کارلێکەکانی سروشتە یان سزای خواییە؟ زانا مسوڵمانەکان بە درێژایی مێژوو چۆن لێکدانەوەیان بۆ بوومەلەرزە کردووە؟

نووسینی: ئەمین حەبلا وەرگێڕانی: ئارام شاهۆ و محەمەد حەیدەر
فیکر 2023-02-20 کۆمێنت 10 خولەک بۆ خوێندنەوە 868 جار بینراوە

ساڵی ٥٩٧ی کۆچی، ساڵی کارەساتێکی زۆر گەورە بوو. ڕۆحی سەدان هەزار کەس و گیاندار تیا چوون. بناغەی شار و قەڵاکان ڕووخان، برسییەتی یەخەی خەڵکی گرتبوو، وای لێیان کرد، یەکدی بخۆن. پێنووسی مێژوونووسان، بێ ئەندازە کارەساتی دەنووسی.

یەکێک لە ڕووداوە ترسناکەکان، مێژوونووس ئیبن کەسیر لە کتیبی " البداية والنهاية"دا ئاماژەی پێ دەکات، ڕووداوی بوومەلەرزە مەزنەکەی ناوچەی عێڕاق و تورکیای ئێستا، لەگەڵ ناوچەی شام.

لەم ساڵەدا ئیبن کەسیر دەڵێت: بوومەلەرزە مەزنەکە لە ناوچەی شامەوە دەستی پێ کرد، بەرەو دوڕگەی عەرەبی و ناوچەی ڕۆم و عێراق چوو. بەهێزترینیان لە شام بوو، خانوو و بینای زۆری ڕووخاند. دێیەکانی بەسڕەیش خاپوور بوون. لە کەنار دەریاکانی شام و ناوچەکانی تریش وێرانکارییەکی زۆریان بەسەردا هات. زیانێکی زۆریش بەر ماڵەکانی تەڕابلوس و سووڕ و عەککا و نابولسیش کەوت.

لە نابولسدا، جگە لە گەڕەکی سامیرە، هیچی تر نەما. نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لەژێر بینادا مردن. زۆرێک لە منارە ڕۆژهەڵاتییەکان و مزگەوتەکانی دیمەشق ڕووخان. هەروەها ١٤ دیواری سنووری و نەخۆشخانەی نووریش ڕووخان.

خەڵکی دەرچوون بەرەو گۆڕەپانەکان و داوای کۆمەکیان دەکرد. سەرەڕای تۆکمەیی بیناکە، کەچی بەشێکی زۆری قەڵای بەعلەبەک ڕووخا. دەریا بەرەو قوبڕس داکشا و زۆرێک لە کەشتییەکانی هێنایە کەناراوەکان. ئەوانەی مردوون لە ئەژمار نایەن، بە جۆرێک خاوەنی "مرآة الزمان" دەڵێت بە هۆی بوومەلەرزەکەی ئەو ساڵەوە، نزیکەی ١ ملیۆن کەس لەژێر بیناکاندا مردن. دەوترێت ئەوانەی کە دەرنەهاتوون نەژمێردراون، ئیتر چۆن چۆنییە ئەویان خوا دەیزانێت!

گەر چاوپۆشی لە زیادەڕەویی مێژوونووسانە بکەین، هێشتا ژمارەکە ترسناکە. وەک خاوەنی "مرآة الزمان" باسی دەکات، لەناوچوونی زیاتر لە ملیۆنێک، بە هۆی ئەم لەرزینەوە، یەکێکە لە ڕووداوە مەزنەکانی زەمانە. بەڵام لە مێژووی جوگرافیایی ناوچەکەدا، ئەم بوومەلەرزە، یەکەم و کۆتا بوومەلەرزە نییە. ناوچەکە چەندین بوومەلەرزەی تری دیوە، تا گەیشتە ئەو دانەی سەرلەبەیانیی دووشەممەی هەفتەی پێشوو ڕوویدا. ئەمیش ، کوژران و کاولکاری و ئاوارەبوونی لە چەندین شاری تورکیا و سووریا، دروست کرد.

عەرەب چۆن پێناسەی بوومەلەرزە دەکات؟ لێکدانەوەیان لەسەر بوومەلەرەزە چۆن بوو؟ یادگەی خەڵک چۆن سەمای لەناوبەری شاخەکان و لەرزی ئاگرینی زەوی تۆمار کردووە؟

لە نێوان ئایین و جیۆلۆجیادا... عەرەب چۆن بوومەلەرزەیان لێک دەداوە؟

دەتوانین بگەڕێینەوە سەر توێژینەوەی دکتۆر و توێژەری کوەیتی "عەبدوڵڵا یووسف ئەلغەنیم" بە ناونیشانی "هۆکاری بوومەلەرزە و ڕووداوەکانیان لە کەلەپووری عەرەبیدا" لە ١١٣ لاپەڕە پێکهاتووە. گرنگترین توێژینەوەی عەرەبی نوێیە کە بابەتی بوومەلەرزەی لە هەردوو ڕووی مێژوویی و جوگرافی باس دەکات. لە توێژینەوەکەیدا دەچێتە ناو کەلەپووری عەرەبیدا، چەندین نموونەی جۆراوجۆری لێکدانەوەی عەرەبیی کۆن بۆ بوومەلەرزە و گڕکان دەهێنێتەوە. دواتر باسیان دەکەین. هەروەها هەواڵی بوومەلەرزە لە کتێبە کۆنەکان و لە مێژووی ناوچەکاندا باس دەکات.

دەڵێت وشە "الزلزلة" لە زماندا واتای لەرزین و لەرینی توند دەدات. لە قورئانیشدا لە نیشانەکانی قیامەتدا باسی هاتووە. ﴿إِذَا زُلْزِلَتِ الْأَرْضُ زِلْزَالَهَا وَأَخْرَجَتِ الْأَرْضُ أَثْقَالَهَا وَقَالَ الْإِنْسَانُ مَا لَهَا يَوْمَئِذٍ تُحَدِّثُ أَخْبَارَهَا﴾ [الزلزلة: 1-4] . ئەم چەمکە وەکو نیشانەیش هاتووە، ئاماژەیە بە نیگەرانی و ترس و دۆڕانی دەروونییە  لە کاتی تەنگانەدا. وەک خوا دەفەرمووێت: ﴿هُنَالِكَ ابْتُلِيَ الْمُؤْمِنُونَ وَزُلْزِلُوا زِلْزَالًا شَدِيدًا﴾ [الأحزاب: 11]. لە فەرهەنگی عەرەبیدا، واتای نیشانەیی و ڕاستەقینەی بوومەلەرزە، لەسەر لەرزین و جووڵەیەکی توند، یەک دەگرن.

سەبارت بە کەلەپووری زانستی عەرەب، لێکدانەوەی ئایینی و زانستی دێنە سەر باسی ئەم ڕووداوە جیۆلۆجییە کاولکارە. هەندێک لە زانا موسڵمانەکان دەخەینە سەر خانەی نیشانەکانی ئاگادارکردنەوە. ﴿وَمَا نُرْسِلُ بِالْآيَاتِ إِلَّا تَخْوِيفًا﴾ [الإسراء: 59]. بەڵام ئەوەی لە زانایانی کۆن و هاوچەرخدا جێگر بووە، ئەوەیە کە قوربانیانی بوومەلەرزە شەهیدن. لە دیدی ئیسلامیدا پلەی شەهیدی پێگەیەکی مەزنی هەیە.

سەبارەت بە لێکدانەوە زانستییەکان، ئەوەی زۆر بەربڵاوە، نامەکانی برایانی سەفایە. لە یەکێکیاندا دەڵێت: "ئەگەر ئەشکەوت و بۆشاییەکانی ژێر زەوی و چیاکان، هیچ دەرچەیەکیان نەبێت ئاوەکانیانی لێ دەربێت، ئەوا ئەو ئاوە لەوێ قەتیس دەبێت. ئەگەر کرۆکی زەوی گەرم بوو و شاخەکەی سەری کەناری دروست کرد، ئەوا ئاوەکە گەرم دەبێت و دەبێت بە هەڵم، پاشان بەرز دەبێتەوە و شوێنی زیاتری دەوێت، ئەگەر زەوییەکە نەرم بێت، ئەوا دەخورمێتەوە و لە ڕێگەی ئەم دەرچەیەوە ئەو هەڵمە دەڕوات. خۆ گەر زەوییەکە ڕەق بێت و نەهێڵێت دەربچێت. ئەوا بە ناو بۆشاییەکانی ژێر زەویدا شەپۆل دەکات، تا لە جێیەک زەوییەک کەرت دەبێت و لەناکاو ئەم هەوایە دەردەچێت. بەم شێوەیە گرمە و دەنگدانەوە و بوومەلەرزە دروست دەبێت."

زۆربەی لێکدانەوەی دکتۆر و جوگرافیاناسانی عەرەب لەگەڵ ئەم لێکدانەوەی برایانی سەفا نزیکن. هەندێک جیاوازی و زیادەیان هەیە. ئیبن سینا پەستانی کەشی زیاد کردووە. ئەمە قەتیس بوونی گەرمیی کرۆکی زەمینی زیاد دەکات، پاشان دەیکات بە بوومەلەرزە، وەک دەڵێت: "بوومەلەرزە زۆر جار لەبەر دەرچوونی هەوای قەتیسبوو ڕوودەدات. هەندێک جاریش لەبەر چوونەژوورەوەی هەوا ڕوودەدات. زۆر جار لە دوای بوومەلەرزە بایەک دێت، چونکە هەواکە جیا دەبێتەوە و دەردەچێتە دەرەوە. زۆر جاریش لە کاتی بوومەلەرزەدا هەورەکان بە ئاسمانەوە پەنگ دەخۆن و کەشێکی تەماوی دروست دەبێت."

جوگارفیاناسی عەرەبی، ئەلقەزوینی، جووڵەی بوومەلەرزە وەک لەرزینی کاتی تالێهاتن، بەراورد دەکات. پێی وایە "با" نیشانەی پەنگخواردنی گازەکانە. گەر هەوا لە ناخی زەویدا بێت و هیچ دەرچەیەک بۆ دەرچوونی ئەم هەوایە نەبێت، دەبێت بە ئەو لەرزە لەناوبەرە. "وای دادەنێن ئەگەر هەڵم و دووکەڵی زۆر لەژێر زەویدا کۆ ببنەوە، سەرما ناتوانێت بیانکاتەوە بە ئاو، بەمەیش ماددەکانی ناوی زیاتر دەبێت، وای لێ دێت بە گەرمیی کەمیش نەتوێتەوە. لەم بارەدا گەر ڕووی زەوی ڕەق بێت و لە کاتی بەرزبوونەوەی ئەم هەڵمەدا هیچ دەرچەیەک نەبێت، ئەوا ناخی زەوی دەکەوێتە لەرزین و تێکدەچێت، وەک چۆن جەستەی کەسێک لە کاتی تالێهاتندا دەلەرزێت."

زانا موسڵمانەکان، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بوومەلەرزە لە ناوچەکانی سەر هێڵی بوومەلەرزە، هەندێک پێشنیاریان هەیە. ئیبن سینا وای دەبینێت ئەگەر بیر و جۆگەلە لە ناوچەی بوومەلەرزەکان زیاتر بکرێن، توندی بوومەلەرزەکە کەم دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی گازە پەنگخواردووەکان دەرچەیەک دەدۆزنەوە لێیەوە بێنە سەر زەوی. ئیبن سینا لە فەرهەنگە زانستییەکەیدا کە ناوی لێ ناوە "الشیفاء" ئەمەی باس کردووە.

هۆکارەکانی بوومەلەرزە

کۆمەڵێکی تر لە زانایانی موسڵمان ئایین و زانست تێکەڵ دەکەن، لێکدانەوەی جیۆلۆجی بۆ بوومەلەرزەکە وەردەگرن، بەڵام دەیکات بە مانا و ئاماژەیەک لەلایەن خوداوە بۆ ترساندنی بەندەکانی، هەروەها بۆ ئاگادارکردنەوەیان تاوەکو بگەڕێنەوە پێش ئەوەی شتێکی گەورەتر و توندتر لە بوومەلەرزەکە ڕووبدات. لەنێو ئەم کۆمەڵەیەدا شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییە دەڵێت: بوومەلەرزەکان لەو بەڵگانەن وا خودا بەهۆیانەوە بەندەکانی دەترسێنێت، هەروەک چۆن بە مانگگیران و نیشانەکانی تر دەیانترسێنێت، ڕووداوەکانیش هۆکار و حیکمەتیان هەیە، چونکە بوونی وەک نیشانەیەک بێت تا خودا بەندەکانی پێی بترسێنێت بۆ خۆی حیکمەتە. سەبارەت بە هۆکارەکانی: لە هۆکارەکانی قەتیسبوونی هەڵمە لە ناخی زەویدا، وەک چۆن هەوا یان ئاو لە شوێنێکی بەرتەسکدا قەتیس دەبن، بۆیە کاتێک پەستانی دەکەوێتە سەر داوای دەرچەیەک دەکات، بۆیە ئەوەی لێی نزیکە لە زەوییەوە دابەشی دەکات و دەیهەژێنێت.

ئیبن تەیمییە لەسەر ئەو ئەفسانە باوە دەوەستێت وا دەڵێت زەوی لەسەر هەردوو قۆچی گایەکەوە وەستاوە، کە یەکێکە لە دروستکراوە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا. سەبارەت بە قسەی هەندێک خەڵک کاتێک دەڵێن: گامێشەکە سەری دەجووڵێنێت بۆیە لەگەڵیدا زەويیش دەجووڵێنێت، ئەوا ئەمە نەفامییە با لە هەندێک کەسیشەوە گێڕدرابێتەوە، پووچێتییەکەیشی ئاشکرایە، چوەنکە گەر وا بووایە، ئەوا هەموو لایەکی زەوی دەلەرزی، بابەتەکەیش بەم شێوە نییە، خودایش شارەزاترە.

 سەبارەت بە قوتابیيەکەی، ئیبنولقەیم، پێی وایە “کاتێک با بەسەریدا (زەوی) دەسووڕێتەوە و دەچێتە نێو بۆشاییەکانی و هەڵمبوون تێيدا ڕوودەدات، با کۆ دەبێتەوە و دەرچوونی مەحاڵ دەبێت، ئەوا خودای گەورە لە هەندێک کاتدا ڕێگەی پێ دەدا هەناسە بدات، بەو هۆیەوە بوومەلەرزەی گەورەی تێدا ڕوودەدات، بەهۆیەوە ترس، ملکەچی و گەڕانەوە، وازهێنان لە بێفەرمانییەکانی، نزیکبوونەوە و پەشیمانی لەلای بەندەکانی دروست دەکات.

هەندێک لە زانایان بەوردی جەخت لەوە دەکەنەوە هیچ دژایەتییەک لەنێوان هۆکارە زانستییەکانی بوومەلەرزە و دیاردە گەردوونیەکانی دیکەی وەک مانگگیران، خۆرگیران و گڕکانەکان لەگەڵ ئەو حیکمەتەدا نییە کە خودا لەم دیاردە و ئایەتانەدا ویستوویەتی، تا وەک ئاگادارکردنەوە و تۆقاندنێک بێت بۆ بەندەکانی.

 لێکدانەوەی ئایینی بۆ بوومەلەرزە بەرزتر دەبێتەوە، تا دەگاتە حوکمی کوژراوی بوومەلەرزە. بۆیە زانایانی شەریعەت بە شەهیدی دادەنێن. بە لێکچوون لەگەڵ شەهیدی ڕووخاندن، چونکە هیچ ڕووخانێک نییە لە بوومەلەرزە بەهێزتر بێت. پێشەوا قورتوبی هۆکاری بوون بە شەهیدییان ڕوون دەکاتەوە بەوەی لە وریایی کەمتەرخەميیان نەکردووە، “بەڵکو پلەی شەهیدبوونیان بە دەست هێناوە بەهۆی ئەو هۆکارانەوە بووە؛ چونکە ئەوان بە خۆیان سەرسام نەبوون، هەروەها زیادەڕەوییان لە خۆپارێزی نەکردووە، بەڵام بە قەزا و قەدەری خوا تووشی ئەو هۆکارانە بوون.

 زانای ئەزهەری، عیسام تەلیمە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە حوکمدان لەسەر بوومەلەرزە و ناخۆشیيەکانی تر وەک سزایەک یان بەهۆی گوناهەوە دابنرێت، پێچەوانەی نەگۆڕێکی گرنگی ئیسلامە، ئەویش حوکمی ئیسلامە بە دانانی پلەی شەهیدی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە و ڕووداوە ترسناکەکانی وەک: خنکان یان سووتان، چونکە پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت بازنەی شەهیديی فراوانتر کرد، نەهات تەنيا بۆ ئەو کەسانە سنوورداری بکات وا لەپێناو خوادا لە جەنگدا دەکوژرێن.

ئاماژە بۆ ئەوەيش دەکرێت کە لەم جۆرە بەڵایانەدا، کولتوورێکی ئامۆژگاریکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر دەبێت. زۆربەیان دەڕۆن دەقێکی دیاریکراو دەگوازنەوە، بە یەک ئاراستەدا دەڕۆن، ئەویش ئەو پێوەرەیە وا دەڵێت ئەو جۆرە بەڵایانە لەسەر بنەمای گوناه و سەرپێچيی بەندەکان ڕوودەدەن، ئەم پرۆگرامەیش هەمیشە دروست نییە، چونکە دیاردە گەردوونییەکان پەیوەندییان بە ڕاستودروستی یان گەندەڵيی مرۆڤەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندییان بە یاساکانی خوداوە هەیە لە گەردووندا، وەک چۆن بوومەلەرزە و گڕکان لە وڵاتانی موسڵمان و ناموسڵمان ڕوودەدەن، هەروەها نەخۆشی، مردن و ناخۆشی تووشی باوەڕدار و بێباوەڕ دەبێت.

بەو ئەنجامە گەیشتین کە پرسی سزادانی خودای گەورە بۆ خەڵکی بە بوومەلەرزە، گڕکان و وێرانکاری سزایەک بوون بۆ گەلان لە پێش هاتنی پەیامی پێغەمبەری سەروەرمان موحەمەد دروودی خوای لێ بێت، چونکە ئەو گەلەی پەیامی خودای ڕەت دەکردەوە و بێباوەڕ دەبوون بە پەیامبەرەکانی، دەستبەجێ بە دەنگی بەرز، هەژاندن یان سزای دەمودەست سزا دەدران. بەڵام ئەوە بە هاتنی پێغەمبەر موحەمەد دروودی خوای لێ بێت کۆتایی هات،  یاساکانی خودا لە بوونەکەیدا بەردەوام دەبێت، سزای گەلان بۆ قیامەت دوا خرا، ئەمەيش ئەوەیە کە پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت باسی کردووە لە فەرمایشتەکەی: «خودا زەويی بۆ ڕازاندمەوە، بۆیە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوایم بینی و دەسەڵاتی ئوممەتەکەم تا ئەو شوێنە دەگات کە بۆم ڕازابووەوە، هەروەها دوو گەنجینەم پێ درا، سوور و سپی. داوام لە پەروەردگارم کرد ئوممەتەکەم بە برسێتيی گشتگر لەناو نەبات، هەروەها هیچ دوژمنێک جگە لە خۆیان حوکمیان بەسەردا نەکات، تا نەوەکو قڕیان بکات. هەروەها پەروەردگارم فەرمووی: ئەی موحەمەد! من کاتێک بڕیارێک دادەنێم ئەوا ناگەڕێتەوە، ئەوا ئەوە بە ئوممەتەکەت دەبەخشم کە بە برسێتيی گشتی لەناو نەچن، هەروەها حوکمڕانيی دوژمنێکیان بەسەردا ناکەم جگە لە خۆیان، تا قڕیان بکات، گەر هەموو ئەوەی تیایدایە -یان وتی ئەوەی لەنێوانیدایە- تا هەندێکیان ئەویتریان لەناو دەبات، هەروەها هەندێکیان ئەوی تریان بە دیل دەگرێت.

کتێبخانەی بوومەلەرزەکان... کەلتوورێکی فراوانە

کتێبخانەی عەرەبی پڕ بوو لەو کتێبانەی باسی لە بوومەلەرزە دەکرد، یان وەک بەشێک لە گەڕان و لێکۆڵینەوە گشتيیەکان، هەروەک ئەوەی ئیبن سینا و ئەلقەزوینی و ئیبن خەلدوون و ئیبن حەیان نووسیویانەوە، یان لە ڕێگەی کتێب و نامەی تایبەتمەندەوە، لەوانەيش بەپێی ئەو فەرهەنگە درێژەی توێژەری کوەیتی عەبدوڵڵا یووسف غونەیم لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە بوومەلەرزە لە میراتی عەرەبیدا پێشکەشی کردووە:

     * زانستی ڕوودانی با لە ناخی زەویدا کە دەبێتە هۆی زۆرێک لە بوومەلەرزە، ئیبنوننەدیم لە کتێبی (الفهرست)دا بۆ فەیلەسووفە کەنەدییەکە دەیگەڕێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٤ی کۆچی وەفاتی کردووە.

     * هۆشداریی لە ڕوودانی بوومەلەرزە، یاقوت ئەلحماوی گەڕاندوویەتیەوە بۆ مێژوونووس ئیبن ئاساکر، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە لە ٣ بەشدایە.

     * کتێبی بوومەلەرزە و مەرجەکان، لە نووسینی ئەبولحەسەن عەلی بن ئەبیبەکر ئەلعەوشانی، لە ساڵی ٥٥٧ی کۆچی وەفاتی کردووە.

     * عوروەتوتتەوسیق، لە ئاگر و سووتاندا، لە نووسینی قوتب محەمەد بن عەلی ئەلقەستەلانی، کتێبێکە کە مێژووی چالاکیی گڕکانەکان بەدرێژایی یەکێک لە شەقارەکانی ڕۆژهەڵاتی مەدینەدا لە ساڵی ٦٥٤ی کۆچی.

     * بەهێزکردنی خانووەکان لە ترسناکیی بوومەلەرزە، لەلایەن ئەبولحەسەنی کوڕی جەزرەوە.

     لابردنی مشتومڕ لە وەسفی بوومەلەرزەدا، لەلایەن جەلالەددین سیووتيیەوە نووسراوە، لە ساڵی ٩١١ی کۆچی وەفاتی کرد، هەروەها دکتۆر غونەیم پێی وایە ئەم کتێبە کە چەندین نوسخەی دەستنووسی هەیە لە جیهاندا و زیاتر لە جارێک چاپ کراوە، یەکێکە لە گرنگترین ئاماژەکانی ئیسلامی سەبارەت بە بوومەلەرزە، هەروەها تاکە کتێبە کە تۆمارێکی بەرفراوانی ڕووداوە بومەلەرزەییەکانی تێدایە، ئەمەيش وای کردووە ڕۆژهەڵاتناس و زانایانی بوومەلەرزە گرنگيی پێ بدەن و لە تۆمارە جیهانییەکانی بوومەلەرزەدا پشت بە زانیارییەکانی ببەستن.

یادەوەريی بوومەلەرزە، کارەساتی شار و نەوەکان و ئەدەبی ئازاردەر

لاپەڕەکانی مێژووی ئیسلامی پڕن لە زۆرێک لە چیرۆک و ڕووداوەکانی بوومەلەرزە. لەوانە بوومەلەرزەیەکی ترسناک شاری دیمەشقی هەژاند، بەهۆیەوە دیوێکی مزگەوتی ئومەوی ڕووخا کە منارەکەی وێران بوو، بازنەی بوومەلەرزەکەيش درێژ بووەوە بۆ ئەوەی زۆرێک لە دەوروبەری دیمەشق بگرێتەوە و بوونەوەری زۆری لەناو برد.

سیووتی لە ئیبن عەساکرەوە دەگێڕێتەوە لە کتێبی (مێژووی دیمەشق) کات و بازنەی ئەم بوومەلەرزە گەورەیە دیاری دەکات، کە “لە بەیانيی پێنجشەممەدا دیمەشق تووشی بوومەلەرزە هات، لە ڕەبیعی کۆتایی ساڵی ٢٣٣ی کۆچیدا ڕووی دا و چارەکێک لە مزگەوتی ئومەوییەکانی داڕووخاند، بەردی گەورە وردوخاش بوون، منارەکەیش کەوتە خوارەوە، کەوانەکان و خانووەکان داڕووخان، تا غوتە درێژ بووەوە و گەیشتە داریا، موزە، بەیت لهیا و شوێنگەلی تر.“ خەڵک چوونە دەرەوە بۆ نوێژگە، دوعایان دەکرد تا نزیکی نیوەڕۆ، پاشان دنیایش جێگر بوو.

لە ساڵی ٤٦٠ی کۆچی بوومەلەرزەیەکی تری توند لە مەدینەدا ڕووی دا و درێژ بوویەوە تا شام و فەڵەستینیشی گرتەوە. ئیبن کەسیر لە زاری ئیبنجەوزيیەوە دەگێڕێتەوە و باس لەم بوومەلەرزەیە دەکات و دەڵێت: «لە جومادی یەکەمدا بوومەلەرزەیەک لە خاکی فەڵەستین ڕووی دا، شاری ڕەملەی وێران کرد، دوو پەتی بەستراوی مزگەوتی پێغەمبەرى دروودی خوای لێ بێت خستە خوارەوە، دۆڵی سەفرا و خەیبەری گرتەوە، زەوی شەقار بوو بە دەرکەوتنی گەنجینەی بەنرخ. خەڵکی لە کوفە و ڕەحبە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کرد. سەبارەت بەم بوومەلەرزەیە لە کتێبی هەندێک لە بازرگانەکاندا هاتووە: هەموو ڕاملەی بەناخی زەویدا برد، بەو شێوەیە تەنيا دوو ماڵ لێی ڕزگار بوون، ١٥ هەزار کەس لێی لەناو چوون و ئەو بەردەی کە لە بەیتولمەقدیس بووبوو لەت بوو، پاشان گەڕایەوە و بە توانای خودای گەورە یەکی گرتەوە، دەریاکە بە دووريی ڕۆژێک هەڵچوو و زەويی گرتەوە، لە شوێنەواری ئاوەکەدا شتگەلی وەک گەوهەر و شتی دی دەرکەوتن، خەڵکی چوونە ناویەوە بۆ کۆکردنەوەیان، دواتر ئاوەکە دووبارە هەڵچوو و زۆرێکیانى لەناو برد.

هەر لە نزیکی دیمەشق، شاری حەما و شیزەر بوومەلەرزەیەکی ترسناکیان بەخۆیانەوە بینی، زیندووەکانیان لەژێر داروپەردوودا نێژران و بووە هۆی داڕمانی شانشینی بنەماڵەی ئال مونقیز لە ساڵی ٥٤٩ی کۆچیدا. خاوەنی کتێبی (المختصر في أخبار البشر) دەگێڕێتەوە: لە مانگی ڕەجەبی ئەو ساڵەدا بوومەلەرزەیەکی توند شامی گرتەوە، بەهۆیەوە حەما، شیزەر، حیمس، قەڵای کوردان، تەرابلوس، ئەنتیکیا و وڵاتانی دیکەی دراوسێی تێکدا. تەنانەت دیوار و قەڵاکان کەوتن، بۆیە لەو کاتەدا نورەددین مەحموودی کوڕی زەنگی، خاوەن پێگەی شایستە، هەستا بە بنیاتنانەوەی، هەڵیکوتایە سەر ئیفرەنجەکان بۆ ئەوەی سەرقاڵیان بکات لە نیازی هێرشکردنەسەر وڵاتەکەی.

ئەوانەی لەژێر داروپەردوودا مردن لە ژمارە نایەن، بۆ نموونە مامۆستای کتێبێک لە شاری حەما بوو، بۆ ماوەیەک لە کتێبخانەکە دەرچوو، لەو کاتەدا بوومەلەرزەکە ڕووی دا، کتێبخانەکەیش کەوتە سەر هەموو کوڕەکان، مامۆستاکە وتی: کەس نەهاتبوو لەوێ پرسیاری کوڕەکەی بکات، ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بۆ مردنی خێزانەکانیان.

ئەم بوومەلەرزە ترسناکە ویژدانی شازادە ئەبولموزەفەر ئوسامە بن مونقیزی جووڵاند، بۆیە کتێبی “ماڵ و نیشتیمان”ـى نووسی کە پڕ لە خەم و حەسرەتی دابڕانێکی تراژیديی لە خۆ گرتبوو، لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت: ئەوەی پاڵنەرم بوو لە نووسینی ئەم کتێبەدا ئەو کاولبوونە بوو کە بەسەر وڵات و نیشتیمانمدا هات، زەمانە خراپی بەسەر هێنابوو، بۆیە وای لێ هاتبوو (وەک ئەوەی بڵێیت دوێنێ بوونی نەبووبێت)، بوو بە تەنیاییەکی کاکی بە کاکی دوای ئەوەی پێشتر ئاوەدانی بوو، شارنشینيیەکەی پەرشوبڵاو بوو و دانیشتوانەکەی لەناو چوون، خانووەکانی بوون بە وێنە، خۆشییەکانی بوون بە داخ و نیگەرانی، دوای ئەوەی تووشی بوومەلەرزەکە بوو، چووم و لەسەری وەستام، “ئەو شوێنە یەکەم خاک بوو پێستم بەر خۆڵەکەی کەوتبێت”، بۆیە نە ماڵەکەمم دەناسییەوە، نە ماڵی باوک و براکانم، نە ماڵی مامەکانم، ئامۆزاکانم و خێزانەکەمیش. بۆیە سەرم سوڕما و سەرم لێ شێوا، پەنام گرت بەو کەسەی خاوەنی ئەو بەڵا مەزنە بوو، ئەو زاتەی ئەو نیعمەتەی پێى دابووین، لێی وەرگرتینەوە.

وا دیارە وڵاتی شام لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا شوێنی بوومەلەرزە ترسناکەکان بووە، بوومەلەرزەکان ئاسەواری ئازاربەخشیان جێ هێشتووە کە جێپەنجەی خۆی لەسەر شوێنەوار و دەروونەکان هێشتووەتەوە. لەوانە کە خاوەنی (التذكرة الکمالية) بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی کردووە: «لە شەشەمی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی ١١٧٣، کاتژمێر دەی شەو، بوومەلەرزەیەکی تێکدەری کرد، لەگەڵ ڕەشەبا و هەورەگرمەدا بووە هۆی واقوڕمانی عەقڵمان، پەنا بە خوا تووشی ئەوپەڕی تاسان بووین. بنميچەکان کەوتنە خوارەوە و درزیش کەوتە دیوارەکان، ئەو شەوە خانووی بێشومار کەوتنە خوارەوە، منارەی مزگەوتەکانی دیمەشق کەوتن، زۆرینەی ماڵەکان وێران بوون، سەربانی مزگەوتی ئەلمەزبور کەوتە خوارەوە، درێژيی هەر باڵکۆنێک ٥ باڵ بوو لەسەر دیوارێک لە دەوری سەقفی مزگەوتەکە، بە نزیکەی ئەندازەی باڵایەکی بەرز بوو لە هەر چوار لاوە.

لەم بوومەلەرزە گەورەیەدا ئەديبی زانا (مصطفى بن احمد بن محمد الدامیاتی) چەند بەیتێکی نووسیوە دەڵێت:

ئەگەر سەردەمی ئەنەسم لە بیر کرد، تێدەپەڕن، ئەوا شەوانی بوومەلەرزەم بیر ناچێتەوە

خەوی نێو گۆڕی بیر خستینەوە، بە چاوەکانمان سەمای شاخەکانی پیشان داین

وەرچەرخانی کۆشکەکانت پیشان داین، وەک منداڵ دەلەرزین.

 لە ئەدەبی ئازاردەردا زۆر شت هەن بەهۆی پیتە خەمناکەکان و قافیەی شکاو لەبەردەم ترسناکیی کارەساتەکانی بوومەلەرزەدا دروست کراون، "قافیەی بوومەلەرزە" بەردەوام بوو لە گەشتکردن لەگەڵ ئەدەبدا. چاڵە گڕکانییەکان لەژێر پلێتەکانی زەویدا نەدەلەرزین، زەويیش ئەو لەرزینە گەورەیەی خۆی کرد.

تاگەکان    
یاری وەرزش سۆفیگەری بوونەوەری ئاسمانی ئەدەبیاتی فارسی وەچەخستنەوە کورد هاوڕەگەزخوازی قوتابخانەکانی نوور تەوبە کۆمەڵکوژیی بۆسنە فەرهەنگ کوردستان قەدەر لۆجیک
فیکر
2023-02-20 کۆمێنت 10 خولەک بۆ خوێندنەوە 868 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی