کفری؛ شاری وەزیران

نووسینی: ئیبراهیم ئەحمەد نارینی
فیکر 2023-07-31 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 1394 جار بینراوە

کفری یەکێکە لە شارە دێرینەکانی کوردستان، دەکەوێتە دامێنی چیای باوەشاسوار لە ناوچەی گەرمیانی سنووری پارێزگای سلێمانی. دانیشتوانەکەی پێکهاتوون لە نەتەوەی کورد، تورکمان و عەرەب؛ کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن. بە شوێنەوارە مێژووییەکانی بەناوبانگە، کۆمەڵێکی زۆر بیری نەوتی لە سنوورەکەیدا هەیە لەگەڵ ڕێژەیەکی باش لە گازە هاوەڵییەکان و گازی سروشتی کە هێشتا زۆرینەی ئەم بیرانە هەڵنەدراونەتەوە بە هۆکاری ململانێ سیاسییەکان. یەکێکە لە شارە دەوڵەمەندەکان بە سامانی ئاو و خاوەنی بەنداوی باوەشاسوارە، هەروەها دەوڵەمەندە بە بەرهەمی کشتوکاڵیی و سامانی ئاژەڵ، ڕێژەیەکی زۆری دار کنار لەم شارەدا هەیە.

کۆمەڵێک شوێنەوار لە قەزای کفری دۆزراونەتەوە کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە لە ڕابردوودا ئایینی زەردەشتی لەم شارەدا هەبووە. کفری خاوەنی کۆمەڵێک شاخە کە زیاد لە دوو سەد ساڵە بەرد و گەچی لێ بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها ئەم شارە دەوڵەمەندە بە نەوت، غاز، مس، گۆگرد، قیر و کبریت، بەڵام جگە لە نەوت وەبەرهێنان لە هیچ کام لەم سامانە سروشتییانەدا نەکراوە. خەڵکی کفری ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە بەڕێوەبردنی حکومەت لە بەغداد لە سەردەمی سیستەمی پاشایەتی لە عێراق و پۆستی گرنگیان بەدەستەوە بووە، لەوانە: وەزیری بەرگری، وەزیری ناوخۆ، وەزیری داد، وەزیری تەندروستی و وەزیری کشتوکاڵ. خانەوادەی سەرۆکوەزیران و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەعیان و هەموویشیان ماڵیان هەر لە کفری بووە و ماڵیان نەگواستووەتەوە بۆ بەغداد، هەر بۆیە کفری بە ناوی شاری وەزیران ناوی دەرکردووە.

شارەزایانی بواری زمان چەند ڕایەکی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە واتای وشەی کفری، یەکەمیان ئەوەیە ماددەی کفر کە بە واتای قیر یان بەردی خەڵووز دێت؛ لەو ناوچەیە زۆر بووە، ئەم ماددەیە لە دروستکردنی کەشتی و بەلەم بەکار هێنراوە بۆ ڕووکاری دەرەوەی کەشتییەکان. بڕوا وایە کە لە ڕابردوودا کۆمەڵێک کان لە ناوچەی کفری هەبووبێتن و بە تێپەڕبوونی کات پڕ بووبێتنەوە، هەروەها ساڵانی پێش جەنگی جیهانی یەکەم، عوسمانییەکان و ئەڵمانییەکان سوودیان لەم ماددەیە بینیوە لە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر. شایەنی باسە لە نزیک شاری کفری گوندێک هەیە بە ناوی گوندی (ناساڵەح) کە ماددەی قیری لێ دەردەهێنرێت.

بۆچوونێکی تر دەڵێت ناوی شاری کفری لە وشەی (کفر)ی عەرەبییەوە هاتووە کە بە کوردی مانای دار گەز دەبەخشێت، چونکە لە ڕابردوودا ئەم جۆرە دارە لە ناوچەکەدا زۆر بووە.

بۆچوونێکی تر؛ ڕەچەڵەکی ناوەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، هەروەها لە دەقی ئەکەدییەکان و ئاشوورییەکان بە وشەی جیاواز ناوی کفری هاتووە.

قەزای کفری پێک دێت لە پێنج ناحیە و 156 گوند، ناحیەکانی بریتین لە: ناحیەی ناوەندی قەزای کفری (ناوەند)، ناحیەی سەرقەڵا، ناحیەی نەوجول، ناحیەی کۆکس و ناحیەی ئاوەسپی (ناحیەی خان ڕۆستەم). هەردوو ناحیەی جەبارە و قەرەتەپەیش سەر بە قەزای کفرین، بەڵام لە ئێستادا ئەم دوو ناحیەیە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدان.

دانیشتووانەکەی بەزۆری پێک هاتوون لە هۆزەکانی دەلۆ، زەنگەنە، داودی، گۆران، جاف و هەمەوەند.

ژمارەی دانیشتووانی قەزای کفری بەپێی پێشبینیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 بریتییە لە 62,783 کەس، جگە لە هەردوو ناحیەی جەبارە و قەرەتەپە، لەم ڕێژەیەیش 42,749 کەس لە سەنتەری قەزا و ناحیەکانیدا دەژین و 20,034 کەس لە گوندەکانیدا دەژین. لە ئێستادا ڕێژەی دانیشتووانی قەزاکە کەم بووەتەوە بۆ کەمتر لە 30,000 کەس.

دانیشتووانەکەی بەسەر نەتەوەی کورد، تورکمان و عەرەبدا دابەش بوون کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەکەی کوردن، هەروەها لە ساڵی چلەکانی سەدەی ڕابردوو 29 بنەماڵەی جوولەکە لەم شارەدا ژیاون و دواتر کۆچیان کردووە بەرەو خاکی فەڵەستین.

ڕووبەری قەزای کفری بریتییە لە 2,792 کیلۆمەتری دووجا، کە دەکاتە 13.83%ی ڕووبەری پارێزگای سلێمانی.

قەزای کفری لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ قەزای چەمچەماڵ، لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ قەزای میقدادییە و قەزای خاڵس، لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ قەزای کەلار و قەزای خانەقین و لە ڕۆژاواوە هاوسنوورە لەگەڵ قەزای دووزخورماتوو. لە باشووریشەوە زنجیرەچیای حەمرین لە پارێزگای دیالە جیای دەکاتەوە. 210 کیلۆمەتر دوورە لە پارێزگای بەغدادەوە، 115 کیلۆمەتر دوورە لە پارێزگای کەرکووکەوە، 180 کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانییەوە و 150 کیلۆمەتر لە پارێزگای بەعقووبەوە دوورە.

کفری مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و مێژوونووسان هێشتا بۆیان ڕوون نەبووەتەوە کە لە چی سەردەمێکدا دروست بووە. ناوی کفری لە چەندین دەقی گرنگی سۆمەری، ئەکەدی و بابلییەکاندا هاتووە کە ئەمانەیش لە چەندین تۆماری مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسدا باس کراون. لە سەردەمی بابلییەکاندا پایتەختی دەوڵەتێک بووە کە لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا بە ناوی دەوڵەتی کیماش ناو دەبرێت و لەو سەردەمەدا شوێنی شارەکە لە ئاسکی کفری بووە کە دەکەوێتە باشووری ئێستای شاری کفری بە هەشت کیلۆمەتر. لە دوای ئەم دەوڵەتەیش، هەر لە سەردەمی شارستانەتیی بابلییەکاندا کفری شارێکی گرینگ بووە، ناوەندی بڕیار بووە و جێی بایەخ بووە، بەڵام لە دوای داگیرکاریی ڕۆمانییەکان ئەم شارە زیانی زۆری بەرکەوتووە و خاپوور بووە.

چەندین ڕۆژهەڵاتناس بەم شارەدا تێپەڕیون و لەبارەیەوە نووسیویانە، لەوانە نیبوری کە بە کوردستاندا گەڕاوە و لە ساڵی 1766 بە شاری کفریدا تێپەڕیوە و ناوی شارەکەی بە (کرفە) هێناوە. جەیمس بەکینگهام لە ساڵی 1816 بە کفریدا تێپەڕیوە و بابەتی لەبارەوە نووسیوە و وێنەیەکی شارەکەیشی کێشاوە. کلۆدیۆس ڕیچ لە گەشتەکەیدا لە ساڵی 1820 بەرەو سلێمانی، بە کفریدا تێپەڕیوە و سێ ڕۆژ تێیدا ماوەتەوە و زۆر بە وردی ناوچەکەی پشکنیوە و لەم بارەوە نووسیویەتی. جەیمس بێڵی لە ساڵی 1834 وەکو گەشتیار بە کفریدا تێپەڕیوە و لە دەستنووسەکەیدا باسی ناوچەکەی کردووە.

لە سەردەمی عوسمانییەکاندا کفری بەرەوپێشچوونی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی ویلایەتی کەرکووک، لە ڕووی بازرگانی و داراییەوە زۆر بەرەو پێش چووە و لەسەر ڕێگای گواستنەوە و بازرگانیی نێوان وڵاتی فارس و شاری بەغداد بووە، بۆیە لەم سەردەمەدا کفری بووەتە جێی سەرنجی بازرگانەکان و بازرگانێکی زۆر لە شارەکانی ترەوە ڕوویان کردووەتە شاری کفری و کڕین و فرۆشتنیان تێدا کردووە، دووکان و شوێنی بازرگانییان دروست کردووە.

هەر لەم سەردەمەدا داب و نەریت و کولتوور و ئەدەب و زمانی تورکی بەسەر شارەکەدا زاڵ بووە و تورک لە شارەکەدا نیشتەجێ بوون و کاربەدەست و فەرمانبەری میری بوون. لەنێوان ساڵانی 1850 بۆ 1868 کفری سەر بە ئەیالەتی شارەزوور+ئەیالەتی بەغداد بووە، لەم ماوەیەدا بەرپرسانی ئەیالەت بە هۆکاری گرنگییەکەی بە باشیان زانیوە کفری بکەن بە لیوا و هەر سێ قەزای دووزخورماتوو، قەرەتەپە و زەنگابادی بخەنە سەر. لە ڕێکەوتی 20-11-1853 بەڵگەنامەکان خراونەتە بەردەستی سوڵتان و لە ڕێکەوتی 21-11-1853 بە فەرمانی سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم، سوڵتانی سی و یەکەمینی دەوڵەتی عوسمانی، کفری کرا بە لیوا. دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ لیوای زەنگاباد و هەر قەزای کفری ناوەندی لیواکە بوو، بۆ ماوەی 15 ساڵ بەم جۆرە مایەوە. دواتر یەکە کارگێڕییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات و ناوی کفری لە زەنگابادەوە گۆڕدرا بۆ سەڵاحییە و تاکو هەرەسهێنانی دەوڵەتی عوسمانی هەر بەم ناوە مایەوە.

سەرەتای دژایەتیکردن و پیلانگێڕی لە دژی شاری کفری دەگەڕێتەوە بۆ هەرەسهێنانی دەوڵەتی عوسمانی و پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 و دروستبوونی دەوڵەتی عێراق. لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن عێراقییەکان و ئینگلیزەکانەوە ناوی شاری کفری لە سەڵاحییەوە گۆڕدرا بۆ کفری. لەم سەردەمەدا قۆناغێک دێتە پێشەوە کە دژایەتیی شاری کفری و چەند شار و ناوچەیەکی تر بکرێت لەنێو ئەم دەوڵەتە نوێیەدا بەو پێیەی عێراق دەوڵەتێکی بچووکی نەتەوەیی زۆرینە عەرەبە، هەر بۆیە لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و بەتایبەت لەدوای دەرهێنانی سامانی سروشتی وەک نەوت و غاز لە سنووری پارێزگای کەرکووک و بوونی دەیان بیری هەڵنەدراوەی نەوت لە سنوورەکە و گرنگییە جوگرافییەکەی، حکومەتی بەغداد بە پیلان و قۆناغ لە دوای قۆناغ دەست دەکات بە دژایەتی کردنی شاری کفری و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە و بڕینی شادەمارە ئابوورییەکانی، هەروەها کەمکردنەوەی کورد و بەهێزکردنی پێگەی عەرەب لەم سنوورەدا.

هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، حکومەتی عێراق دەستی کرد بە دابڕینی کۆمەڵێک شار و ناوچەی کوردی لە پارێزگای کەرکووک بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە پارێزگاکە کە شاری کفری یەکێک بوو لەم شارانە و سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە، هەروەها هەستا بە هێنانی ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتی عەرەب لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ پارێزگای کەرکووک. هێنانی هاووڵاتی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە پارێزگای کەرکووک لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا گەیشتە ترۆپک و بەعسییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە جێبەجێکردنی ئەجێندا و پیلانی حکومەتەکانی پێشتر. شایەنی باسە کە هێنانی عەرەب بۆ پارێزگای کەرکووک و گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی تا ئێستاش بەردەوامە.

لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە چەندین گۆڕانکاری کارگێڕی کراون بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای کەرکووک و بەتایبەت شاری کفری کە ئێمە مەبەستمانە تیشکی بخەینە سەر، ئەم گۆڕانکارییە کارگێڕییانەی لای خوارەوە لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانن کە دەوڵەتی عێراق کردوونی بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی شاری کفری و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە:

بە ئیرادەی مەلیکی ژمارە 1175 لە ڕێکەوتی 18-8-1927 ناحیەی شێروانە هاتە کایەوە.

لە ساڵی 1933 بە بەیانی حکومی ژمارە 5335 هەردوو ناحیەیی ناوەندی قەزای کفری و ناحیەی قەرەحەسەن هەڵوەشێنرانەوە.

بە فەرمانی کۆماری ژمارە 137 لە ڕێکەوتی 28-02-1970 قەزای کەلار لە سنووری پارێزگای کەرکووک هاتە کایەوە، هەردوو ناحیەیی شێروانە و ناحیەیی پێبازی قەزای کفری پێوە گرێ درا.

گرنگترین و گەورەترین گۆڕانکاری بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 1975دا کرا بە فەرمانی کۆماریی ژمارە 608 لە ڕێکەوتی 06-11-1975 هەردوو قەزای کەلار و قەزای چەمچەماڵ دابڕێنران لە پارێزگای کەرکووک و لکێنران بە پارێزگای سلێمانییەوە، هەروەها بە هەمان فەرمان قەزای کفری دابڕێنرا لە پارێزگای کەرکووک و لکێنرا بە پارێزگای دیالەوە.

لەدوای درووستبوونی دەسەڵاتی کوردی لە ساڵی 1991 قەزای کفری بەرەوپێشچوونی بە خۆوە نەبینیوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو دواوە دەچێت کە هەموو ئەم گلەییەیش دەخرێتە ئەستۆی خودی کاربەدەستانی شارەکە و دەسەڵاتی کوردی کە بە فەلسەفە و بیرکردنەوەی شاخ هاتنە نێو شارەکانەوە و بەم جۆرە دەسەڵاتدارییان کرد. دەسەڵاتی کوردی لەجێی ئەوەی لە پیلانی دەوڵەتی عێراق تێ بگەن، بەبێ هیچ ڕیفۆرمێک لەو سیستەمەی کە لە دژی چوونە شاخ و لێی ڕاپەڕین دەستیان کرد بە فەرمانڕەوایی بە هەمان سیستەم، بێئاگاییانە؛ بوون بە جێبەجێکاری ئەجێنداکانی دەوڵەتی عێراق کە هەر خۆیان لە دژی ڕاپەڕیبوون.

کفری لە ماوەی 4,000 ساڵی ڕابردوودا و لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێی وەک میزۆپۆتامیا چۆکی دانەدا بۆ دوژمنەکانی، کەچی فەلسەفە و حوکمڕانیی شاخ تەنیا بە ماوەی 32 ساڵ خەریکە شکست بە شارەکە دەهێنێت، شوێنەوارە مێژووییەکانی لەگەڵ هەر بارانبارینێکدا بەشێکیان لێ دەبێتەوە! بازاڕی شارەکە وردە وردە بێدەنگی باڵی بەسەردا دەکێشێت و ئیتر شار گۆرانیی کوردی نابیستێت!

دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە لەساڵی 2003دا، جارێکی تر گەرمیان کە قەزای کەلار ناوەندەکەیەتی تووشی بۆشاییەکی کارگێڕی هات، ئەوەیش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک لە دەربەندیخان، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە کارگێڕییە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک لە ڕۆژی 06-08-2006 ئیدارەی گەرمیانی پێک هێنا کە ناوەندەکەی لە قەزای کەلار دانرا و، بە مەبەستی کاراکردنی ئیدارەکە و فراوانکردنی دەسەڵاتە کاڕگێڕییەکانی، حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 2008 بڕیاری دا ئیدارەی گەرمیان هاوشێوەی پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەیش دەسەڵاتی پارێزگار بەخشراوەتە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان.

 

سەرچاوەکان:

یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان.

پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی 2019 - دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان

مامۆستا سوهەیل خورشید عەزیز (شەماڵ) - ئەتڵەسی کارگێڕی باشوری کوردستان.

جەمال بابان - أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول

جەمیل ڕۆژبەیانی – وڵاتەکەت بناسە

‎مەحموود عوسمان مەعروف - بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی

عەباس عەزاوی - عشائر العراق

د. عەبدووڵا غەفوور – پێڕستی گوندەکانی باشوور

پیگەی فەرمیی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان

پێگەی ئەلیکترۆنیی ویکیپیدیا

وارگەی زانیاری

وارگەی ئازاد

 

تاگەکان    
بوونەوەری ئاسمانی زانایان دەروونی کۆمەڵکوژیی بۆسنە گێڕانەوە دیمانە بوومەلەرزە کتێب فەلەستین ئایین وەچەخستنەوە دوعا کوردستان ڕانانی کتێبب نوێژ
فیکر
2023-07-31 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 1394 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی