شتێک لەبارەی شیفابوونی ئاوی زەمزەمەوە

نووسینی: قانع خورشید
فیکر 2023-05-20 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 919 جار بینراوە

مرۆڤ خوو و دنەی خۆشی هەیە، گەر تۆزێک لە دوورەوە لێیان بڕوانیت خەنینەت پێیان دێت. لەم ماوەیەدا هەرا و دەنگەدەنگێک لەسەر ئەوە چێ بوو كە پزیشكێک گوتوویەتی ئاوی زەمزەم دەرمان و چارەسەر نییە، ئیتر گوایە ئەمە دژی فەرمایشتی پێغەمبەری ئازیزە ﷺ و نابێت لێی قبووڵ بكرێت و دەبێت بەرگری لە ئیسلام و ئیمان بكرێت... كۆمەڵێک دیندار هاتنە دەنگ و جامی تووڕەبوونی خۆیان ڕژاندە سەر ئەم پزیشكە موسLمانەدا كە لە كاتی عومرە و لەپاڵ كەعبەی شەریفدا قسەكانی كردبوو نەک لە یانەی شەوان و كوفرخانەدا!

شوكر بۆ خوا دەنگی هێمن و ژیرانەیش ماوە و چەند كەسێک وەڵامی دیندارە حەماسییەكانیان دایەوە و بە تێگەیشتنێكی قووڵەوە بابەتەكەیان خستە بەر باس، یەكێک لەو وەڵامە زانستییانە ئەوەی د. ڕێناس ئەحمەد بوو كە لە یوتیووبی هاوسانی دانراوە.

شتێک كە منی هێنایە كەنین ئەوە بوو مرۆڤ چەند سانا حەز و تەمەڵی و بەخیلییەكانی خۆی دەكاتە مل هەموو شتێكەوە و چەند فێڵبازانە خۆی لە گوتنی ڕاستییەكان دەبوێرێت، تەنانەت دینیش لەمە دەرباز نەبووە. ئەو فەرموودەیەی دەربارەی شیفابوونی ئاوی زەمزەم هاتووە دوو بەشە، بەشی یەكەمی كە تەواو دروستە و ڕشتەكەی سەحیحە، دەڵێت: «فِيه طعامٌ من الطُّعْمِ» یانی زەمزەم جێی خۆراک دەگرێتەوە. لە بەشی دووەمیشدا كە زیادەیەكە بۆ گێڕانەوە دروستەكە و هەندێک لە زانایان گوتوویانە ڕاستە و هەندێكیش گوتوویانە لاوازە، دەڵێت: «وشِفاءٌ من السُّقْمِ» یانی شیفای نەخۆشییشی تێدایە. جا ئەم موسڵمانە خۆخەڵەتێنانەی وەک من و تۆ چاوی خۆیان دەنووقێنن و بەنیازن ببێتە شەو، دێن و كار بە بەشی یەكەمی فەرموودەكە ناكەن كە سەحیح و بێكێشەیە، كەچی دەنووسێنە بەشی دووەمییەوە كە گوماناوییە.

وازهێنان لە حەزی خواردنی خۆش و چەور و دەستهەڵگرتن لەو گشت گۆشت و تام و بۆنە سەرنجڕاكێشە سەختە، بۆیە كەسمان بیرمان نامێنێت زەمزەم خۆراكە و گەر خواردمانەوە پێویستمان بە نان و برنج و گۆشت و مریشک نابێت -ئەڵبەت فەرموودەكەیشی شتێكی وەهای مەبەست نییە و نەیفەرمووە كە زەمزەمتان خواردەوە ئیتر هیچ مەخۆن!- بەڵام لەبەر ئەوەی دەرمان و بەكارهێنانی چارەسەر بۆ جەستە و حەز و گیرفانیشمان ناخۆش و قورسە، بۆ بیانوویەک دەگەڕێین بە هۆیەوە خۆمانی لێ كەڕ و بێئاگا بكەین، ئیتر هاتووین و لكاوین بەم بەشە زیادە لاوازەی فەرموودەكەوە و دەمانەوێت حەزنەكردنی سروشتییانەی خۆمان لە دەرمان و ترسی خەرجكردنی پارە بۆ چارەسەر بەسەر ئیسلام و ئیماندا ساغ بكەینەوە!

ئیبن قەییم دەڵێت: هەندێک كەس نوێژ و عیبادەتەكانیان ناكەن، گەر لێیان بپرسی: «بۆ؟» دەڵێن: «مەگەر بەختەوەری و بەدبەختیمان لە زگی دایكمانەوە لە چارە نەنووسراوە؟ كە خوا بڕیاری دابێت دەچینە بەهەشتەوە، دەچین، با یەک نوێژ و ڕۆژوویشمان نەبێت!» ئیبن قەییم دوای هێنانەوەی ئەم بیانووە منداڵخەتێنە دەڵێت: «باشترین وەڵام بۆ ئەمانە ئەوەیە پێیان بڵێیت ئەگەر ڕاست دەكەن و هێندە ئیماندارن و لەبەر ئەو فەرموودەیە خواپەرستی ناكەن، كار بە بەشەكەی تری فەرموودەكەیش بكەن كە دەفەرموێت ڕزقیشتان هەر ئەوكات لە چارە دەنووسرێت، كە واتە كە خوا نووسیبێتی تێر دەبن، ئەوا تێر دەبن، با تیكەیەک نانیش نەخۆن! دەی چیدی مەخۆن و مەخۆنەوە و پشت بە خوا ببەستن!»

ڕوونە كە كەس وا ناكات، لێرەوە ناڕاستی و خۆفریودانەكە دەردەكەوێت. جا دەكرێت هەمان وەڵام بۆ ئەو كەسانە بەكار بهێنرێت كە بە بیانووی خواردنەوەی ئاوی زەمزەمەوە دەرمان وەرناگرن، پێیان بگوترێت ئەگەر بە هۆی خواردنەوەی زەمزەمەوە لە خواردنی جۆراوجۆر بێنیاز بووی و دەستت لە گۆشت و برنج و نان هەڵگرت، ئەوا دەرمانیش بەكار مەهێنە و چارەسەری پزیشكی وەرمەگرە، گەر ئەوەت پێ نەكرا، بزانە ئەمی تریشیانت لەبەر ئیمانداری نییە، بەڵكە فێڵی نەفسی خۆت و شەیتانی تەڵەكەبازە و فریوت خواردوون.

مەسەلەیەكی تری وردیش هەیە، لە زۆرینە بەشاراوەیی ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە مانای ئەوەی پێغەمبەر فەرموویەتی ئاوی زەمزەم شیفای دەرد و نەخۆشییە ئەوە ناگەیێنێت ئیتر دەرمانی هەموو دەردێكە و هیچی ترت پێویست نابێت. من كارم بە جیاوازیی نێوان وشەی شیفا و عیلاجەوە نییە، وای دادەنێم هەر یەک مانایان هەیە، دەبێت بیرمان لای ئەوە بێت خۆشەویست ﷺ نەیفەرمووە: ئاوی زەمزەم تاكە دەرمان، یا دەرمانی سەدلەسەدی نەخۆشییەكانە، تا وا كار بە فەرمایشتەكەی بكەین كە چیتر پێویستمان بە هیچ دەرمانێكی تر نابێت. بۆ نموونە ئەگەر پێغەمبەر ﷺ بفەرموێت: گەنم خۆراكە. ئایا ئەمە مانای وایە ئیتر گۆشت و برنج و پەتاتە و ئەو هەزاران جۆرە خۆراكەی تر مەخۆن و ئاتاجی هیچی دی نین؟ ئایا ئەگەر لە فەرموودەدا هات كە ئەبووبەكر ئیماندارە، دەكاتە ئەوەی غەیری ئەبووبەكر كەسی تر ئیماندار نییە؟! دەی پێغەمبەری خوا فەرموویەتی ئاوی زەمزەم شیفای نەخۆشیی تێدایە، كەی ئەمە دەكاتە ئەوەی هیچ دەرمانێكی ترت پێویست نییە و بە زەمزەم بەسەندە بكە؟ باشە گەر وایە، ئەی چی لەو ئایەتە بكەین كە باسی مێشهەنگ دەكات و دەفەرموێت: ﴿يَخْرُجُ مِن بُطُونِهَا شَرَابٌ مُّخْتَلِفٌ أَلْوَانُهُ فِيهِ شِفَاءٌ لِّلنَّاسِ: لە زگییەوە خواردنەوەیەک دەردەچێت، ڕەنگی جۆراوجۆرە، شیفای بۆ خەڵكی تێدایە﴾ (النحل: 69)؟ ئایا هەنگوین و زەمزەم دژی یەكن یا هەردوكیان شیفان؟

گەر بڵێین هەردوكیان شیفان، دەڵێین: یەک جۆرن و هەردوكیان بۆ هەمان دەردن یا دەكرێت هەندێک دەرد بە هەنگوین دەرمان بكرێن و هەندێكی دی بە ئاوی زەمزەم؟ گەر بگوترێت هەردوكیان هەمان كاریگەرییان هەیە و بۆ هەمان نەخۆشی سوودیان هەیە، هەم واقیع دەیسەلمێنێت وا نییە، هەم دەبێتە جۆرێک بێهوودەیی و یەكێكیان زیادە دەردەچن. گەر بیشڵێین هەریەكەیان بۆ هەندێ نەخۆشی شیفان، دەگوترێت: ئەی بۆچی ناكرێت جگە لە زەمزەم و هەنگوین دەرمان و شیفای تریش هەبن؟ بۆچی ئەگەر كەسێک گوتی «زەمزەم چارەی شەكرە و فشاری خوێن و سووتانی پێست و شكانی ئێسكتان ناكات»، لێی بكەینە هەرا و بە كافر و بێدینی بژمێرین؟!

بەڕاستی هەموومان پێویستمان بە بەخۆداچوونەوە هەیە و ئاتاجی ئەوەین وردتر لە دینەكەمان تێبگەین و ژیرانەتر بچینە خزمەت ئایەتە پیرۆزەكانی قورئان و فەرموودە جوانەكانی خۆشەویست ﷺ.

تاگەکان    
خێوەتگە قودس گۆرانی باران تەلارسازی ئاوی زەمزەم مردن چەواشەکاریی_لۆژیکی کتێب یاسا مێژوو کتێبی هاوسانی پۆدکاست فەڵەستین ئەنیمی
فیکر
2023-05-20 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 919 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی