تەنیایی

نووسینی: دریتا کۆمۆ وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2024-03-06 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 389 جار بینراوە

تەنیایی

تەنیایی تەلەفۆنێکە کە هەمیشە زەنگ لێ دەدات؛
دەنگی نەناسێکە کە سۆراغی یەکێکی دی لە من دەپرسێ؛
یەکشەممەیەکی تاریکونووتەکە کە ئاسمانە هەوراوییەکەی کەمۆکەیەک خۆری نییە؛
قسەگەلێکی بێپەیوەندە کە حەوسەڵەم لەبەر دەبڕێت؛
تەنیایی زەقزەق تەماشاکردنە لە پشتی پەنجەرەیەکەوە کە بە شەو دەگات؛
بیرکردنەوەیە لە شەقامێک کە خەڵکەکەی پیاسەکردنیان حەز لێیە؛
مرۆڤگەلێک کە بۆ ماڵێ دەگەڕێنەوە و لەسەر تەختەخەوەکەیان دەخەون و چاوانیان لێک دەنێن، بەڵام خەون نابینن!
خەڵکانێک کە دەرەقەتی گەرمای ژوورێ نایێن و نیوەشەو لە ماڵێ دەردەپەڕن.
تەنیایی دڵدانە بە کەسێک کە خۆشی ناوێی؛
کەسێک کە هیچ کات گوڵێکت بۆ ناسێنێ؛
کەسێک کە بۆی گرنگ نییە ڕۆژانە لە پشتی پەنجەرەی ژوورەکەتەوە ڕۆژ دەخەیتە سەر گازەرای پشت.
تەنیایی هەستی زیادەییە لە ماڵێکدا کە هیچ وەختێ تەلەفۆن کاری بە تۆ نییە؛
ماڵێک وەک بڵێی تۆ ناناسێت؛
ماڵێک بۆ تۆ لە تاقەژوورێکی چکۆلەدا کورت بووەتەوە.
تەنیایی یادگارێکە ڕۆژانە ئازارت دەدات؛
یادێکە وەختێک چاوانت لێک دەنێیت شاڵاوت بۆ دێنێت!
تەنیایی میلەکانی کاتژمێرێکە نەجووڵاو، وەختێک چاوانت دەکەیەوە.
تەنیایی چاوەنۆڕیی تۆیە کاتێک تۆ نییت؛
کاتێک تۆ ڕۆیشتووی لەم ماڵە؛
کاتێک تەلەفۆن زەنگ لێ دەدات بەڵام بێگانەیەک سۆراغی کەسێکی تر دەگرێت؛
وەختێک لەم پەنجەرەیەوە کە بە شەو دەگات هەموو شەوێ خۆت دەبینیەوە.

---------------------

ئەم شیعرە لە فارسییەوە تەرجەمە کراوە.

وەرگێڕانی بۆ فارسی: موحسین ئازڕومە

تاگەکان    
پۆدکاست فەلەستین زمان فیکر ڕەخنە ڕۆژاوا دەروونی دەروونناسی فەلسەفەی ئەخلاق مانا سیاسەت وەرزش ئایین كتێب گۆرانی
ئەدەب
2024-03-06 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 389 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی