یادگارییەکی بێناوونیشان

نووسینی: فەهیم عەتتار وەرگێڕانی: ئازاد حسێن
ئەدەب 2023-05-03 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 826 جار بینراوە

سەد ساڵ پێش ئێستا، ڕۆژێکیان هەستم کرد زوانم زەرد بووەتەوە و دەمم تامێکی هێندە سەیری هەیە، دەڵێیت قەپم لە تایەی پاسکیل گرتووە. دوو ڕۆژ  سەبرم گرت بەڵکوو باشتر ببێتەوە، بەڵام نەبوو. زەنگم بۆ دکتۆر لێدا وەختێکم گرت و، بۆ ڕۆژی هەینی ڕۆیشتمە نۆرینگەکەی. پەرستارەکە هات و پشکنیمی، زەخت و کێش و باڵا و دەوری زگ و تا دوایی، ئەندازە گرت. ئینجا پرسیی: چیتە؟ پێیم وت دەمم تامی تایەی پاسکیل دەدات و زوانم زەرد بووەتەوە. ئەو ڕۆیشت و پاشان پزیشکێکی ڕووسی، کە ئاخری ناوەکەی کۆڤێکی پێوە بوو، هاتە ژوورەوە. وتی چیتە؟ منیش هەرچیم بە پەرستارەکە وتبوو، بۆ ئەمیشم پاتە کردەوە. دکتۆرەکە وتی دەمت بکەرەوە و پاشان چکوڵێکی زلی مۆتەی کردە بنی هەڵقمەوە، سەیرێکی ئەشکەوتی عەلی سەدری کرد و دوای کەمێک وتی دایخە. هەستایە سەر پێ و وتی: «هیچ نییە، پشکنینێکی ئایدزت بۆ دەنووسم، بڕۆرە قاتی خوارەوە و ئەنجامی بدە.»  
من هەر لەوێ، لەسەر چوارپێیەکە، وەکوو مۆتەی سەر ئاگر شل بوومەوە. دڵنیا بووم لەوەی یان دوکتۆر کۆڤ نازانێت ئایدز چییە، یان نازانێت مانای «هیچ نییە» چییە. چوومە قاتی خوارەوە و، بۆ پشکنینەکە، بوتڵێک خوێنم دا. خانمی خوێنگر وتی سێ ڕۆژی تر ئەنجامەکەت دەدەینەوە. هەرچی پاڕامەوە بەڵکە کەمێک زووتر بمدەنەوە، ڕازی نەبوون. ناچار لە نۆرینگەکە هاتمە دەرەوە. من هەردەم ڕەشبینم، هەمیشە هێندە ئاڵف دەرخواردی ئەو «یەک لە سەد ئەگەری کارەساتە» دەدەم، تا لەو «نەوەدونۆ لە سەدەکە»ـی تر فراوانتر دەبێتەوە و، فراوانتریش بووەوە. دڵنیا بووم لەوەی ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنییە و، ماڵاوا ئەی ژیانی جوان.  
لە ڕێگەدا تا دەمتوانی و دەکرا دلۆڤانانە ترۆمبێلەکەم دەئاژۆت. ڕێک دەڵێیت سوهرابی سپهری لە ناسکترین حاڵی دڵیدا، سووکانەکەی بە دەستەوە گرتبوو و دەیویست بۆ شیعروتن، بڕواتە ژێر دارگێلاسێکی شاری کاشان، ئیتر با کاشان دارگێلاسیشی نەبێت. منیش ڕێک ئاوا بووم، میهرەبان و هێمن، ڕێگەم بە هەمووان دەدا تێبپەڕن. بەڤینەوە سڵاوم لە دانەبەدانەی دارەکان دەکرد و ماچم بۆ چۆلەکەکان هەڵدەدا و چەند جار بە خۆرم وت، ئەرێ تۆ هەموو ڕۆژێک ئاوا دەدرەوشێیتەوە، یا ئیمڕۆ چیلکەت زیاتر هەڵداوەتە ناو کوانووەکەتەوە؟ تەمێی سمۆرەکانم دەکرد بێهۆ ڕا نەکەنە نێو شەقامەکەوە، دوو دانە بەڕوو و گوێزی زیادە قیمەتی بوونە ژێر ترۆمبێلیان نییە، قەدری ژیانتان بزانن.  
سێ ڕۆژ بەسەر تەنووری ڕەشبینییەوە ژیام. هەرکێم دەبینی لە باوەشم دەگرت و بۆنم دەکرد، تەنانەت ئەگەر بۆنی پیازی گەنیویشی لێ بهاتایە. بۆنی پیازی ژیان، باشترە لە بۆنی تایەی پاسکیلی مەرگ. بووبوومە هەشتپێیەکی چڵێس، هەرکێم دەکەوتە بەرچاو، بە هەشت پێوە لە باوەشم دەگرت و مژەکئاسا ماچم دەکرد و دەموت: ئای ئازیزەکەم. ئەو سێ ڕۆژە تامی شیرینیی ژیانم چەشت. تامەزرۆییم بۆ هەموو کەسێک و هەموو شتێک هەبوو. تەنانەت بۆ خوورمالوو و ئەحمەدی نەژاد و  مەیگوو‌پاککردنەوەیش. ئەو سێ ڕۆژە هەستم دەکرد ڕازێکی گەورەم بۆ دەرکەوتووە کە ئەوانی دی لێی بێخەبەرن. ڕازێک هەرچەند لەوپەڕی سادەییدایە، وەلێ ڕوونکردنەوەی بۆ ئەوانی تر، مەحاڵە. وەکوو ئەوە وایە بمەوێت باسی سوودەکانی شاخەوانی بۆ ماسیی قزلئالا بکەم. ئەو سێ ڕۆژە، سەیرترین ڕۆژەکانی ژیانم بوون. چرکەکان وەکوو پەنیری پیتزا کێشیان دەهاتەوە، وەکوو دانەکانی بەفری ژێر وردبین جوانی، ڕێکوپێکی، هاتن، ڕۆیشتن، باشی و خراپییەکەیان دەبینرا.  
سێ ڕۆژ دوای ئەوە، زەنگم بۆ تاقیگەکە لێدا و وتم من ئەو کەسەم کە وا بڕیارە و لەوانەیە بمرێت. پەرستارەکە ئەنجامەکەی بۆم خوێندەوە و وتی ئەنجامی پشکنینەکە نەرێنییە، نامریت. ئەم ساتەیش هەستێکی سەیری هەبوو. هەستی کۆترێکی لە داو دەرباز بوو، هەستی ئاسکێکی لە چنگی شێر دەرپەڕیو. ڕێک وەک ئەوەی فریشتەی گیانکێشان دەست بنێتە قوڕگی مرۆڤێک و لەپڕا موبایلەکەی زەنگ لێ بدات و ئیشێکی گرنگی بۆ بێتە پێشەوە و بڕوات. لێ بەشی سەرنجڕاکێشی باسەکە ئەوەیە، ئەو ڕازە گەورەی بە چاوی خۆم بینیم، کاڵتر و کاڵتر دەبووەوە. تا دوای دوو حەوتوو، بە تەواوی سڕایەوە و هەر لەبیریشم نەما. درەوشانەوەی خۆر وەک جارانی لێ هاتەوە، چیتر ئاژۆتنەکەم هێمنانە نەبوو، سوهراب وردبینەکەی هەڵگرت و چوو، من مامەوە و ماسییەکی قزلئالا، کە هەر لەبیریشی نەماوە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕازێکی گەورەی کەشف کردووە! 
ئەمە ئەو قسەی ئەیازیم بیر دێنێتەوە کە لە «Fish people»ـەوە وەریگرتبوو:  
(For a moment I thought im gonna die, But that’s when you feel so alive. 
بۆ ساتێک وامزانی خەریکە دەمرم، بەڵام ڕيک ئەو کاتەیە کە تەواو هەست بە زیندوێتی دەکەیت.) 

تاگەکان    
فێمینیزم مانا تەلارسازی ئەنیمی پۆدکاست زانکۆ یادەوەری یاسا ئایین خاڵبەندی کتێبی هاوسانی فیکر قەدەر چەواشەکاریی لۆژیکی سایکس-بیکۆ
ئەدەب
2023-05-03 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 826 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی