئیسلامی بوون، ئەوانی دیکە پسپۆڕی ئەندازیاری، یاسا، پزیشکی و زانستی سیاسی بوون. کاتێک قسەم لەگەڵدا کردن، بۆم دەرکەوت کە هۆکاری ئەوەی لە دواناوەندی بڕیارم لەسەر ڕێبازی پیشەیی نەدابوو ئەوە نەبوو کە "نیازم نەبوو لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە سەرکەوتوو بم"، بەڵکو ئەوە بوو کە من بەقووڵی بیرم لەوە نەکردبوویەوە کە دەتوانم چی بۆ کۆمەڵگە بکەم.

سەرباری ئەوە، دیتنی نەریت و شێوازی گەیاندنی زانستی ئیسلامی لەنێو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا ئەزموونێکی زۆر نوێ بوو بۆم. لە یاباندا وتار و دەستەی خوێندن لەسەر بووداییزم و بابەتەکانی دیکە شتێکی باو بوو، بەڵام هەمیشە کرێی خوێندیان دەسەند. لە ڕوانینەوەدا بۆم دەرکەوت کە من لە تورکیا هەرگیز بۆ بەشداریکردن لە وانەیەکی خوێندنە ئیسلامییە نەریتییەکاندا پارەم نەداوە. بەپێچەوانەوە، زۆر جار مامۆستاکان سەردانی خوێندکارەکانیان دەکەن یان تەنانەت لە ماڵەوە خواردنیان بۆ ئامادە دەکەن. مامۆستاکانی خوێندنی ئیسلامی داوای شتێک ناکەن لە بەرانبەر ئەوەی ببەخشن، بەڵکو ئەوان گیانی خۆیان دەبەخشن بەوانی دیکە بە ئامانجی گەیاندن و زیندووکردنەوەی زانست. لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا پەیوەندییەکی گەرموگوڕم لەنێوان دەستخستنی زانیاری و کارپێکردنیدا بەدی کرد، کە بەتەواوەتی جیاوازە لەو فەلسەفەی پەروەردەیەی من لە یاباندا وەرمگرتووە.

نوکوڵی لەو ڕاستییە ناکرێت کە ئێمەی یابانی، کە "بە دوای چاکە"دا دەژین، ئەو سیستەمی زانستەمان لەدەست داوە کە پاڵپشتی خزمەتکردن دەکات لەپێناو مرۆڤایەتیدا. پاشکۆ نەریتییە کەلتوورییەکانی وەک بوشیدۆ -ڕەوشتی سامورای- یان کەلتوورە باوەکانی وەک ئەنپانمان، نارووتۆ یان تانجیرۆ لە کاراکتەرەکانی شۆنێن مانگادا و هەتا دوایی، هەموویان گەڵای جوانن، بەڵام ڕەگەکانیان، سەرچاوەکانی ڕەوشت و توانای داهێنان، تا بێت لاوازتر دەبن. قیرتاوە ڕێگای بەها نوێیەکان، لە شوێنکەوتنی کارایی و قازانجدا، ڕەگەکان دەخنکێنێت و ڕێگەی سەرهەڵدان و چرۆکردنیان بۆ گوڵ و پەلوپۆی جوان لێ دەگرێت.

لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا کاریگەریی نوێگەریی هاوشێوەیە، پێدەچێت توندتریش بێت، بەڵام شارستانەتیی ئیسلامی هێشتا سیستەمێکی ڕەوشت و زانستی هەیە کە ڕێنماییە ڕەوشتییەکان بە مسوڵمانان دەدات و بەهاکانیان پێ دەبەخشێت و هانیان دەدات کە کاریان پێ بکەن.

بۆیە ئەمە ئەوە بە دووی خۆیدا دەهێنێت کە پێویستیی کەلتووری و فەرهەنگی بۆ یابانییەکی مسوڵمان کە لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرندا دەژی ئەوە بێت سیستەمە ڕەوشتی و زانستییەکانی شارستانەتییە ئیسلامییەکان بخوێنێت، هاوشانی جۆراوجۆری لە کارپێکردنە ناوچەییەکانیاندا. ئەمە ڕێگە بۆ یابانییەکان خۆش دەکات کە کۆمەڵگەی مرۆڤدۆست زیندوو بکەنەوە لە ڕێگەی بنیاتنانی تۆڕێک لە خەڵکی کە کار بە ڕەوشتی ئیلهامبەخش لە ئیسلامەوە دەکەن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا و، ئاودانی ئەو گەڵای چاکەکارییەی لە کەلتووری یابانیدا ماوە بۆ ئەوەی وشک نەکەن و بوەرن.

لە هەنگاوی یەکەمی ئەو تاقیکردنەوە کەلتوورییەدا، لەسەر پێشنیازی پرۆفیسۆر ڕەجەب، من یەکەم کتێبی شارستانەتیی ئیسلامیم لەسەر فوتووە وەرگێڕایە سەر یابانی، کە لە نووسینی ئەبوو عەبدوڕڕەحمانی سوللەمییە. سوللەمی سۆفی، شیکەرەوەی قورئان و زانایەکی فەرموودەی ناسراوە. پرۆفیسۆر ڕەجەب ڕوونی کردەوە کە چۆن ڕۆحیەتی فوتووە شکۆدارترین ڕەوشتە، کە بناغەی شارستانەتیی ئیسلامیی پێک هێناوە. تەنیا فەلسەفەیەکیش نییە، بەڵکە سەرچاوەیەکی ئیلهامە بۆ هەموو شتێک لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا: ئەکادیمی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.

کتێبی فوتووە، ئایدیاڵەکانی فوتووە بە فەرموودە و حیکایەتەکانی سۆفییان شی دەکاتەوە، کە هەر چاکەکارییەک سیلسیلەیەکی -زنجیرە- لەگەڵدایە. سیلسیلە تەنیا زنجیرەیەک نییە کە دەستەبەری دروستیی زانیارییەکە دەکات، بەڵکو تۆمارێکی جێپەنجەی مرۆییە کە دەیسەلمێنێت کە بەخششی زانست و ئاکار بەدرێژایی مێژوو لە ڕێگەی تاکەکانەوە گەیشتووەتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ. ئاکار و ڕەوشت هەرگیز وەکو داتا یان زانیاری نەگوازراوەتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی گەرمیی نانی شیرین و دەستاودەستپێکردنی ئەزموونی تاکەکەسییەوە، بە هەموو دەوڵەمەندییەکی لە تام و چێژدا، گوازراوەتەوە.

کتومت ئەم خووخدەیە کە تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەردەوام بووە، لەو کاتەدا کە من مامۆستاکەم لە ئەستەنبوڵ دەبینم شلەی گەرم بۆ قوتابییەکانی ئامادە دەکات.

بۆ ئەهلی فوتووە، بەرزترین بەها ئیتهارە. ئاکار لە کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی سەرکەوتنی خودەوە دەرناکەوێت، بەڵکو لە ڕێگەی خواستی هێنانی ژیان بۆ ئەوانی ترەوەیە، بە پشتگوێخستنی خەرجییەکەی لەسەر ژیانی خود.

سوللەمی نووسیویەتی:

من الفتوة أن يرى أن الباقي من ماله ما بذله لا ما أمسكه

"لە فوتووەوەیە کەسێک بڕوای وا بێت کە سامانی ڕاستەقینەی هەرماو ئەوەیە وا بەخشیویەتی، نەک ئەوەی کە گرتوویەتیەوە."

هەر دێڕێکی فوتووە دووبارە ئەنپانمانی بیر هێنامەوە، چیرۆکەکانی لەخۆبردوویی کە بەمنداڵی خوێندوومەتەوە. بەڵام ئەوەی لە یاباندا بووە بە تەنیا فەلسەفەیەک بەبێ پیادەکردنێکی ڕاستەقینە، لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بەزیندوویی ماوەتەوە، وەک تۆڕێک لە ئایدیاڵ، زانست و کارپێکردن.

هەروەها بوشیدۆی بیر هێنامەوە، لە نووسینی ڕۆشنفیکری یابانی نیتۆبی ئینازۆ. لە کۆتا بەشی بوشیدۆدا، ئەو ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە بوشیدۆ لە تیاچووندایە و ئەو نزای کردووە کە ئەگەرێک بۆ زیندووکردنەوەی هەبێت لە ڕێی ڕۆحیانەتی مەسیحییەتەوە.

باوەڕم وایە کە ناساندنی فوتووە بە جیهانی یابانی هەلێکە بۆ پیشاندانی ئەوەی کە هێشتا چەندین کۆمەڵگە هەن لە دەرەوەی یابان کە ڕێز لە ئاکاری ئەنپانمان دەگرن و درێژەی پێ دەدەن. هەروەها، من باوەڕم وایە کە ناساندنی یابانییەکان بەو سیستەمی زانستەی کە فوتووەی بەرهەم هێناوە بۆ "زیندووکردنەوەی ئاکاری یابانی"، کە خەونی نیتۆبی بوو، بە هەمان شێوە پێوییستییەکی کەلتووری و فەرهەنگییە بۆ خوێندنی ئیسلامی لە یاباندا.

پرۆژەی داهاتووم درووستکردنی کاراکتەر و چیرۆکی خەیاڵییە بە ئیلهامی ئاکارە ئیسلامییەکانی فوتووە. وای دێنمە خەیاڵ کە ئەگەر ئێمە توانای داهێنانی کەلتووری یابانی، بەو شێوەیەی لە مانگادا بەرجەستە بووە، لەگەڵ سیستەمی زانست و ڕەوشتی ئیسلامی ئاوێتە بکەین، ئەوا دەتوانین چالاکییەکی کەلتووریی نوێ درووست بکەین کە ئیلهام بە خەڵکی دەبەخشێت و هانیان دەدات خزمەتی ئەوانی دیکە بکەن.

هیواخوازم، ئەمە بابەتی وتارێکی دیکە بێت، گەر خودا ویستی لەسەر بێت.

تاگەکان    
عەبدولکەریم سرووش کتێبی هاوسانی ژن هاوڕەگەزخوازی كتێب مۆدێرنیتە کورد ئایا سۆفیا فەرهەنگ قودس دوعا پۆدکاست دەروونناسی تەلارسازی چەواشەکاریی_لۆژیکی
فیکر
2024-03-13 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 810 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی