مانای ژیان وەک خەمێکی وجوودی

نووسینی: ڕێناس ئەحمەد
فیکر 2022-12-30 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 854 جار بینراوە

ئەم باسە زۆری لەسەر وتراوە، کرۆکی فەلسەفەیە، ڕاستییەکەی کرۆکی ژیانە، هەموو کەسێک -ئەگەر نەیدرکاندبێتیش- بیری لەم بابەتە کردووەتەوە. زیاتر باسەکە خودی و کەسەکییە تا بابەتی. خوێندنەوە و گوێگرتن لە کەسانی تر لەم بارەوە تەنها بیستنی ئەزموونێکی زیاترە نەک ئەوەی ڕێگات بۆ دابنێن و مانایەک بۆ ژیانت دروست بکەن.

مانای ژیان، شتێکی ناوەکییە، دەبێت هەستی پێ بکەیت، دەبێت لە ناخدا چرۆ بکات و ڕیشە بکوتێت، دەبێت لەگەڵیدا بژێیت، گڕوتینت وێ بدات.

ئاخر گەر هەموو دونیات هەبێت، لێ مانایەکی قایلکەرت بۆ ژیانی خۆت پێ نەبێت، هیچ بایەخی نییه. تۆ ونی، تۆ لە خۆیشت بزری، یانی تۆ خاوەنی خۆیشت نییت، چ بگات بەو هەموو شتەی بەدەورتەوەن.

ئەوەی نرخێک بۆ ئەو هەموو شتەی دەوروبەرت دادەنێت، مانایەکە. قەواڵەی خاوەندارێتیی هەموو شتەکانت مانایە، کە نەتبوو خاوەنیان نییت، مانایەک کە شەریعەتیگوتەنی، وەک (یەک -١-)ێک وایە و دەچێتە پاڵ ئەو هەموو سفرە (٠) و، دە (١٠) و سەد (١٠٠) و هەزار (١٠٠٠)یان لێ دروست دەکات. بەبێ ئەو مانایە، شتەکانی تر کۆمەڵێک سفری کەڵەکەبوون، هیچن.

تەنانەت خودی ژیان یارییە، ماڵەباجێنەیە، وەک قوڕێک وایە بە دەستتەوە، ئەوە تۆیت مانا دەدەیتە ئەم یارییە، تۆیت چیرۆکێک لەپشتی ئەم ماڵەباجێنەوە دەهۆنیتەوە، هەر خۆتیشی لەو قوڕە، دەیان پەیکەر بۆ پاڵەوانەکانی نێو خەیاڵت دروست دەکەیت.

مانا، ئەو ونبووەیە کە دەبێت پێش هەموو شتەکانی تر بیدۆزینەوە، وەک چرایەک وایە لە ژوورێکی تاریکدا، کە دەبێت یەکەم جار، ئەو چرایە داگیرسێنیت تا شتەکانی تر ببینی.

مانای ژیانت، هۆی بوونتە، تا هۆیەکت بۆ بوونت نەبێت، نییت، لە خۆڕا دەخۆیت و هەناسە دەدەیت، ونیت ون، بە دەربڕینی قورئان: في ضلال بعيد، ضلال مبين، جا لە عەرەبیدا (الضل) بە کەسێک گوتراوە بێناسنامە بووبێت، بۆ کەسێک کە نەزانێت دایک و باوکیشی کێن. چەند جوانە، ئاخر تا تۆ خاوەنی پەیام و مانایەک نەبیت، بێناسنامەی. پەیامەکەت ناسنامەتە، نەک شکڵ و شێوەت. تۆ خاوەنی هیچ نییت تا نەیسەلمێنیت کە شایستەی ئەوەی خاوەنی ئەو شتانە بیت. ئێستا تێدەگەم بۆچی قورئان دەفەرموێت کاری باش بەبێ بوونی ئیمان سوودی نییه، ئیمان و باوەڕ یانی مانای هەمیشەیی بۆ بوونت، تۆ کە نازانی بۆ باشه دەکەیت، باشەکردنیش بە قازانجت ناشکێتەوە. قورئان پێت دەڵێت مانا بدە کارەکانت، کاری باش ئەگەر کوێرانە ئەنجام بدرێت قەبووڵ ناکرێت. باشترین مانایش ئیمان و باوەڕە، چی لەوە باشتر خوا، خاوەنی وجوود، مانایەک بێت بۆ وجوودت. بۆیە هەمیشە قورئان لە پاڵ (عمل الصالح)دا، باسی ئیمان ئەکات.

مانا و پەیامی بوون، ڕیشەی مرۆڤن، دەتبەستنەوە تا بەدەم بای ڕۆژگارەوە نەشەکێتەوە. ئۆقرەن، ئۆخژنت پێ دەبەخشن، لە زریان و ژاکان دەتپارێزن.

ژیان بیابانێکی بەرینە، پێویستمان بە ڕووگەنمایەکە تا ڕێگەمان بۆ دیاری بکات. ئاخر ونبوونمان مسۆگەرە ئەگەر زوو ڕووگەیەک بۆ خۆمان دیاری نەکەین.

مانا، کۆت دەکاتەوە، سەری هەموو داوە ئاڵۆسکاوەکان دەدا بە دەستتەوە. ئامانج قەرەباڵەغییەکانت بۆ ڕێک دەکاتەوە.

ڕاستییەکەی تا ئامانجێکت نەبێت، تا مانایەک شک نەبەیت، حەکیم نییت، ئاخر حیکمەت و دانایی یانی بزانی لە کاتی پێویستدا شتی گرنگ و پێویست ئەنجام بدەیت، مرۆڤی بێئامانج و نەداری مانا، ناتوانێت پلەبەندانە مامەڵە لە کارەکانیدا بکات، چون چەقێکی نییە تا جووڵەکانی بەگوێرەی ئەوە ڕێک بخات، ئیتر چۆن دەتوانێت حەکیمانە بجووڵێتەوە؟

تاگەکان    
ڕانانی کتێب حەمەدۆک جوانی دیمانە کۆمەڵکوژیی بۆسنە ئایا سۆفیا ئەیاد قنێبی تەکنۆلۆژیا دەروونی ڕۆژاوا سەرفیترە یاری فەڵەستین شەڕ عیرفان
فیکر
2022-12-30 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 854 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی