دەستپێک گرنگە ئەوە بڵێم ئەم وتارە ئەوەندەی لە ڕوانگەی ماف و فیکرەوەیە ئەوەندە سیاسی نییە و زیاتر تێگەیشتنێکی شەخسی و بۆچوونی چاودێرێکی دۆخەکەیە.
سەرەتا وەک نووسەر و توێژەرێکی بواری فیکری ئیسلامی سەپاندنی سەرپۆش و باڵاپۆشی بەپێچەوانەی دەق و ڕۆح و مەبەستەکانی شەریعەت دەبینم، ڕاستە باڵاپۆشی ئەرک و واجبێکی ئاینییە و فەرمانی پێ کراوە و هانی دراوە، بەڵام بەزۆر سەپاندنی نەک ئیمان و ئیلتیزام و پابەندی بەرهەم ناهێنێ، بەڵکو دووڕوویی و نیفاق دەڕوێنێت و مرۆڤ لە مەعنەوییەت دوور دەخاتەوە. بۆ ئەو بوارە کەسییانەی ئیلتیزام دەبێت پشت بەهاندان و ڕوونکردنەوە و لۆژیک و بەڵگەکاری ببەسترێت نەک ناچارکردن و زۆرداریی.
خۆ ئەگەر پاساو ئەوە بێت ئەم پرسانە لە بواری تەمێکردن و ڕەچاوکردنی باری گشتی و کەشی کۆمەڵگەدایە، ئەوا لەلایەکەوە ئەو دڵڕەقی و توندوتیژییە بێپاساوە و لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگەی ئێرانی بە هۆی هەستکردنی بەسەپاندن؛ جۆرێک لەیاخیبوون و کاردانەوەی نەرێنی و خراپی بەرانبەر ئەم ئەرکە ئایینییانە بگرە بەرانبەر بە ئایین بۆ دروست بووە کە مەترسییە بۆ بیروباوەڕ و بواری مەعنەویی خەڵکی کە بۆ چەندین دەیە کاریگەریی خراپ و نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی ئێرانیی بە جێ دەهێڵێت.
لە ڕوویەکی ترەوە کاتێک سەرنج دەدەیت لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا زۆر بەئاشکرا هەست بەلاوازبوونی هەستی ئایینداری و پابەندبوون بە ئەرکە ئیسلامییەکانەوە دەکرێت و مزگەوتەکان خاڵین لە نوێژخوێن و گەنجان؛ ئیسلامیبوون لەو وڵاتەدا خەریکە زیاتر دەبێتە قاوغ و خۆی لە هەندێ دامودەزگای بێگیاندا دەبینێتەوە، وڵاتێکی پڕ لە مێژووی عیرفان و شاعیران و زانایانی پڕ مەعنەوییەت بووەتە وڵاتی درووشم و ڕیکلامی ئایینداری نەک خودی مەعنەوییەت و خواناسییەکی ناخ و هەست و نەست! تەنانەت دەکرێت بووترێت -کە ئەمە قەناعەتی هەندێ کەسە- ئەم سەپاندنەی سەرپۆش و باڵاپۆشی زیاتر بۆ هێشتنەوەی ئەو ڕووکاربینی و ڕیکلام و درووشمسازییەیە کە بە نەمانی وەک هەر وڵاتێکی تر دەبینرێت و ئیمتیازێکی وەها تایبەتیی نامێنێت کە پەیوەست بێت بە ئایینداری و ئیلتیزام و پاندیی ئاینییەوە. لە کاتێکدا دەبوو بە ئازادبوونی خەڵک زیاتر خەڵک ڕوو لە پابەندی بکات، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت خەڵکی ئەو سیستەم و بەڕێوەبەرێتییەیان بەدڵە و لێی ڕازین، ئەگەرنا دەبێت بەرپرسە دەسەڵاتدارەکانی ئەم وڵاتە وەڵامی زۆر پرسیاری ورووژێنراو بدەنەوە.
لە لایەکی ترەوە سیستەمی کۆماریی ئیسلامی، پێویستی بەوەیە لەگەڵ نەیاران و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیدا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵداتەوە و دەرگای ئازادیی بیروڕای سیاسی و فیکری و مەزهەبیی کراوە و واڵا کات و دەرفەتێک بڕەخسێنێت ئەوانەیشی بەخواهیشت یان ناچاری پەنایان بۆ چەک بردووە یان دوورەوڵاتییان هەڵبژاردووە، پاساوی مانەوەیان لە شاخ و دوورە وڵاتیدا نەمێنێت! ئاخر نەئەوان بەو ڕێگانە دەتوانن ئەو سیستەمە بڕووخێنن و نە سیستەمیش دەتوانێت کۆتایی بە ڕەوشی نەیارانی بهێنێت، بەڵام ئەگەر دەرفەتەکان واڵا بوون و بواری کێبەرکێ و گفتوگۆی سیاسی و فیکری و مەزهەبیی تەواو کراوە بوو؛ ئەوکات وڵاتێک بەدی دێت هەمووان لەناویدا بژین و داکۆکیی لەسەر بکەن، بەتایبەت وڵاتێک کە خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندە و توانای بوونە زلهێزی جیهانیی تێدایە، بەڵام ئەوەی ئێستە هەیە لە ئاستی وڵاتێکی خاوەن ژیار و شارستانەتیدا نییە و مەوداکانی ئازادیی کەلتووری و مەزهەبی تا ڕادەیەکی زۆر بەرتەسک و داخراون! وا باشە ئێران بە نموونەی جوان خەڵکی سەرسام بکات نەک بەسەپاندن و ترسان، ئەم قسانە بۆ خەڵکێک کە خوێندنەوەی خراپ نەکات دەکرێت وەک دیاری وەربگیرێت نەک ناشیرینکردن و تانەلێدان!
گیانلەدەستدانی کچێکی گەنجی وەها دوای ئازار و ترساندنی، لە کوێی ماف و ئازادی و مەبەستەکانی ئایینداریدا جێی دەبێتەوە؟! بە چ پێوەرێک ئەمە خزمەتە بە مەعنەوییەت و پەیامی پەیامبەران و ئیمانی بۆخواسوڵحاو! بەتایبەت کاتێک دەکرێت خوێندنەوەی تری نەتەوەیی و تەنگپێهەڵچنینی تریش لەخۆ بگرێت!