ڕیشە لە خاکدا

نووسینی: فەرەیدوون موشیری وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2024-03-07 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 591 جار بینراوە

«فەرەیدوونی موشیری حەکایەتی نووسینی ئەم شیعرە وەها دەگێڕێتەوە: ساڵانێک پێش ئێستە لە ماڵی دۆستێکی ئازیزم بووین، ئەو دۆستەم کە دەیویست کۆچ بکات بۆ ئەمەریکا و ڕۆژاوا، داوای لە من کرد لەگەڵ ئەودا منیش کۆچ بکەم، تا درەنگانێکی شەو تاووتوێمان کرد، ئەوەی ئەو باسی لێوە دەکرد شتانێکی دڵکێش و جوان بوون. منیش تا ڕۆژی دواتر مۆڵەتم لێ خواست بۆ ئەوەی بیری لێ بکەمەوە، لە وەڵامی داواکەیدا؛ ئەم شیعرەم بۆ نووسی!»

 

تۆ لەم زەوییە وشکە تینووەدا، ڕۆژێک دێ کۆچ دەکەیت و
فرمێسکى من، ماڵاواییت لێ دەکات.
نیگات خەمگین و ژاکاوە.
دڕکوداڵى ناهومێدى خراو دڵتی ئازار داوە.
خەمى ئەم پشێوییە ستاندوویە لە گیانت هەموو تین و تەوان!

تۆ بە خوێن و عارەقە، ئەم جەنگەڵە پەژموردەت ڕەنگاندووە.
تۆ بە دەستانى بەتاڵ لەتەک ئەو هەموو تۆفانە وێرانکەرەدا وەشەڕ هاتى
کۆچى تۆ لە خاک، بەوێنەی دڵکەندنە لە گیان!
تۆ لەگەڵ گەڵا گەڵاى ئەم مێرگەدا، نێزیکییەکى پەنهانتان هەس.

تۆ لەگەڵ ئەم هەورە تاریکپەروەرە بێبەزەى بێبارانەدا
تۆ لەگەڵ ئەم هەموو وشکەساڵییە بەدواییەکانەدا
تۆ لە نیوەڕێ گەڕانەوەى یاران و
ساختەیى خەمخۆران
لە پێت دەخەن

تۆ هەراوهوریاى شوومى چەقەڵان
قیژەى نەبڕاوەى قەلەڕەشان
پەکت دەخەن

تۆ بە نێوچەوانى پاکى ڕەسەنى خۆتەوە،
کە لەوبەرى گەنمەجاڕەوە،
گەلێ پڕشکۆتر لە سەد تاجى خۆر دەردەکەوى
تۆ بە گۆناى بە هەتاوى ئەم زەمینە سووتاوتەوە
تۆ بە سیماى بە ئاگرى غیرەت داگیرساوتەوە
لە چاوانى مندا گەلێ باڵاتری لە سەد جامى جەمشید،

تۆ بە چاوانى خەمینتەوە
کە ڕۆژانێک چاوگەى هەڵقوڵینى شادى بوون
ئەمێستا خەم و پەژارە لەژێر سایەی خۆیدا وەشاردوویە، دەڕۆى و
ئەسرینى من دوعاخوازیت لێ دەکات!

ئەمن لێرە ڕەگوڕیشەم لە خاکە
ئەمن لێرە ئەڤیندارم بەم خاکە ئەگەر پیسە ئەگەر پاکە
ئەمن لێرە هەتا ئاخرین هەناسەم دەمێنم
ئەمن لێرە چم دەوێ، نازانم!
ئومێدى ڕووناکایى ئەگەرچى لەم تاریکییانەدا بەدی ناکرێت،
ئەمن دیسانەوە لێرە لەم زەمینە هیشکە تینووەدا دەئاژۆم.
ئەز ڕۆژێک هەر لێرە لە دڵى ئەم خاکەڕا، بە دەستانى خاڵى
گوڵان دەوەشێنم.

من ڕۆژێک هەر لێرە لە دوندى کەژەوە، هەروەکوو خۆر
ئاوازى سەرکەوتن دەخوێنم و
دەزانم،
تۆیش هەر ڕۆژێک دێت دەگەڕێیەوە!

تاگەکان    
کتێبی هاوسانی خوێندنەوە ڕانانی کتێب دەربارەی کتێب عێڕاق سۆفیگەری بوونەوەری ئاسمانی شەڕ زانایان کونە ڕەشەکان ژن ئایین فێمینیزم ژیانی پێغەمبەر نائومێدی
ئەدەب
2024-03-07 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 591 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی