بەگەورەیی خەونی مناڵیم دێتە دی

نووسینی: قانع خورشید
ئەدەب 2022-12-23 کۆمێنت 7 خولەک بۆ خوێندنەوە 1345 جار بینراوە

پێنج ڕۆژە گەمەکانی مۆندیال تەواو بوونە و ئێرەیش وەکو قەتەر کپ و مت بووە. بەیانییە و دوای نوێژی سبەینێ ڕوو لە ڕووگە دانیشتووم و نوقمی ڕابوردوو بوومە. خەیاڵم لە قەفەسی کەللەم بەرەڵا دەکەم، خەیاڵ باڵ دەگرێت و دەڕواتەوە عەیامێکی کۆنی بەر لە ئێستە، ساڵ چەند زوو دەڕوات و مرۆڤ چ زوو گەورە دەبێت! دەڕۆمەوە عەیامێک هێشتا 25 فلسی شتی پێ دەکڕدرا و یەکدیناری بە سەروەت دەهاتە ئەژمار!

مناڵێکی هەشت ساڵانم و تازە لە پۆلی سێی سەرەتایی بۆ پۆلی چوار دەرچووم، منیش وەکو هەموو مناڵانی کۆمەڵگەی سموودی تازەدروستکراو هیوایەتم تۆپێن و ڕاوڕاوێنی ساحەی سەرکۆڵانەکەمانە. هەرچەند دەگەڕێم بۆ ناوێک ئەم وەرزشەی لا خۆشەویست کردبین و دەمەوێت بزانم چی ئێمەی وا هۆگری هەناسەبڕکێی دوای ئەم لاستیکە خڕ و پڕ هەوایە کردووە، یەک ناو زیاترم بیر نایەت. ناوێک، بووبووە ویردی سەر زمانی گچکە و گەورە، باسوخواسی ماڵ و کۆڵان و قوتابخانە، وێنەی ئەو لەنێو بنێشت و پەپەزان و جلوبەرگی مناڵان و هەر جێیەکدا هەبوو. تەنانەت ئەو پێلاوە لاستیکەیشی کە ئەگەر پڕپێت بووایە لە پشتەوە پێتی بریندار دەکرد و گەر فراوانیش بووایە لە کاتی شەقهەڵدان لە تۆپدا لە پێت دەردەچوو و دوور نەبوو سەروچاوی مناڵێکی هاوڕێتی بریندار بکردایە، هەر بە ناوی ئەوەوە بوو... مارادۆنا! کە ناوی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا بە مێشکمدا گوزەر دەکات، موچڕکێک بە گیانمدا دێت!

دەچمەوە ڕابوردوو و بەوپەڕی حەماسەتەوە لە شەوێکی هاوینەی سەرەتاکانی تەمووزی ساڵی 1990دا، بەرانبەر تەلەفزیۆنێکی ڕەشوسپیی بچووک دادەنیشم و سەیری یاریی کۆتایی جامی جیهانی دەکەم. وەک هەموو هاوڕێکانم هەوادارێکی سەرسەختی ئەرجەنتینم و بەدڵەخورپەوە چاوەڕێم مارادۆنا جامەکە بەرز بکاتەوە و سبەینێ لە سێبەری خانووە قوڕینەکانماندا شیکاریی مناڵانە بۆ گەمەکردن و بردنەوەکەی بکەین. ئێستایش سەیرم لێ دێت منێک کە لە مارادۆنا و کانیجیا زیاتر یەک یاریزانی تری ئەرجەنتینم نەدەناسی -کانیجیایش بە هۆی زۆریی کارتەوە لە یاریی کۆتایی بەشدار نەبوو-، چۆن وا دڵم دابوو پێیان و ئاواتم بردنەوەیان بوو! ناوی یاریزانە ئەڵمانیاییەکانم زیاتر دەزانی و دوای 32 ساڵیش هێشتا ڕوخساری پێنج شەش کەسیانم هەر لەبەرچاوە. ئەرجەنتین بە یارییەکی توند و لاوازەوە و بە 10 یاریزانەوە لە خولەکەکانی کۆتاییدا لێدانێکی سزای لەسەر تۆمار کرا و ئەندریاس پرێمەی بەرگریکاری ئەڵمانیایی تاکە گۆڵی گەمەکەی کرد و بردنەوەی بۆ ئەڵمانیا بەدەست هێنا. تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، وەک هەموو دۆڕاوێک، لەخۆمەوە دەڵێم ئەو جەزایە غەش بوو، ئەمێستاکەیش فرمێسکەکانی مارادۆنا و خۆمم بیر ناچێت و هێشتایش دڵتەنگی لەدەستچوونی ئەو خەونەم! دوایی وەک سەرسامبوونی دۆڕاو بە براوە، ژێراوژێر سەرسامی ئەڵمانییەکان بووبووم و لە وازیی تۆپانی خۆماندا ئەگەر گۆڵمان بکردایە، وەک پرێمە دەسمان بەرز دەکردەوە و هاوارمان دەکرد و لاسایی ئەومان دەکردەوە!

لە 1994دا دیسان مارادۆنا داخی نا بە دڵی هەموو ئەوانەوە خۆشیاندەویست و بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی چالاککەر و نایاساییەوە لە یاریکردن دوور خرایەوە و هەر لەبەر ئەوەیش هەڵبژاردەی ئەرجەنتین داڕووخا و لە خولی 16دا دەرکرا... ئیتر ئەم گڵۆڵەیە هەر لە لێژیدا بوو، تا ئەستێرەی مێسی هەڵهات و هیوایەکی گەڕاندەوە، کەچی ئەمیش بردنەوەی کۆتایی و دڵخۆشکردنی لە چارە نەنووسرابوو. 2006 و 2010 ڕۆیشتن و هیچ حاسڵیان نەبوو، بەڵام لە مۆندیالی 2014دا ئەستێرەی ئەم گەوهەری مێژووی تۆپی پێیە درەوشایەوە و هەڵبژاردەکەی گەیاندە گەمەی کۆتایی. ئەرجەنتین دیسانەوە گەیشتە دوایاری و ڕێک وەکو 1986 و 1990 جارێکی تر کەوتەوە بەرانبەر ئەڵمانیا. لەبەر ئەوەی کۆن نییە و تەنیا 8 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، یارییەکەم باش لە بیرە، لەگەڵ شڤاندا پێکەوە لە خانووەکەی دکتۆر هێمندا سەیری یارییەکەمان دەکرد. -ئەڵبەت دکتۆر هێمن ئەوکات خۆی لە سموود دانەدەنیشت و خانووەکەی پاڵ ماڵی ئێمەی چۆڵ بوو- دڵم لە مشتمدا بوو و نیوچەدڵنیا بووم دیسانەوە ئەڵمانیا ناهێڵێت دڵخۆش ببین. شوکر بۆ خوا، ئەوەندە تێگەیشتوو و گەورە بووبووم تۆپێن وەکو جاران دڵ و هۆشم نەبات، شڤانیشم لەگەڵدا بوو، هەرچەند هەواداری بەرازیل بوو، بەڵام هەم لەبەر ئەوەی بەرازیلەکەی لای ئەو بە شێوەیەکی ناخۆش (7 بە 1) بە ئەڵمانیای دۆڕاندبوو و هەم لەبەر ئەوەی هاودەمێکی باش بوو، ئیتر غەمی کوشندەم نەخوارد و هەرزوو دۆڕاندنەکەی ئەرجەنتینم بە خانەی فەرامۆشی سپارد. وەلێ دیسانەوە گرێکەی دڵم نەکرایەوە و ناوە ناوە کزەی ئەو گەیشتنە یارییانەی کۆتایی و نەگەیشتنە جامەکە بە دڵمدا دەهات و دەیبردمەوە ناو خەیاڵ و بیرکردنەوەی جۆراوجۆرەوە.

مرۆڤ سەیرە، لەبەر ئەوەی کەسان و شتانێک دەبنە هۆی شادی و ئارامیی، خۆشیانیدەوێت و پێیانەوە هۆگر دەبێت، دواتر ئەگەرچی ئەو کەس و شتانە لە جێی خۆشی و ئۆقرەیی ببنە سەرچاوەی غەم و نائارامییش بۆی، هەر دەستبەرداریان نابێت و وازیان لێ ناهێنێت! دڵە و هەزار مامەڵە و سەودای سەیر و سەمەر. ئەو تیمەی بەو هیوایەوە دڵمان پێ دابوو کە جوان یاری دەکەن و نازناو دەبەنەوە، بووە هۆی دەیان حەسرەت و ناڕەحەتی بۆمان.

ئێمەی نەوەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو، بە هۆی مارادۆناوە تۆپێنمان ناسی. یاریی ئەو و ناوی ئەو بوو ئەم تۆپە خڕەی لای ئێمە و لای خەڵکی جیهانیش خۆشەویست کرد، ئەرجەنتینییەکان و هەوادارانی ئەرجەنتین لە هەموو وڵاتانی دنیا، جۆرێکی تر لە تۆپێن دەڕوانن، لە کاتی یاریدا دڵیان لەپێیاندایە و بە دڵ و گیان لە تۆپ هەڵدەدەن نەک بە قاچ و پێ. ئەوان لەدوای ساڵی 1990ـەوە کاتی تۆپێن گەمەیان نەدەکرد، بەڵکە بەجدی دەجەنگان، بە حەسرەتەوە لە دووی تۆپ ڕایان دەکرد و هەموو دۆڕانێک برینە کۆنەکەیانی قووڵتر دەکرد و برینێکی تازەیشی لە جەستە هەڵدەکەنین!

وەکو هەر کۆنەهەوادارێکی تری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، هێندەم مەراق و ئەفسووس لە ناخدا کۆ بووبووەوە، تاقەتی سەیرکردنی گەمەی مۆندیالم نەمابوو، ئاخر دەمزانی لە پەژارە و بێتاقەتی زیاتر بەرێکی تر لەم داری ژەقنەبووتە ناچنمەوە. ئەمساڵ لە خۆوە گەشبینتر بووم، دەی دەمزانی مێسی و هاوڕێکانی لە ساڵ و نیوێکدا دوو جامی گرنگیان بردووە و متمانەیەکی زۆریان بە خۆیان هەیە و 36 یارییە نەدۆڕاون، بەڵام دیسان دەیشترسام کە ئەم تیمە بەئاسانی دڵی هەوادارانی خۆش ناکات! زۆری لەسەر ناچم، بەدۆڕانی یەکەم یارییان بەرانبەر سعوودیە، چەندە بێتاقەت بووم، ئەوەندەیش دڵم خۆش بوو، چون بە هۆی ئەم دۆڕانە شەرماوییەوە باری سەر شانی هەڵبژاردەکە و هەوادارەکانیشی سوک بوو، وامان لێ هات هەر یارییەک بباتەوە، پێمان سەیر بێت، چون چاوەڕوانییەکی وامان لێیان نەما. جگە لەوەیش لە ڕوویەکی ترەوە دۆڕانێکی خێردار بوو، چون هەر کەسێک بەلووتبەرزییەوە لە بەرانبەرەکەی ڕوانی و خۆی ئامادە نەکرد، بێگومان ئەنجامی باشی نابێت، شوکر ئەم یارییە پۆز و کەشوفشی ئەرجەنتینی شکاند و وریای کردنەوە، بەوەیش دڵخۆش بووم کە هەڵبژاردەی ئیسپانیایش لە 2010دا گەمەی یەکەمی دۆڕاند و لە کۆتاییشدا جامەکەی بردەوە!

من ئەمساڵ هێندەی سەیری یاریی مەغریبم کرد و بۆ ئەوان حەماسەت گرتمی، چارەکێکی ئەوە تەماشای ئەرجەنتینم نەکرد، وەلێ لێتانی ناشارمەوە چاوی دڵم هەر لەسەر ئەرجەنتین و مێسی بوو. ژیانی دنیا ئەم پاڵەپەستۆ و جووڵە و گەرمییانەی لێ دەربکەیت، جەستەیەکی مردوو و ڕۆتینییاتی لێ دەمێنێتەوە. بەڵام نابێت بیرمان بچێت، گەمە گەمەیە و ڕەوای حەق نییە هەموو بیر و دڵمانی بدەینێ و وەکو جەنگێکی ڕاستەقینە و دژمنایەتی لێی بڕوانین. ئەسڵ وایە وەرزش فێری لێبوردەیی و قبووڵکردنی دۆڕانمان بکات و بمانکاتە مرۆڤێک ئەخلاقی برایەتی و خۆشەویستیمان بە هیچ شتێکی تر نەگۆڕینەوە. حەماسەتی کاتی و هاوار و هەڵبەزینی سەروەختی بردنەوە و سەرکزکردن و ماتبوونی کاتی دۆڕان شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە. بەڵام شایی و گۆڵمەزی چەند حەفتەیی و شین و شەپۆڕی چەند ڕۆژی، کارێکی مناڵانەیە. لە باسی شەڕەجنێو و شەڕەکورسی و بەردوەشاندن و تەقە و فیشەکیش گەڕێ، کە هەموو کات خراپ و حەرام و تاوانن.

یاریزانیش گەر لە گەرمەی یاریکردندا و لە سەروەختی بەریەککەوتن و شڵەژانی دەروونی و کەوتنەژێر فشاردا هەندێ قسە و جووڵەی نەشیاوی کرد، تا ڕادەیەک، دەکرێت چاوپۆشیی لێ بکرێت، بەڵام گەر ئەو ئیشە نەشیاوانەی زۆر بوون و گەیشتنە دوای تەواوبوونی یارییەکەیش، ئەوە جێی لۆمە و سەرزەنشتە.

من دوور و نزیک ئاگام لە تۆپێن و خولە گرنگەکانی ئەورووپا هەیە، بەدوای ئەنجام و ڕیزبەندیی هەڵبژاردە و یانەکانیشدا دەچم، نامەوێت لە غەمی ڕۆژانەی خەڵک و گەنجان داببڕێم و دواتر لە کاتی وانەی پەروەردەیی و چاکسازیی فیکریدا نەتوانم بە زمانی ئەوان بدوێم و نەشێم لێیان نزیک ببمەوە. بەڵام هەرگیز ڕێگە بە خۆم نادەم بە هۆی سەیرکردنی گەمەی ئەو هەموو یانە و تیمەوە ئیشی گرنگی خۆم و ئەرکی ڕۆژانەمم بیر بچێتەوە، لە گەرمەی گەمەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی ئەمساڵدا، من خەریکی نووسین و پێداچوونەوە و گفتوگۆ و ئیشی خۆم بووم، تەنانەت گەر یارییەکە بکەوتایەتە کاتی خەوی ڕۆژانەمەوە، خەوەکەمم بۆ تێکنەدەدا. بەڵام ڕاستیتان بۆ باس بکەم، لە یاریی کۆتاییدا -کە تەنیا چەند خولەکێکیم سەیر کرد!- شڵەژانێکم بۆ چێ بووبوو، کاتی لێدانی یەکلاکەرەوەی کۆتاییش، چوومە ناو سەیارەکەمەوە و بە خێزانمم گوت، هەر کامیان بردیانەوە، وەرنە ناو سەیارەکە و دەچین گەڕێک بەناو هەولێردا دەگەڕێین و شتێک لە دەرەوە دەخۆین! دڵیشم هەر لای ئەنجامەکە بوو، لە قیژە و فیکەی مناڵەکاندا زانیم ئەو خەونەی 32 ساڵ پێش ئێستە دەمبینی، هاتووەتە دی. هاتمەوە و لە هۆڵەکە و لەپەنای باخچە خنجیلانەکەی ژوورەوە و لەبەرانبەر تەلەفزیۆنەکەدا هاوشانی مناڵەکان دەستم کردە چەپڵەلێدان و هەرا و بەدەم ئەوانەوە لە دڵەوە پێدەکەنیم. ئاوێکیان کرد بە دڵمدا و مەراقی تۆپانێم تەواو کەم بوویەوە. دواتر لە چەندین هەواداری تری هاوتەمەنی خۆمم بیست دەیانگوت ئیتر تەواو، جامی جیهانی و خولی پاڵەوانەکان و لالیگا و هەرچی هەیە، پیرۆزی خەڵک بێت. ڕەنگە بۆ گەنجێکی بیست و چەند ساڵ کە تەنیا سێ - چوار مۆندیالی بینیوە، تێگەیشتن لەم هەموو حەماس و توندی و مەراقەی هەوادارانی ئەرجەنتین قورس بێت، بەڵام گەر لێی ورد ببنەوە و دەروونناسانە بۆی بڕوانن، کەمێک بەرچاویان ڕوون دەبێتەوە.

ئەوانەی وەرزش و تۆپێنیان لێ دەبێتە نان و ئاو و دین و دنیا، کەسانی پێگەیشتوو نین، ئەوانەی یاریزانێک لە ڕادەی خۆی گەورەتر دەکەن و وا دەزانن مادام جوان وازی دەکات و گۆڵ و پاسی گۆڵ و بڕینی زۆر و جوانە، ئیتر نموونەی ئەخلاق و فیکر و فەلسەفەیشە، کەسانی کەمفام و ناهۆشیارن. وەلێ کەسانی تێگەیشتوویش سۆزیان هەیە و گشت جارێک عەقڵ ناتوانێت جووڵە و کردەکانیان کۆنترۆڵ بکات، ئەوانیش مرۆڤن و جار جارێک لەژێر کاریگەریی هەست و عاتیفەیاندا کاری ناعەقڵانی دەکەن، بەڵام کاری ناجوان و نەشیاو نا. هەموو شتێک سنوورێکی هەیە و کە لەو سنوورە برایە دەرەوە خراپ و ناڕەوایە و تێکدانی جوانییەکەیشێتی. زۆر لەو خۆشییە زیادلەڕادانەیش کاردانەوەی نکووڵیی بەرانبەر و گاڵتەپێکردنی چەندین ساڵەیە. سوپاس بۆ خوا ئەمساڵ دڵی یەکێک لە هەڵبژاردە پڕهەوادارەکانی دنیا خۆش بوو و لە هەرا و هوریای یەک مانگەی مۆندیالیش ڕزگار بووین و وڵاتی قەتەریش توانیی بۆ تەواوی دنیای بسەلمێنێت، دەکرێت ڕۆژهەڵاتی و موسڵمان و عەرەبیش بیت و جوانترین نموونەیش بیت و ببیتە سەرمەشق بۆ وڵاتە زلهێز و پێشکەوتووەکان. بەو هیوایەی هەواداری هەر تیمێکن، بردنەوەی ناوبانگ نەبێتە مەراقتان و لە ساڵانی داهاتوودا جام بە دەستی تیمەکەتانەوە ببینن.

ئەمانە هەنێ قسە و یادگاریی خۆش بوون و زۆر بەجیددی وەریمەگرن. ئێوە بە خێر و من بە سەلامەت.

23/ 12/ 2022 - هەولێر

تاگەکان    
ڕانانی کتێبب ئەدەبیاتی فارسی یادەوەری کۆرۆنا یاسا کونە ڕەشەکان حەمەدۆک فیلم گەڕان فیکر شیعر مۆدێرنە ئایین گێڕانەوە دەروونی
ئەدەب
2022-12-23 کۆمێنت 7 خولەک بۆ خوێندنەوە 1345 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی