تۆ بێژی گرفتەکە لە خۆماندا نەبێ؟

نووسینی: ئازاد حسێن
فیکر 2024-01-16 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 742 جار بینراوە

ئەوە نزیکەی ساڵێکە لەو شوێنەدا دەژیم کە تا چەند ساڵێک پێش ئێستا سەردانکردنیشی بەلامەوە قورس بوو. سەیرم لێ دێت، ئاخر هەرچی بە کۆڵانە کۆنەکانیدا تێدەپەڕم بێزارم ناکەن و بگرە ئێستا حەزیشی لێ دەکەم و شوێنەکەم خۆشدەوێت. خوا نەکات گوێم لە یەکێک بێت قسە بە جادەی خراپی، دوورییەکەی، یان هەرشتێکی تری بکات، یەکڕاست دێمە جواب و بەرگریی لێ دەکەم. باشە شوێنەکە خراپتر نەبووبێت، باشتر نەبووە، ئەی چی ڕووی داوە؟ دیارە شتێک لە مندا گۆڕاوە.

مرۆڤ بوونەوەرێکی هۆکارخواز و سەبەبدۆزە، کاتێک حاڵت زۆر باش نییە و بێتاقەت و بێزاریت و لەتەکیشیدا زۆر ورد نیت و ڕۆشناییەک نییە ڕێت ڕووناک بکات، خۆت مینەی هۆکاری حاڵە خراپەکەت دەکەیت و بە نەبوونی شتێک یان خراپیی دەوروبەرییەوە گرێ دەدەیت.

ئەگەری هەیە قەت بیرت بۆ ئەوە نەچێت کە کێشەکە لە خۆتدایە یان لەوانەیە ئەوە دواشت بێت بیرت بۆی بچێت. مرۆڤ زۆر درەنگ بیری بۆ شتە زۆر نزیکەکان دەچێت، نازانم بۆ؟ زۆری دەوێت تا تێبگەیت کێشەکە لە خۆتدایە. ئاو لەناو گۆزەدایە و ئێمەیش بە دەوری دنیادا بۆی دەگەڕێین!

ئەمە زۆر دەرهاویشتەی خراپی دەبێت، دەبینیت کەسێک بێزارە و شڵەژاو، کە هۆی ئەمەی لێ دەپرسییت، دەڵێت هیی نەبوونی سەیارە، یان خانوویەکی باش، یان هەرشتێکی تری لەم جۆرەیە. بەڵام تۆ بڵێیت بە دەستکەوتنی ئەو شتانە حاڵی باش ببێت؟ یان کێشەکەی شتێکی دیکەیە؟ هەر بەڕاست کێشەکەی تینوێتیی دەستخستنی پرسیارێکی وجوودییە یان سەیارە و پارە و خانوو؟

ئێژن مەولانا نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت گونێیەک هەیە هەزار گرێی پێوەیە، مرۆڤ کە لە دایک دەبێت دەست دەکاتە گرێکردنەوە، گرێ لە دوای گرێ دەڕوات بۆ ئەوەی بگاتە بنی گونێکە و ئارامی و خۆشی دەست بخات، بەڵام کاتێک هەموو گرێکان دەکاتەوە، دەبینێت گونێکە بەتاڵە و هیچی تێدا نییە!

ئاوایە، کە نەتزانی هۆکاری ڕاستەقینەی کێشەکەت چییە، ڕێی هەڵە بۆ چارەسەرکردنی دەگریتە بەر. بەڵام بەداخەوە، خۆت هیلاک دەکەیت و دەبینیت ئەوەی بە هۆکارت دەزانی، تراویلکەیەک زیاتر نەبوو، گەر دوای ئەوەیش هەر پەیت بە هۆکاری ڕاستەقینە نەبرد، تراویلکە لە دوای تراویلکە هیلاکتر و شەکەتتر دەبیت. ڕاستە کە دەستت لە هۆکارە درۆیینەکە بەند بوو، بۆ ماوەیەکی کاتی باش دەبیت، بەڵام هەر زوو وەک خۆتت لێ دێتەوە و ئەگەری هەیە کەم کەم بێهیواییش ڕووت تێ بکات.

خۆکوشتنی خۆشگوزەرانان و بەختەوەریی حاڵخراپان زیاتر ئەم ڕاستییەمان لا دەچەسپێنن.

تاگەکان    
جنۆکە ئایا سۆفیا کۆرۆرنا مانا ڕۆژاوا گفتوگۆ فێمینیزم کرێکار تەکنۆلۆژیا خوێندنەوە #پیری چیرۆک جوانی کونە ڕەشەکان شیعر
فیکر
2024-01-16 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 742 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی